چەمکی برایەتیی ئایینی، لەنێوان قورئان و لێکدانەوەی توندی هەندێک لە ئیسلامیەکان

چەمکی برایەتیی ئایینی
لەنێوان قورئان و لێکدانەوەی توندی هەندێک لە ئیسلامیەکان
دەربارەی وتارێکی (د. محەمەد فەقێ‌مراد) سەبارەت بە دەستەواژەی "برا ئێزدیەکانمان"


سەروەر پێنجوێنی

دوای ئەوەی ژمارەیەک نوسەر و ڕۆشنبیر و ئەکادێمیست و چالاکیوانی کورد کەمپەینێکیان ڕاگەیاند بۆ پشتیوانی لە ئێزدیەکانی شەنگال (کە ژمارەیەکی زۆریان بە دەستی تێرۆریستە دڕندەکانی داعش قەتڵ‌وعام و ئەنفال کران و ژمارەیەکی زۆرتریشیان ئاوارە بون و لەسەر چیای شەنگال قەتیس مان و توشی برسێتی و ناڕەحەتیی زۆر بون) و ڕایانگەیاند کە بە شێوەیەکی هێمایی دەبنە ئێزدی و خۆیان بە ئێزدی و هاوخەمی ئێزدیەکان دەزانن، هەتا ئەو کاتەی ئەو ستەم و جینۆسایدە بەرۆکیان بەردەدا و ئەو بارودۆخە دژوارە دەڕەوێتەوە.. دوای ئەوە؛ لە چەند لایەکەوە ئیسلامیەکان و مەلاکان دەنگی ناڕەزاییان بەرز کردەوە و ئەو کەمپەینەیان بە هەنگاوێکی مەترسیدار و نەشیاو و نادروست و بە هەڵنان بۆ بێباوەڕی و دژایەتیی ئیسلام لە قەڵەم دا.. لە کاتێکدا بەیاننامەی کەمپەینەکە و لێدوانی هەمو ئەوانەی ئەو کەمپەینەیان واژۆ کردوە؛ بەڕونی و ڕاوشکاوی دەڵێت کە بونیان بە ئێزدی؛ تەنها ئینتیمایەکی هێماییە و ئایین‌گۆڕین نیە بە واتا ئایینیەکەی، و بەو واتایە نیە کە یاسا و پەرستشە ئایینیەکانی ئایینێکی نوێ جێبەجێ بکەن، بەڵکو هەنگاوەکەیان جۆرە گوزارشێکە لە پشتیوانی بۆ ئێزدیەکان، ئەو ئێزدیانەی کە زۆربەی موسوڵمانان، بەتایبەتی ئیسلامیەکان، بە بێباوەڕ و شەیتان‌پەرست و پیسیان دەزانن، و تێرۆریستەکانی داعش قەتڵ‌وعام و ئەنفالیان دەکەن و پیرەپیاوەکانیان دەسوتێنن و کچ و ژنەکانیان دەفڕێنن و لە سوریا دەیانفرۆشن.. ئەمەش بە بیانوی ئەوەی ئایینەکەیان جیاوازە و بە ئایینی ئیبراهیمی (یەهودی، مەسیحی...) یش نازانرێ.. ئەو کۆمەڵە نوسەر و ڕۆشنبیرەش ویژدانیان پاڵی پێوە ناون لەم ساتە سەختەی ئێزدیەکاندا، ئەگەر بە شێوەیەکی هێمایییش بوبێت؛ خۆیان لە ڕیزی ئەواندا ببیننەوە و لەو میرات و ناسنامە و بەش و بەشمەینەتیەی ئەواندا خۆیان بە هاوبەش بزانن.. ئیتر ئامانجەکە ئاشکرایە و پەیامەکە ڕونە.. بەڵام ئیسلامیەکان و مەلاکان، لە کاتێکدا بۆ ئیدانەکردنی کارە تێرۆریستیەکانی داعش دەرهەق بە مەسیحیەکان و ئێزدیەکان، نەک هەر هیچیان نەکردوە بەڵکو زۆریشیان دڵیان نایەت لایەنگریی داعش نەکەن و ئامادە نین خۆیان لە داعش و کردەوەکانیان بێبەری بکەن.. کاتێکیش هەڵوێستێکی وەکو کەمپەینی ئەو کۆمەڵە نوسەر و ڕۆشنبیرە دەبینن؛ پێی تەنگەتاو دەبن و بە هەڕەشەیەکی دەزانن بۆسەر ئایینەکەیان، و وا کەوتونەتە سوکایەتی بەو نوسەر و ڕۆشنبیرانەی واژۆی کەمپەینەکەیان کردوە، و هەندێکیشیان بۆ ئەوەی پاڵنەرە ئایینیە توندەکەیان زەق نەبێتەوە؛ بیانوی تر دەهێننەوە، وەکو ئەوەی ئایینی ئێزدی ئایینێکی نامژدەدەری داخراوە و ئایینداری نوێ وەرناگرێت! واتە بەردەوامن لە بەدحاڵی‌بونی خۆیان.. ئەمەش چونکە جیهانبینی و جیهانی زەینی ئەوان بەتەواوی بە ئایین ئابڵوقە دراوە و ئیتر مانایەکی ئایینی بە هەمو هەڵوێست و وتەیەک دەدەن، هەر لە بنەڕەتیشەوە ڕوبەرێکیان بۆ جگە لە ئایین لە ژیاندا نەهێشتوەتەوە. بۆیە هەر بەردەوامن لە ناحاڵی‌بونی خۆیان و وا خۆیان حاڵی کردوە کە ئەو کەمپەینە بۆ هەڵگەڕانەوەیە لە ئیسلام و بونە بە ئێزدی بە واتا ئایینی و لاهوتی و تائیفیەکەی..
