چیرۆكی نامێژویی
و (ئه‌فسانه، ئه‌فسانه‌ی میللی، چیرۆكی میللی)
له قورئاندا
سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ڕه‌خنه‌سازیی مێژویی قورئان
به‌شێکه له کتێبی "چیرۆکه قورئانیه‌کان"
(ئه‌فسانه) و
(چیرۆكی نامێژویی)
سه‌ره‌تا پێویسته پێناسه‌ی (ئه‌فسانه)
بكه‌ین و په‌یوه‌ندی و جیاوازیی ئه‌فسانه له‌گه‌ڵ (چیرۆكی نامێژویی) ڕون بكه‌ینه‌وه،
چونكه (نامێژوییبون) گرنگترین تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌فسانه نیه و هه‌مو چیرۆكێكی
نامێژوییش ئه‌فسانه نیه. (ئه‌فسانه) له‌لای خه‌ڵك به گشتی به هه‌ندێك واتا به‌كار
دێت كه له نوسینی زانستیدا مه‌به‌ست نین، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌فسانه به هه‌مو
بیروباوه‌ڕ و ده‌نگ‌و‌باسێكی پڕ‌و‌پوچ ده‌وترێت، یان به هه‌ر زانیاری و هه‌واڵێكی
نامێژویی و ناواقیعی ده‌وترێت. به‌ڵام (ئه‌فسانه) «أسطورة» Myth، وه‌كو زاراوه‌ی
زانستی و پسپۆڕی، بریتیه له (چیرۆكێكی ئایینیی پیرۆز كه به زمانێكی هێمایی تایبه‌ت
ڕوداوێكی په‌یوه‌ست به ڕابردو و سه‌ره‌تای شته‌كانه‌وه ده‌گێڕێته‌وه و، به‌شێك
له بیروباوه‌ڕ و جیهانبینیی ئایینێك پێك ده‌هێنێت)، كه‌واته له ڕوی زاراوه‌ی
زانستیه‌وه مه‌رجه ئه‌فسانه (چیرۆك) بێت و پیرۆزی و به‌های ئایینییشی هه‌بێت و
لایه‌نێك له باوه‌ڕ «عقيدة» ی ئایینێك پێك بهێنێت، به‌ڵام زمانێكی هێمایی و به‌رجه‌سته‌كاری
(تشخيصي) ی هه‌یه و كاراكته‌ره بنه‌ڕه‌تیه‌كانی بریتین له هه‌بوانی میتافیزیایی
و بان‌سروشتی به تایبه‌تی خواوه‌ند، له كرۆكیشدا هه‌وڵێكه بۆ لێكدانه‌وه و
دۆزینه‌وه‌ی نهێنیه‌كانی بونه‌وه‌ر و كۆمه‌ڵگای مرۆڤ، به‌م شێوه‌یه‌ش هه‌رچه‌ند به
ڕواڵه‌ت ناواقیعیه به‌ڵام له باكگراونددا بنچینه‌یه‌كی واقیعیی هه‌یه، هه‌رچه‌ند
باسی (خواوه‌نده‌كان) ده‌كات به‌ڵام له ڕاستیدا باسی مرۆڤه‌كان و پێكهاته‌كانی
بونه‌وه‌ر و ژینگه و كۆمه‌ڵگا ده‌كات.
به‌و پێناسه زانستیه كه ڕاڤه‌م كرد ئه‌و
ئه‌فسانانه‌ی له قورئاندا هه‌ن بریتین له چیرۆكه‌كانی (خولقاندنی ئاسمان و زه‌وی)
و (ئاده‌م و حه‌ووا و ئیبلیس) و (دو كوڕه‌كه‌ی ئاده‌م) و تا ڕاده‌یه‌كیش (تۆفانی
نوح) و هه‌ندێكی تر، كه ئه‌مانه‌ش كۆمه‌ڵێك چیرۆكی ئایینیی پیرۆزن كه به
زمانێكی هێمایی (زمانێك كه ڕاستییه‌كی گشتی له كه‌سێتییه‌كدا به‌رجه‌سته ده‌كات،
واقیعێكی گشتی له ڕوداوێكدا نمایش ده‌كات) له سه‌ره‌تای بونه‌وه‌ر و سه‌ره‌تا و
بنچینه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆیی ده‌دوێن و چوارچێوه و بنه‌مایه‌ك بۆ بیروباوه‌ڕ و
جیهانبینیی ئیسلامی پێك ده‌هێنن، بۆ نمونه له خه‌یاڵگه‌ی هه‌ر موسوڵمانێكدا
قۆناغه‌كانی بونه‌وه‌ر و جیهان بریتین له دروستكردنی ئاسمانه‌كان و زه‌وی و
خولقاندنی ئاده‌م و حه‌ووا و ده‌ركردنیان و دابه‌زاندنیان له به‌هه‌شته‌وه بۆ زه‌وی
و پاشان یه‌كه‌م كێشمه‌كێش و تاوانی كوشتن له كۆمه‌ڵگای مرۆڤدا كه له نێوان
قابیل و هابیلدا ڕویدا، پاشان تۆفانی نوح و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیان بۆ جاری دوه‌م
و ئه‌م بابه‌تانه. به شێوه‌یه‌ك مرۆڤی موسوڵمان وا هه‌ست ده‌كات ئه‌مانه
گرنگترین بڕگه‌كانی مێژوی جیهانن، له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه
گرنگترین بنه‌مای بیروباوه‌ڕی مرۆڤی موسوڵمان پێك ده‌هێنن و جیهانێكی تایبه‌تی له
بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ودا ده‌سازێنن، بۆ نمونه ئه‌و دژایه‌تیه سه‌رسه‌خته‌ی له بیری
ئیسلامی‌دا هه‌یه به‌رامبه‌ر بیرۆكه‌ی گه‌شه‌كردنی ئایینه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
چیرۆكی ئاده‌م و حه‌ووا كه له‌و چیرۆكه‌دا ئاده‌م (یه‌كه‌م مرۆڤ) وه‌كو پێغه‌مبه‌رێك
و هه‌ڵگری ئایینێكی یه‌كتاپه‌رستیی ته‌واو پێناسه ده‌كرێت. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین
كه ئه‌و ئه‌فسانه قورئانیانه شێوه و ئاكاره ئه‌فسانه‌ییه‌كانیان له قورئاندا
تا ڕاده‌یه‌ك كاڵ بوه‌ته‌وه و وه‌كو ئه‌و شێوه ئه‌فسانه‌ییه ڕه‌سه‌نه نین كه
له ئه‌فسانه شومه‌ری و بابیلیه‌كاندا هه‌یه، چونكه له كاراكته‌ر و له زمانه
هێماییه‌كه‌یاندا تا ڕاده‌یه‌ك كاڵبونه‌وه هه‌یه و خه‌ریكه ده‌بنه چیرۆكی
ئاسایی و ـ به‌ڕواڵه‌ت ـ واقیعی، به‌ڵام وه‌كو بنه‌ڕه‌ت و وه‌كو بابه‌تیش هه‌ر به
ئه‌فسانه داده‌نرێن.
شتێكی تر كه پێویسته ئاگاداری ببین ئه‌وه‌یه
كه (ئه‌فسانه) و هه‌ر چیرۆكێكی ئایینی به‌پێی ئه‌و بیروباوه‌ڕه ئایینیه و له
خه‌یاڵگه‌ی باوه‌ڕداراندا باس له واقیعێكی به‌رجه‌سته ده‌كات و چیرۆكی هێمایی و
ئاوه‌ڵواتایی «مجازي» نیه، به‌ڵكو باوه‌ڕدار وا هه‌ست ده‌كات له‌و واقیعه‌دا ده‌ژی
كه له‌و چیرۆكه‌دا باسی ده‌كرێت، بۆ نمونه مرۆڤی موسوڵمان وا بیر ده‌كاته‌وه كه
ئه‌م بونه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی زاده‌ی ئه‌و ڕوداوه‌یه كه به‌سه‌ر ئاده‌م
و حه‌ووادا هاتوه، واته واقیعی ئه‌و چیرۆكه تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه. به‌ڵام
كاتێك ده‌ڵێین زمانی ئه‌فسانه زمانێكی هێمایی و ئاوه‌ڵواتاییه ئه‌وه شێوازی
مامه‌ڵه‌ی ئێمه‌یه وه‌كو توێژه‌ری سه‌ربه‌خۆ و له شیكردنه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی
باكگراوندی ئه‌فسانه‌كه‌شدا سه‌ركه‌وتوه، ئێمه به شیكاری هێما و كۆده‌كانی
زمانی هێمایی ئه‌فسانه‌یه‌ك باكگراوندی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه ده‌خوێنینه‌وه و ئه‌و
گه‌ردونناسی و مرۆڤناسی و كۆمه‌ڵناسی و فه‌لسه‌فه و جیهانبینیه‌ی كه له‌و ئه‌فسانه‌یه‌دا
خۆی ده‌ربڕیوه گه‌ڵاڵه ده‌كه‌ین. واته زمانی هێمایی ئه‌فسانه ته‌نها خۆی بۆ
توێژه‌ری سه‌ربه‌خۆ و به‌راوردكار ده‌رده‌خات، بۆ باوه‌ڕدار واقیعێكی گوزه‌رێنراوه.
