زنجیره‌ی تێكه‌ڵكردنه‌كانی قورئان
مانگا سوره‌كه
مانگا سوره‌كه
ئه‌م زنجیره باسه به‌شێکه له کتێبی "چیرۆکه قورئانیه‌کان" که ئاماده‌ی چاپه
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
كێشه‌یه‌كی چیرۆكه قورئانیه‌كان ئه‌وه‌یه كه
زۆر جار ده‌قه قورئانیه‌كه گۆڕانكاری له چیرۆكه ته‌وڕاتی و ئینجیلیه‌كاندا ده‌كات
و تێكه‌ڵیان ده‌كات، به‌مه‌ش چیرۆكێكی ده‌ستكرد و ده‌ستكاریكراو پێك دێت كه زۆر ئه‌سته‌مه
بتوانین ئه‌نجامێكی كولتورییشی لێ به ده‌ست بهێنین چ جای مێژویی، واته جگه له‌وه‌ی
له مێژودا شوێنه‌واری نابێت ؛ مانا و مه‌غزای زیهنی و کولتوریشی نامێنێت ، چونکه
هه‌مو چیرۆکێک به شێوازی ڕه‌سه‌نی خۆی مانای خۆی ده‌به‌خشێت و که شێوێنرا تێک ده‌چێت
و مانای خۆیشی نادات به‌ده‌سته‌وه..
له‌م زنجیره‌یه‌دا تێكه‌ڵكردنه‌كانی قورئان ده‌خه‌ینه
ڕو، هه‌ر جاره‌ی دانه‌یه‌ك!
(2) مانگا سوره‌كه
له قورئاندا چیرۆكی مانگا زه‌رده سورباوه‌كه
هه‌یه كه گوایه مو‌سا بۆ مه‌به‌ستی ده‌ركه‌وتنی بكوژێكی نه‌ناسراو فه‌رمانی داوه
به سه‌ربڕینی مانگایه‌كی زه‌ردی تۆخی بێ عه‌یب و په‌ڵه كه نه ته‌مه‌نی كردوه و
نه زۆر تازه‌ساڵیشه و نه جوتی پێ كراوه و نه ئاوی پێ براوه بۆ سه‌ر كێڵگه (وإذ
قال موسى لقومه إن الله يأمركم أن تذبحوا بقرة... إنها بقرة لا فارض ولا بكر عوان بين
ذلك ... بقرة صفراء فاقع لونها تسر الناظرين... إنها بقرة لا ذلول تثير الأرض ولا تسقي
الحرث مسلمة لا شية فيها.. فذبحوها...) (البقرة: 67 ـ 71).
ئه‌م چیرۆكه قورئانیه تێكه‌ڵكردنی دو بابه‌تی
ته‌وڕاتیه:
ا. یه‌كه‌میان قوربانیی مانگا سوره (به عیبری:
پاراهـ ئه‌دوماهـ פָרָה אֲדֻמָּה ـ ده‌قاوده‌ق: گوێره‌كه سوره) (مه‌به‌ست له "سور" زه‌ردی
تۆخ واته سورباوه)، كه له ته‌وڕاتدا (كتێبی سه‌رژمێری "سفر العدد") فه‌رمان
كراوه به سه‌ربڕینی مانگایه‌كی سوری بێ عه‌یب و به‌كارنه‌هاتو بۆ جوت، وه‌كو قوربانییه‌ك
بۆ لابردنی پیسی (ی ئایینی)، وه‌كو سروتێكی پاكۆكاری: مانگا سوره‌كه ده‌بێت سه‌ر ببڕدرێت
و ئینجا به‌ته‌واوی ده‌سوتێنرێت و خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی له شوێنێكی پاكدا هه‌ڵده‌گیرێت و
ئینجا هه‌ر كه‌سێك ویستی خۆی له پیسییه‌كی شه‌رعی پاك بكاته‌وه یان بۆ نمونه خێوه‌تێك
مرۆڤێكی تێدا مردبو، كه‌مێك له‌و خۆڵه‌مێشه ده‌كرێته‌وه ئاوێكه‌وه و ئیتر له‌و خۆڵه‌مێشاوه
ده‌ڕشێنرێت به‌سه‌ر كه‌سه‌كه و ـ بۆ نمونه ـ خێوه‌ته‌كه‌دا (سه‌رژمێری: 19: 1 ـ
10)، كه هه‌رچه‌ند ده‌قه‌كه به (قوربانیی سڕینه‌وه‌ی گوناهـ) ناوی ده‌بات به‌ڵام
له ڕاستیدا ته‌نها بۆ پاكۆكاری و لابردنی پیسیی ئایینیه.