ئێمە دەزانین کە کەسێتیی مرۆڤی ئێزدی لای موسوڵمانانی ناوچەکە؛ بە شێوەیەک ناشیرین کراوە، کە گەیشتوەتە ئەوەی بە پیسیان بزانن و بەرهەمی دەستیان نەخۆن! و بەڵکو بە داماڵراو لە ڕەوشتەکان و بەها مرۆییەکانیان بزانن.. بۆیە دەزانین و هەر پێشتریش چاوەڕێمان کردوە کەمپەینەکە بەو شێوەیە لای موسوڵمانانی دەمارگیر و توند هەستیاری دروست بکات و تەنگەتاویان بکات، چونکە ئەوان هەر پێشتر هەستیارن بە ئێزدیەکان و ڕقیان لێیان دەبێتەوە و بە هەمو نزیک‌بونەوەیەک لێیان قەڵس دەبن، تا ئەو ڕادەیەی کە نکولی لەوە دەکەن ئێزدیەکانیش کورد بن [بۆ ئەم مەبەستەش لێدوانی هەندێک لە ئەندامانی چینی (میر) لە ئێزدیەکان دەکەنە بەڵگە و بیانو، لە کاتێکدا چینی میر تەنها چینێک و کەمینەیەکە لەناو ئێزدیەکاندا و بەپێی داب‌ونەریت ڕەچەڵەکێکی عەرەبی-ئومەوییان هەیە، بەو پێیەی شێخ عەدی بەڕەچەڵەک ئومەوی بوە، کە ئەمەش مەرج نیە مێژویی بێ، ئەگەریش مێژویی بێت؛ ئەمە تەنها چینی "شێخ" دەگرێتەوە]، لە کاتێکدا زۆربەی هەرەزۆریان کوردن و بە کرمانجی دەدوێن و دەق و کەلەپوری ئایینەکەش بەو زمانەیە، بەڵام موسوڵمانانی دەمارگیری کورد ئامادە نین بە کوردیان بزانن! هەر ئەم ڕق و کینە ڕەشەش لێکدانەوەیەکمان دەداتێ بۆ ئەو هەمو هەڵمەتی جینۆساید و قەتڵ‌وعام و ئەنفالەی موسوڵمانان (لە کورد و عەرەب و فارس و تورک)  بە درێژایی مێژو کردویانەتە سەر ئێزدیەکان. تواندنەوە و ڕەواندنەوەی ئەو هەمو ڕق و کینەیە؛ دەیان و سەدان کەمپەین و بەیاننامە و بەرنامە و لێکۆڵینەوە و مشت‌ومڕ و هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و هەتک‌کردن و دڕین و بەدناوکردنی ئەو ڕق و کینە ئایینی و تائیفیە ڕەشە، دەخوازێ. هەمو گەلانی ناوچە داوای لێبوردن لە ئێزدیەکان (و هەروەها سوریان و ئەرمەن) قەرزارن. ئیتر هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەم لایەنەوە ئەرکێکە دەکەوێتە سەر شانی ڕوناکبیران و مرۆڤدۆستان.
یەکێک لەو مەلایانەی کە لەسەر ئەو کەمپەین و پشتیوانیە بۆ "برا" ئێزدیەکانمان لەبەرامبەری "دوژمن" ـە نەگریسە موسوڵمانە تێرۆریستەکانی ڕێکخراوی داعشدا، هاتە دەنگ و لێدوان و وتەکانی لە وتارێکی ئایینیی هەینیدا دەنگ‌دانەوەیەکی لە میدیای کوردیدا هەبو؛ مەلایەکی شاری هەولێرە کە (دکتۆر محەمەد عەبدوڵڵا فەقێ‌مراد) ی پێ دەڵێن، کە لە مزگەوتی (حاجی مراد) ی بنەماڵەکەی خۆیان ـ لە هەولێر ـ وتاربێژە، بەکالۆریوس و ماستەری لە بواری پزیشکیدا هەیە و کاری پزیشکی دەکات، بەڵام بەم دواییانە (ساڵی ٢٠٠٨) بای داوەتەوە بەلای کاری ئایینیدا و ـ وەکو ئەوەی مەلا و وتارخوێن لە هەولێر تۆویان بڕابێت! ـ مۆڵەتی وتارخوێندنی لە وەزارەتی ئەوقاف وەرگرتوە (دوای تاقیکردنەوەیەک، وەکو ئەوەی مۆڵەتی شۆفێریی وەرگرتبێت!) و لەپڕێک بوە بە مەلا! بۆیە دەبینین هەرچەند دەقە عەرەبیەکان لەبەر مینی-لاپتۆپێکدا دەخوێنێتەوە؛ هێشتا لە خوێندنەوەیاندا هەڵە دەکات.. ئینجا بۆچی خۆی کردوەتە وتاربێژی مزگەوت؟ بە قەولی خۆی [لە چاوپێکەوتنێکی بەرنامەی (پۆرترێت) ـدا لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان] کە بینیویەتی وتاری هێندێک لە مەلاکان هەڵەی تێدا بوە و ژمارەیەکی "زۆر زۆر" لە مەلاکان خەڵکیان بەرەو گومڕایی(!) و خراپەیی(!) بردوە؛ ئیتر بڕیاری داوە ببێتە وتاربێژ و ئەوەی مەلاکانی تر نەیانتوانیوە بکەین؛ عالی‌جەناب بتوانێت بیکات! و بە حسابی خۆی "شتێکی جوان و عیلمی"(!) تەقدیمی خەڵک بکات [هیچ چەمکێک وەکو "عیلم" و "عیلمی" لەلایەن ئیسلامیەکانەوە سوکایەتی و پەت‌پەتیی پێ نەکراوە!] و کارێک بکات وتارەکانی ـ وەکو وتاری مەلاکانی تر ـ "بەس هات‌وهەرا" نەبێت و "بەرەو توندڕەوی" نەبێت!!! [دیارە توندڕەوی شاخ و گوێی هەیە و هەتا شاخ دەرنەکات؛ نابێتە توندڕەوی!]. ئیتر ناوبراو لە مزگەوتی (حاجی‌مراد) وتار دەدات و دواتر وتارەکانی لە کەناڵی خۆی لە یوتیوب پەخش دەکرێن.
مەلا (دکتۆر محەمەد عەبدوڵڵا فەقێ‌مراد)
جا لە وتاری ژمارە (١٥٦) یدا بە ناونیشانی (نعمة الأمن) [هەروا ناونیشانەکەی بە عەرەبیە!]، لە (٢٩ / ٨ / ٢٠١٤)، لە باسی ئاسایش و هێمنیەوە بە پێناسە و چوارچێوە ئایینیەکەی، دێتە ناو باسەکە ئاماژە بە چەند بابەتێکی پەیوەست بە داعش و ئێزدیەکان دەکات:
٭ لە وتاری یەکەمی ئەو هەینیەدا، هاتنی مەترسیی داعش بۆسەر شاری هەولێر و ترسان و هەڵ‌هاتنی خەڵکێک لە شاری هەولێر؛ بە ترسێک دەزانێت کە خوا پێشانی خەڵکی هەولێری داوە لەسەر ئەوەی گوناهیان کردوە!
بەپێی ئەم بیرکردنەوەیەش؛ داعش دەبنە هۆکار و ئامڕازێک بە دەست خواوە بۆ ترساندنی گوناهکاران!