ئه‌مه سه‌باره‌ت به ئه‌فسانه له
قورئاندا. سه‌باره‌ت به چیرۆكی نامێژویی له قورئاندا، ده‌بێت له سه‌ره‌تاوه سه‌رنج
بده‌ین كه چیرۆك له قورئاندا بۆ مه‌به‌ستی مێژویی ناگێڕدرێته‌وه، بۆ نمونه هیچ
بایه‌خێك به كات و شوێن و هه‌تاكو ناوی كه‌سه‌كانیش نادات (كه ئه‌مانه له
نوسینی مێژوییدا پێویستن)، كه ئه‌م حاڵه‌ته توێژینه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌ی زۆر
دژواریش كردوه، به‌ڵكو زۆر جار ده‌قه قورئانیه‌كه بۆ خۆی داوا له خوێنه‌ر ده‌كات
به‌دوای ئه‌و ورده‌كاریانه‌دا نه‌چێت به‌و پێیه كه زانینیان گرنگ نیه، هه‌روه‌ها
هه‌ندێك ورده‌كاری و زانیاریی لاوه‌كی هه‌یه كه ده‌یانشارێته‌وه و لێیان
نادوێت، به‌ڵكو زۆر جار لایه‌نێك یان دیمه‌نێكی چیرۆكه‌كه زه‌ق ده‌كاته‌وه كه
له بنه‌ڕه‌تدا مه‌به‌ستی چیرۆكه‌كه نیه و گرنگترین ڕه‌گه‌ز نیه، هه‌ر بۆیه‌ش
هه‌ندێك جار چیرۆك له قورئاندا مه‌به‌ست و واتایه‌ك وه‌رده‌گرێت كه له بنه‌ڕه‌تدا
شتێكی تره. به‌م شێوه‌یه‌ش گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی ڕابردو له قورئاندا نه له
شێواز و گێڕانه‌وه و داڕشتندا و نه له مه‌به‌ست و به‌گه‌ڕخستن «توظيف» دا
شێوازی مێژویی نیه و به هه‌مان شێوه به‌های مێژوییشی نیه، به‌ڵكو زیاتر وه‌كو
نوسراوێكی فیكری ـ ئه‌ده‌بی وایه كه چیرۆكێك ده‌كاته نمونه‌یه‌ك بۆ ڕونكردنه‌وه
و گه‌یاندنی مه‌به‌ستێك و هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌لایه‌وه گرنگه كه چه‌نده خزمه‌تی
ئه‌و مه‌به‌سته ده‌كات. پێش هه‌مو شتێكیش ئه‌وه ده‌زانین كه قورئان كتێبێكی
ئایینیه و نوسراوێكی مێژویی نیه، بۆیه بۆ زانینی ڕوداوه‌كانی مێژو پشتی پێ نابه‌سرێت
و ته‌نها جۆره تێڕوانینێك بۆ مێژو و ڕابردو ده‌خاته ڕو كه له چوارچێوه و
بوارێكی تایبه‌تیدا هه‌ڵ ده‌سوڕێت. له‌به‌ر ئه‌وانه زۆر چاوه‌ڕوانكراوه چیرۆكی
نامێژویی له قورئاندا هه‌بێت، یان ڕه‌گه‌زی نامێژویی له چیرۆكه مێژوییه‌كانی
قورئاندا هه‌بێت، هه‌رچه‌ند ئه‌مه نابێته ڕێسایه‌كی گشتی و هه‌ر چیرۆكێك به‌ڵكو
هه‌ر بابه‌تێك باس‌و‌خواسی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه. به‌ڵكو هه‌ندێك جار چیرۆكی وا
له قورئاندا هه‌یه كه جگه له نمونه و په‌ند Parable ێك
یاخود (مێتافۆر) ێك هیچی تر نیه به‌ڵام لای باوه‌ڕدار ڕه‌نگه به واقیع ته‌ماشا
بكرێن، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێت: (إنا عرضنا الأمانة على السماوات والأرض والجبال
فأبين أن يحملنها وأشفقن منها وحملها الإنسان إنه كان ظلوما جهولا) (الأحزاب: ٧٢)،
ئه‌مه ته‌نها مێتافۆرێكه بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی گه‌وره‌یی و گرانیی لێپرسراوێتیی مرۆڤ
به‌ڵام زۆربه‌ی موفه‌سسیره‌كان وا ڕاڤه‌یان كردوه كه هه‌ر به ڕاستی خوا ئه‌و
لێپرسراوێتیه‌ی خستوه‌ته به‌رده‌م ئاسمانه‌كان و زه‌وی و چیاكان و له‌و كاته‌دا
خوا هۆش و عه‌قڵی داونه‌تێ به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانوێراوه ئه‌و لێپرسراوێتیه هه‌ڵگرن!
به‌ڵكو هه‌ندێكیان ئه‌و (ئه‌مانه‌ت) ـه‌شیان به شتێكی تایبه‌تی و به‌رجه‌سته لێك
داوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها وه‌كو: (وإذ أخذ ربك من بني آدم من ظهورهم ذريتهم وأشهدهم
على أنفسهم: "ألست بربكم؟!" قالوا: "بلى! شهدنا") (الأعراف: ١٧٢)،
ئه‌مه‌ش هه‌ر مێتافۆرێكه بۆ مه‌به‌ستی ئه‌وه وتراوه كه باوه‌ڕ به خوا و
دروستكه‌ر له سروشتی مرۆڤدا هه‌یه و هه‌ستێكی سروشتی «فطري» ـه، به‌ڵام زۆربه‌ی
ڕاڤه‌مه‌نده‌كان وایان داناوه كه هه‌ر به ڕاستی خوا مرۆڤه‌كانی به شێوه‌ی ته‌نۆلكه‌ی
ورد له پشتی باوانیان ده‌رهێناوه (ئه‌مه به‌پێی بیروباوه‌ڕی كۆن كه بڕوا وا
بوه شلاوی پیاو له پشتیدا دروست ده‌بێت) و عه‌قڵی پێداون و به‌ڵگه‌ی خوایه‌تیی
خۆی پێشانداون و ئه‌وانیش دانیان به‌و ڕاستیه‌دا ناوه! هه‌روه‌ها زۆر ئاماژه و
قسه و گفت‌و‌گۆ له چیرۆكه قورئانیه‌كاندا هه‌ن كه به‌شێكن له هونه‌ری
چیرۆكخوانی و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ چیرۆكخوان «قاصّ» به‌ڵام باوه‌ڕدار وه‌كو ئاماژه‌ی
واقیعی و پێكهێنه‌رێكی ڕوداوه‌كه لێكیان ده‌داته‌وه... هه‌تا بۆ نمونه ده‌سته‌واژه‌یه‌كی
وه‌كو: (فتكونا من الظالمين) له ده‌قی (ولا تقربا هذه الشجرة فتكونا من الظالمين)
(البقرة: ٣٥)؛ هه‌ندێك له‌وانه‌ی به میتۆدی باوه‌ڕدارانه بۆ ده‌ق ده‌ڕوانن وای
لێ حاڵی ده‌بن كه كۆمه‌ڵێك سته‌مكار (ظالم) ی دیاریكراو هه‌بون و به (ئاده‌م و
حه‌ووا) وتراوه (با ئێوه‌ش وه‌كو ئه‌وانه‌تان لێ نه‌یه‌ت)! له كاتێكدا ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه
ته‌نها شێوازێكی ده‌ربڕینه و وه‌كو ئه‌وه وایه بڵێت (له‌و دره‌خته نزیك مه‌بنه‌وه
نه‌وه‌ك كاری سته‌م بكه‌ن) (ولا تقربا هذه الشجرة فتظلما) یاخود (له‌و دره‌خته
نزیك مه‌بنه‌وه نه‌وه‌ك ببنه سته‌مكار) (ولا تقربا هذه الشجرة فتكونا ظالمَينِ).