قوربانیی گوێرەکە سورە
ئینجا ئه‌م مانگا سوره
ئێسته بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئایینیی ئیسرائیل بوه‌ته كێشه! چونكه گوێره‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه
پاك و بێخه‌وش و بێعه‌یب و تایبه‌تییان ده‌ست ناكه‌وێت تا سه‌ری ببڕن و بیسوتێنن و
خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی به‌كار بهێنن، و ئه‌مه ڕێگرێكی گه‌وره‌یه له ئه‌نجامدانی سروته‌كانیان
و كاروباری په‌رستگا چونكه به خۆپاكردنه‌وه به‌و خۆڵه‌مێشه ئینجا ده‌توانن بچنه
په‌رستگای سه‌ره‌كیی ئیسرائیل كه هێشتا دروست نه‌كراوه‌ته‌وه، و ئیتر ئه‌مه ئێسته
له ئیسرائیل بوه‌ته كێشه! بیریان له هه‌ندێك شت كردوه‌ته‌وه: یان له شوێنی په‌رستگا
كۆنه‌كه و ده‌وروبه‌ری هه‌ڵبكه‌نن تا به‌شكو خۆڵه‌مێشێكی هه‌ڵگیراوی ڕۆژگاری كۆنی
جوله‌كه بدۆزنه‌وه! كه ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه و نه‌یانتوانی هیچ شوێنه‌وارێكی خودی په‌رستگا
(هیكل) ـه‌كه‌ش بدۆزنه‌وه چ جای خۆڵه‌مێشی هه‌ڵگیراو! یان بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه
گوێره‌كه‌یه‌كی سور به تێكنۆلۆجیای چاندن و به‌چكه‌ی ناو شوشه به‌رهه‌م بهێنن و له
شوێنێكی پاكژكراو و به‌سه‌رپه‌رشتیی چه‌ند حاخامێكی پاك و هه‌ڵبژارده گه‌وره‌ی بكه‌ن
و ئیتر كه گه‌وره بو سه‌رببڕدرێت و بسوتێنرێت و خۆڵه‌مێشه عه‌نتیكه‌كه‌ی لێ دروست
بكرێت! جارێكیش گوێره‌كه‌یه‌كی سوریان له‌نزیك حه‌یفا ساڵی (1996) دۆزیه‌وه و خستیانه
ژێر چاودێریه‌وه و په‌سه‌ند كرا و ناویش نرا "میلۆدی"! به‌ڵام دوایی موی
سپی له هه‌ندێك شوێنی له‌شی ده‌ركه‌وت و ئیتر به كه‌ڵك نه‌ما!
حاخامێکی یەهودی، لەگەڵ گوێرەکە سورە (میلۆدی) Melody
به‌م شێوه‌یه گوێره‌كه
سوره كێشه‌یه‌كی جیددیی بۆ ئیسرائیل دروست كردوه!!