٭ لە وتاری دوەمیدا؛ لەسەر لێدوانێکی (مەحمود سەنگاوی) دەڕوات کە وا دیارە لە پۆستێکی فەیسبوکدا بوە و سایت و پەیجە ئیسلامیەکان بڵاویان کردەوە و زلیان کرد، کە گوایە وتویەتی: "ئه‌گه‌ر لە جەلەولا حه‌زره‌تی موحه‌مه‌دمان ده‌ست كه‌وێت ته‌قه‌ی لێ ده‌كه‌ین".. ناوبراو ئەگەر قسەی وایشی نوسیبێت؛ هەرچەند لێدوانێکی ناقۆڵایە؛ بەڵام ڕەنگە مەبەستی ئەوە بوبێت کە هەر کەسێک لە جەلەولا ڕوبەڕویان ببێتەوە؛ تەقەی لێ دەکەن و بۆ بەرگری لەو شارە و دەرکردنی داعش؛ دەست لە کەس ناپارێزن، و ئیتر نمونەی بە موحەممەد هێناوەتەوە وەکو نمونەی کەسێتییەکی ئیسلامیی گەورە.. بەڵام لای ئیسلامیەکان و مەلاکان ـ وەکو خوی هەمیشەییان و پارانۆیا و بەدحاڵی‌بونی هەمیشەحازریان ـ ئەوە وا لێک‌درایەوە کە ناوبراو وتویەتی تەقە لە پێغەمبەر دەکەم! مەلای ناوبراویش بەم شێوەیە حاڵی بوە و بۆیە بەم شێوەیە لەسەری دەڕوات و دەڵێت: "خەڵکانێک هەن دوژمنایەتیی خوا و پێغەمبەری خوا دەکەن، وەکو ئەو مەسئولە کە وتویەتی: نەوەک فڵان کەس؛ ئەگەر محەمەدیش بێت؛ تەقەی لێ دەکەم!"، ئینجا دەڵێت: "تەقەی لە موحەممەد دەکەی؟ هەی بێ‌ئەدەب! یانی تەقەی لە بیروباوەڕ و دین و ئیمانی ٩٥٪ ی خەڵكی کوردستان و پارلەمان و حکومەتی کوردستان دەکەی!".
ئینجا لێدوانێکی فەیسبوکیی کۆنی تری (مەحمود سەنگاوی) دێنێتەوە بەر باس کە گوایە بێزاریی دەربڕیوە لە زۆریی ناوە ئیسلامیەکانی وەکو "محەمەد" و "ئەحمەد" لەناو کورد و داوای لە خەڵک کردوە واز لەو ناوانە بهێنن و ناوی کوردی لە منداڵ بنێن.. جا مەلای ناوبراو بڕێک لەسەر ئەم قسەیەش دەڕوات و دەڵێت: با لە هەمو ماڵێک ناوی "محەمەد" و "ئەحمەد" هەبێت بۆ ئەوەی ئەوان دڵیان بتەقێت!
ئینجا دەڵێت: "پێویستە ئەم کەسانە تەئدیب بکرێن، و ئەگەر حکومەتی هەرێم دەیەوێ ئەمن و ئەمان دروست ببێ؛ دەبێ لە دەمی ئەوانە بدات و موحاسەبە بکرێن".
بە بڕوای من و بەپێی ئاگاداریمان لە شێوازی وتار و هاندانی مەلاکان؛ باسی ئەم لێدوانە فەیسبوکیانە کە لە هیچەوە دیار نین و ئیسلامیەکان بۆ خۆیان زلیان دەکەن و بڵاویان دەکەنەوە؛ تەنها ڕێ‌خۆش‌کردنە بۆ باسی ئامانجە ڕاستەقینەکەی کە باسی ئێزدیەکان و ئەو کەمپەینەیە کە خراوەتە گەڕ بۆ پشتیوانی لە ئێزدیەکان.. بۆیە  ئینجا دێتە سەر باسە سەرەکیەکەی:
٭ دەڵێت: کۆمەڵێک، بە ناوی "ڕۆشنبیر"، کە ئەوانە "تاریکبیر"ن(!)، بە ناوی "ڕۆشنبیرانی کوردستانەوە" کە ئەوانە "بێ‌ئەدەبەکانی کوردستان" ـن، دەڵێن: ئێمە ماوەیەک دینی خۆمان دەگۆڕین بۆ پشتیوانی لەو یەزیدیانە". جا دەڵێت: کەی ئەوانە موسوڵمان بون هەتا دینی خۆیان بگۆڕن؟! ئەوانە هەمو ژیانیان لە دژایەتیی دینی ئیسلامدا بەسەر بردوە". ئەمەش تەکفیرکردنی هەمو ئەوانەیە کە ئەو کەمپەینەیان واژۆ کردوە.. ئینجا خەریک دەبێت بڵێت: "کورە! دەچی ناچی؛ چاوت دەردەهات!" بەڵام لە نیوەیدا دەیگێڕێتەوە چونکە بۆ ئەمەیان خۆیشی دەزانێت قسەیەکی بازاڕیە.
٭ ئینجا ـ کە لێرەوە دێینە سەر ئامانجی سەرەکیی ئەم بابەتە ـ هەر لە پەراوێزی ئەو باسەدا؛ دەستەواژەی "برا ئێزدیەکانمان" [و "برا مەسیحیەکانمان" و..] بە "حەرام" دادەنێت و دەڵێت: "ئەوە دەستەواژەیەکی حەرامە و جائیز نیە و کار دەکاتە سەر عەقیدەمان، و ئێمە ڕێزمان هەیە بۆ هەمو مەسیحییەک و یەزیدییەک و ئەوانە هاونیشتمانی ئێمەن، بەڵام برای ئێمە نین: برای دینیی ئێمە نین، هەر موسوڵمانان برای ئێمەن". ئینجا بۆ ئەمە بەڵگە بەو دەقە قورئانیە دەهێنێتەوە کە زۆر جار بە هەڵە دەفامرێتەوە کە دەڵێت: "إنما المؤمنون إخوة"(١).
ڕاڤەی دەقی "إنما المؤمنون إخوة"
هەرچەند مەلای ناوبراو ڕاڤەی ئەو دەقە ناکات و بەخێرایی بەسەریدا تێپەڕ دەبێت؛ بەڵام دەیکاتە بەڵگەی ئەوەی کە گوایە دروست نیە موسوڵمان شوێنکەوتەی ئایینیەکانی تر بە "برا" ناو ببات. کەواتە ئەمیش ئەو تێگەشتنە هەڵەیە دوپات دەکاتەوە کە پێشتریش زۆر کەس تێی کەوتوە کاتێک ئەو دەقە بەم شێوەیە ڕاڤە دەکەن کە دەڵێن: یانی "تەنها باوەڕداران [=موسوڵمانان] بران"! بەو واتایەی برایەتیی موسوڵمانان تەنها لەنێوان خۆیاندا و تەنها برای یەکترن و برای خەڵکانی دەرەوەی ئیسلام نین.. ئینجا لێرەوە دەقەکە دەکرێتە بەڵگەی ئەوەیە کە گوایە لە ئیسلامدا هەر بەکارهێنانی وشەی "برا" بۆ مرۆڤی ناموسوڵمان [جگە لە برای نەسەبی] دروست نیە!
من دەزانم لە ڕابردوشدا زۆر جار ئەو دەقە بەو شێوە هەڵەیە لێک‌دراوەتەوە. کاتی خۆی (دەوروبەری ساڵی ١٩٩٩) لە هەفتەنامەی (یەکگرتو) دا بە "برا مەسیحیەکانمان" ئاماژە بۆ مەسیحیەکانی کوردستان کرا کە پیرۆزبایی جەژنێکیان لێ کرا، ئیتر لە مزگەوتی (ئیمان) ی سەلەفیەکانی کوردستان، پێم وابێت (مەلا عەبدولکەریم سەلەفی) بو، کە وتاری دژی هەفتەنامەی یەکگرتو دا و ئەو دەستەواژەیەی هەفتەنامەکەی بە نادروست دانا لە ئیسلامدا و ئەویش هەر بەڵگەی بەو دەقە قورئانیە هێنایەوە، ئیتر مەلا سەلەفیەكە كردی بە هەڵڵا بەسەر یەكگرتوەوە كە چۆن دەبێت بە مەسیحی بوترێت "برا" لە كاتێكدا خوا دەفەرموێت: "هەر ئیمانداران برای یەكن"!