ئینجا له‌لایه‌كی تره‌وه به‌های مێژویی
هه‌ر چیرۆكێك یان هه‌ر نوسراوێك له بابه‌تی مێژو به‌نده به به‌های سه‌رچاوه‌كانیه‌وه:
ئه‌گه‌ر چیرۆكێك یان نوسراوێك پشت ببه‌ستێت به پشكنین و دۆزینه‌وه و به‌دواداچونی
به‌ڵگه‌نامه و شوێنه‌وار ئه‌وه متمانه‌ی پێ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نوسراوێك
یان چیرۆكێك پشت ببه‌ستێت به سه‌رچاوه‌ی ده‌ماوده‌م یان داب‌و‌نه‌ریتی باو یان
بیرباوه‌ڕ و كو‌لتور ئاشكرایه كه به‌های مێژویی نابێت یان هه‌ر وه‌كو لق و
درێژبونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و حسابی ئه‌وی بۆ ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به چیرۆكه قورئانیه‌كانیش، ئاشكرایه كه بیروباوه‌ڕ و كولتوریان به‌سه‌ردا
زاڵه و زیاتر به‌های كولتورییان هه‌یه تاوه‌كو مێژویی، وه‌كو سه‌رچاوه‌ش به‌گشتی
دو سه‌رچاوه‌یان هه‌یه: كه‌له‌پوری عه‌ره‌بیی ده‌ماوده‌م ده‌رباری گه‌ل و هۆزه
كۆنه‌كان، به‌تایبه‌تی له چیرۆكه‌كانی عاد و ثهموددا، له‌گه‌ڵ داب‌و‌نه‌ریتی
ئایینیی باو له نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا كه تێكه‌ڵه‌یه‌كی گونجاو بوه له كه‌له‌پوری
ئایینیی یه‌هودی و مه‌سیحی و كولتوری عه‌ره‌بی. ئینجا سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تیی بیری
ئایینیی یه‌هودی و مه‌سیحی ده‌قه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ته‌وڕات و ئینجیلن، یاخود به‌گشتی
هه‌ردو (په‌یمانی كۆن) و (په‌یمانی نوێ)، ئه‌م ده‌قانه‌ش ئێسته له سایه‌ی په‌ره‌گرتنی
ڕه‌خنه‌سازیی ده‌قه ئایینیه‌كان و ئاركیۆلۆجیا و دۆزینه‌وه‌ی به‌ڵگه و شوێنه‌واره
مێژوییه‌كانه‌وه، به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌های مێژوییان له ناوه‌نده ئه‌كادێمیاییه‌كاندا
نه‌ماوه، بۆیه ئێسته ئه‌و مێژوه‌ی ده‌قه‌كانی ته‌وڕات یاخود په‌یمانی كۆن هه‌ر
له چیرۆكی دروستكردنی بونه‌وه‌ر و ئاده‌م و حه‌وواوه هه‌تاكو ماوه‌یه‌ك دوای
دامه‌زرانی شانشینیی ئیسڕائیل و ده‌ركه‌وتنی (عومری) پاشای ئه‌و شانشینیه له
نوسراوه ئاشوریه‌كاندا، هه‌موی به مێژونامه‌یه‌كی كولتوری داده‌نرێت كه له‌گه‌ڵ
واقیعی مێژوییدا یه‌ك ناگرێته‌وه، ئه‌مه‌ش واته هه‌مو چیرۆكه‌كانی نۆح و
ئیبراهیم و ئیسحاق و یه‌عقوب و یوسیف و مو‌سا و خێڵه‌كانی ئیسڕائیل له میسر و كۆڕه‌وی
ئه‌و خێڵانه له میسر به سه‌ركردایه‌تیی مو‌سا و، پاشان داگیركردنی وڵاتی كه‌نعان
(فه‌له‌ستین) له‌لایه‌ن مو‌سا و پاشان (یوشه‌ع) ه‌وه و نیشته‌جێبون له ناوچه‌ی
ئورشه‌لیم و ده‌وروبه‌ری، پاشان قۆناغی دادوه‌ران «القضاة»، ئینجا ده‌ركه‌وتنی
(شموئیل) پێغه‌مبه‌ر كه (شاؤول) (طالوت ـ ی قورئان) ی كرده پاشای ئیسڕائیل،
پاشان كه داوود له هه‌مو دوازده خێڵه‌كه‌ی ئیسڕائیل شانشینییه‌كی به‌هێز و
فراوانی له شاری ئورشه‌لیم دامه‌زراند دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئاڕامیه‌كان و گه‌لانی
تری ده‌وروبه‌ر به‌شه‌ڕ هات و شكاندنی، ئینجا (شلۆمۆهـ) (سوله‌یمان ـ ی قورئان) ی
كوڕی زیاتر ئه‌و شانشینیه‌ی به‌ره‌و پێش برد و كۆمه‌ڵێك كاری بیناسازیی گه‌وره‌ی
ئه‌نجام دا، له‌وانه په‌رستگای ئورشه‌لیم، پاشان كه ئه‌و شانشینیه یه‌كگرتوه
به مردنی سوله‌یمان ده‌ڕوخێت و له خێڵی (یه‌هودا) شانشینیی یه‌هودا له ئورشه‌لیم
پێك دێت و له خێڵه‌كانی تر شانشینیی ئیسڕائیل له سامیره پێك دێت.. ئه‌م ڕیزه
چیرۆكه ئێسته هیچ متمانه‌یه‌كی مێژوییان نه‌ماوه و زانایانی مێژوی دێرینی ناوچه‌كه
ئێسته به جۆرێكی تر نه‌خشه‌ی مێژوی ناوچه‌كه و هه‌ردو شانشینیی ئیسڕائیل و یه‌هودا
و ئایینی یه‌هودی داده‌ڕێژنه‌وه.. هه‌روه‌كو ئاركیۆلۆجیسته ئیسڕائیلیه‌كانیش نه‌یانتوانی
هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی شوێنه‌واری بدۆزنه‌وه له‌سه‌ر شانشینیی پێشكه‌وتو و نازپه‌روه‌ری
داوود و سوله‌یمان و په‌رستگاكه‌ی سوله‌یمان. به‌ڵكو ده‌ركه‌وت كه ئه‌و چیرۆكانه
كۆمه‌ڵێك یاده‌وه‌ریی نیمچه‌مێژویی دێرین و چیرۆكی كه‌له‌پوریی ناوچه‌كه‌ن كه نوسه‌رانی
ئه‌و ده‌قانه بۆ سازكردنی ناسنامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ خه‌ڵكی شانشینیی یه‌هودا به
شێواز و مه‌به‌ستێكی تایبه‌تی دایانڕشتونه‌ته‌وه، پاڵنه‌ر و خه‌می ئه‌و نوسه‌رانه‌ش
به پله‌ی یه‌كه‌م گێڕانه‌وه‌ی مێژویی نه‌بوه به‌ڵكو ته‌نها دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌گ‌و‌ڕیشه
و ناسنامه‌یه‌كی دێرین و تایبه‌تیه بۆ یه‌هوداییه‌كان دوای ئه‌وه‌ی به دیلی بران
بۆ بابیل و پاشان هه‌خامه‌نشیه‌كان ڕێگه‌یان پێ دان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شوێنی خۆیان.
به‌تایبه‌تی كه ئه‌و ده‌قانه هه‌مویان به چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك و هه‌ندێك جار به
هه‌زار ساڵ دوای ڕوداوه‌كان نوسراون، چونكه نوسینی ده‌قه‌كانی په‌یمانی كۆن (له‌سه‌ر
بنه‌مای چه‌ند داب‌و‌نه‌ریتێكی ده‌ماوده‌م) له سه‌ده‌ی (٦ پ. ز.) ه‌وه ده‌ست پێ
ده‌كات و هه‌تا ده‌ركه‌وتنی سه‌ده‌ی (١ پ. ز.) یش به‌رده‌وام ده‌بێت.. به‌م شێوه‌یه‌ش
هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به مو‌سا و یوشه‌ع و سه‌رده‌می ڕوداوه‌كانه‌وه نیه، به‌ڵكو
كتێبێكی وه‌كو (دانیال) كه ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی (٦ پ. ز.) له
ڕاستیدا له سه‌رده‌می داگیركاریی سه‌لوكیه‌كان و ده‌وروبه‌ری ساڵی (١٦٤ پ. ز.)