وێنەی بەرگی کتێبێکی تایبەت بە "خۆڵەمێشی گوێرەکە سورە"
ب. دوه‌میشیان قوربانیی بكوژی نه‌ناسراو، كه له
ته‌وڕاتدا (كتێبی دوباره‌خوێندنه‌وه‌ی شه‌ریعه‌ت "سفر التثنیة") فه‌رمان
ده‌دات كاتێك كه‌سێك كوژرا و بكوژه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌بو؛ بۆ لابردنی ئه‌و تاوانه له
گه‌ردنی هه‌موان گوێره‌كه‌یه‌ك كه بۆ جوت به‌كارنه‌هاتبێت سه‌رببڕن (ده‌قاوده‌ق: ملی
بشكێنن) و بڵێن ئێمه به‌رین له‌م خوێنه (دوباره‌خوێندنه‌وه‌ی شه‌ریعه‌ت: 21: 1 ـ
9). بۆیه ده‌قه قورئانیه‌كه له‌م دو بابه‌ته ته‌وڕاتیه چیرۆكێكی ساز كردوه و
مه‌به‌سته بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌یشی گۆڕیوه.. قوربانیی مانگا سوره قوربانییه‌كی گشتیه
بۆ لابردنی گوناه و پیسیی ئایینی به‌گشتی، قوربانیی گوێره‌كه‌كه بۆ لابردنی گوناهی
كوشتن (خوێنڕشتن) ـه، به‌ڵام له چیرۆكه قورئانیه‌كه‌دا باسی سه‌ربڕینی مانگا سوره‌كه
(یان زه‌رده تۆخه‌كه: صفراء فاقع لونها) ده‌كرێت بۆ (ده‌رخستن) ی بكوژه‌كه، ئه‌م
ده‌رخستنه‌ش ـ به‌پێی چیرۆكه‌كه ـ به‌وه ده‌بێت كه پارچه‌یه‌كی ئه‌و مانگایه ده‌درێت
به كوژراوه‌كه‌دا و به‌وه زیندو ده‌بێته‌وه و بكوژی خۆی ئاشكرا ده‌كات (وإذ قتلتم
نفسا فادارأتم فيها، والله مخرج ما كنتم تكتمون، فقلنا: "اضربوه ببعضها"،
كذلك يحيي الله الموتى...) (البقرة: 72، 73).. ئه‌م ڕه‌گه‌زه سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه‌ش
له ده‌قه ته‌وڕاتیه‌كه‌دا نیه. به‌ڵكو بابه‌ته‌كه له ته‌وڕاتدا هه‌ر چیرۆك نیه،
به‌ڵكو دو ڕێنومایی و یاسایه: یه‌كێكیان قوربانیی مانگا سوره وه‌كو قوربانییه‌كی
گشتی بۆ لابردنی گوناه به گشتی و بۆ فه‌راهه‌مهێنانی هۆكارێك بۆ پاكۆكاری، ئه‌وی تریش
قوربانیی گوێره‌كه‌كه بۆ لابردنی گوناهی كوشتنێك كه بكوژه‌كه ئاشكرا نه‌بێت، به‌ڵام
قورئان له‌م دو بابه‌ته چیرۆكێكی ته‌واو و پڕ له گفت‌وگۆی ڕێك خستوه.
بۆچی ده‌ڵێین تێكه‌ڵكردن؟
به‌ڵگه‌ی من له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه تێكه‌ڵكردنه
و پاساوی نیه ئه‌وه‌یه كه له دو ده‌نگ‌وباس لایه‌كیان (ون) ـه له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا:
كه باسی كوشتنه‌وه‌ی مانگا زه‌رده سورباوه‌كه
هه‌یه له قورئاندا، له به‌رامبه‌ردا باسی قوربانیی گوێره‌كه‌یه‌كی تازه‌ساڵ بۆ لابردنی
گوناهی (كوشتنی بكه‌ر نه‌ناسراو) ونه (یان تێكه‌ڵكراوه: هه‌م زه‌ردی سورباوه و هه‌م
گوێره‌یه‌كی تازه‌ساڵیشه! هه‌م مانگا سوره‌یه و هه‌م په‌یوه‌ندیی به كێشه‌ی كوشتنی
بكه‌ر نه‌ناسراوه‌وه هه‌یه!). له ئه‌نجامدا قورئان باسی كوشتنه‌وه‌ی مانگا زه‌رده
سورباوه‌كه بۆ ده‌رخستنی بكه‌ری كوشتنێك، ده‌كات. ئه‌مه‌ش یانی هه‌ردو بابه‌ته‌كه‌ی
تێهه‌ڵكێش كردوه و یه‌ك شتی لێ دروست كردوه، و له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه ڕه‌گه‌زی زیندوبونه‌وه‌ی
بۆ زیاد كردوه!
