ئایا قورئان ئاماژه‌ی كردوه بۆ سه‌رچاوه‌ی توخمی ئاسن؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
له قورئاندا ده‌قێك هه‌یه كه ده‌یه‌وێت فه‌راهه‌مهێنانی ئاسن بكاته منه‌تێكی خوایی به‌سه‌ر مرۆڤه‌وه و ـ له‌سه‌ر زمانی خواوه ـ ده‌ڵێت: (و ئاسنمان دابه‌زاندوه) (وأنزلنا الحدید) (الحدید: 25)، كه زۆر جار قورئان به (دابه‌زاندن) باسی (فه‌راهه‌مهێنانی شتێك له‌لایه‌ن خواوه) ده‌كات. ئیتر به‌شێكی زۆر له موفه‌سسیره‌كانی قورئان به‌م شێوه‌یه ده‌قه‌كه‌یان ڕاڤه كردوه، واته وتویانه (دابه‌زاندن) لێره‌دا یانی فه‌راهه‌مهێنان و دروستكردن (له بنه‌ڕه‌تدا لێكدانه‌وه‌ی حه‌سه‌نی به‌صڕه‌ییه).. هه‌ندێكیشیان (به‌تایبه‌تی "قوطروب") وتویانه (إنزال) لێره‌دا یانی ئاماده‌كردن وه‌كو ئاماده‌كردنی ئه‌و شوێنه‌ی بۆ میوان ئاماده ده‌كرێت، یانی وشه‌كه له (نُزُل) ـه‌وه هاتوه كه به‌و ماڵ و باڵه‌خانه‌یه ده‌وترێت كه بۆ خواردن و حه‌وانه‌وه‌ی میوان ئاماده ده‌كرێت. هه‌ندێكیش (له بنه‌ڕه‌تدا: ئیبن عه‌بباس) به‌وه ڕاڤه‌یان كردوه كه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی گوایه كاتی خۆی له‌گه‌ڵ ئاده‌مدا كۆمه‌ڵێك ئامێری ئاسن دابه‌زێنراوه، وه‌كو چه‌كوش (المِطرَقة) و مقاش (الكَلْبتان) و ده‌سگا (السَّنْدان) و بڕبه‌ند (المِیقَعة)، كه ئه‌مانه‌ش ئامێری ئاسنگه‌رین (هه‌ندێك شتی تریشی بۆ زیاد ده‌كرێت، وه‌كو: ده‌رزی، بێڵ..)، كه ئه‌مه‌ش چیرۆكێكی هێماییه(1).
به‌ڵام نوسه‌ره‌كانی بواری (ئیعجازی زانستیی قورئان)، و له پێشی هه‌مویانه‌وه (عه‌بدولمه‌جید زیندانی)، لێكدانه‌وه‌یه‌كی تر بۆ ئه‌م ده‌قه ساز ده‌كه‌ن: گوایه ئه‌م ده‌قه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و بیرۆكه زانستیه كه توخمی ئاسن له ده‌ره‌وه‌ی زه‌وی و كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌وه هاتوه چونكه ئه‌و وزه‌یه‌ی كه پێویسته بۆ پێكهاتنی گه‌ردیله‌ی ئاسن چوار ئه‌وه‌نده‌ی وزه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره(2). یانی گوایه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئاماژه بكات بۆ ئه‌وه‌ی توخمی ئاسنی زه‌وی له ده‌ره‌وه‌ی زه‌وی و كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌وه هاتوه.
به‌ڵام له ڕاستیدا هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان ده‌قه‌كه و بیرۆكه زانستیه‌كه‌دا نیه و ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه له هه‌مو لایه‌نێكه‌وه هه‌ڵه‌یه، چونكه:
1. كاتێك له قورئاندا له هه‌مو توخمه‌كاندا ته‌نها ئاسن باسی دابه‌زاندنی ده‌كرێت؛ ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ته‌نها باسی په‌یدابونی ئاسن كراوه له قورئاندا (باسی زێڕ و زیو‌یش كراوه وه‌كو پاره و سامان نه‌ک په‌یدابونیان، باسی مسی تواوه "قطر" یش كراوه به‌ڵام ئه‌وه باسی به‌كارهێنانیه‌تی له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه نه‌ك په‌یدابونی).
