وشتر و کونی دەرزی!

وشتر و کونی دەرزی!

سەروەر پێنجوێنی


لە قورئاندا هاتوە دەڵێت: "إِنَّ الَّذِينَ كَذَّبُوا بِآياتِنَا وَاسْتَكْبَرُوا عَنْهَا؛ لا تُفَتَّحُ لَهُمْ أَبْوَابُ السَّمَاءِ وَلا يَدْخُلُونَ الْجَنَّةَ حَتَّى يَلِجَ الْجَمَلُ فِي سَمِّ الْخِيَاطِ. وَكَذَلِكَ نَجْزِي الْمُجْرِمِينَ" (الأعراف: ). واتە: "ئەوانەی باوەڕیان بە نیشانەکانی ئێمە نەکرد و خۆیان بە گەورەتر زانی لەوە؛ دەروازەکانی ئاسمانیان بۆ ناکرێتەوە و ناچنە بەهەشتەوە هەتا وشتر دەچێت بە کونی دەرزیەوە! بەم شێوەیەش پاداشتی تاوانکاران دەدەینەوە". مەبەستیش لەم ئیدیۆمە ئەوەیە کە ئەستەم و کارێکی نەکردەیە بچنە بەهەشتەوە، وەکو چۆن ناکرێت وشتر بچێت بە کونی دەرزیەوە!
ئەم دەربڕینەی قورئان لە ڕستەیەکی ئینجیلەوە هاتوە:
لە ئینجیل (هەر سێ ئینجیلە هاوشێوەکە: مەتتای، مارکوس، لوکا) هاتوە:
"وشتر بچێت بە کونی دەرزیدا؛ ئاسانترە لەوەی دەوڵەمەند بچێتە شانشینیی خواوە" (مەتتای: ١٩: ٢٤. مارک: ١٠: ٢٥. لوکا: ١٨: ٢٥). و کاریگەریی دەقە ئینجیلیەکە و تەصەوورە مەسیحیەکە لە لایەنێکی تریشەوە بە دەقە قورئانیەکەوە دیارە: قسەکردن لە "کرانەوەی دەروازەکانی ئاسمان" و "چونە بەهەشت" پێکەوە، کە لە بیری ئایینیی مەسیحییشدا "ئاسمان" و "بەهەشت" وەکو هاوواتا وان [وەکو لە وشەی Heaven ی ئینگلیزییشدا هەستی پێ دەکرێت]. 
قسەکەی ئینجیل هەرچەند زۆر ئایدیالی "مثالي" ـە؛ بەڵام هیچ نەبێت بۆ مەبەستێکی باش وتراوە کە زەمی سەرمایەداری چاوچنۆکە (یان ڕەنگە گوزارش لە بیرکردنەوەی دنیانەویستی "زهدي" بکات کە نیشانەیەکی ئەو بیرە گنۆستیکی "عرفاني" ـەیە کە باکگراوندێکی ئایینی مەسیحیە، و ئەم دنیایە و خۆشیەکانی و سامان و داراییەکەی بە شتێکی ساختە و خراپ دەزانێت). بەڵام قورئان ئەو دێڕەی وەرگرتوە و بۆ زەمی ئەوانە بەکاری هێناوە کە باوەڕی پێ ناکەن! 
بنەڕەتی ئەم ئیدیۆمە ئەوەیە کە وشتر لەو کۆمەڵگا بیابانی و نیمچەبیابانیانەدا نمونەی شتی گەورەیە، هەتا لای عەرەب بە "گەورەترین گیاندار" ناو دەبرێت. و کونی دەرزییش لە کولتوردا نمونەی شتی بچوک و دەرچەی بچوکە. بۆیە ئیدیۆمەکە گوزارشە لە کاری ئەستەم و نەکراو. وەکو چۆن لە کوردییشدا دەوترێت: "گا بە کڵاوڕۆژنەدا هەڵ‌دەکێشن!". 
بەڵام بۆچی بەتایبەتی وشتر؟! نامۆ نیە!؟ گونجاوتر نەبو باسی شتێک بکات کە هیچ نەبێت لە شێوەدا لەو دەزوە بچێت کە دەچێت بە کونی دەرزیدا؟!
لێرەوە بیر لە لێکدانەوەی تر کراوەتەوە:
بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوەی نوێ؛ ڕەنگە هەردو دەقەکەی ئینجیل و قورئانیش بە هەڵە خوێندنەوە و لێکدانەوەیان بۆ کرابێت، و لەبریی "وشتر" ("جمل") لە ڕاستیدا باسی "گوریس" ("حبل") کرابێت.
وشە گریکیەکەی ئینجیل κάμηλος |کامیلۆس| ـە، بە واتای "وشتر" ە، و لە ڕیشەیەکی زمانە سامیەکانەوە وەرگیراوە، وەکو لە "جمل" |جەمەل| ی عەرەبی و גָּמָל |گامال| ی عیبریدا دەبینرێتەوە.
