ئایا قورئان باسی (١١) هه‌سارەی کردوە؟ ئایا بەڕاستی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر (١١) هه‌سارەن؟


ئایا قورئان باسی (١١) هه‌ساره‌ی کردوه‌؟
 ئایا به‌ڕاستی هه‌ساره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی خۆر (١١) هه‌ساره‌ن؟

سه‌روه‌ر پێنجوێنی

له‌ قورئاندا ده‌قێک هه‌یه‌ که‌ ئاماژه‌ بۆ (١١ که‌وکه‌ب) ده‌کات.. ئێسته‌ نوسه‌ره‌ ئیسلامیه‌کان ئه‌مه‌ ده‌قۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ (١١ هه‌ساره‌) ی کۆمه‌ڵه‌ی خۆر که‌ ئێسته‌ باس ده‌کرێن..

ئه‌و ده‌قه‌ ده‌ڵێت: (إذ قال يوسف لأبيه: "يا أبت! إني رأيت أحد عشر كوكبا والشمس والقمر، رأيتهم لي ساجدين
") (يوسف: ٤).

له‌ کاتێکدا ئه‌م ده‌قه‌ باسی ‌شتێکی هێمایی ده‌کات، که‌ له‌ خه‌ونه‌که‌ی (یوسف) دا ١١ ته‌نه‌ ئاسمانیه‌که‌ ئاماژه‌ن بۆ ١١ براکه‌ی (یوسف)..

به‌ڵام ئه‌م نوسه‌ره‌ ئیسلامیانه‌ ده‌ڵێن قورئان جیاوازیی کردوه‌ له‌ نێوان "هه‌ساره‌" (کوکب) و "ئه‌ستێره‌" (نجم) .. ئینجا باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ گوایه‌ ئێسته‌ زانستی نوێ بونی ١١ هه‌ساره‌ی له‌ کۆمه‌ڵه‌ی خۆردا سه‌لماندوه‌..

با بزانین ئه‌م شتانه‌ تا چه‌ند ڕاستن..

(کوکب) و (نجم)

ڕاستیه‌که‌ی له‌ عه‌ره‌بیی قورئاندا جیاوازی نیه‌ له‌ نێوان (که‌وکه‌ب) و (نه‌جم).. هه‌ردوکیان به‌ ته‌نی ئاسمانی ده‌ڵێت، ئیتر هه‌ساره‌یه‌ یان ئه‌ستێره‌یه‌ له‌ عه‌ره‌بیی قورئاندا فه‌رقی نیه‌ .. ئه‌وه‌ له‌ عه‌ره‌بیی تازه‌دا ئه‌و جیاوازیه‌ دروست بوه‌..

بۆ نمونه‌: له‌م ده‌قه‌دا قورئان هه‌مو ئه‌ستێره‌ و هه‌ساره‌کانی ئاسمان به‌ (که‌واکیب) ناو ئه‌بات: (وَإِذَا الْكَوَاكِبُ انتَثَرَتْ) (الانفطار: ٢).

ئینجا له‌ شوێنی تردا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له‌ بریی "که‌واکیب" ده‌ڵێت "نوجوم": ده‌ڵێت: (وَإِذَا النُّجُومُ انكَدَرَتْ) (التکویر: ٢)، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: (فَإِذَا النُّجُومُ طُمِسَتْ) (المرسلات: ٨).

هه‌روه‌ها له‌ ده‌قێکی تردا ده‌ڵێت ئاسمانی هه‌ره‌نزیک به‌ "که‌وکه‌ب" ه‌کان ڕازێنراوه‌ته‌وه‌: (إِنَّا زَيَّنَّا السَّمَاء الدُّنْيَا بِزِينَةٍ الْكَوَاكِبِ) (الصافات: ٦). جا ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی هه‌ساره‌کان بێت؛ ئه‌و هه‌سارانه‌ی که‌ له‌ ئاسماندا دیارن ته‌نها ئه‌مانه‌ن (زوهه‌ره‌، مه‌ریخ، زوحه‌ل، موشته‌ری) و ـ به‌که‌می ـ (عوطارید).. ده‌ی ئاشکرایه‌ له‌ ئاسماندا هه‌ر ئه‌و چه‌ند هه‌ساره‌یه‌ دیار نین و به‌و چه‌ند هه‌ساره‌ که‌مه‌ ئاسمان ناڕازێته‌وه‌!.. به‌ڵکو مه‌به‌ستی هه‌مو ئه‌و ئه‌ستێرانه‌یه‌ که‌ به‌ ئاسمانه‌وه‌ دیارن، له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌ند هه‌ساره‌یه‌ش، به‌بێ جیاوازی..

مانای وایه‌ به‌لای قورئانه‌وه‌ جیاوازی نیه‌ له‌نێوان که‌وکه‌ب و نه‌جم.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ کاتێک قورئان ده‌ڵێت (أحد عشر كوكبا)؛ مه‌به‌ستی ١١ هه‌ساره‌ نیه‌، به‌ڵکو مه‌به‌ستی ١١ ته‌نی ئاسمانیه‌ واته‌ ته‌نی ئاسمانیی وا که‌ له‌به‌ر چاوی ئاساییدا له‌ خۆر و مانگ بچوکتر دیارن، واته‌ هه‌ساره‌ و ئه‌ستێره‌ش..

ئینجا ئایا به‌ڕاستی هه‌ساره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی خۆر (١١) هه‌ساره‌ن؟

به‌پێی فه‌له‌کیاتی ئێسته‌ و تازه‌ترین پێناسه‌ی (هه‌ساره‌)
Planet؛ هه‌ساره‌کان ته‌نها هه‌شتن (عوطارید، زوهه‌ره‌، زه‌وی، مه‌ریخ، جوپیتێر، زوحه‌ل، ئورانوس، نیپتون).. ئیتر (پلوتۆ) له‌ لیستی (هه‌ساره‌) ڕاسته‌قینه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی خۆر سڕایه‌وه‌.