ئەو کات کە هێشتا لە دەزگایەکی یەکگرتودا کارم دەکرد؛ وتارێکم بە عەرەبی لە پاشکۆ عەرەبیەکەی هەفتەنامەی (یەکگرتو) دا بڵاو کردەوە، بە ناوی (إطلالة على مفهوم "إنما المؤمنون إخوة")، و لەو وتارەدا بە پشتبەستن بە تەفسیر و ڕێزمانی عەرەبی و ڕەوانبێژیی عەرەبی ئەو تێگەشتنە هەڵەیەم ڕاست کردبوەوە. لێرەشدا جارێكی تر و بە درێژە و وردەکاریی زیاترەوە ئەو هەڵەیە بۆ مەلای ناوبراو و هاوشێوەکانی ڕاست دەکەمەوە:
ئەو هەڵەیە ـ بە داخەوە ـ لە گەلێک تەفسیر و وەرگێڕانی کوردیدا بۆ قورئان هەیە، لەوانە بەناو تەفسیری (ئاسان) ـ تەفسیرەکەی یەکگرتو! ـ کە بەم شێوەیە ئەو ڕستەیەی وەرگێڕاوە کە دەڵێت: "لە ڕاستیدا هەر ئیمانداران برای یەکن".
هەروەها لە (تەفسیری ڕامان) ی (ئەحمەد کاکەمەحمود) دا هەمان هەڵە کراوە کە نوسراوە: "بەڕاستی هەر بڕواداران برای یەکن".
بەپێی ئەم لێکدانەوەیە تەنها موسوڵمانان برای یەکن! کە ئەمە لە لایەکەوە هەڵەیەکی ڕێزمانیە، و نەشارەزاییە لە "نەحو" و "بەلاغە" بەو شێوەیەی دواتر ڕونی دەکەینەوە، لە لایەكی تریشەوە مانایەكی هەڵە و نامەبەست دەدات بەدەستەوە ئەویش ئەمەیە كە هەر موسوڵمانان بران یان تەنها موسوڵمانان پێیان دەوترێت برا.. كە ئەمەش واتایەكی هەڵەیە و دەقەكە مەبەستی ئەم واتایە نیە، چونکە پێش هەمو شتێک؛ ئەگەر پێچەوانەکەی وەربگرین؛ دەبێتە "جگە لە موسوڵمان؛ کەسی تر برا نین"! کە ئەمەش بۆ خۆی واتایەکی هەڵەیە، چونکە لە دەرەوەی موسوڵمانانیش؛ زۆر گروپی تر هەن کە لەنێوان خۆیاندا برایەتییان هەیە و برای یەکن! ئەگەریش کەسێک بێت و بڵێت: مەبەستەکە ئەوەیە کە ئەو گروپانەی دەرەوەی ئیسلام؛ لەگەڵ موسوڵمانان برا نین نەک لەناو خۆیاندا؛ ئەمە پێچەوانەی داڕشتەی دەقەکەیە و تەنها بە زیادکردنی لەت‌وپارچەی دەرەکی ئەو واتایە دەچێتە سەر، چونکە دەقەکە باسی پەیوەندییەکی ناوخۆیی دەکات و باسی برایەتیی موسوڵمانان لەناو خۆیاندا دەکات، بۆیە ناگونجێت بکرێتە باس لە پەیوەندیی دەرەکی و بون یان نەبونی برایەتی لەگەڵ خەڵکانی تر.
ئەو وەرگێڕان و لێكدانەوەیەی (تەفسیری ئاسان) و (تەفسیری ڕامان) و هاوشێوەکانیان؛ دو هەڵەی ڕێزمانی و تەفسیریی تێدایە:

١. جارێک (إنما) ی بە (بەڕاستی) وەرگێڕاوە. كە ئەم واتایەیان لە (إِنّ) ـەكەوە وەرگرتوە، كە خۆی لە ڕاستیدا (إن) كە (ما) ی چوە سەر و بوە "إنما"؛ ئیتر بە واتای (تەنها) یاخود (هەر) ـە، ئەمەش چونكە ئەو (ما) ی بە (إنّ) ـەوە دەلكێت؛ بە زاراوەی ڕێزمانی عەرەبی پێی دەوترێت (كافّة) ئەمەش یانی (ما) دەبێتە هۆی ئەوەی (إن) لە فرمانە ڕێزمانیەكەی بخات، ئیتر ئەو كاتە (إن) ئامڕازێك نیە كە (موبتەدە‌ء) "مەنصوب" بكات و (خەبەر) "مەڕفوع" بكات، واتە ئیتر پێی ناوترێت (حرف نصب). ئیتر واتای (حەصر) [بە زاراوەی نەحوی، بە زاراوەی بەلاغەیی ـ زانستی ڕەوانبێژیی تەقلیدیی "علم المعاني" یش پێی دەوترێت "قەصر"] دەبەخشێت كە لە كوردیدا زیاتر (هەر) بۆ ئەم واتای (حەصر) ە بەكار دێت. بەڵام دەبینین (تەفسیری ئاسان) و (تەفسیری ڕامان) جارێک "إنما" یان بە "بەڕاستی" یاخود "لە ڕاستیدا" وەرگێڕاوە و جارێکی تریش بە "هەر"، واتە هەدو واتاکەیان بۆ داناوە! [لێرەدا ئاماژەیەکی خێرا بۆ ئەوە دەکەم کە ناکۆکییەک هەیە دەربارەی "إنما": ئایا بۆ تایبەت‌کردنە یان تەنها بۆ دوپات‌کردنەوەیە. زۆربەی نەحویەکان و زاناکانی زانستی (أصول الفقه) لەسەر ئەوەن کە بۆ تایبەتکردنە، و بەڵگەی زۆریش لە دەقەکان دەهێننەوە لەسەر ئەوە کە لێرەدا بواری خستنەڕویان نیە. بەشێکی کەمیش لە نەحویەکان ـ لەوانە (ئەبو حەییان) ـ لەسەر ئەوەن کە بۆ زێدەدوپات‌کردنەوەیە، مەگەر چوارچێوەی بەکارهێنانەکەی بۆ خۆی واتای تایبەت‌کردن بدات. لێرەدا جێی یەکاڵاکردنەوەی ئەم ناکۆکیە نیە، بەڵام سەرنج دەدەین زۆربەی موفەسسیرەکانی قورئان کاتێک ڕاڤەی ڕستەی "إنما المٶمنون إخوة" دەکەن؛ ڕاڤەکەیان شوێنەواری تایبەت‌کردنی تێدا نیە، هەروەکو ئەوەی "إنما" وەکو "إن" هەر بۆ دوپات‌کردنەوە بێت. بەڵام ئەوانەیان کە لایان لە واتای تایبەت‌کردن لە "إنما" دا کردوەتەوە؛ هەمویان (وەکو: زەمەخشەری، نەیسابوری، فەتحوڵڵای کاشانی، ئیبن عاشور، ئەبو بەکری جەزائیری، ئیبن خەطیب، صابونی) ڕاستەی "إنما المٶمنون إخوة" بە "ما المؤمنون إلا إخوة" ـ واتە: باوەڕداران هەر بران ـ ڕاڤە دەکەن (بۆ نمونە زەمەخشەری لە "الكشاف" دەڵێت: "والمعنى: ليس المؤمنون إلا إخوة". نەیسابوری لە "غرائب القرآن ورغائب الفرقان" دا دەڵێت: "(إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ): أي: حالهم لا يعدو الأخوة الدينية إلى ما يضادّها". فەتحوڵڵای کاشانی لە "زبدة التفاسیر" دا دەڵێت: "ومعنی الآیة: لیس المٶمنون إلا إخوة" هەرچەند دەقاودەق لە زەمەخشەری وەری‌گرتوە! هەروەها ئیبن عاشور له "التحریر والتنویر" دا دەڵیت: "(إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ..): تعليل لإقامة الإصلاح بين المؤمنين... وجيء بصيغة القصر المفيدة لحصر حالهم في حال الإخوة مبالغة في تقرير هذا الحكم بين المسلمين". ئەبو بەکری جەزائیری لە "أيسر التفاسير" دا دەڵێت: "(إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ..): يقرر تعالى الأخوة الإسلامية ويقصر المؤمنين عليها قصرا فليس المؤمنون إلا أخوة لبعضهم بعضا". ئیبن ئەل‌خەطیب لە "أوضح التفاسیر" دا دەڵێت: "(إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ..): لا يصح أن تقوم بينهم عداوة ولا أن ينتصب بينهم قتال، ولا يجوز أن يكون بينهم تباغض". صابونی لە "صفوة التفاسیر" دا دەڵێت: "أي ليس المؤمنون إلا اخوة، جمعتهم رابطة الإيمان، لا ينبغي أن تكون بينهم عداوة ولا شحناء، ولا تباغض ولا تقاتل" (هەرچەند دواتر ئەو لێکدانەوە هەڵەیەش نەقڵ دەکات کە دواتر تیشک دەخەینە سەری) و لە تەفسیرێکی تریشیدا بە ناوی "التفسیر الواضح المیسر" دا هەمان شت دەڵێت. ئیتر تەنها چەند کەسێکی کەم کە بەپێچەوانەوە ڕاڤەیان کردوە و دواتر باسیان دێت. ئیتر موفەسسیرەکانی تر لایان لە واتای تایبەت‌کردن نەکردوەتەوە و تەنها وەکو دوپاتکردنەوەیەک لێکیان داوەتەوە، و بەم شێوەیەش دیسان نابێتە بەڵگە بۆ ئەوەی گوایە تەنها بە باوەڕدار دروستە بوترێت "برا"].
٢. ئینجا جارێكی تر (إنما) یان بە (هەر) وەرگێڕاوە، بەڵام ئەم ئامڕازی تایبەتكردنی (هەر) ە كە بەرامبەری (إنما) یە چون لەپێش (باوەڕداران) دا دایانناوە كە (موبتەدە‌ء) ـە، دەبوایە پێش (برای یەكن) دایانبنایە كە (خەبەر) ـە، چونكە (إنما) لەسەر ڕستەی ناوی (الجملة الاسمیة)، واتە ئەو ڕستەیەی بە ناو دەست‌پێ‌دەکات و لە (مبتدأ) و (خبر) پێک‌دێت؛ تایبەتكردنەكەی ڕو دەكاتە (خەبەر) [بە زاراوەی نەحوی، یاخود (موسنەد) بە زاراوەی "عیلمی مەعانی"]، ئەو کاتە فرمانەکەی دەبێتە "تایبەت‌کردنی خەبەر بە موبتەدەئەوە" (حصر الخبر في المبتدأ) [یان ـ بە زاراوەی زانستی (علم المعاني) ـ "قصر المسند علی المسند إلیه"]. جا لەم دەقەشدا "إنما" چوەتە سەر موبتەدەء و خەبەرێك کە "المٶمنون إخوة" ـە، بۆیە بەم شێوەیە وەرگێڕانی ڕاستی ئەو دەقە "إنما المٶمنون إخوة" ئەوەیە بوترێت (باوەڕداران هەر بران) یان (باوەڕداران تەنها بران). بەم شێوەیە ورد و تەواوە مامۆستا (هەژار) لە وەرگێڕانە دانسقەکەی خۆیدا بۆ قورئان دەقەکەی کردوە بە کوردی، کە دەڵێت: "خاوەن‌باوەڕ هەمویان هەر برای یەکن"، جا بزانە هەژار چەند ورد بوە.
بەڵام ئەگەر دەقەکە لەبریی ئەوەی لە ڕستەیەکی ناوی (موبتەدەء و خەبەرێك) پێک‌بێت؛ لە ڕستەیەکی فرمانی (فرمان و بکەرێک) پێک‌بهاتایە و ـ بۆ نمونە ـ بوترایە "إنما یتآخی المٶمنون"؛ ئەو کاتە ڕێسا وایە تایبەتکردنەکە ڕو دەکاتە بکەرەکە و فرمانی "إنما "دەبێتە "تایبەت‌کردنی بکەر بە فرمانەوە" (حصر الفاعل في الفعل) [یان ـ بە زاراوەی زانستی (علم المعاني) ـ "قصر المسند إلیه علی المسند"]، ئەو کاتە دێڕی "إنما یتآخی المٶمنون" ئەو واتایەی دەگەیاند: تەنها باوەڕداران برایەتی دەکەن. ئەو کاتە دەقەکە ئەو واتایەی دەگەیاند کە ئیسلامیە توندڕەوەکان دەیانەوێت، بەڵام دەقەکە باسی برایەتیی ئایینیی نێوان موسوڵمانان خۆیان دەکات و دەڵێت: "إنما المٶمنون إخوة"، ئەمەش واتە: موسوڵمانان هەر بران، نابێت شتی تر بن: وەکو ئەوەی دوژمنی یەکتر بن یان کێشمەکێش و ناکۆکی و نەگونجان و شەڕوشۆر لەنێوانیاندا هەبێت. بە گوزارشێکی تر: تاکە شێوەیەکی پەیوەندی و مامەڵەی نێوان موسوڵمانان دەبێت برایەتی بێت. بە دەربڕینێکی تر: پەیوەندیی ناخۆیی موسوڵمانان دەبێت تەنها لەسەر بنەمای برایەتی بێت، نەک دژایەتی و دوژمنایەتی.