2. ئه‌وه له مه‌به‌سته قورئانیه‌كه‌وه دوره كه سه‌باره‌ت به توخمه‌كانی تر بڵێت خوا داینه‌به‌زاندون، چونكه ئاوه‌ڵده‌ق (سیاق) ی ئه‌م ده‌قه له بابه‌تی (منه‌تكردن) و (یادخستنه‌وه‌ی چاكه و نیعمه‌ت) ـه، واته وه‌كو چاكه و به‌هره‌یه‌كی خوا به‌رامبه‌ر مرۆڤ باسی دابه‌زاندن (فه‌راهه‌مهێنان) ی ئاسن ده‌كات، هه‌ر بۆیه دوره له ده‌قه قورئانیه‌كه‌وه مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت كه (خوا توخمه‌كانی تری دانه‌به‌زاندوه)، چونكه ئه‌مه یانی خوا منه‌تێكی له فه‌راهه‌مهێنانی توخمه‌كانی تردا نیه!
3. هه‌ر به‌پێی زانستی (ئوصولی فیقهـ) ده‌توانین بڵێین به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م ده‌قه ئه‌وه‌ی لێ نافامرێته‌وه كه (ته‌نها ئاسن دابه‌زێنراوه و توخمه‌كانی تر دانه‌به‌زێنراون) وه‌كو لێكدانه‌وه به‌ناو زانستیه‌كه هه‌وڵ ده‌دات وا لێكی بداته‌وه، واته ئه‌م ده‌قه و وشه‌ی (الحدید) به‌تایبه‌تی ناتوانرێت پێچه‌وانه و (مفهوم المخالفة) ی لێ وه‌ربگیرێت.. چونكه به‌پێی بیروڕای زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری ئوصولیه‌كان (له‌قه‌ب) مه‌فهومی موخاله‌فه‌ی لێ وه‌رناگیرێت [جگه له ژماره‌یه‌كی كه‌م له ئوصولیه‌كان كه پێیان وا بوه "له‌قه‌ب" یش مه‌فهومی موخاله‌فه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌وانه‌ش وه‌كو "ده‌ققاق" و "صه‌یره‌فی" و "ئه‌بو حامیدی مه‌ڕوه‌ڕوذی" له شافیعیه‌كان، و "ئیبن خوه‌یزی مه‌نداد" و "ئیبن قه‌صصار" له مالیكیه‌كان، و به‌شێك له حه‌نبه‌لیه‌كان.. ئیتر جگه له‌مانه ئوصولیه‌كان پێچه‌وانه‌ی مه‌فهومی "له‌قه‌ب" به هه‌ند وه‌رناگرن(3)]، (اللقب) یش زاراوه‌یه‌كی ئوصولی فیقهه كه ئاماژه‌یه بۆ هه‌ر وشه‌یه‌ك كه وه‌سفكردنی شتێكی تر نه‌گه‌یه‌نێت و ته‌نها ناو بێت بۆ خودی شتێكی دیاریكراو، واته هه‌ر ناوێك كه سیفه‌ت نه‌بێت. وه‌كو وشه‌ی ئاسن (حدید) كه ناكرێت پێچه‌وانه‌ی لێ بفامرێته‌وه. به‌ڵام وشه‌یه‌ك كه ـ بۆ نمونه ـ وه‌سفكردنی شتێكی تر بێت ئه‌مه ده‌كرێت پێچه‌وانه‌كه‌ی لێ بفامرێته‌وه چونكه وه‌سفكردن تایبه‌تكردنه و نه‌فیكردنی سیفه‌تێكی تره (جگه له وه‌سف، دیاریكردنی ماوه، و شوێن و كات، و مه‌رج، و ژماره‌یش، لای زۆربه‌ی ئوصولیه‌كان مه‌فهومی موخاله‌فه‌یان لێ وه‌رده‌گیرێت).. بۆ نمونه: ئه‌گه‌ر كه‌سێك بڵێت (ئاسنم كڕیوه)؛ ئه‌مه ناكرێت ئه‌وه‌ی لێ بفامرێته‌وه كه شتێكی تری نه‌كڕیوه و ئه‌گه‌ری هه‌یه شتی تریشی كڕیبێت جگه له ئاسن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێت (ئاسنی سپیم كڕی)؛ وشه‌ی (سپی) ـه‌كه سیفه‌ته و پێچه‌وانه‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێت، چونكه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئاسنی سپیی كڕیوه و هیچ جۆرێكی تری ئاسنی نه‌كڕیوه. له‌م ده‌قه قورئانیه‌شدا كه ده‌ڵێت (ئاسنمان دابه‌زاندوه)؛ مه‌به‌ستی ئه‌وه نیه شتی تری دانه‌به‌زاندوه و توخمی تری دانه‌به‌زاندوه، و ناكرێت ئه‌م پێچه‌وانه و مه‌فهومی موخاله‌فه‌یه‌ی لێ وه‌ربگیرێت. كه‌واته ناكرێت ده‌قه‌كه به واتا زانستیه‌كه لێك بدرێته‌وه كه به‌پێی ئه‌م واتایه ته‌نها ئاسن دابه‌زیوه بۆ سه‌ر زه‌وی.
4. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌ی كه له ده‌قه‌كه‌دا دراوه به ئاسن له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه له سه‌رده‌می قورئاندا مرۆڤ ورده ورده وازی له به‌كارهێنانی مس و برۆنز ده‌هێنا و بایه‌خی ئاسنی زیاتر بۆ ده‌رده‌كه‌وت به‌تایبه‌تی بۆ دروستكردنی چه‌ك و شیر، كه هه‌ر ئه‌مه‌شه باكگراوندی وه‌سفكردنی به (بأس شدید) و باسكردنی له‌گه‌ڵ باسی هاتنی پێغه‌مبه‌راندا چونكه مێژوی پێغه‌مبه‌ران و ئایینه‌كان زۆرجار شان به‌شانی مێژوی چه‌ك و جه‌نگ ڕۆشتوه، بۆیه ده‌قه‌كه دواتر له‌و كه‌سانه ده‌دوێت كه جه‌نگاوه‌رن و په‌یامی پێغه‌مبه‌ران سه‌رده‌خه‌ن: (.. فیه بأس شدید، ومنافع للناس، ولیعلم الله من ینصره و رسوله بالغیب).
هه‌ر له شێوه‌ی چه‌مكه قورئانیه‌كه لوكرێتیوس Lucretius ی ڕۆمانی (98 پ. ز. ـ 55 پ. ز.) له په‌ڕاوی پێنجه‌می كۆمه‌ڵه هۆنراوه‌یه‌كی فێركاریدا به زمانی لاتینی به‌ناوی De rerum natura واته (له‌باره‌ی سروشتی شته‌كانه‌وه) (50 پ. ز. نوسیویه‌تی) باسی ئه‌وه ده‌كات كه چۆن مرۆڤ فێری كانزاكاری بوه و برۆنزی ناسیوه پاشان ئاسنیش به‌ڵام ئاسن پێش برۆنز كه‌وت به‌هۆی پێشكه‌وتنی له كاروباری جه‌نگدا(4). بڕوانه ئه‌میش ئاماژه‌ی بۆ كاروباری جه‌نگ كردوه.
5. له هه‌ر شوێنێكی قوڵاییه‌كانی گه‌ردونه‌وه ئاسن هاتبێت نابێته دابه‌زاندن، چونكه به‌رزی و نزمی له گه‌ردوندا ڕێژه‌ییه. له‌به‌ر ئه‌وه چه‌مكی دابه‌زاندن (الإنزال) زانستی نیه و ناكرێت وه‌كو زاراوه‌یه‌كی زانستی به‌كار بێت بۆ وه‌سفی هاتنی توخمی ئاسن بۆ زه‌وی له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌وه.
6. چه‌مكی (الإنزال) له قورئاندا به‌زۆری ڕه‌هه‌ندێكی میتافیزیایی هه‌یه، واته بریتیه له فه‌راهه‌مهێنانی شتێك له زه‌ویی نزمدا له‌لایه‌ن جیهانی خوایی به‌رزه‌وه، هه‌ر خودی ده‌قه‌كه نمونه‌یه‌كی ڕونه: (لقد أرسلنا رسلنا بالبینات وأنزلنا معهم الكتاب والمیزان لیقوم الناس بالقسط، وأنزلنا الحدید فیه بأس شدید..) (الحدید: 25)، لێره‌دا دابه‌زاندنی په‌ڕاوی ئاسمانی و دابه‌زاندنی ئاسن یه‌ك شێوه‌ن واته سروشتێکی میتافیزیایی و هزرییان هه‌یه، بۆیه له هه‌ندێك فه‌رموده و گێڕانه‌وه‌دا بۆ پێشاندانی دابه‌زاندنی ئاسن باس له‌وه ده‌كرێت كه له به‌هه‌شته‌وه و هه‌ر له‌گه‌ڵ ئاده‌مدا هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی پێویستی ئاسن دابه‌زێنراوه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه چه‌مكه‌كه ته‌نها ڕه‌هه‌ندێكی میتافیزیایی و هزریی هه‌یه.
7. ئه‌م جۆره دابه‌زاندنه‌ی كه له‌م ده‌قه‌دا دێت له جۆری ئه‌و دابه‌زاندنه‌یه له ده‌قێكی قورئانیی تریشدا هاتوه، ئه‌ویش: (وأنزل لكم من الأنعام ثمانیة أزواج) (الزمر: 6) كه باسی (دابه‌زاندنی ئاژه‌ڵه‌كان) ده‌كات! جا ئه‌گه‌ر هه‌مو كاتێك دابه‌زاندن واتایه‌كی ڕوكه‌شی هه‌بێت؛ ده‌بێت ئاژه‌ڵه‌كانمان له ئاسمانه‌وه دابه‌زیبن! به‌ڵام به‌ڕونی دیاره که ته‌نها مه‌به‌ستی دروستکردنیان و فه‌راهه‌مهێنانیانه بۆ مرۆڤ.
هه‌ر له شێوه‌ی ئه‌مه ده‌قێكی قورئانیی تر هه‌یه كه ده‌ڵێت خوا جل‌وبه‌رگی بۆ مرۆڤ دابه‌زاندوه: (یا بني آدم! قد أنزلنا علیكم لباسا یواري سوءاتكم وریشا..) (الأعراف: 26)، ئه‌وه‌ش یانی خوا بۆی داناون، یانی شتێكه خوا دایناوه و په‌سه‌ندی كردوه.
8. له‌به‌ر ئه‌و گرنگیه‌ی ئاسن كه مرۆڤ سه‌رنجی داوه؛ له هه‌ندێك كولتوری تریشدا فه‌راهه‌مهێنانی ئاسن دراوه‌ته پاڵ خواوه‌ند، وه‌كو لای گریک خواوه‌ند ڤولكان Vulcan كه خواوه‌ندی گڕكانه، دۆزه‌ره‌وه‌ی ئاسنه، به‌ڵكو ئاسنگه‌ریشه(5).
چه‌مكی ئه‌و گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌ش كه ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ئاده‌مدا هه‌ندێك ئامێری ئاسنی ئاسنگه‌ریی وه‌كو (چه‌كوش) و (مقاش) و (ده‌سگا) و (بڕبه‌ند) دابه‌زێنراوه له‌لایه‌ن خواوه (و ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و لێكدانه‌وانه‌ی كه كراون بۆ ده‌قه‌كه له ته‌فسیره‌كاندا)؛ وه‌كو ئه‌و بیرۆكه شومه‌ریه وایه كه ده‌ڵێت خواوه‌ند ئێنلیل گاسن و ته‌وری به‌تایبه‌تی دروست كردوه و ناوی ناون و فرمانی دیاری كردون(6).
