زنجیره‌ی تێكه‌ڵكردنه‌كانی قورئان
مو‌سا یان یه‌عقوب؟!
مو‌سا یان یه‌عقوب؟!
ئه‌م زنجیره باسه به‌شێکه له کتێبی "چیرۆکه قورئانیه‌کان" که ئاماده‌ی چاپه
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
كێشه‌یه‌كی چیرۆكه قورئانیه‌كان ئه‌وه‌یه كه
زۆر جار ده‌قه قورئانیه‌كه گۆڕانكاری له چیرۆكه ته‌وڕاتی و ئینجیلیه‌كاندا ده‌كات
و تێكه‌ڵیان ده‌كات، به‌مه‌ش چیرۆكێكی ده‌ستكرد و ده‌ستكاریكراو پێك دێت كه زۆر ئه‌سته‌مه
بتوانین ئه‌نجامێكی كولتورییشی لێ به ده‌ست بهێنین چ جای مێژویی، واته جگه له‌وه‌ی
له مێژودا شوێنه‌واری نابێت ؛ مانا و مه‌غزای زیهنی و کولتوریشی نامێنێت ، چونکه
هه‌مو چیرۆکێک به شێوازی ڕه‌سه‌نی خۆی مانای خۆی ده‌به‌خشێت و که شێوێنرا تێک ده‌چێت
و مانای خۆیشی نادات به‌ده‌سته‌وه..
له‌م زنجیره‌یه‌دا تێكه‌ڵكردنه‌كانی قورئان ده‌خه‌ینه
ڕو، هه‌ر جاره‌ی دانه‌یه‌ك!
(4) مو‌سا یان یه‌عقوب؟!
به‌پێی قورئان پیره پیاوێكی مه‌دیه‌نی له دو كچی
خۆی كچێكیانی داوه به مو‌سا به‌و مه‌رجه‌ی هه‌شت ساڵ شوانیی بۆ بكات: (قَالَ:
"إِنِّي أُرِيدُ أَنْ أُنكِحَكَ إِحْدَى ابْنَتَيَّ هَاتَيْنِ عَلَى أَن تَأْجُرَنِي
ثَمَانِيَ حِجَجٍ، فَإِنْ أَتْمَمْتَ عَشْراً؛ فَمِنْ عِندِكَ. وَمَا أُرِيدُ أَنْ
أَشُقَّ عَلَيْكَ، سَتَجِدُنِي ـ إِنْ شَاءَ اللَّهُ ـ مِنَ الصَّالِحِينَ")
(القصص: 27)، به‌ڵام ئه‌مه تێكه‌ڵكردن و گۆڕینی دو چیرۆكی ته‌وڕاتیه: یه‌كه‌میان
چیرۆكی مو‌سا كه (رعوئیل) רְעוּאֵל (كه دواتر ده‌قه‌كه ناوی ده‌نێت یثرۆ יִתְרוֹ) ی پیاوی ئایینیی مه‌دیان كچێكی له حه‌وت كچه‌كه‌ی (نه‌ك دوان) ده‌داتێ
به‌بێ هیچ مه‌رجێك (كۆڕه‌و: 2: 16 ـ 22)، دوه‌میشیان چیرۆكی یه‌عقوب كه چو بۆ لای
(لابان) ی خاڵی كه دو كچی هه‌بون: (له‌یئه) و (راحیل)، له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێك كه‌وتن
كه مو‌سا حه‌وت ساڵ شوانی بۆ لابان بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕاحیلی بداتێ (خولقاندن: 29:
15 ـ 20).
به‌م شێوه‌یه چیرۆكه قورئانیه‌كه تێهه‌ڵكێشكردنی ئه‌و دو چیرۆكه‌یه،
یان پڕكردنه‌وه‌ی چیرۆكی موسایه به هه‌ندێك ڕه‌گه‌زی چیرۆكی یه‌عقوب. (حه‌وت ساڵ)
ـه‌که‌شی کردوه به (هه‌شت ساڵ)!