نوسراوه، به‌ڵكو دانیال كه له بنه‌ڕه‌تدا كه‌سێتییه‌كی كولتوریی كه‌نعانی یاخود
سوریایی دێرین بوه (له نوسراوه‌كانی ئوگاریتدا و به‌تایبه‌تی "داستانی ئه‌قهات"
دا وه‌كو پاڵه‌وانێكی میللی ناوی هاتوه) هه‌ر نزیكی ئه‌و ماوه‌یه و هه‌ر له‌و ده‌قه‌دا
(كتێبی دانیال) له خۆ گیراوه و كراوه به كه‌سێتییه‌كی یه‌هودی. سه‌باره‌ت
به ده‌قه‌كانی (په‌یمانی نوێ) یش، ئه‌مانیش هیچیان هاوچه‌رخی یه‌شوع (عیسا ـ ی
قورئان) نه‌بون، به‌ڵكو نامه‌كانی پۆڵس به‌گشتی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ساڵانی (٥٠ ـ ٨٠
ز.)، چوار ئینجیله‌كه‌یش بۆ ساڵانی (٦٥ ـ ١٣٠ ز.) و به‌شه‌كانی تریش ده‌وروبه‌ری (١٦٠
ز.) به‌پایان گه‌یشتون، تێكڕا ده‌كاته نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك دوای یه‌شوع.. بۆیه ئه‌و
ده‌قانه نه‌یانتوانیوه دڵنیامان بكه‌ن كه یه‌شوع به ڕاستی چیی كردوه و چیی
وتوه و چیی لێ به‌سه‌ر هاتوه، به‌ڵكو گومانێكی زۆر له بونی مێژویی خۆیشی دروست
بوه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئه‌و كه‌له‌پوره یه‌هودی
و مه‌سیحیه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی ڕاسته‌وخۆی زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی قورئان پێك ده‌هێنێت ئه‌و مێژو و چیرۆكه بنه‌ڕه‌تیانه
نیه كه له ده‌قه‌كانی (ته‌وڕات) و (په‌یمانی كۆن) به‌گشتی و (په‌یمانی نوێ) دا
هه‌یه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك چیرۆكی ده‌ماوده‌م و میللیه كه وه‌كو فراوانكردن و
ڕازاندنه‌وه و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی چیرۆكه ته‌وڕاتی و ئینجیلیه‌كان و له په‌راوێزی
ئه‌وانه‌دا له ده‌قه‌كانی ته‌رگوم و میدراش و ته‌لمود و كتێبه ئه‌پۆكریفایی و
سیودیپیگرافاییه‌كاندا دروست بون، دواتر له كه‌له‌پوری ده‌ماوده‌می یه‌هودی و
چیرۆكه‌كانی (هه‌گگاداهـ) ی یه‌هودیدا زیاتر گه‌شه‌یان كردوه،
پاشان هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ كولتوری عه‌ره‌بییشدا تێكه‌ڵ بون و (ته‌عریب) كراون، یان
له‌گه‌ڵ كو‌لتور و كه‌سێتیی عه‌ره‌بی و ناوچه‌ی حیجاز و مه‌ككه‌دا گونجێنراون. به‌م
شێوه‌یه‌ش ته‌واو له بنه‌ڕه‌ته ته‌وڕاتی و ئینجیلیه‌كه دور كه‌وتونه‌ته‌وه.
بۆیه ئێسته ده‌بینین له زۆر ئاماژه‌دا چیرۆكه قورئانیه‌كان جیاوازییان له
چیرۆكه ته‌وڕاتی و ئینجیلیه‌كان هه‌یه، زۆرێكیش له چیرۆكه قورئانیه‌كان له ته‌وڕات
و ئینجیل‌دا هه‌ر به‌ر چاو ناكه‌ون، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ده‌قه‌كانی ته‌رگوم و
میدراش و ته‌لمود و ئه‌پۆكریفا و سیودیپیگرافا یاخود بۆ كولتوری عه‌ره‌بیی پێش
ئیسلام، و له ڕاستیدا قورئان مامه‌ڵه و په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌قه
لاوه‌كیانه‌دا هه‌بوه نه‌ك ده‌قه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ته‌وڕات و ئینجیل. بۆ نمونه
له قورئاندا ئاماژه بۆ ڕامهاتنی جنۆكه بۆ سوله‌یمان ده‌كرێت (الأنبياء: ٨٢)
(سبأ: ١٢)، ئه‌مه به هیچ جۆرێك له ته‌وڕات یاخود په‌یمانی كۆندا نابینرێت.. به‌ڵام
ئه‌و چیرۆكه قورئانیه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌رگوم و ته‌لمود و میدراش و هه‌ندێك
ده‌قی سیودیپیگرافا، پاشان كولتوری عه‌ره‌بی. یان بۆچی باسی (قارون) له قورئاندا
جیاوازه له باسی (قۆره‌ح) له ته‌وڕاتدا؟ لای هه‌ردوكیان باسی ئه‌وه هه‌یه كه
ئه‌و كه‌سه به خۆی و شته‌كانیه‌وه چوه به ناخی زه‌ویدا [وشه‌ی (قارون) یش له
بنه‌ڕه‌تدا هه‌مان وشه‌ی (قۆره‌ح) קֹרַח ـه، و ده‌رباره‌ی گۆڕانی "قۆره‌ح"
ی ته‌وڕاتی بۆ "قارون" ی قورئانی؛ سه‌ره‌تا ناوه عیبریه‌كه له
گریكیدا بوه‌ته كۆرێ Κόρε و له حه‌به‌شیدا بوه‌ته قۆرێ ቆሬ، و له‌م ڕێگه‌یه‌وه
ونبونی ده‌نگی ح ڕاڤه ده‌كرێت، به‌ڵام چۆن ناوه‌كه له عه‌ره‌بیی قورئاندا بوه‌ته
"قارون"؛ چه‌ند بیروڕایه‌ك هه‌یه: هیرشفێلد Hirschfeld پێی
وایه له ڕێگه‌ی هه‌ڵه‌خوێندنه‌وه‌ی نوسینی عیبریه‌وه په‌یدا بوه چونكه ده‌كرێت
קרח |قۆره‌ح| له‌گه‌ڵ קרון |قرون| تێكه‌ڵ بكرێت و به
"قارون" بخوێنرێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر جوته پیتی عیبری ון |ون| پێكه‌وه بنوسێن؛ له ח |ح| ده‌چن. به‌پێی بیروڕایه‌كی تریش ئه‌گه‌ری هه‌یه له شێوه "كرون" כרון ی مه‌نده‌عیه‌وه هاتبێت، وه‌كو له
ده‌قی "گینزا" ی مه‌نده‌عیدا هاتوه به وه‌رگێڕانی لیدزبه‌رسكی Lidzbarski، به‌ڵام ئه‌گه‌ریشی
زۆره ئه‌م شێوه مه‌نده‌عیه كاریگه‌ریی شێوه قورئانیه‌كه بێت چونكه ده‌زانین
كه ئه‌و ده‌قه مه‌نده‌عیانه به‌زۆری له سه‌ره‌تای سه‌رده‌می ئیسلامی‌دا
نوسراونه‌ته‌وه. بیروڕایه‌كی تریش ده‌ڵێت وشه‌كه له شێوه‌یه‌كی مه‌سیحیی ناوه‌كه‌وه
هاتوه، وه‌كو "كۆرێ" Κόρε ی
گریكی و "قۆرێ" ቆሬ ی حه‌به‌شی، به‌ڵام خراوه‌ته سه‌ر كێشی هاوشێوه‌ی ناوی "هارون"(١)]، به‌ڵام له قورئاندا وه‌سفی ده‌وڵه‌مه‌ندیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری
قارون ده‌كرێت و ده‌ڵێت كلیله‌كانی گه‌نجینه‌كانی به كۆمه‌ڵێك پیاوی به‌هێزیش هه‌ڵنه‌گیراون!
(وآتيناه من الكنوز ما إن مَفاتِحه لَتَنُوءُ بالعُصبة أولي القوة) (القصص: ٧٦)،
ئه‌مه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌لمود به‌تایبه‌تی: (ته‌لمودی بابلی، سه‌نهێدرین،
لا. ١١٠أ) كه باسی زۆریی كلیله‌كانی گه‌نجینه‌كانی قۆره‌ح ده‌كات، له‌وێدا ڕه‌ببانی
لێڤی (لاوي) ده‌ڵێت كلیله‌كانی خانه‌ی گه‌نجینه‌كانی قۆره‌ح باری سێ سه‌د ئێستری
سپی بون! ئه‌مه‌ش له كاتێكدا ـ ڕه‌ببانی لێڤی ده‌ڵێت ـ ئه‌و كلیل و قوفڵانه هه‌موی
له چه‌رم بون نه‌ك كانزا و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌نده زۆر و قورس بون! [شایه‌نی
ئاماژه‌یه كه ئه‌م قسانه له هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌ی ئیسلامییشدا (طه‌به‌ری له خه‌يثهمه‌وه) ده‌بینرێنه‌وه كه وتراوه
ئه‌و كلیلانه له چه‌رم بون و باری شه‌ست ئێستری قه‌شان بون!(٢)]، ئه‌مانه‌ش هه‌موی زیاده‌ڕه‌وییه‌كی خه‌یاڵین و له
ده‌قه ته‌وڕاتیه‌كه‌دا (سه‌رژمێری: ١٦: ١٦ ـ ٣٥) ته‌نها ئه‌وه هاتوه كه
قۆره‌ح و شوێنكه‌وتوانی له‌گه‌ڵ ماڵ و كه‌ل‌و‌په‌ل و سامانه‌كانیان (به‌بێ زیاده‌ڕه‌وی)
زه‌وی قوتی داون! لێره‌دا هه‌ندێك بڕوایان وایه كه لایه‌نێكی كه‌سێتیی قارون له
كه‌سێتیی (كرۆیسوس) Croesus (Κροῖσος)ی دوایین پاشای
لیدیا (٥٦٠ ـ ٥٤٦ پ. ز.) وه هاتوه كه ناوبانگی ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری
هه‌یه و ئه‌مه‌ش به بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی دراوی كانزایی «سكّة» ی زێڕوزیوی لێداوه و
سامان و داراییه‌كی زۆریشی له ڕێگه‌ی بازرگانیه‌وه كۆ كردوه‌ته‌وه (هه‌رچه‌ند ئه‌و
گه‌نجینه لیدیاییه‌ی له ویلایه‌تی ئوشاك Uşak ی خۆرئاوای توركیا دۆزراوه‌ته‌وه و ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ سه‌ده‌ی ٧ پ. ز. و به گه‌نجینه‌ی قارون Karun
Treasure و گه‌نجینه‌ی كرۆیسوس Croesus
Treasure ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت؛ ناگه‌ڕێته‌وه بۆ خودی كرۆیسوس هه‌رچه‌ند
نزیكه له سه‌رده‌می ئه‌وه‌وه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌مان شانشینیی لیدیا)، ئه‌میش
هه‌ندێك ده‌نگ‌و‌باس هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه به هۆی شه‌پۆلی ده‌ریاوه هه‌ندێك
له ماڵ‌و‌سامان و ته‌لاره‌كانی له‌ناو چون، به‌ڵام له ڕاستیدا په‌یوه‌ندییه‌كی
ڕیشه‌یی به چیرۆكه ته‌وڕاتی ـ ته‌لمودی ـ قورئانیه‌كه‌وه نیه چونكه كرۆیسوس
یۆنانی بوه و خزمی مو‌سا نه‌بوه [وه‌كو قورئان ده‌ڵێت: (إن قارون كان من قوم موسى
فبغى عليهم) (القصص: ٧٦) و وه‌كو ته‌وڕات و گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كانیش ده‌ڵێن
ئامۆزای مو‌سا بوه] و نزیكه‌ی حه‌وت سه‌ده‌شیان له‌نێواندا هه‌یه، ته‌نها ئه‌وه‌نده
ده‌توانین بڵێین كه ڕه‌نگه كه‌سێتیی كرۆیسوس له پێكهێنانی كه‌سێتیی قاروندا
ڕۆڵی بوبێت [له ڕوی زمانیشه‌وه له‌نێوان (قارون) و (قۆره‌ح) له‌گه‌ڵ (كرۆیس) هه‌ندێك
لێكچون هه‌ست پێ ده‌كرێت كه دیسان ئه‌مه‌ش به‌هایه‌كی ئه‌وتۆی نیه].