9. سه‌رنجمان داوه كاتێك قورئان وه‌سفی شتێكی به‌رجه‌سته بكات به‌وه‌ی له ئاسمانه‌وه داده‌به‌زێنرێته سه‌ری، له زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری حاڵه‌ته‌كاندا ده‌ڵێت (له ئاسمانه‌وه دابه‌زێنراوه)، واته له‌گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌ی (له ئاسمانه‌وه) (من السما‌ء). بۆ نمونه: بۆ باسی دابه‌زاندنی باران؛ هه‌میشه ده‌ڵێت (له ئاسمانه‌وه ئاوێكی دابه‌زاندوه) (أنزل من السما‌ء ما‌ء)، كه ده‌ڵێت: (وأنزل من السما‌ء ما‌ء) (البقرة: 22)، به هه‌مان شێوه: (الأنعام: 99. الأنفال: 11. یونس: 24. الرعد: 17. إبراهیم: 32. الحجر: 22. النحل: 10. النحل: 65. الكهف: 45. طه: 53. الحج: 63. المؤمنون: 18. الفرقان: 48. النمل: 60. العنكبوت: 63. الروم: 24. لقمان: 10. فاطر: 27. الزمر: 21. الزخرف: 11. ق: 9). هه‌ندێك جاریش له بریی "ئاوێك" (ما‌ء) به "ڕۆزی" (رزق) گوزارش له باران ده‌كات ده‌ڵێت: (وینزل لكم من السما‌ء رزقا) (غافر: 13)، (وما أنزل الله من السما‌ء من رزق) (الجاثیة: 5). هه‌روه‌ها بۆ باسی داباراندنی ته‌رزه؛ ده‌ڵێت: (وینزل من السما‌ء من جبال فیها من برد) (النور: 43). هه‌روه‌ها بۆ باسی دابه‌زاندنی به‌ڵای خوایی له ئاسمانه‌وه؛ ده‌ڵێت: (فأنزلنا علی الذین ظلموا رجزا من السما‌ء) (البقرة: 59)، به هه‌مان واتا: (الشعرا‌ء: 4)، (العنكبوت: 34)، (ی‌س: 28). هه‌روه‌ها بۆ باسی دابه‌زاندنی نوسراوێكی به‌رجەسته‌ی خوایی له ئاسمانه‌وه؛ ده‌ڵێت: (یسألك أهل الكتاب أن تنزل علیهم كتابا من السما‌ء (النساء: 153)، هه‌روه‌ها بۆ باسی دابه‌زاندنی فریشته‌یه‌ك له ئاسمانه‌وه؛ ده‌ڵێت: (لنزلنا علیهم من السما‌ء ملكا رسولا) (الإسرا‌ء: 95)، هه‌روه‌ها بۆ باسی دابه‌زاندنی سفره‌خوانێك له ئاسمانه‌وه وه‌كو موعجیزه‌یه‌ك بۆ عیسا؛ ده‌ڵێت: (إذ قال الحواریون یا عیسی ابن مریم هل یستطیع ربك أن ینزل علینا مائده من السما‌ء (المائدة: 112)، هه‌روه‌ها: (المائدة: 114). هه‌رچه‌ند ده‌قی تر زۆره كه باسی دابه‌زاندن (إنزال) یان (تنزیل) ده‌كات و ده‌سته‌واژه‌ی (من السما‌ء) یشی له‌گه‌ڵ نیه، به‌ڵام حاڵه‌ته به‌زۆری بۆ شتی واتایی یان میتافیزیاییه نه‌ك شتی به‌رجه‌سته، زۆر به‌كه‌می بۆ شتی به‌رجه‌سته باسی دابه‌زاندن ده‌كات به‌بێ ده‌سته‌واژه‌ی (له ئاسمانه‌وه).
لێره‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی له (وأنزلنا الحدید) ئه‌وه بێت كه ئاسنی له ئاسمانه‌وه ده‌به‌زاندوه؛ ده‌یوت (وأنزلنا الحدید من السما‌ء) یان (وأنزلنا من السما‌ء الحدید).. چونكه ئاسن شتێكی ماددی و به‌رجه‌سته‌یه و ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی دابه‌زاندن بێت له ئاسمانه‌وه؛ ده‌سته‌واژه‌ی (له ئاسمانه‌وه) ی بۆ به‌كار ده‌هێنا.
10. جگه له هه‌مو ئه‌وانه مرۆڤ له زوه‌وه سه‌رنجی داوه كه ده‌كرێت ئاسن له بۆشایی ئاسمانه‌وه بێت، چونكه ئه‌و ئه‌ستێرۆكه (نیزك) انه‌ی كه ته‌واو ناسوتێن و ده‌كه‌ونه سه‌ر زه‌وی، پۆڵایه‌كیان تێدایه كه تێكه‌ڵه‌ی ئاسن و نیكڵه و مرۆڤ له ڕابوردودا ته‌ور و به‌هێزترین شمشێری لێ دروست كردوه.