بۆچی ده‌ڵێین تێكه‌ڵكردن؟
به‌ڵگه‌ی من له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه تێكه‌ڵكردنه
و پاساوی نیه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سێتیه‌ی تر یاخود ئه‌و ده‌نگ‌وباسه‌ی تر (ون)
ـه له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا:
كه باسی ژیانی مو‌سا ده‌كات له مه‌دیه‌ن به شێوه‌یه‌ك
كه له چیرۆكی یه‌عقوب ده‌چێت؛ له به‌رامبه‌ردا هیچ ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای ژیانی یه‌عقوب
ناڵێت. له ئه‌نجامدا قورئان به شێوه‌ی سه‌ره‌تای ژیانی یه‌عقوب له‌لای (لابان) ی
خاڵی باسی ژیانی مو‌سا له مه‌دیه‌ن ده‌كات.
ڕه‌نگه موسوڵمان بڵێت: ئه‌و جیاوازیانه‌ی چیرۆكه
قورئانیه‌كه له چیرۆكه ته‌وڕاتی و ئینجیلیه‌كه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه
قورئان هه‌ڵه‌ی ته‌وڕات و ئینجیلی ڕاست كردوه‌ته‌وه (به‌و پێیه كه قورئان
"ته‌صدیق" ی ئه‌و كتێبانه‌ی پێش خۆی ده‌كات، له هه‌مان كاتدا "هه‌یمه‌نه"
ی هه‌یه له‌سه‌ریان: "مُصَدِّقًا لِمَا بَيْنَ يَدَيْهِ مِنَ الْكِتَابِ وَمُهَيْمِنًا
عَلَيْهِ" (المائدة: 48). ئه‌م ده‌قه‌ش موسوڵمانی ئێسته وا لێی تێده‌گات كه
"ته‌صدیق" ئه‌و بابه‌تانه ده‌گرێته‌وه كه له‌نێوان ته‌وڕات و قورئاندا
یه‌كتربڕن و له‌گه‌ڵ یه‌كدا ده‌گونجێن، "هه‌یمه‌نه" ش موسوڵمانی ئێسته
به "هه‌ژمون" لێكی ده‌داته‌وه و گوایه ماناكه‌ی ئه‌وه‌یه كه قورئانی
هه‌ژمونی هه‌یه به‌سه‌ر ته‌وڕات و ئینجیل‌دا و ئه‌مه‌ش گوایه یانی هه‌ڵه‌كانیان ڕاست
ده‌كاته‌وه! كه بێ گومان ـ جگه له هه‌ر شتێكیش ـ لێكدانه‌وه‌ی "مُهَیْمِن"
به "هه‌ژموندار" لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه و ده‌ستکرده چونكه ته‌نها له
عه‌ره‌بیی تازه‌دا مادده‌ی "هیمن" واتای "هه‌ژمون" ی وه‌رگرتوه،
ئه‌گه‌رنا له راستیدا فرمانی ڕابردوی "هَیْمَنَ" هه‌ر یانی باوه‌ڕی هێنا
"آمن"، ئیتر یان فرمانی "هیمن" له فرمانی "آمن" ه‌وه
هاتوه به گۆڕانێكی ده‌نگی ـ وه‌كو زانا كۆنه‌كانی زمانی عه‌ره‌بی ده‌ڵێن، یان وشه‌ی
"مهیمن" له "مهیمنا" ܡܘܝܡܢܐ ی سوریانیه‌وه هاتوه ـ وه‌كو مینگانا ده‌ڵێت.. ئه‌مه‌ش یانی "مهیمن" هه‌ر یانی