ئیتر ناکرێت بوترێت ١١ هه‌ساره‌ هه‌یه.

ڕاسته‌ ئه‌م ١١ ناوه‌ هه‌ن:

Mercury, Venus, Earth, Mars, Ceres, Jupiter, Saturn, Uranus, Neptune, Pluto, Eris

به‌ڵام به‌پێی دوایین ئه‌نجامی زانستی هه‌ر ئه‌و هه‌شته‌ن

Mercury, Venus, Earth, Mars, Jupiter, Saturn, Uranus, Neptune

و ئه‌وانی‌تر ئه‌وه‌نده‌ بچوکن یان دورن که‌ له‌ پێناسه‌ زانستیه‌که‌ی "هه‌ساره‌" ی کۆمه‌ڵه‌ی خۆر ده‌رده‌چن.

ئیتر ئێسته‌ سه‌رچاوه‌ زانستیه‌کان هه‌ر باسی ئه‌و ٨ هه‌شته‌ ده‌که‌ن.. ئه‌وانی تر بونیان هه‌یه‌ و به‌شێکن له‌ ته‌نه‌کانی ناو کۆمه‌ڵه‌ی خۆر به‌س به‌ "هه‌ساره‌"
Planet حسا‌ب نین.

و لای هه‌ندێکی تر ده‌بنه‌ ١٢ ناو

Mercury, Venus, Earth, Mars, Ceres, Jupiter, Saturn, Uranus, Neptune, Pluto, Charon, Eris

یانی خارۆن
Charon زیاد ده‌که‌ن.. که‌ ئه‌مه‌ خۆی مانگ (پاشکۆ) یه‌، مانگی پلوتۆیه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌باره‌که‌ی له‌ چاو
قه‌باره‌می مانگێک گه‌وره‌یه‌ و له‌ هه‌ندێک هه‌ساره‌ی قه‌زه‌میش گه‌وره‌تره‌؛ بۆیه‌ هه‌ندێک حه‌ز ده‌که‌ن حسابی هه‌ساره‌ی بۆ بکه‌ن..

هه‌روه‌ها (سێریز)
Ceres یشیان بۆ زیاد کردوه‌ که‌ ئه‌مه‌ هه‌ساره‌یه‌کی قه‌زه‌مه‌ و له‌ ڕاستیا ئه‌ستێرۆکه‌ asteroid یه‌کی گه‌وره‌یه‌ نه‌ک هه‌ساره‌، به‌ڵام هه‌ندێک به‌ هه‌ساره‌ حسابی ئه‌که‌ن..

ئینجا (ئێریس)
Eris یش زیاد کراوه‌ که‌ یه‌کێکه‌ له‌ هه‌ساره‌ قه‌زه‌مه‌کان هه‌رچه‌ند له‌ پلوتۆیش گه‌وره‌تره‌.. سه‌ره‌تا که‌ دۆزرایه‌وه‌ به‌ (هه‌ساره‌ی ده‌هه‌م) ناو برا، به‌ڵام ئێسته‌ به‌ هه‌ساره‌یه‌کی قه‌زه‌م داده‌نرێت و به‌گشتی به‌ یه‌کێک له‌ هه‌ساره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی خۆر دانانرێت مه‌گه‌ر لای هه‌ندێک نه‌بێت..

ئینجا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هه‌ساره‌ قه‌زه‌مه‌کان (سێریز و ئێریس و پلوتۆ) حساب بکه‌ین؛ ئه‌بێ چی هه‌ساره‌ی قه‌زه‌م هه‌یه‌ حسابی بکه‌ین: هه‌ساره‌ی (هاومیا)
Haumea و هه‌ساره‌ی (ماکی‌ماکی) Makemake، که‌ ئه‌مانیش هه‌ر هه‌ساره‌ی قه‌زه‌م dwarf planet ـن.. ئینجا ئه‌و کاته‌ ئه‌گه‌ر هه‌ساره‌ قه‌زه‌مه‌کان (سێریز و ئێریس و پلوتۆ و هاومیا و
ماکی‌ماکی) له‌گه‌ڵ هه‌ساره‌ ته‌واوه‌کان (مێرکوری و ڤینۆس و زه‌وی و مارس و جوپیتێر و ساتورن و ئورانوس و نیپتون) حساب بکه‌ین؛ ئه‌کاته‌ ١٣ هه‌ساره‌.. ئه‌گه‌ر (خارۆن) Charon یش حساب بکه‌ین ـ به‌ حسابی هه‌ندێک ـ؛ ئه‌وه‌ کردیه‌ ١٤ هه‌ساره‌ !!

که‌واته‌ ناتوانین بڵێین هه‌ساره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی خۆر ١١ هه‌ساره‌ن.. چونکه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ساره‌ قه‌زه‌مه‌کان حساب نه‌که‌ین؛ ته‌نها ٨ هه‌ساره‌ن که‌ هه‌ساره‌ی ته‌واون و به‌ هه‌ساره‌ حساب ده‌کرێن، ئه‌گه‌ر هه‌ساره‌ قه‌زه‌مه‌کانیش حساب بکه‌ین؛ هه‌موی ده‌کاته‌ ١٣ هه‌ساره‌ یان ڕه‌نگه‌ ١٤ !!


کۆمه‌ڵه‌ی خۆر
سه‌رنجی هه‌ساره‌ ته‌واوه‌کان و
هه‌ساره‌ قه‌زه‌مه‌کان بده‌