پاشماوه‌ی ئه‌ستێرۆکه‌یه‌ک که له ئاسن پێک دێت
له چین دۆزراوه‌ته‌وه
پارچه ئه‌ستێرۆکه‌که‌ی ناوچه‌ی (بوعنان) Bouanane ی مه‌غریب
ساڵی ٢٠٠٩ دۆزراوه‌ته‌وه
و له لایه‌ن پسپۆڕێکی ئامڕازە به‌ردینه‌کانه‌وە: شوێنه‌وارناس و جیۆلۆجیستی فڕه‌نسایی (Henry de Lumley) ناسراوه‌ته‌وه
و بیروڕا وایه له چاخی به‌ردینی نوێ‌دا وه‌کو "چه‌کوش و دەسگا" یه‌ک به‌کار هاتوه
له چین دۆزراوه‌ته‌وه
پارچه ئه‌ستێرۆکه‌که‌ی ناوچه‌ی (بوعنان) Bouanane ی مه‌غریب
ساڵی ٢٠٠٩ دۆزراوه‌ته‌وه
و له لایه‌ن پسپۆڕێکی ئامڕازە به‌ردینه‌کانه‌وە: شوێنه‌وارناس و جیۆلۆجیستی فڕه‌نسایی (Henry de Lumley) ناسراوه‌ته‌وه
و بیروڕا وایه له چاخی به‌ردینی نوێ‌دا وه‌کو "چه‌کوش و دەسگا" یه‌ک به‌کار هاتوه
خه‌نجه‌رێک، که له ئاسنی ئه‌ستێرۆکه دروست کراوه،
بۆ ئیمپراتۆر (جه‌هانگیر) ی مۆغولی له هیندستان،
ساڵی ١٦٢١
بۆ ئیمپراتۆر (جه‌هانگیر) ی مۆغولی له هیندستان،
ساڵی ١٦٢١
هه‌ر لێره‌وه بۆچونێكی نیمچه‌زانستی له ڕابوردودا دروست بوه كه ئاسنی زه‌وی له ئه‌ستێرۆكه‌كانه‌وه هاتوه، به‌ڵام ئه‌وه ڕاسته كه هه‌زاره‌ها ته‌ن له پاشماوه‌ی ئه‌ستێرۆكه گه‌وره‌كه‌ی چاڵه‌كه‌ی ویلایه‌تی ئه‌ریزۆنا ئاسن په‌یداكراوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ڕۆژانه چه‌نده‌ها ملیۆن ته‌ن ئاسن به‌شێوه‌ی پارچه‌ی بچوك له‌و ئه‌ستێرۆكانه ده‌كه‌ونه سه‌ر زه‌وی(7).
ئه‌ستێرۆکه ئاسنیه‌که‌ی "ویڵامیت" Willamette
که لە ئاسن و نیکڵ پێک دێت
و مێژوی ده‌گه‌ڕێته‌وە بۆ نزیکه‌ی ١٣٠٠٠ ساڵ له‌مه‌وپێش
و ساڵی ١٩٠٦ له ویلایه‌تی (ئۆریگۆن) ی ئه‌مێریکا دۆزراوه‌ته‌وه
و ئێسته‌ش له "مۆزه‌خانه‌ی ئه‌مێریکایی مێژوی سروشتی" له نیویۆرک دانراوە
که لە ئاسن و نیکڵ پێک دێت
و مێژوی ده‌گه‌ڕێته‌وە بۆ نزیکه‌ی ١٣٠٠٠ ساڵ له‌مه‌وپێش
و ساڵی ١٩٠٦ له ویلایه‌تی (ئۆریگۆن) ی ئه‌مێریکا دۆزراوه‌ته‌وه
و ئێسته‌ش له "مۆزه‌خانه‌ی ئه‌مێریکایی مێژوی سروشتی" له نیویۆرک دانراوە
ئه‌وه‌ی ده‌بێته نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ له كۆنه‌وه ئه‌و چه‌مكه‌ی لا بوه كه ئاسن داده‌به‌زێته سه‌ر زه‌وی، ئه‌وه‌یه كه شومه‌ریه‌كان به ئاسنیان وتوه (ئان ـ بار) AN.BAR واته (ئاگری ئاسمان)، میسریه‌كانیش پێیان ده‌وت (با ـ ئێن ـ پێت) ba-en-pet واته (كانزای ئاسمان). بۆیه زانایان زیاتر بۆ ئه‌وه ده‌چن كه مرۆڤ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ڕێگه‌ی پاشماوه‌ی ئه‌ستێرۆكه‌كانه‌وه ئاسنی ناسیوه(8).