به‌م شێوه‌یه چیرۆكه قورئانیه‌كان به‌شی
زۆریان نه‌ك هه‌ر سه‌رچاوه و بنه‌مای مێژوییان نیه به‌ڵكو به‌پێی ده‌قه ته‌وڕاتیه‌كه‌ش
نین و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌قی لاوه‌كین كه له په‌راوێزی ده‌قه ته‌وڕاتیه‌كه‌دا
دروست بون، هه‌ر بۆیه‌ش زیاتر له واقیعی مێژویی دور ده‌كه‌ونه‌وه و زیاتریش ئه‌ندێشه‌یی
و سه‌یر‌و‌سه‌مه‌ره ده‌بن. واته چیرۆكه ته‌وڕاتیه‌كه ئه‌گه‌ر مێژوییش نه‌بێت
ده‌شێت ڕوی دابێت چونكه زۆر ڕه‌گه‌زی ئه‌ندێشه و زیاده‌ڕه‌وی و بونه‌وه‌ری وه‌كو
جنۆكه‌ی تێدا نیه به‌ڵام چیرۆكه ته‌لمودی ـ قورئانیه‌كه هه‌ندێك جار هه‌ر ئه‌سته‌مه
شتی له‌و جۆره ڕو بدات. بۆیه چیرۆكه قورئانیه‌كان، به تایبه‌تی له بواری
مێژوی خێڵه‌كانی ئیسڕائیل و پێغه‌مبه‌ره‌كانیاندا، به گشتی سه‌رچاوه‌ی مێژوییان
نیه به‌ڵكو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك چیرۆكی میللی و ده‌ماوده‌می یه‌هودی و مه‌سیحین
و به ده‌قه ته‌وڕاتیه‌كه‌یشه‌وه پابه‌ند نابن. ئه‌گه‌ریش بمانه‌وێت چیرۆكێكی
قورئانی له ڕوی به‌های مێژوییه‌وه ساخ بكه‌ینه‌وه ده‌بێت پێشه‌كی چیرۆكه ته‌وڕاتیه‌كه
و پاشان شێوه ته‌لمودی و میدراشی و ئه‌پۆكریفاییه‌كه‌ی ئه‌و چیرۆكه ساخ بكه‌ینه‌وه.
بۆیه به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین بڵێین توێژینه‌وه‌ی چیرۆكه قورئانیه‌كان له‌لایه‌نێكیه‌وه
لقێكی توێژینه‌وه‌ی چیرۆكه ته‌وڕاتی ـ میدراشی ـ ته‌لمودی و چیرۆكه ئینجیلی ـ ئه‌پۆكریفاییه‌كانه.
لێره‌دا ده‌توانین ئه‌وه‌ش بڵێین كه
بیرۆكه و چیرۆكه ته‌وڕاتیه‌كان توشی شێواندن و گۆڕاندن (تحریف) ێك هاتون كاتێك
له ده‌قه‌كانی ته‌رگوم و میدراش و ته‌لموددا داده‌ڕێژرێنه‌وه، ئه‌مه ئه‌و (ته‌حریف)
ـه‌یه كه ده‌كرێت قسه‌ی لێ بكه‌ین و بیسه‌لمێنین.. ئینجا هه‌رچه‌نده له بیری
ئیسلامی‌دا جوله‌كه به (ته‌حریف) ی ده‌قه یه‌هودیه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كرێن، به‌ڵام
ئه‌و ڕاستیه‌ی ده‌بێت بیڵێین ئه‌وه‌یه كه قورئان خۆیشی له‌نێو ئه‌و لێشاوی (ته‌حریف)
ـه‌دایه، چونكه قورئانیش پێبه‌پێی ئه‌و ده‌قه لاوه‌كیانه بیرۆكه و چیرۆكه ته‌وڕاتیه‌كان
ده‌گۆڕێت و هه‌ندێك ڕه‌گه‌زیان بۆ زیاد ده‌كات یان تێهه‌ڵكێشیان ده‌كات.
پۆلێنكردنی چیرۆكه
قورئانیه‌كان له ڕ‌وى به‌هاى مێژوییه‌وه
بێ گومان چیرۆكه قورئانیه‌كان له ڕ‌وى
به‌هاى مێژوییه‌وه وه‌ك یه‌ك نین، چیرۆكه نامێژوییه‌كانیشی وه‌ك یه‌ك نین و
پێویسته پۆلێن بكرێن. به بڕوای من له قورئاندا چیرۆك و ئاماژه‌ی (مێژویی) و
(نیمچه مێژویی) و (نامێژویی) هه‌یه، له‌ناو چیرۆكه نامێژوییه‌كانیشیدا (ئه‌فسانه)
«أسطورة» Myth و (ئه‌فسانه‌ی میللی) «خُرافة» Legend و (چیرۆكی میللی)
«حكاية شعبية» Folktale هه‌ن:
له قورئاندا مادده‌یه‌كی مێژویی هه‌یه
ده‌رباره‌ی ئه‌زمونی یه‌كه‌می ئیسلام و ژیانی پێغه‌مبه‌ر له دوای ڕاگه‌یاندنی
ئیسلامه‌وه (واته ئه‌و ڕوداوانه‌ی هاوچه‌رخی قورئان خۆی بون)، له‌م لایه‌نه‌وه
چیرۆك و ئاماژه قورئانیه‌كان زۆر به‌كه‌ڵكن [جگه له هه‌ندێك ڕه‌گه‌زی كولتوری و
سه‌یر‌و‌سه‌مه‌ره‌یی كه له هه‌ندێك چیرۆكدا هه‌یه، وه‌كو ئه‌وه‌ی كاتێك له جه‌نگی
به‌در ده‌دوێت ده‌ڵێت چه‌ند هه‌زار فریشته‌یه‌ك بۆ یارمه‌تیی موسوڵمانه‌كان دابه‌زیون:
(آل عمران: ١٢٣ ـ ١٢٧)، كه له ئینجیلیشدا هاوشێوه‌ی هه‌یه كاتێك یه‌شوع وتویه‌تی
ئه‌گه‌ر بمه‌وێت دوازده سوپای فریشته دێن بۆ یارمه‌تیم (مه‌تتای: ٢٦: ٥٣).
هه‌روه‌ها جگه له چیرۆكی شه‌وڕه‌وی «الإسرا‌ء» (الإسرا‌ء: ١) یش كه ده‌قه‌كه وه‌كو
واقیعێك باسی ده‌كات هه‌رچه‌ند له خۆیدا ـ ئه‌گه‌ر ڕوی دابێت ـ له خه‌ونێك زیاتر
هیچی تر نه‌بوه]، هه‌رچه‌ند ده‌بێت زۆر وریا بین له ئاست ئه‌و په‌راوێز و درێژه
و ته‌واوكاریانه‌ی دواتر له فه‌رموده و گێڕانه‌وه‌كاندا بۆ ئه‌و چیرۆكانه‌ی
هاوچه‌رخی قورئان ساز كراون.