بەڵام ئەگەری هەیە وشەکە بەوردی نەقڵ نەکرابێت، و لە ڕاستیدا وشەیەکی تری گریکی بێت کە κάμιλος |کامیلۆس| ـە بە واتای "گوریس"، بەم شێوەیەش خوێندنەوە و گۆکردنەکەی وەکو خوێندنەوە و گۆکردنی گریکیی کۆینیی وشەی κάμηλος وایە بە واتای وشتر (گریکیی "کۆینی": ئەو زمانە گریکیە کۆنەیە کە لە سەردەمی هێللێنیدا زمانی خەڵک و زمانێکی نێودەوڵەتی بوە، و بۆ نمونە ئینجیلەکانی پێ نوسراوە).
کەوابێ؛ دێڕەکە ئاوای لێ دێت: "هەتا گوریس دەچێت بە کونی دەرزیدا".
ئەمەیان تا ڕادەیەک مەعقولە، یان بەلای کەمەوە؛ زیاتر لە تەصەوورەوە نزیکە، چونکە گوریس لە بابەتی دەزوە و ئەستورترە. 
لە هەمان کاتدا وشە سوریانیەکە لە دەقی وەرگێڕانی سوریانیی ئینجیل (پێشیططا) دا، و وشە عەرەبیەکەش لە دەقی قورئاندا؛ جگە لە "وشتر"، بە واتای گوریسی ئەستوری کەشتییش ڕاڤە کراون.
وشە سوریانیەکە ܓܡܠܐ |گەملا=گەملۆ|، زیاتر بە "وشتر" لێک‌دراوەتەوە، بەڵام بە گوریسی ئەستوری کەشتییش ڕاڤە کراوە، ڕەنگە بەو پێیەی لە توکی وشتر دروست کراوە.
وشەکە لە قورئاندا، "الجمل"، لە دەقە ڕەسمیەکەدا و بەپێی خوێندنەوەی زۆرینە بە |ئەل‌جەمەل| دەخوێنرێتەوە، بەڵام لای کۆمەڵێک (لەوانە: ئیبن عەبباس، عەلی، ئیبن مەسعود، ئوبەیی کوڕی کەعب، موجاهید، ئیبن یەعموڕ، شەعبی، ئیبن موحەیصین، سەعیدی کوڕی جوبەیر، عیکریمە..) بە |ئەل‌جوممەل| یش خوێنراوەتەوە، کە بەم شێوەیە وشەکە بە واتای گوریسی ئەستوری کەشتیە. لای کۆمەڵێکی تریش (لەوانە: ئیبن عەبباس لە گێڕانەوەیەکی تردا، ئیبن مەسعود، ئوبەیی کوڕی کەعب، سەعیدی کوڕی جوبەیر، حەسەنی بەصڕەیی، عیکریمە، ئەبو عەمڕ..) بە |ئەل‌جومەل| خوێندراوەتەوە، و بەم شێوەیەش بە واتای گوریس و گوریسی کەشتیە. لای کۆمەڵێکی تریش (لەوانە: ئیبن عەبباس لە گێڕانەوەیەکی تردا، ضەححاک، عاصیمی جەحدەری) بە |ئەل‌جومول| خوێنراوەتەوە، کە بەم شێوەیە دەگونجێت کۆی "جَمَل" بێت بە واتای وشتر، و بە گوریسی ئەستور و گوریسی کەشتییش لێک‌دراوەتەوە. 
لەگەڵ ئەو ئەگەرەشدا کە باسەکە لە گوریس و کونی دەرزی بێت؛ شتی تر وتراون:
وەکو ئەوەی گوایە لە ئورشەلیم دەروازەیەک هەبوە، پێی وتراوە "کونی دەرزی" (ڕەنگە بەو پێیەی شێوەی دەرکەکەی لە کونی دەرزی چوە)، ئەم دەروازە بچوکە وشتری بە بارەوە پێوە نەچوە، ئیتر ناچار باری سەر وشترەکە دانراوە و وشترەکەش لەسەر ئەژنۆیان و بە سکەخشکێ هاتوەتە ژورەوە. ئیتر گوایە وێنەی ئەم دەروازەیە بوەتە نمونەیەک و بۆ ئەو مەبەستە بەکار هێنراوە کە مرۆڤ بۆ نزیک‌بونەوە لە خوا ئەبێت کۆڵ و بارەکانی دنیا لە کۆڵ خۆی بکاتەوە و لەسەر ئەژنۆ کوڕنوش بۆ خوا ببات. ئیتر گوایە مەبەستی دەقەکەی ئینجیلیش ئەوەیە کە مرۆڤی دەوڵەمەندیش دەبێت دەست لەو هەمو تەماع و ماڵ و کۆڵی دنیایە هەڵ‌گرێت و بە ملکەچی بەرەو خوا بچێت؛ ئینجا دەگاتە شانشینیی خوا.
بەڵام ـ بێ گومان ـ دەروازەی لەو شێوەیە لە ئورشەلیم نەدۆزراوەتەوە، و ڕەنگە هەر لە لێكدانەوەی دەقەکەی ئینجلیدا ئەو بیرۆکەیە دروست بوبێت. 