بۆچی چیرۆكه ته‌وڕاتی ـ ئینجیلیه‌كان به ڕه‌سه‌ن
ده‌زانین
و چیرۆكه قورئانیه‌كان به تێكه‌ڵكراو؟
ئیسلامیه‌كان پێمان ده‌ڵێن: بۆچی ته‌وڕات و ئینجیل
ده‌كه‌نه پێوه‌ر بۆ قورئان؟ مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه بۆچی من شێوه ته‌وڕاتی یان ئینجیلیه‌كه
به ڕه‌سه‌ن ده‌زانم و شێوه قورئانیه‌كه به ده‌ستكاریكردن و تێكه‌ڵكردن ده‌زانم..
هه‌رچه‌ند ده‌زانم ئه‌م قسانه ته‌نها داكۆكی و بڕوبیانوی ئایینین نه‌ك ڕه‌خنه‌ی زانستی،
به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێت، به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامیان ده‌ده‌مه‌وه:
1. ته‌وڕات و ئینجیل
پێش قورئان ده‌ركه‌وتون.. هه‌ر چیرۆكێك له‌و چیرۆكانه یه‌كه‌م جار ته‌وڕات یان ئینجیل
باسی كردوه، ئینجا قورئان بۆ دوه‌م جار یان سێیه‌م جار یان زیاتر باسی ده‌كات. له‌به‌ر
ئه‌وه هه‌ر له‌ڕێوه دیاره كه ده‌قه‌كانی ته‌وڕات و ئینجیل ڕه‌سه‌نترن و بنچینه‌ن،
به شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌و چیرۆكانه‌یان باس نه‌كردایه قورئانیش باسی نه‌ده‌كردن،
به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه قورئان وه‌كو خۆیشیان باسی نه‌كردون. جگه له‌وه‌ش قورئان
زۆر جار پشت به سه‌رچاوه لاوه‌كیه‌كان ده‌به‌ستێت كه له په‌راوێزی ته‌وڕات و ئینجیل‌دا
دروست بون، وه‌كو: میدراش، ته‌لمود، كتێبه ئه‌پۆكریفایی و سیودیپیگرافاییه‌كان، و
شێوه‌ی شه‌عبی و ده‌ماوده‌می چیرۆكه‌كانی ئه‌مانه.. جیاوازیی قورئان و ناكۆكبونی له‌گه‌ڵ
ده‌قه‌كانی ته‌وڕات و ئینجیل‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شوێنپێی ئه‌و ده‌قه لاوه‌كیانه‌ی
هه‌ڵگرتوه و (ته‌وڕات و ئینجیل) یشی له ڕێی ئه‌و ده‌قه لاوه‌كیانه‌وه ناسیوه نه‌ك
ڕاسته‌خۆ.