ئیتر ئه‌و ڕوداو و چیرۆكانه‌ی له
قورئاندا ده‌رباره‌ی ڕابردو هه‌ن و هاوچه‌رخی قورئان نه‌بون، هه‌مویان یان نیمچه‌مێژویین
یان نامێژویین:
هه‌ندێك چیرۆك و ئاماژه له قورئاندا هه‌ن
نیمچه‌مێژویین، واته بنچینه‌یه‌كی مێژوییان هه‌یه به‌ڵام مه‌رج نیه له ورده‌كاریه‌كاندا
له‌گه‌ڵ واقیعی مێژوییدا بگونجێن، چیرۆكه‌كانی (عاد) و (ثمود) و (أصحاب الفيل) و
(أصحاب الأخدود) و (تُبَّع) و گه‌لێكی تر، نمونه‌ی ئه‌م جۆره‌ن.
ئیتر ئه‌و چیرۆكه قورئانیانه‌ی كه په‌یوه‌ستن
به چه‌مكه ئایینی و میتافیزیاییه‌كان و مێژوی ئایینه‌كان و به‌تایبه‌تی ئایینی
یه‌هودی و مه‌سیحیه‌وه، به گشتی چیرۆكی نامێژویین كه ده‌توانین به سه‌ر پۆله‌كانی
(ئه‌فسانه) و (ئه‌فسانه‌ی میللی) و (چیرۆكی میللی) دا دابه‌شیان بكه‌ین، هه‌رچه‌ند
كاراكته‌ری هه‌ندێكیان بنچینه‌ی واقیعییشی هه‌بێت.
لێره‌دا ده‌بێت جیاوازیی نێوان ئه‌م سێ
پۆله (ئه‌فسانه، و ئه‌فسانه‌ی میللی، و چیرۆكی میللی) دیاری بكه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ش
ئاماژه به سێ لایه‌ن ده‌كه‌ین:
١. زیاتر له‌و پێناسه‌یه‌ی كه پێشتر بۆ
ئه‌فسانه ڕونم كرده‌وه، پێوه‌رێكی سه‌ربار بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌فسانه كاراكته‌ره
كه ئه‌گه‌ر كاراكته‌ری بنه‌ڕه‌تیی چیرۆكێكی پیرۆز خواوه‌ند بێت ئه‌وه ئه‌فسانه‌یه
و ئه‌گه‌ر له خواوه‌ند خوارتر بێت (بۆ نمونه جنۆكه و پاڵه‌وانی خوایی) ڕه‌نگه
ببێته ئه‌فسانه‌ی میللی و شتی تر، بۆیه هه‌ندێك جار ئه‌فسانه پێناسه كراوه به
(چیرۆكی خواوه‌نده‌كان).
٢. پێوه‌رێكی تریش ڕه‌نگه ئاستی بابه‌ته‌كه‌ی
بێت، واته ئه‌گه‌ر چیرۆكێكی پیرۆز له ڕوداوێك یان بابه‌تێك بدوێت كه له‌سه‌ر
ئاستی بونه‌وه‌ر و جیهان گرنگ و كاریگه‌ر بێت ئه‌وه ئه‌فسانه‌یه و ئه‌گه‌ر له
بابه‌تێكی لاوه‌كی بدوێت و زیاتر تایبه‌ت بێت به كۆمه‌ڵگایه‌ك و كه‌سێتییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی
و میللیه‌وه ئه‌وه له ئه‌فسانه خوارتره: بۆ نمونه ئه‌فسانه‌ی میللیه.
٣. ئینجا ئه‌گه‌ر چیرۆك به‌های ئایینیی
زۆر كه‌م ببێته‌وه و كاراكته‌ره‌كانیشی ببنه خه‌ڵكی ئاسایی ئه‌وه ده‌بێته
(چیرۆكی میللی) كه چه‌مك و وێنه‌ی ئایینیی زه‌قی تێدا نیه و ئاكاری پیرۆزیی نیه.
وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌م پێ دا، چیرۆكه
بنه‌ڕه‌تیه‌كانی (خولقاندنی ئاسمان و زه‌وی) و (ئاده‌م و حه‌ووا و ئیبلیس) و (دو
كوڕه‌كه‌ی ئاده‌م) و تا ڕاده‌یه‌كیش (تۆفانی نوح) و هه‌روه‌ها (خه‌وتوه‌كانی ئه‌شكه‌وت)
و ڕه‌نگه (هاروت و ماروت) یش، نمونه‌ی (ئه‌فسانه) كانی قورئانن به‌و چه‌مكه
زانستیه‌ی ڕونم كرده‌وه، هه‌رچه‌ند شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌یان له قورئاندا له ئه‌فسانه‌ی
میللی و چیرۆكی میللی نزیكیان ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌كو له قورئاندا به شێوه‌یه‌كی
په‌رت‌و‌بڵاو ئه‌فسانه‌ی (تێكچونی گه‌ردون و هاتنی ڕۆژی دوایی) هه‌یه.
ئینجا ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه له قورئاندا
هه‌ن ده‌رباره‌ی كه‌سێتیه‌كانی (ئیدریس) و (ئیبراهیم) و (ئیسماعیل) و (یوسف) و
(یونس) و (ئه‌ییوب) و (مو‌سا) و (عوزه‌یر) و (ئیلیاس) و (یه‌حیا) و (عیسا) و گه‌لێكی
تر، هه‌مویان ده‌توانین به (ئه‌فسانه‌ی میللی) یان پۆلێن بكه‌ین، هه‌رچه‌ند ڕه‌نگه
هه‌ندێك له‌مانه (وه‌كو ئه‌وانه‌ی دوایی: له مو‌سا به‌دواوه) كه‌سێتیی واقیعییش
بوبن، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و چیرۆكانه‌ی له قورئاندا ده‌رباره‌یان هه‌یه مێژویی و
واقیعی نین یان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوییان له‌سه‌ر نیه، به‌ڵكو له پله‌ی یه‌كه‌مدا
چیرۆكی كولتورین و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك چه‌مك و داب‌و‌نه‌ریتی ئایینی و سه‌یر‌و‌سه‌مه‌ره‌یی
وه‌ستاون، و هه‌رچه‌ند شێوازی گێڕانه‌وه‌شیان له قورئاندا له (چیرۆكی میللی)
نزیكیان ده‌كاته‌وه، و هه‌رچه‌ند چیرۆكی هه‌ندێكیشیان له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌فسانه‌یه‌كی
ڕه‌سه‌نه (وه‌كو چیرۆكی عیسای بێباوك له دایكی هه‌میشه كچ كه ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ ئه‌فسانه دێرینه‌كانی په‌رستشی خواوه‌ندی دایك كه یه‌كه‌م په‌رستراوی مرۆڤه
و ـ به‌پێی ئه‌و كولتوره دێرینه ـ به‌بێ بونی نێرینه كوڕی ده‌بێت. هه‌روه‌ها وه‌كو
بنه‌ڕه‌تی چیرۆكی یوسیف كه به بڕوای هه‌ندێك نمونه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌ی ته‌مموزه
كه ئه‌ویش وه‌كو ته‌مموز په‌یوه‌سته به دایكیه‌وه و دواتریش زیندان ده‌كرێت و
پاشان دێته‌وه نێو ژیان و هاتنه‌وه‌ی ده‌بێته مایه‌ی پیت‌و‌فه‌ڕ بۆ ده‌وروبه‌ر).
نمونه‌ی (چیرۆكی میللی) ی بنه‌ڕه‌تییش له
قورئاندا: چیرۆكی (أصحاب الجنة) ئه‌وانه‌ی باخێكیان هه‌بوه و به‌شی هه‌ژاریان نه‌داوه
و دواتر به به‌ڵایه‌ك (وه‌كو لاڤای گڕكان) سوتاوه (ن: ١٧ ـ ٣٢)، كه ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ ناوچه‌ی یه‌مه‌ن، چیرۆكی دو باخه‌كه (الكهف: ٣٢ ـ ٤٣) كه چیرۆكێكی عه‌ره‌بیی
ناوچه‌ییه، چیرۆك و ئامۆژگاریه‌كانی لوقمان (لقمان: ١٣ ـ ١٩) كه تێكه‌ڵه‌یه له
كه‌سێتیی هه‌ر سێ (ئه‌حیقار) و (تۆبیا) و (به‌لعامی كوڕی باعور) و ڕه‌نگه (ئه‌یسۆپ)
Aesopos یش، و هه‌ندێكی تر.