ئینجا ئەم هەڵەیە ئاساییە بەسەر (بورهان حەمەئەمین) دا (خاوەنی "تەفسیری ئاسان") تێپەڕ ببێت، بەڵام ئەی چۆن بەسەر ئەو كۆمەڵە مەلا و مامۆستایەی یەكگرتودا تێپەڕ بو كە پێداچونەوەیان بۆ ئەو تەفسیرە كردوە؟ وا دیارە مەلاكان ئەم وردەكاریانە نازانن یان ناتوانن ئەوەی خوێندویانە بەكاری بهێنن! زۆربەی مەلاكان ئەو هەمو ڕێزمانی عەرەبیە بە شێوازی تەقلیدی دەخوێنن، بەڵام كە دێنە "پای عەمەڵ" و جێبەجێكردن؛ ناتوانن سود لەو ڕێزمانە ببینن و لە شوێنی خۆیدا بەكاری بهێنن.
ئەوەی كە زۆر سەیرە ئەوەیە كە (شێخ‌زادە) كە یەكێكە لەوانەی پەراوێز (حاشیە) یان لەسەر (تەفسیری بەیضاوی) نوسیوە؛ ئەویش لە پەراوێزی خۆیدا لەسەر لێكدانەوەی بەیضاوی بۆ ئەو دەقە؛ هەمان هەڵەی كردوە، دەڵێت: ("إنما" بۆ تایبەت‌کردن "حصر" ە، وەکو ئەوە وایە بڵێت: برایەتی تەنها لەنێوان باوەڕداراندا هەیە، ئیتر برایەتی لەنێوان باوەڕدار و بێباوەڕدا نیە) "وإنما للحصر، فكأنه لا أخوة إلا بين المؤمنين فلا أخوة بين المؤمن والكافر"(٢).
لە كاتێكدا (حاشیەی شێخ‌زادە) یەكێكە لە ڕاڤە و پەراوێزە هەرەبەناوبانگەكانی (تەفسیری بەیضاوی).
لەوەش سەیرتر ئەوەیە؛ وا دەردەکەوێت شێخ‌زادە لە (فەخروددینی ڕازی) ـەوە ئەو دەستەواژە و ڕاڤە هەڵەیەی نەقڵ کردوە! فەخری ڕازی دو جار لە تەفسیرەکەیدا ئەو هەڵەیە دەکات:
ـ جارێک لە باسی دەقی (أَيُحِبُّ أَحَدُكُمْ أَنْ يَأْكُلَ لَحْمَ أَخِيهِ مَيْتاً) ـدا، کە ئەو ئەنجامەی لێ بەدەست دەهێنێت کە "غەیبەت‌کردنی بێباوەڕ" گوناهـ نیە چونکە برا نیە و تەنها باوەڕدار برایە! بۆ سەلماندنی ئەوەش دەڵێت: ئەوەتا وتویەتی: "إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ"، بۆیە ئیتر برایەتی هەر لەنێوانی باوەڕداراندایە: "وَقَالَ مِنْ قبل إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ، فَلَا أُخُوَّةَ إِلَّا بَيْنَ الْمُؤْمِنِينَ"(٣).
ـ جارێکی تریش کە دێتە سەر ڕاڤەی دەقی "إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ"، کە دەڵێت: ("إنما" بۆ تایبەتکردن "حصر" ە، واتە: برایەتی هەر لەنێوان باوەڕداراندا هەیە، و ئیتر لەنێوانی باوەڕدار و بێباوەڕدا نیە)! "(إِنَّمَا) لِلْحَصْرِ أَيْ لَا أُخُوَّةَ إِلَّا بَيْنَ الْمُؤْمِنِينَ، وَأَمَّا بَيْنَ الْمُؤْمِنِ وَالْكَافِرِ فَلَا"(٤).
ئەمەش زۆر سەیرە کە فەخری ڕازی کەوتوەتە هەڵەیەکی وەهاوە، چونکە زۆر بەوردی لە شوێنەکانی تر لەسەر واتا و بەکارهێنانی "إنما" دەڕوات، بۆ نمونە: کاتێک مشت‌ومڕ لەگەڵ ئەوانە دەکات کە وتویانە "إنما" بۆ تایبەت‌کردن نیە و تەنها بۆ دوپات‌کردنەوەیە و ئینجا بیانویان بەو دەقە هێناوەتەوە کە دەڵێت: "إنما أنت نذير" و بەوە لێکیان داوەتەوە کە "تەنها تۆ ئاگادارکەرەوەیت" و ئینجا دەڵێن: خۆ جگە لەویش ئاگادارکەرەوەی تر هەبون؛ رازی بەم شێوەیە وەڵامیان دەداتەوە کە بەو شێوەیە لێک‌نادرێتەوە کە بوترێت "تەنها تۆ ئاگادارکەرەوەیت" بەڵکو دەبێت بوترێت "تۆ تەنها ئاگادارکەرەوەیت" و بەم شێوەیە بونی ئاگادارکەرەوەی تر ڕەت ناکاتەوە "واحتج من قال: إنه لا يفيد الحصر بقوله تعالى (إنما أنت نذير) ولقد كان غيره نذيرا، وجوابه معناه: ما أنت إلا نذير، فهو يفيد الحصر، ولا ينفي وجود نذير آخر"(٥).
بەم شێوەیە هەڵەکە ڕاست دەکاتەوە، کەچی خۆی لە ڕاڤەی "إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ" ـدا دەکەوێتە هەمان هەڵەوە کاتێک بە "تەنها باوەڕداران بران" ڕاڤەی دەکات، لە کاتێکدا دەبوایە بە "باوەڕداران تەنها بران" ڕاڤەی بکردایە. [فەخری ڕازی جارێکی تریش لە باسی "إنما" دا لە تەفسیرەکەیدا دەکەوێتە هەڵەوە کاتێک شوێن ئەو بیروڕایە دەکەوێت کە پێکهاتەی "إنما" بە "إن" و "ما" ی نەرێ‌کردن "نفي" لێک‌دەداتەوە، لە کاتێکدا ئەو "ما"یە زیادەیە و ناکرێت واتای نەرێ‌کردن بدات].
لە سەردەمی نوێیشدا هەندێک کەوتونەتە هەمان لێکدانەوەی هەڵەوە بۆ دەقەکە، وەکو (وهبة الزحيلي) لە (التفسير الوسيط) ـدا، و (محمد علي السايس) لە (تفسير آيات الأحكام) ـدا، و (المنتصر الكتاني) لە (تفسير) ەکەیدا، و ئیتر مەلا وەههابیەکانی وەکو (ئیبن باز) و (عوثەیمین) یش هەمیشە ئەو تێگەشتنە هەڵەیە دوپات دەکەنەوە و پێیان ناڕەوایە بە جگە لە موسوڵمان بوترێت "برا"!