لە هەمان کاتیشدا کاتێک سەرنجی دەقە یەهودیەکانی دوای دەرکەوتنی ئینجیل دەدەین، واتە ئەدەبیاتی یەهودیی حاخامی؛ دەبینین دیسان قسە لە پێوەنەچونی گیاندارێکی گەورە بە کونی دەرزیدا دەکرێت، وەکو نمونەی کاری نەکراو و چاوەڕوان‌نەکراو یاخود تەصەوورنەکراو. بۆ نمونە:
لە تەلمودی بابلیدا باسی "پێوەنەچونی فیلێک بە کونی دەرزیدا" (تەلمودی بابلی، سیدری "زێراعیم"، نەسکی "بێراخۆت"، ل. ٥٥ب) کراوە بە نمونەی کاری ئەستەم و نەکردە.
هەر لە تەلمودی بابلیدا لەسەر زمانی ڕەببانی ('شێیشێت'ی نێهەردەعا) وە هاتوە دەربارەی بیرکردنەوە و ئەنجامگیریی پێچ‌وقەمچی حاخام (=ڕەببانی) ـەکانی پومبێدیتا ("نێهەردەعا" و "پومبێدیتا" دو شارۆچکە بون لە بابیل، کۆمەڵێک حاخامی یەهودییان تێدا هەڵ‌کەوتوە کە مشت‌ومڕەکانیان لە تەلمودی بابلیدا تۆمار کراون)، دەڵێت: "تۆ خەڵکی 'پومبێدیتا'یت؟ کە لەوێ فیل دەکەن بە کونی دەرزیدا؟!"! (تەلمودی بابلی، سیدری "نێزیقین"، نەسکی "بابا مێصیا"، ل. ٣٨). لێرەدا بەوە گوزارش لە ئەنجامگیری و لێکدانەوەی پێچ‌وپەنای حاخامەکانی پومبێدیتا کراوە کە "فیل دەکەن بە کونی دەرزیدا"!
دەربڕینێکی تری هاوشێوە و کەمێک جیاواز، لە ("میدراش ڕەببا" ـ لەسەر "شیر هە'شیریم") یشدا هەیە، کە ئەمیش دەقێکی یەهودیی حاخامیە، و ڕاڤەیەکە بە ئارامی لەسەر کتێبی (شیر هە'شیریم) [="گۆرانیی گۆرانیەکان" ی سولەیمان]. دەڵێت: "زاتی پیرۆز [="القُدُّوس"] فەرموی: تۆ دەرگایەک بە ئەندازەی کونی دەرزییەک بۆ من بکەرەوە؛ من دەرگایەکت بۆ دەکەمەوە خێوەت و [وشتر؟] ی پێوە بچێت!" (شیر هە'شیریم ڕەببا: ٥: ٣). ڕەنگە مەبەست وشتر بێت بە کەژاوەیەک بەسەریەوە کە وەکو خێوەت وایە.
ئەم دەقە یەهودیە ڕەببانیانە (تەلمود، میدراش..) دوای ئینجیل هاتون (هەروەکو دەقی "کارەکانی پێتروس و ئەندراوس" ی مەسیحی کە دەقێکی ئەپۆکریفاییە، و هەمان چەمکی "وشتر و کونی دەرزی" ی تێدا هاتوە، کە ئەم دەقەش هەر دوای ئینجیلە کانۆنیەکان دەرکەوتوە). لەبەر ئەوە هێشتا ئەگەرێک دەمێنێت ئەم وێنە و ئیدیۆمانە دوای تێگەیشتنە باوەکەی دەقەکەی ئینجیل دروست بوبن، واتە لێکدانەوەی بە "پێوەنەچونی وشتر بە کونی دەرزیەوە". بۆیە هێشتا ئەگەرێک دەمێنێت چەمکەکە لە بنەڕەتی دەقەکەی ئینجیلدا دەربارەی "گوریس و کونی دەرزی" بوبێت، و بەو شێوەیەی باسمان کرد لە "گوریس" ەوە بوبێتە "وشتر"! مەگەر ڕیشە و بنچینەیەکی کۆنتر لە دەقەکەی ئینجیل ببینینەوە کە هەر لە وشتر (یان گیاندارێکی گەورەی تر) و کونی دەرزی بدوێت، ئەو کاتە بەتەواوی دڵنیا دەبین.

تێبینی:
ڕەنگە بپرسرێت و پێم بوترێت: بۆچی سەرقاڵمان دەکات بەم شتە بچوکانەوە و بە کونی دەرزیەوە؟!
وەڵام: ئەم بابەتە لە خۆیدا مەبەست نیە. مەبەست میتۆدەکەیە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم: توێژینەوەی دەقی ئایینی و شیکردنەوەی چەمکی ئایینی ـ ئەگەر بمانەوێت کارێکی زانستی بێت نەک تەنها بەرهەم‌هێنانەوەیەکی ئایینی یان ئایدیۆلۆجیایی ـ ئەم هەمو وردەکاری و بەدواداچون و گێرەوکێشەیەی دەوێت. ئیتر ئەو کارە سادەیە نیە کە زۆر کەس بەبێ کەرەستەی پێویست و میتۆدی زانستی و بە مەڵۆیەک بڕیاری پێشوەخت و بڕوای نەگۆڕەوە تێی دەکەون.