هه‌ر له‌م ڕوه‌وه و ده‌رباره‌ی چه‌مكی (فیه بأس شدید)، ده‌بینین له عێراقی دێریندا (ئه‌ستێرۆكه «شِهاب» ی ئاسمانیی خواوه‌ند ئان‌و) نمونه‌ی به‌هێزی بوه، كه ڕاڤه‌مه‌ندان زیاتر بۆ ئه‌وه ده‌چن كه مه‌به‌ست ئاسنی ئه‌ستێرۆكه بێت(9).
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه بیرۆكه‌ی هاتنی (شێوه‌یه‌ك له) ئاسن له ئاسمانه‌وه بیرۆكه‌یه‌كی دێرینه، هه‌رچه‌ند ده‌قه قورئانیه‌كه چه‌مكێكی تری له خۆگرتوه و جیاوازه و واتایه‌كی تری هه‌یه.
ئه‌گه‌ر گریمان ده‌قه قورئانیه‌كه مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت كه ئاسن له ده‌ره‌وه‌ی زه‌ویه‌وه هاتوه بۆ زه‌وی؛ هێشتا ناتوانرێت بوترێت كه قورئان بۆ یه‌كه‌م جار پێش زانستی نوێ باسی له (دابه‌زاندنی ئاسن) كردوه چونكه سه‌لماندمان كه ئه‌و چه‌مكه كۆنه و مرۆڤ یه‌كه‌م جار له ڕێگه‌ی ئه‌و ئاسنه‌ی كه له ئاسمانه‌وه ده‌كه‌وێته خواره‌وه ئاسنی ناسیوه و ئه‌مه‌ش هه‌ر زو لای شومه‌ریه‌کان و میسریه کۆنه‌کان شتێکی زانراو بوه و ئاسنیان داوه‌ته پاڵ ئاسمان.
په‌راوێز و سه‌رچاوه:
(1) بڕوانه:
السمعاني، تفسير القرآ‌ن. تحقيق: ياسر بن إبراهيم، غنيم بن عباس بن غنيم. دار الوطن، الرياض، الطبعة الأولى، 1997. جـ. 5، ص. 378.
الكرماني، تاج القراء، غرائب التفسير وعجائب التأويل. دار القبلة للثقافة الإسلامية، جدة، مؤسسة علوم القرآ‌ن، بيروت. جـ. 2، ص. 1189.
البغوي، معالم التنزيل في تفسير القرآ‌ن. تحقيق: عبد الرزاق المهدي. دار إحياء التراث العربي، بيروت، الطبعة الأولى ، 1420 هـ. جـ. 5، ص. 33.
الزمخشري، الكشاف عن حقائق التنزيل وعيون الأقاويل في وجوه التأويل. تحقيق: عبد الرزاق المهدي. دار إحياء التراث العربي، بيروت. جـ. 4، ص. 478.
ابن عطية، المحرر الوجيز في تفسير الكتاب العزيز. تحقيق: عبد السلام عبد الشافي محمد. دار الكتب العلمية، بيروت. الطبعة الأولى، 1422 هـ. جـ. 5، ص. 269
ابن الجوزي، زاد المسير في علم التفسير. المكتب الإسلامي، بيروت، الطبعة الثالثة، 1404 هـ. جـ. 8، ص. 174.
تفسير القرطبي (الجامع لاحكام القرآ‌ن). دار الكتب العلمية، بيروت، 1993. جـ. 17، ص. 169.