لەوەش سەیرتر ئەوەیە وا دیارە لای (شافیعی) یش هەمان تێگەشتنی هەڵە هەیە! لە کتێبی (الأم) دا لەسەر ئەوە دەڕوات کە لەنێوان موسوڵمان و ناموسوڵماندا "قیصاص" نیە، و بۆ ئەمەش سێ دەقی قورئان دەکاتە بەڵگە، یەکەمیان دەقی "يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الْقِصَاصُ فِي الْقَتْلَى" کە ڕوی دەمی لە موسوڵمانانە، دوەمیان کە دەڵێت "فَمَنْ عُفِيَ لَهُ مِنْ أَخِيهِ شَيْءٌ" کە باسی "برا" دەکات و مەبەستی برای ئایینیە، و سێیەمیان ئەم دەقە "إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ" کە لەسەر ئەمە دەڵێت: برایەتیی لەنێوان باوەڕداراندا داناوە، و ئەوە باوەڕداران و بێباوەڕانی جیا کردوەتەوە و دایبڕیون "جَعَلَ الْأُخُوَّةَ بَيْنَ الْمُؤْمِنِينَ فَقَالَ (إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ) وَقَطَعَ ذَلِكَ بَيْنَ الْمُؤْمِنِينَ وَالْكَافِرِينَ"(٦).
ئەوەی لە داڕشتنەکەی شافیعیەوە دیارە ـ هەرچەند تێگەشتنی داڕشتنی شافیعی قورسە ـ ئەوەیە کە مەبەستی ئەوە نیە کە "إنما" ئەو واتایە دەگەیەنێت، بەڵکو وا دیارە مەبەستی ئەوەیە باوەڕداری لە دەقەکەدا مەرجی ئەو برایەتیەیە کە باسی لێ دەکات، ئینجا مادەم ئەو مەرجە لە بێباوەڕدا نیە؛ کەواتە ئەو برایەتیە بێباوەڕ ناگرێتەوە. ئەگەر بەپێی ئەم تێگەشتنە بێت؛ لە ڕوی ئایینیەوە واریدە، بەڵام نابێت ئەوە فەرامۆش بکرێت کە ئەو برایەتیەی دەقەکە باسی لێ دەکات "برایەتیی ئایینی" ـە کە جۆرێکی ئاوەڵواتایی "مجازي" ی برایەتیە، و جێی جۆرەکانی تری برایەتی ناگرێتەوە و ئەوانی تر ڕەت ناکاتەوە، وەکو برایەتی بە واتای هاوبەش‌بون لە باوکێکدا کە ئەمە برایەتیی ڕاستەقینەیە، و هەروەها برایەتیی ڕەچەڵەک و نەتەوە وەکو ئەوەی کەسێک سەر بە خێڵێک یان نەتەوەیەکە و دەوترێت برای ئەوانە، و هەروەها برایەتیی مرۆڤایەتی کە بریتیە لە هاوبەش‌بون لە مرۆڤ‌بوندا یاخود ـ بە گوزارشی ئایینی ـ هاوبەش‌بون لە باوکێکی یەکەمدا کە ئادەمە، ئەمانەش هەر برایەتین و دەکرێت بە هاونەتەوە و هاونیشتمان و هەمو مرۆڤەکانی تر بوترێت "برا"، هەر یەکەی بە واتای خۆی، کاتێکیش موسوڵمان بە موسوڵمان دەڵێت "برا"؛ ئەمە بە واتا ئایینیەکەیە نەک بە واتاکانی تر.
لە کاتێکدا هەندێک لە ئیسلامیەکان و مەلاکان بەکارهێنانی وشەی "برا" بۆ هاونەتەوە و هاونیشتمان و مرۆڤەکانی تر قەدەغە دەکەن؛ لە قورئان خۆیدا وشەی "برا" بۆ کەسی هاونەتەوە بەکار هاتوە لەگەڵ جیاوازیی ئایینییش. ئەوەتا چەند جارێک هەندێک لە پێغەمبەرەکان بە "برا" ی گەلەکانیان دادەنێت لەبەر ئەوەی لەو خێڵەیە یان لەو گەلەیە، لە کاتێکدا هەر بەپێی قورئان ئەو خێڵە یان ئەو گەلە باوەڕیان پێی نەهێناوە و ئازاریشیان داوە:
ـ دو جار پێغەمبەر (هوود) بە برای گەلی (عاد) ناو دەبات: "وَإِلَى عَادٍ أَخَاهُمْ هُودًا" (الأعراف: ٦٥)، (هود: ٥٠).
ـ سێ جار پێغەمبەر "صالیح" بە برای گەلی (ثەمود) ناو دەبات: "وَإِلَى ثَمُودَ أَخَاهُمْ صَالِحًا" (الأعراف: ٧٣)، (هود: ٦١)، "وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا إِلَى ثَمُودَ أَخَاهُمْ صَالِحًا" (النمل: ٤٥).
ـ سێ جار پێغەمبەر (شوعەیب) بە برای گەلی (مەدیەن) ناو دەبات: "وَإِلَى مَدْيَنَ أَخَاهُمْ شُعَيْبًا" (الأعراف: ٨٥)، (هود: ٨٤)، (العنكبوت: ٣٦).
ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو پێغەمبەرانە لەو گەلانەن، بۆیە پێیان وتراوە برای ئەوان. ئەمەش شێوازێكە لە زمانی عەرەبدا هەبوە. خۆ ئەگەر بەپێی لێکدانەوەی ئەو ئیسلامی و مەلا توندڕەوانە بێت؛ دەبوایە قورئان ئەو پێغەمبەرانەی بە "برا" ی ئەو گەلە بێباوەڕانە دانەنایە!
ئەوانە دەبێت سەرنجی ئەوە بدەن کە بە "برا" زانینی موسوڵمان لەلای موسڵمان بە واتایەکی ئایینیە و لە جۆری برایەتیی ئایینی و "ئیمانی" ـە، و ئیتر ئەمە نابێتە ڕێگر بەوەی وشەی "برا" بە واتای تر (وەکو: برایەتیی نەسەبی، خێڵەکی، نەتەوەیی، نیشتمانی، مرۆڤایەتی) بەکار بێت. کاتێک موسوڵمان بە هاوئایینی خۆی دەڵێت "برا" ("أخ")؛ ئەمە بەکارهێنانێکی ئایینی و "شەرعی" ی وشەکەیە، بەم پێیە زاراوەیەکی شەرعیە و بەکارهێنانێكی تایبەتیە، و ئاوەڵواتایی "مەجازی" یشە چونکە برایەتیی ڕاستەقینە بریتیە لە هاوبەشی لە باوکێکدا، و کاتێک لە دەقەکەدا "المٶمنون إخوة" موسوڵمانان بە برای یەکتر دانراون، ئەمە یان پێک‌چواندن "تەشبیهـ" ـە لە بابەتی "التشبيه البليغ"، واتە: موسوڵمانان وەکو برا وان، یان "ئیستیعارە" یە بەو پێیەی کە باوەڕ "إیمان" لەجێی ئەو باوکەیە کە برایەتیی پێ دێتە جێ، واتە باوەڕە ئایینیەکە وەکو باوکێک چاوی لێ کراوە و بەم پێیەش باوەڕداران دەبنە برای یەکتر.