"مؤمن".. هۆكاری ئه‌و تێگه‌شتنه هه‌ڵه‌یه بۆ مادده‌ی "هیمن"
و وشه‌ی "مهیمن" ڕه‌نگه ئه‌وه بێت كه قورئان ده‌ڵێت "وَمُهَیْمِنًا
عَڵیْهِ" ، ئیتر به هۆی ئامڕازی "علی" ه‌وه وشه‌كه به زاڵبون و باڵاده‌ستبون
فامراوه‌ته‌وه، له كاتێكدا ئه‌وه وه‌كو ئه‌وه وایه بوترێت "صادَقَ علی"
كه ئێسته ئه‌م شێوازه به‌كار دێت.. كه‌واته "مهیمنا" هه‌ر هه‌مان واتای
"مصدقا" دوپات ده‌كاته‌وه، موفه‌سسیره كۆنه‌كانی قورئانیش "مهیمنا" یان به "مصدقا"
و "شاهدا" لێك داوه‌ته‌وه كه هه‌مان مانای په‌سه‌ندكردن و شایه‌تیبۆدان
ده‌گرێته‌وه [ئیبن ته‌یمییه‌ش هه‌مان تێگه‌یشتن دوپات ده‌كاته‌وه كه ده‌ڵێت:
"السلف كلهم متفقون علی أن القرآ‌ن هو المهیمن المؤتمن الشاهد علی ما بین یدیه
من الكتب"]، ئیتر دواتر ئه‌و لێكدانه‌وه هه‌ڵه‌یه دروست بوه كه "مهیمن"
به "رقیب" مانا ده‌كات)..
به هه‌ر حاڵ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ڕاست بێت كه گوایه
قورئان ده‌یه‌وێت هه‌ڵه‌ی ته‌وڕات و ئینجیل ڕاست بكاته‌وه؛ ئێمه ده‌ڵێین: بۆ نمونه:
كاتێك قورئان ئاماژه بۆ دو كچی پیره پیاوه‌كه‌ی مه‌دیه‌ن ده‌كات كه كچێكیانی داوه
به مو‌سا (القصص: 27)، دوای ئه‌وه‌ی له ته‌وڕاتدا ده‌ڵێت حه‌وت كچی هه‌بوه یه‌كێكیانی
داوه به مو‌سا (كۆڕه‌و: 2: 16 ـ 21)؛ له‌م حاڵه‌ته‌دا چ هه‌ڵه‌یه‌ك له ئاماژه‌كردنی
ته‌وڕاتدا هه‌یه بۆ (حه‌وت كچ) تا بڵێین قورئان بۆی ڕاست ده‌كاته‌وه كه كردویه‌تی
به (دو كچ)؟ بۆچی (حه‌وت كچ) هه‌ڵه‌یه و (دو كچ) ڕاسته؟ ناشێت پیره‌پیاوێك حه‌وت
كچی هه‌بێت؟ چی وای له نوسه‌ری ده‌قه ته‌وڕاتیه‌كه كردوه (دو كچ) بكات به (حه‌وت
كچ)؟! بێ گومان هیچ پاڵنه‌رێكی مه‌عقول نیه. له كاتێكدا ئێمه ئه‌وه‌ش ده‌زانین كه
ئه‌وه (لابان) ی خاڵی یه‌عقوبه كه به‌پێی ته‌وڕات دو كچی هه‌بوه كه په‌یمانی داوه
یه‌كێكیان بدات به یه‌عقوب. ئه‌مه‌ش یانی لێكدانه‌وه‌یه‌كی مه‌عقول هه‌یه بۆ كردنی
(حه‌وت كچ) به (دو كچ) له لایه‌ن قورئانه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه قورئان ئه‌و دو چیرۆكه‌ی
(یه‌عقوب) و (مو‌سا) ی تێكه‌ڵ كردوه و (دو كچ) ی خه‌زوری یه‌عقوبی هێناوه بۆ ناو چیرۆكی
مو‌سا و به‌م شێوه‌یه باسی (دو كچ) ی خه‌زوری مو‌سا ده‌كات!