2. هه‌میشه چیرۆك
و داب‌ونه‌ریتی ئایینی به‌ره‌و تێهه‌ڵكێشبون و تێكه‌ڵبون ده‌ڕۆن، نه‌ك جیابونه‌وه
و دابه‌شبون.. ئینجا كاتێك له‌م چیرۆكانه ورد ده‌بینه‌وه، ده‌بینین چیرۆكه ته‌وڕاتی
و ئینجیلیه‌كان جیان و هه‌ر یه‌كه‌یان له بابه‌ت و له كه‌سێتی و له مه‌به‌ستدا جیاوازه
له‌وانی تر، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و چیرۆكانه ده‌بینین له قورئاندا به‌ره‌و تێكه‌ڵكێشبون
چون و بابه‌ت و كه‌سێتی و مه‌به‌سته‌كانیان تێكه‌ڵكێش كراون و كراون به یه‌ك شت، بۆ
نمونه: مانگا سوره زه‌ردباوه‌كه و گوێره‌كه تازه ساڵه‌كه كراون به یه‌ك شت،
و مه‌به‌ستی كوشتنه‌كه‌وه‌یشیان كراوه به یه‌ك مه‌به‌ست. لێره‌دا هه‌میشه شێوه‌یه‌ك
كه جیاوازیه‌كان ڕون بكاته‌وه ڕه‌سه‌نه نه‌ك شێوه‌یه‌ك كه شته‌كان تێكه‌ڵ بكات.
هه‌تاكو تابلۆیه‌ك یان وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافیاییش كه وردتر بێت و ورده‌كارییه‌كان و
جیاوازیی ڕه‌نگه‌كان و هێڵه‌كان باشتر پێشان بدات ڕه‌سه‌ن و بنچینه‌ییه تاكو تابلۆیه‌ك
یان وێنه‌یه‌ك كه ورده‌كاریه‌كان كاڵ بكاته‌وه، له‌م حاڵه‌ته‌یشدا دیاره كه تابلۆ
یان وێنه‌ی دوه‌م ته‌قلیدی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مه (هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش تابلۆی بنه‌ڕه‌تیی
شه‌یكسپیێر له‌م دواییه‌دا دۆزرایه‌وه كه وردتر بو له‌و تابلۆیانه‌ی كه پێشتر له‌به‌ر
ده‌ستدا بون كه ته‌نها كۆپیی تابلۆ بنه‌ڕه‌تیه‌كه بون.
3. لێكدانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كان
و دۆزینه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌كانیان، له چیرۆكه قورئانیه تێكه‌ڵكێشكراوه‌كاندا، كارێكی
ئه‌سته‌مه، به‌ڵام له چیرۆكه ته‌وڕاتی و ئینجیلیه‌كاندا ئاسانه. بۆ نمونه: كاتێك
قورئان چیرۆكی مانگا زه‌رده تۆخه‌كه ده‌گێڕێته‌وه كه گوایه مو‌سا بۆ مه‌به‌ستی
ده‌ركه‌وتنی بكوژێكی نه‌ناسراو فه‌رمانی داوه به سه‌ربڕینی مانگایه‌كی زه‌ردی تۆخی
تازه‌ساڵی بێ عه‌یب و په‌ڵه كه نه پیر نه تازه‌ساڵ بێت و نه جوت نه ئاوهێنانی
پێ كرابێت (البقرة: 67 ـ 73)؛ ئه‌مه وه‌كو مه‌ته‌ڵێك وایه و نازانرێت ئه‌م هه‌مو
مه‌رجه (مانگایه‌كی زه‌ردی تۆخی تازه‌ساڵی بێ عه‌یب و په‌ڵه...) بۆچی و په‌یوه‌ندیی
ئه‌م مه‌رجانه چیه به ده‌ركه‌وتنی بكوژێكی نه‌ناسراوه‌وه.. هه‌ر گیاندارێكی تر
یان مانگایه‌كی تر و به هه‌ر مه‌رج و سیفه‌تێكه‌وه به‌س بو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر ببڕدرێت