ده‌سته‌واژه‌ی
(أساطير الأولين) ی قورئانی و چه‌مكی (ئه‌فسانه) ی ئێسته
لێره‌دا ئه‌و پرسیاره له خۆمان ده‌كه‌ین:
ئه‌وانه‌ى به قورئانیان وتوه (أساطير الأولين) وه‌ك قورئان ده‌یگێڕێته‌وه، مه‌به‌ستیان
چى بوه؟ وه‌ڵامه قورئانیه‌كه له ڕ‌وى ناوه‌ڕۆكه‌وه تا چه‌ند توانیویه‌تى وه‌ڵامى
ئه‌و تۆمه‌ته بداته‌وه؟
وشه‌ی (أسطورة) ی عه‌ره‌بی به ڕواڵه‌ت نزیكه له وشه‌ی هیستۆریا ἱστορία ی گریكیه‌وه هاتبێت (كه وشه‌ی historia ی لاتینی و story ی ئینگلیزییش هه‌ر له‌مه‌وه هاتوه) كه به واتای مێژو یاخود پرس و گه‌ڕان و فێربون دێت.. ئه‌گه‌ر وا بێت كه‌واته مه‌به‌ست ئه‌و چیرۆك و ده‌نگ‌و‌باسانه‌یه كه ده‌رباره‌ی ڕابردو ده‌گێڕدرێنه‌وه و مرۆڤ شتیان لێوه فێر ده‌بێت. زانایانی ڕابردوی زمانی عه‌ره‌بییش ده‌ڵێن وشه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا عه‌ره‌بیه و له وشه‌ی (سَطْر) ه‌وه هاتوه به واتای (نوسین) و (دێڕ) ی نوسراو، هه‌روه‌ها هه‌ر له عه‌ره‌بیدا فرمانی "سَطَرَ" هه‌یه به واتای "نوسیی" (له ئه‌ككادییشدا: "شه‌طاروم"، هه‌روه‌ها "سه‌طاروم"، به واتای "نوسیی"، هه‌روه‌ها له ئارامیی مه‌نده‌عیدا "شطَ.ر" یانی "هێڵی كێشا"، "وێنه‌ی كێشا"، هه‌روه‌ها له سه‌به‌ئیدا "شطَ.ر" یانی "نوسیی"، "نه‌خشی كرد"(٣)). ئه‌گه‌ر وابێت كه‌واته مه‌به‌ست ئه‌و قسه و ده‌نگ‌و‌باسانه‌یه كه نوسراونه‌ته‌وه و مه‌عریفه‌ی ڕابردو بۆ نه‌وه‌ی داهاتو ده‌گوێزنه‌وه. به پێی بیر‌و‌ڕای (فرێنكل) Fraenkel (١٨٥٥ ـ ١٩٠٩) و (مینگانا) Mingana (١٨٧٨ ـ ١٩٣٧) یش وشه‌ی (أساطير) له وشه‌ی (ئێسطارا) ܐܶܫܬܳܪܳܐ ی سوریانیه‌وه هاتوه به واتای (نوسراو، ده‌ق، دۆكیومێنت)(٤). ئه‌مه‌ش وه‌كو بیر‌و‌ڕای پێش‌و وایه به‌ڵام وشه‌كه ده‌گێڕێته‌وه بۆ بنچینه‌ی سوریانی، به‌تایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌دا یه‌ك ده‌گرنه‌وه كه ده‌ڵێت وشه‌ی (أساطير) كۆی (إسطارة) یه، به‌ڵام دور نیه وشه سوریانیه‌كه‌ش هه‌ر له وشه گریکی ـ لاتینیه‌كه‌وه هاتبێت. به هه‌ر بارێكدا بێت وشه‌ی (أسطورة) له سه‌رده‌می قورئاندا و ده‌سته‌واژه‌ی (أساطير الأولين) له قورئاندا واتایه‌كی نێگه‌تیڤ «سلبي» ی نیه، واته به واتای چیرۆكی پڕ‌و‌پوچ و خه‌یاڵی نه‌بوه [بۆ ئه‌م واتایه ده‌سته‌واژه‌ی (حديث خرافة) به‌كار هێنراوه]، چونكه له وه‌ڵامه قورئانیه‌كه‌شدا هیچ هه‌ستیاری و بێزارییه‌ك له‌م لایه‌نه‌وه هه‌ست پێ ناكه‌ین. بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندیی به چه‌مكی ئه‌فسانه و چیرۆكی خه‌یاڵیه‌وه نیه، به‌ڵكو مه‌به‌ستی ئه‌و تۆمه‌ته كه له كاتی خۆیدا ڕوبه‌ڕوی قورئان كراوه‌ته‌وه ئه‌وه بوه كه پێغه‌مبه‌ر به شێوه‌یه‌كی ئاسایی ئه‌م چیرۆك و ده‌نگ‌و‌باسانه‌ی وه‌رگرتوه: نوسیوێتیه‌وه و بۆی ده‌خوێنرێته‌وه، چونكه شێوازی تۆمه‌ته‌كه به‌پڕاوپڕی به‌م جۆره‌یه: (وقالوا: "أساطير الأولين اكتتبها فهي تملى عليه بكرة وأصيلا") (الفرقان: ٥)، بۆیه وه‌ڵامه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه دوپات ده‌كاته‌وه كه پێغه‌مبه‌ر ئه‌م چیرۆك و ده‌نگ‌و‌باسانه‌ی به شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌ست نه‌كه‌وتوه و له خواوه بۆی دابه‌زیوه: (قل: "أنزله الذي يعلم السر في السماوات والأرض، إنه كان غفورا رحيما") (الفرقان: ٦). شایه‌نی ئاماژه‌یه كه ڕاڤه‌مه‌ندی پێشه‌نگی قورئان (طه‌به‌ری) له ڕاڤه‌ی (الأنعام: ٢٥) و (الأنفال: ٣١) دا كه یه‌كه‌م و دوه‌م جێگه‌ی هاتنی ده‌سته‌واژه‌ی (أساطير الأولين) ـن له قورئاندا، هه‌مان ئه‌م تێگه‌شتنه ده‌چه‌سپێنێت كه لێره‌دا خستمانه‌ڕو، چونكه ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه به (قسه و نوسراوی ڕابردوان) لێك ده‌داته‌وه. هه‌ندێكیش له ڕاڤه‌مه‌ندان به چیرۆكی پڕ‌و‌پوچ ڕاڤه‌یان كردوه، به‌ڵام مینگانا ده‌ڵێت ئه‌وانه نه‌یانزانیوه كه وشه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا سوریانیه و نه‌شیانزانیوه به‌وردی واتای چیه، بۆیه به‌و شێوه‌یه ڕاڤه‌یان كردوه. به‌پێی ئه‌مه ده‌توانین بڵێین واتای (ئه‌فسانه‌كان) كه دراوه‌ته وشه‌ی (أساطير) واتایه‌كی ڕه‌سه‌ن نیه و له هه‌وڵی سه‌رنه‌كه‌وتوی لێكدانه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه قورئانیه‌كه‌دا دروست بوه، ده‌توانین ئه‌وه‌ش بڵێین كه شێوه‌ی تاكی وشه‌كه (إسطارة) یه نه‌ك (أسطورة) و ئه‌مه‌ی دواییان داتاشراوی زمانناسه عه‌ره‌به‌كان خۆیانه (چونكه ڕێسا وایه وشه‌ی كۆ له‌سه‌ر كێشی "أفاعیل" تاكه‌كه‌ی له‌سه‌ر كێشی "أُفْعُولة" یه، ده‌گونجێت له‌سه‌ر كێشی "إِفْعالة" یش بێت). هه‌رچه‌ند (نۆلدكه) Nöldeke (١٨٣٦ ـ ١٩٣٠) و (شڤالی) Schwaly (١٨٦٣ ـ ١٩١٩) هه‌ر سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌كه ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌و وشه گریکیه‌ی سه‌ره‌وه(٥). ئینجا ئاشكرایه كه وه‌ڵامه قورئانیه‌كه بۆ به‌رامبه‌ر بڕواپێهێنه‌ر «مُقْنِع» نیه، چونكه هه‌ر بیروباوه‌ڕی خۆی دوباره ده‌كاته‌وه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه جوان له مه‌به‌ستی تۆمه‌ته‌كه گه‌یشتوه و له‌و ڕوانگه‌یه‌وه وه‌ڵام ده‌داته‌وه.