ابن كثير، تفسير القرآ‌ن العظيم. تحقيق: سامي بن محمد سلامة. الطبعة الثانية، 1999. جـ. 8، ص‌ص. 27، 28.
الرازي، مفاتيح الغيب (التفسير الكبير). دار إحياء التراث العربي، بيروت. الطبعة الثالثة، 1420 هـ. جـ. 29، ص‌ص. 470، 471.
أبو السعود، إرشاد العقل السليم إلى مزايا الكتاب الكريم. دار إحياء التراث العربي، بيروت. جـ. 8، ص. 212.
الشوكاني، فتح القدير الجامع بين فني الرواية والدراية من علم التفسير. دار الفكر، بيروت. جـ. 5، ص. 178.
الآلوسي روح المعاني في تفسير القرآ‌ن العظيم والسبع المثاني. تحقيق: علي عبد الباري عطية. دار الكتب العلمية، بيروت، الطبعة الأولى، 1415 هـ. جـ. 14، 188.
هه‌روه‌ها بڕوانه:
قطب، سيد، في ظلال القرآ‌ن. دار الشروق، القاهرة، الطبعة التاسعة، 1980. مجـ. 6، جـ. 27، ص. 3495.
سعيد حوى، الأساس في التفسير. دار السلام، القاهرة، الطبعة الثانية، 1989. جـ. 10، ص. 5756.
(2) بڕوانه:
الزنداني، عبد المجيد، سنريهم آياتنا في الآفاق وفي أنفسهم حتى يتبين له‌م أنه الحق. ص. 67.
عامر تحسين، حقائق القرآ‌ن والعلم الحديث. مطبعة الزهراء، الموصل، 1986. ص‌ص. 112، 113.
(3) بڕوانه:
الآمدي، الإحكام في أصول الأحكام. تحقيق: عبد الرزاق عفيفي. المكتب الإسلامي، بيروت ـ دمشق. جـ. 3، ص‌ص. 95، 96.
ابن أمير الحاج، التقرير والتحبير. دار الفكر، بيروت، 1996. جـ. 1، ص. 185.
الشوكاني، إرشاد الفحول إلي تحقيق الحق من علم الأصول. تحقيق: الشيخ أحمد عزو عناية. دار الكتاب العربي، الطبعة الأولى، 1999. جـ. 2، ص. 39.
العطار، حاشية العطار على شرح الجلال المحلي على جمع الجوامع. دار الكتب العلمية. جـ. 1، ص‌ص. 331، 332.
(4) بڕوانه:
Lucretius, On the Nature of Things, a Philosophical Poem, in six books. Literally translated into English Prose, by The Eev. John Selby Watson. London: Henry G. Bohn. 1851. P. 239.
(5) إمام عبد الفتاح إمام، معجم ديانات وأساطير العالم. مكتبة مدبولي، القاهرة. جـ. 2، ص. 279. جـ. 3، ص‌ص. 420، 421.
(6) كريمر، صامويل نوح، من ألواح سومر. ترجمة: طه باقر. مكتبة المثنى، بغداد، مؤسسة الخانجي، القاهرة، 1957. ص. 173.
(7) راي، ليستر ديل، الأرض الغامضة. ترجمة: د.علي رمضان الحديدي. مراجعة: د. إبراهيم عبد القادر. آفاق عربية ـ بغداد، الهيئة المصرية العامة للكتاب ـ القاهرة. ص‌ص. 16، 17، 92، 94.
عوض الله، د. محمد فتحي، الإنسان والثروات المعدنية. 82، 85. عالم المعرفة، الكويت، 1980. ص. 93.
(8) عوض الله، الإنسان والثروات المعدنية. ص. 126.
كونتينو، جورج، الحياة اليومية في بلاد بابل وآشور. ترجمة: سليم طه التكريتي وبرهان عبد التكريتي. دار الحرية للطباعة ـ بغداد، 1979. ص. 175.
Encyclopaedia Britannica. 15th Edition, 1977. Vol. 11, p. 1110.
(9) دالي، ستيڤاني، أساطير من بلاد ما بين النهرين. ترجمة: د. نجوى نصر. دار جامعة أكسفورد للنشر، 1991. ص‌ص. 78، 156.