و به‌شێك له گۆشته‌كه‌ی بدرێت به جه‌سته‌ی كوژراوه‌كه‌دا كه ئیتر ـ به قسه‌ی قورئان
ـ كوژراوه‌كه زیندو بوه‌ته‌وه و بكوژی خۆی ئاشكرا كردوه.. به‌ڵام نهێنیی بابه‌ته‌كه
ته‌نها له چیرۆكه ته‌وڕاتیه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه ئه‌و مانگا زه‌رده سورباوه
بۆ ئه‌وه ده‌كوژرێته‌وه تا پێست و گۆشت و خوێنه‌كه‌ی بسوتێنرێت و خۆڵه‌مێشێكی لێ
دروست بكرێت كه به تێكه‌ڵكردنی به ئاو به‌كاردێت بۆ لابردنی پیسی (پیسیی ئایینی،
وه‌كو ئه‌و پیسیه‌ی له به‌ركه‌وتنی جه‌سته‌ی مردو دێته كایه) (بڕوانه: سه‌رژمێری:
19: 1 ـ 10)، واته: بۆ نمونه كه‌سێك ده‌ستی له جه‌سته‌ی مردویه‌ك ده‌دات، ئیتر پیس
ده‌بێت و ده‌بێت به‌و خۆڵه‌مێشاوه پاكی بكاته‌وه. لێره‌وه دیاره مه‌رجی سه‌ره‌كیی
ئه‌م قوربانیه ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ئه‌و مانگایه زۆر پاك و بێخه‌وش و به‌كار نه‌هاتو
بێت: گوێره‌كه مێیه‌كه كه ده‌بێت هیچ خه‌وش و عه‌یبێكی نه‌بێت، نابێت به‌كار هاتبێت
و نابێت جوتی پێ كرابێت (سه‌رژمێری: 19: 2). ئه‌مه‌ش هه‌موی بۆ ئه‌وه‌ی كه خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی
پاكۆكاره (واته پاككه‌ره‌وه‌یه)، بۆیه ده‌بێت خۆی زۆر پاك و بێعه‌یب و به‌كارنه‌هاتو
بێت. ئینجا به‌پێی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و مانگایه خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی به‌كار دێت بۆ لابردنی
پیسیی ئایینی و قوربانییه‌كه بۆ لابردنی گوناه و له‌شپیسی؛ بۆیه ڕه‌نگی سور (زه‌ردی
تۆخ) هه‌ڵبژێردراوه، چونكه ئه‌و ڕه‌نگه سوره دیاره كه هێمای گوناهه (لێره‌وه
سوتاندنی ئه‌م مانگا سوره و به‌كارهێنانی خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی، كردارێكی هێماییه بۆ سوتاندن
و سڕینه‌وه‌ی گوناه، كه به‌پێی ئه‌و بیروباوه‌ڕه خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی توانایه‌كی پاكۆكاری
په‌یدا ده‌كات كه ده‌توانێت پیسی و گوناهباری لا ببات!). ئه‌م بیرۆكه و یاسایه به‌پێی
ئه‌و بیره ئایینیه لۆجیكیه و مه‌به‌سته‌كه‌ی ئاشكرایه. به‌ڵام له چیرۆكه قورئانیه‌كه‌دا
كه ئه‌و مانگایه گوایه ته‌نها سه‌ربڕاوه بۆ ئه‌وه‌ی پارچه‌یه‌ك له گۆشته‌كه‌ی
بدرێت به جه‌سته‌ی مرۆڤه كوژراوه‌كه‌دا، ئاشكرایه كه هیچ لۆجیك و مه‌عقولیه‌تێكی
تێدا نیه، چونكه ئه‌و مانگایه هه‌ر ڕه‌نگ و ته‌مه‌ن و سیفه‌تێكی هه‌بێت جیاوازیی
نیه و هه‌ر ده‌كرێت پارچه‌یه‌كی بدرێت به لاشه‌كه‌دا. ئینجا ئه‌گه‌ر مرۆڤ پرسیار
