پێناسە و پۆلێنە ئایینیەکانی داعش

پێناسە و پۆلێنە ئایینیەکانی داعش

سەروەر پێنجوێنی


ڕاگەیاندنی داعش، بۆ هەمو لایەنەکانی کێشمەکێش لە ناوچەکەدا، پۆلێن و ناووناتۆرەی ئایینیی هەیە:
* خۆیان؛ 'یەکتاپەرستان' "موحدون"!
(ئەمەش یانی هەر خۆیان و لێکچوەکانی خۆیان بە یەکتاپەرست دەزانن، و موسوڵمانانی تر بە 'فرەپەرست' "مشرک" دەزانن. ئەمە جگە لە وەسفە فوتێکراوەکانیان بۆ خۆیان، وەکو 'سەربازانی خیلافەت' "جنود الخلافة"، و 'شۆڕەسوارانی خیلافەت' "فرسان الخلافة"...).
ئەوانی تر:
* جەنگاوەرە دلێرەکانی (ی‌پ‌گ) و (ی‌پ‌ژ)؛ هەمیشە بە 'مولحیدەکان' "الملاحدة" ناو دەبەن.
(بەو پێیەی کە ئەمانە هەمویان لق‌وپۆپی "پ‌ک‌ک" ـەن، و "پ‌ک‌ک" ـەش باکگراوندێکی مارکسیی هەیە).
* حیزبە کوردیە ناسیۆنالیستەکانی هەرێمی کوردستان؛ ئەوانە لای ئەوان بە 'هەڵگەڕاوەکان' "المرتدون" ناو دەبرێن.
* حیزبە ئیسلامیە کوردیەکانی هەرێم، وەکو یەکگرتو و کۆمەڵ، و بەڵکو هەر لایەنێکی ئیسلامیی تریش کە بەرهەڵستییان بکات؛ ئەمانە 'دوڕوەکان' "منافقون" ـن.
[بەڵام کەسێکی وەکو "دڵشاد گەرمیانی" لەناو کۆمەڵدا؛ لەبەر ئەوەی هەست دەکەن و دەزانن زۆر لە بیرکردنەوەی خۆیانەوە نزیکە؛ لای ئەوان "كه‌سایه‌تیه‌كی دیارە له‌ دژایه‌تی كردنی حوكمی كوفر"، بۆیە "له‌ده‌ستدانی ئەو كه‌لێنه‌ له‌نێو موجاهیدانی گه‌رمیاندا"! بەڵام جێی خۆشحاڵییان نیە کە ئەو "به‌و مێژوه‌ پاكه‌وه‌ ببێته‌ نوێنه‌ری حكومه‌تێكی عه‌لمانی سته‌مكار و هاوبه‌شی سه‌لیبی وجوه‌كان"!].
* ڕژێمی (بەشار ئەل-ئەسەد) و هێزەکانی سوپاکەی؛ 'نوصەیریەکان' "النصيريون" ـن، بەو پێیەی بنەماڵەی (ئەل-ئەسەد) شیعەی عەلەوین.
* هەمو لایەنە شیعیەکان، بەتایبەتی حکومەتی مالیکی و عەببادی؛ ئەمانە بە 'ڕافیضیەکان' "الرافضة" و 'صەفەویەکان' "الصفويون"، ناو دەبرێن.
* شا و ئەمیرەکانی سعودیە، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی گشتی و ڕەسمی دژی کار و کردەوەی گروپەکانی وەکو قاعیدە و داعشن [هەرچەند لەژێرەوە و سەرەتا بۆ خۆیان دروستیان دەکەن]؛ بۆیە ئەوانیش طاغوتەکان "طواغیت" ی "ئالی سەلول" ـن، لەبریی "ئالی سعود" ["سەلول" بەشێکە لە ناوی دوڕو "مونافیق" ێکی ناوداری مێژوی ئیسلامیی سەردەمی پێغەمبەر.. ئەمەش یانی ئال سعودیش مونافیقن].
* هەمو هێزە خۆرئاواییەکان، بەتایبەتی ئەمێریکا و بریتانیا؛ ئەمانە 'نەصڕانیەکان' "النصاری" و 'خاچپەرستەکان' "الصلیبیون" ـن.
ئەم پێناسە و پۆلێنە ئایینیانەی داعش، بە چاودێری‌کردنی لاپەڕەکانیان لە تویتەردا، بەرچاوم کەوتون.. بەڵام لەو پەیجانەیاندا هیچ پێناسە و پۆلێکردنێکی ئایینیی سەلبیم نەبینی بیکەن بۆ تورکیای ئەردۆغان!