وشه‌ی (أسطورة) ی عه‌ره‌بی به ڕواڵه‌ت نزیكه له وشه‌ی هیستۆریا ἱστορία ی گریكیه‌وه هاتبێت (كه وشه‌ی historia ی لاتینی و story ی ئینگلیزییش هه‌ر له‌مه‌وه هاتوه) كه به واتای مێژو یاخود پرس و گه‌ڕان و فێربون دێت.. ئه‌گه‌ر وا بێت كه‌واته مه‌به‌ست ئه‌و چیرۆك و ده‌نگ‌و‌باسانه‌یه كه ده‌رباره‌ی ڕابردو ده‌گێڕدرێنه‌وه و مرۆڤ شتیان لێوه فێر ده‌بێت. زانایانی ڕابردوی زمانی عه‌ره‌بییش ده‌ڵێن وشه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا عه‌ره‌بیه و له وشه‌ی (سَطْر) ه‌وه هاتوه به واتای (نوسین) و (دێڕ) ی نوسراو، هه‌روه‌ها هه‌ر له عه‌ره‌بیدا فرمانی "سَطَرَ" هه‌یه به واتای "نوسیی" (له ئه‌ككادییشدا: "شه‌طاروم"، هه‌روه‌ها "سه‌طاروم"، به واتای "نوسیی"، هه‌روه‌ها له ئارامیی مه‌نده‌عیدا "شطَ.ر" یانی "هێڵی كێشا"، "وێنه‌ی كێشا"، هه‌روه‌ها له سه‌به‌ئیدا "شطَ.ر" یانی "نوسیی"، "نه‌خشی كرد"(٣)). ئه‌گه‌ر وابێت كه‌واته مه‌به‌ست ئه‌و قسه و ده‌نگ‌و‌باسانه‌یه كه نوسراونه‌ته‌وه و مه‌عریفه‌ی ڕابردو بۆ نه‌وه‌ی داهاتو ده‌گوێزنه‌وه. به پێی بیر‌و‌ڕای (فرێنكل) Fraenkel (١٨٥٥ ـ ١٩٠٩) و (مینگانا) Mingana (١٨٧٨ ـ ١٩٣٧) یش وشه‌ی (أساطير) له وشه‌ی (ئێسطارا) ܐܶܫܬܳܪܳܐ ی سوریانیه‌وه هاتوه به واتای (نوسراو، ده‌ق، دۆكیومێنت)(٤). ئه‌مه‌ش وه‌كو بیر‌و‌ڕای پێش‌و وایه به‌ڵام وشه‌كه ده‌گێڕێته‌وه بۆ بنچینه‌ی سوریانی، به‌تایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌دا یه‌ك ده‌گرنه‌وه كه ده‌ڵێت وشه‌ی (أساطير) كۆی (إسطارة) یه، به‌ڵام دور نیه وشه سوریانیه‌كه‌ش هه‌ر له وشه گریکی ـ لاتینیه‌كه‌وه هاتبێت. به هه‌ر بارێكدا بێت وشه‌ی (أسطورة) له سه‌رده‌می قورئاندا و ده‌سته‌واژه‌ی (أساطير الأولين) له قورئاندا واتایه‌كی نێگه‌تیڤ «سلبي» ی نیه، واته به واتای چیرۆكی پڕ‌و‌پوچ و خه‌یاڵی نه‌بوه [بۆ ئه‌م واتایه ده‌سته‌واژه‌ی (حديث خرافة) به‌كار هێنراوه]، چونكه له وه‌ڵامه قورئانیه‌كه‌شدا هیچ هه‌ستیاری و بێزارییه‌ك له‌م لایه‌نه‌وه هه‌ست پێ ناكه‌ین. بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندیی به چه‌مكی ئه‌فسانه و چیرۆكی خه‌یاڵیه‌وه نیه، به‌ڵكو مه‌به‌ستی ئه‌و تۆمه‌ته كه له كاتی خۆیدا ڕوبه‌ڕوی قورئان كراوه‌ته‌وه ئه‌وه بوه كه پێغه‌مبه‌ر به شێوه‌یه‌كی ئاسایی ئه‌م چیرۆك و ده‌نگ‌و‌باسانه‌ی وه‌رگرتوه: نوسیوێتیه‌وه و بۆی ده‌خوێنرێته‌وه، چونكه شێوازی تۆمه‌ته‌كه به‌پڕاوپڕی به‌م جۆره‌یه: (وقالوا: "أساطير الأولين اكتتبها فهي تملى عليه بكرة وأصيلا") (الفرقان: ٥)، بۆیه وه‌ڵامه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه دوپات ده‌كاته‌وه كه پێغه‌مبه‌ر ئه‌م چیرۆك و ده‌نگ‌و‌باسانه‌ی به شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌ست نه‌كه‌وتوه و له خواوه بۆی دابه‌زیوه: (قل: "أنزله الذي يعلم السر في السماوات والأرض، إنه كان غفورا رحيما") (الفرقان: ٦). شایه‌نی ئاماژه‌یه كه ڕاڤه‌مه‌ندی پێشه‌نگی قورئان (طه‌به‌ری) له ڕاڤه‌ی (الأنعام: ٢٥) و (الأنفال: ٣١) دا كه یه‌كه‌م و دوه‌م جێگه‌ی هاتنی ده‌سته‌واژه‌ی (أساطير الأولين) ـن له قورئاندا، هه‌مان ئه‌م تێگه‌شتنه ده‌چه‌سپێنێت كه لێره‌دا خستمانه‌ڕو، چونكه ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه به (قسه و نوسراوی ڕابردوان) لێك ده‌داته‌وه. هه‌ندێكیش له ڕاڤه‌مه‌ندان به چیرۆكی پڕ‌و‌پوچ ڕاڤه‌یان كردوه، به‌ڵام مینگانا ده‌ڵێت ئه‌وانه نه‌یانزانیوه كه وشه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا سوریانیه و نه‌شیانزانیوه به‌وردی واتای چیه، بۆیه به‌و شێوه‌یه ڕاڤه‌یان كردوه. به‌پێی ئه‌مه ده‌توانین بڵێین واتای (ئه‌فسانه‌كان) كه دراوه‌ته وشه‌ی (أساطير) واتایه‌كی ڕه‌سه‌ن نیه و له هه‌وڵی سه‌رنه‌كه‌وتوی لێكدانه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه قورئانیه‌كه‌دا دروست بوه، ده‌توانین ئه‌وه‌ش بڵێین كه شێوه‌ی تاكی وشه‌كه (إسطارة) یه نه‌ك (أسطورة) و ئه‌مه‌ی دواییان داتاشراوی زمانناسه عه‌ره‌به‌كان خۆیانه (چونكه ڕێسا وایه وشه‌ی كۆ له‌سه‌ر كێشی "أفاعیل" تاكه‌كه‌ی له‌سه‌ر كێشی "أُفْعُولة" یه، ده‌گونجێت له‌سه‌ر كێشی "إِفْعالة" یش بێت). هه‌رچه‌ند (نۆلدكه) Nöldeke (١٨٣٦ ـ ١٩٣٠) و (شڤالی) Schwaly (١٨٦٣ ـ ١٩١٩) هه‌ر سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌كه ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌و وشه گریکیه‌ی سه‌ره‌وه(٥). ئینجا ئاشكرایه كه وه‌ڵامه قورئانیه‌كه بۆ به‌رامبه‌ر بڕواپێهێنه‌ر «مُقْنِع» نیه، چونكه هه‌ر بیروباوه‌ڕی خۆی دوباره ده‌كاته‌وه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه جوان له مه‌به‌ستی تۆمه‌ته‌كه گه‌یشتوه و له‌و ڕوانگه‌یه‌وه وه‌ڵام ده‌داته‌وه.
په‌راوێز:
(١) ده‌رباره‌ی
بنچینه‌ی ناوی (قارون) و گۆڕانی له (قۆره‌ح) ی عیبریه‌وه، بڕوانه:
Jeffery, Arthur, The Foreign Vocabulary
of the Quran. Brill, Leiden, 2007. PP. 231, 232.
(٢) بۆ نمونه، بڕوانه:
الطبري، جامع البيان في تأويل القرآ‌ن.
تحقيق: أحمد محمد شاكر. مؤسسة الرسالة. الطبعة الأولى، ٢٠٠٠. جـ. ١٩، ص. ٦١٧:
(حدثنا أبو كريب، قال: ثنا جابر بن نوح، قال: أخبرنا الأعمش، عن خيثمة، قال:
"كانت مفاتح قارون تحمل على ستين بغلا كل مفتاح منها باب كنز معلوم مثل
الأصبع من جلود". حدثنا ابن وكيع، قال: ثنا أبي، عن الأعمش، عن خيثمة، قال:
"كانت مفاتح كنوز قارون من جلود كل مفتاح مثل الأصبع، كل مفتاح على خزانة على
حدة، فإذا ركب حملت المفاتيح على ستين بغلا أغر محجل". حدثنا ابن حميد، قال: ثنا جرير، عن منصور، عن خيثمة، في قوله: [ما
إن مفاتحه لتنوء بالعصبة أولي القوة] قال: "نجد مكتوبا في الإنجيل: مفاتح
قارون وقر ستين بغلا غرا محجلة، ما يزيد كل مفتاح منها على أصبع، لكل مفتاح منها
كنز").
(٣) بڕوانه:
خالد إسماعيل علي، القاموس المقارن
لألفاظ القرآ‌ن الكريم. نشر مؤسسة البديل للدراسات والنشر، بيروت. طباعة وتوزيع:
دار المتقين للثقافة والعلوم والطباعة والنشر. الطبعة الأولى، ٢٠٠٩. ص. ٢٤٥.
(٤) بڕوانه:
Mingana, Alphonse, “Syriac Influence on
the Style of the Ḳur’ān”,
John Rylands Library Bulletin, Manchester, 1927, vol. 11, pp. 88, 89.
هه‌روه‌ها بڕوانه:
Payne Smith, Robert - Jessie Payne Smith, A
Compendious Syriac Dictionary, founded upon the Thesaurus Syriacus of R. Payne
Smith. Oxford:
The Clarendon Press. 1903. P. 30.
(٥) بڕوانه:
نولدكه، تيودور،
تاريخ القرآ‌ن. تعديل: فريدريش شفالي. ترجمة: د. جورج تامر. منشورات
الجمل، كولونيا ـ بغداد. ٢٠٠٨. ص. ١٦ (هامش).