له چیرۆكه قورئانیه‌كه بكات و بڵێت باشه بۆچی (مانگای سور)؟ بۆچی بێعه‌یب و به‌كارنه‌هاتو
بۆ جوت؟ ئه‌گه‌ر له‌م پرسیارانه بكات؛ ئه‌وا له چیرۆكه قورئانیه‌كه و ڕاڤه ئیسلامیه‌كه‌یدا
هیچ وه‌ڵامێكی ده‌ست ناكه‌وێت و وه‌كو مه‌ته‌ڵ ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام وه‌ڵامی ئه‌و
جۆره پرسیارانه سه‌باره‌ت به هه‌ردو یاسا ته‌وڕاتیه‌كه ئاشكرایه و ڕونمان كرده‌وه
كه نهێنیی ڕه‌نگه سوره‌كه چیه و نهێنیی مه‌رجی بێعه‌یبی و بێخه‌وشی چیه. هۆكاری
كێشه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه قورئان بابه‌ته بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی به‌ته‌واوی كاڵ كردوه‌ته‌وه
و له‌گه‌ڵ بابه‌تێكی تردا تێكه‌ڵی كردوه كه قوربانیی بكوژی نه‌ناسراوه، كه به‌پێی
(دوباره خوێندنه‌وه‌ی شه‌ریعه‌ت: 21: 1 ـ 9) ئه‌گه‌ر كه‌سێك كوژرا و بكوژه‌كه‌ی ئاشكرا
نه‌بو؛ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه له ئه‌ستۆی ته‌واوی گه‌له‌كه‌دا (یان له ئه‌ستۆی
ئه‌و شار و گونده‌دا كه نزیكن له شوێنی كوژراروه‌كه‌وه) نه‌مێنێت، ده‌بێت گوێره‌كه‌یه‌ك
كه جوتی پێ نه‌كرابێت، ببرێته سه‌ر چه‌مێك (كه ئه‌و شوێنه‌ش نه‌كێڵرابێت و كشت‌وكاڵی
تێدا نه‌كرابێت)، له‌وێ چه‌ند پیاوێكی ئایینی ملی گوێره‌كه‌كه بشكێنن و بڵێن (ئێمه
ئه‌م خوێنه‌مان نه‌ڕشتوه و چاومان نه‌یبینیوه)، ئیتر گوایه به‌م شێوه‌یه خواوه‌ند
له‌و خوێنه خۆش ده‌بێت. ئه‌مه سروتێكی سیحریه بۆ شۆردنه‌وه‌ی ئه‌و خوێنڕشتنه‌ی كه
كراوه. ئیتر قورئان له هه‌ردو بابه‌ته‌كه چیرۆكێكی ڕێك خستوه و مه‌به‌سته‌كه‌یشی
گۆڕیوه. به‌م شێوه‌یه ده‌قه قورئانیه‌كه چیرۆكێكی به‌رهه‌م هێناوه كه تێگه‌شتن
و لێكدانه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌كه‌ی مه‌حاڵه.. موسوڵمانانیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێ حاڵی بون
كه ئیسڕائیلیه‌كان زۆر پرسیاریان كردوه و بابه‌ته‌كه‌یان كۆڵاندوه‌ته‌وه، بۆیه
ئاوا مه‌رجه‌كانیان له‌سه‌ر قورس كراوه! (هه‌تا له هه‌ندێك شێوه‌ی چیرۆكه ئیسلامیه‌كه‌دا
وتراوه كه له كۆتاییدا به‌نو ئیسڕائیل ئه‌و مانگا ناوازه و تایبه‌ته‌یان به پڕی
پێسته‌كه‌ی خۆی زێڕ كڕیویانه!). ئه‌مه هه‌مو ئه‌و مه‌به‌ست و (وانه) و په‌نده‌یه
كه موسوڵمان له چیرۆكه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت.. ئیتر نازانێت كه قورئان چیرۆكێكی تێكه‌ڵكراوی
سه‌روگوێكراوی ده‌ستكاریكراوی موتوربه‌كراوی بۆ هێناوه.