و شتێكی زانراوە کە وشەی "أخ" لە دەقە ئیسلامیەکاندا چەند واتایەکی هەیە و بە چەند شێوەیەک بەکار هاتوە، کە ئیمام (ابن الجوزي) لە کتێبی "نزهة الأعين النواظر في علم الوجوه والنظائر" باسیان دەکات(٧):
١. برای دایک و باوک یان یەکێکیان. وەکو لە قورئاندا: "فإن كان له إخوة فلأمه السدس" و "فطوعت له نفسه قتل أخيه فقتله".
٢. برای خێڵ [و گەل و نیشتمان]. وەکو لە قورئاندا: "وإلى عاد أخاهم هودا" و "وإلى ثمود أخاهم صالحا" و "وإلى مدين أخاهم شعيبا".
٣. برای ئایینی و لایەنگریی ئایینی. وەکو لە قورئاندا: "فأصبحتم بنعمته إخوانا" و "إن المبذرين كانوا إخوان الشياطين" و إنما المؤمنون إخوة". 
٤. برا بە واتای هاوسۆز و دڵسۆز. وەکو لە قورئاندا: "ونزعنا ما في صدورهم من غل إخوانا".
٥. برا بە واتای هاوڕێ. وەکو لە قورئاندا: "إن هذا أخي له تسع وتسعون نعجة".
ئینجا ئیتر جگە لە بەکارهێنان و "ئیطلاق" ـە شەرعیەکە؛ دەکرێت وشەکە "برا" ("أخ") بە هەمو واتا زمانی و عورفیەکانیشی بەکار بێت. ئەو کاتە زاراوە شەرعیەکە جیاوازە لە زاراوە زمانی و عورفیەکە و تێکەڵ ناکرێن. ئیتر کاتێک بە هاونەتەوە یان هاونیشتمان و هاووڵات دەوترێت "برا"؛ ئەمە زاراوە شەرعیەکە نیە و زاراوە عورفیەکەیە و جیا دەکرێنەوە، ئیتر کاتێک بە مەسیحیەکان و ئێزدیەکانی وڵات یان ئەوانەیان کە کوردن دەوترێت "براکانمان"؛ ئەمە بە واتا شەرعیەکە نیە و بە واتا عورفیەکەیە.
بەڵام کێشەی ئەو ئیسلامیە توندانە ئەوەیە دەیانەوێت ئایین تان‌وپۆی ژیان بگرێتەوە و هەمو شتێک بکرێتە ئایینی و هەتا هەمو زاراوەکان و دەستەواژەکانیش ئایینی بن و بە واتای ئایینی بەکار بێن. کە ئەمە سەرباری هەمو شتێک؛ نەشارەزاییشیانە هەتاکو لەو ڕێ‌وشوێن و ڕێباز و میتۆدە وردەی زانایانی ئایینیی ئیسلام لە ڕابردودا دایانناوە کە بەکارهێنانی وشەکان و دەستەواژەکانیان دابەش کردوە بۆ "زمانی" و "عورفی" و "شەرعی" و بەم شێوەیە زاراوەکان جیا دەکەنەوە، ئیتر زاراوەی عورفی و شەرعی تێکەڵ ناکەن، و بە بیانوی ئایینی شتی عورفی ئابڵوقە نادەن. جگە لە چەمکی برایەتی؛ بینیمان ئیسلامیە توندەکان چۆن وشەی "جەژن" یش لە واتا ئایینیەکەدا قەتیس دەکەن و پێیان ناڕەوایە بە واتای جەژنێکی دنیایی و نائایینی بەکار بێت!
لایەنێكی تر کە تیشک دەخاتە سەر واتای دەقی "إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ"؛ ئەوەیە کە ئەم دەقە لە چوارچێوە و ئاوەڵدەق "سیاق" ێکدایە کە باسی کێشمەکێش و بەشەڕهاتنی دو لایەنە لەناو موسوڵماناندا. چیرۆکی دەقەکەش باسی بەشەڕهاتنی کۆمەڵێک لە "ئەنصار" و کۆمەڵێک لە "موهاجیرون" دەگێڕێتەوە. دەقەکە پێشتر داوا دەکات کە ئەگەر دو لایەن لە موسوڵمانان بە شەڕ هاتن؛ نێوانیان ڕێک بخەنەوە، و ئەگەر لایەنێک هەر سور بو لەسەر ناکۆکی و ستەمی لەوی تر کرد؛ تەمێی بکەن. ئینجا لەم دەقەدا دوپاتی برایەتیی نێوان موسوڵمانان دەکاتەوە و دەڵێت: نێوانی براکانتان چاک بکەن. بەم شێوەیە بابەتەکە هەموی پەیوەندیی بە نێوانی موسوڵمانان خۆیانەوە هەیە و بە هیچ شێوەیەک باسی پەیوەندیی دەرەکی نیە و باسی پەیوەندیی موسوڵمان بە ناموسوڵمانەوە نیە. بەڵکو سورەتی (الحجرات) هەموی باسی کێشە و کاروبار و پەیوەندیە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگای ئیسلامیە و باسی پەیوەندیی دەرەکی نیە.

په‌راوێز:
) بۆ وتارەکەی و بەتایبەتی لێدوانی لە چەمکی برایەتیی ئایینی و دەستەواژەی "برا یەزیدیەکانمان" و بەڵگەهێنانەوەی بە دەقی "إنما المٶمنون إخوة"؛ بڕوانه:

الدكتور محمد عبد الله فقي مراد، "نعمة الأمن"، الخطبة رقم (١٥٦)، ٢٩ / ٨ / ٢٠١٤.
(٢) بڕوانە:
شيخ‌زاده، حاشية محيي الدين شيخ‌زاده على تفسير القاضي البيضاوي. ضبط وتصحيح: محمد عبد القادر شاهين. دار الكتب العلمية، بيروت. الطبعة الإولى، ١٩٩٩. جـ. ٧، ص. ٦٤٧.
(٣) الرازي، التفسير الكبير (مفاتيح الغيب). دار إحياء التراث العربي، بيروت. الطبعة الثالثة، ١٤٢٠ هـ. جـ. ٢٨، ص. ١١٠.
(٤) الرازي، التفسير الكبير (مفاتيح الغيب). جـ. ٢٨، ص. ١٠٧.
(٥) الرازي، التفسير الكبير (مفاتيح الغيب). جـ. ٢٨، ص. ١٠٧.
(٦) الأم، الشافعي. دار المعرفة، بيروت. ١٩٩٠. جـ. ٦، ص. ٤٠. هەروەها بڕوانە:
أحكام القرآن، الشافعي (جمع البيهقي). تعلیق: عبد الغني عبد الخالق. تقدیم: محمد زاهد الكوثري. مكتبة الخانجي، القاهرة. الطبعة الثانية، ١٩٩٤. جـ. ١، ص. ٢٧٣.
(٧) بڕوانە: ابن الجوزي، نزهة الأعين النواظر في علم الوجوه والنظائر. تحقیق: محمد عبد الكريم كاظم الراضي. مؤسسة الرسالة، بيروت. الطبعة الأولى، ١٩٨٤. ص. ١٣٢.