ئایا ده‌كرێت ئیسلام ریفۆرم بكرێت؟
ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی چاكسازیی ئایینی له جیهانی ئیسلامدا
ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی چاكسازیی ئایینی له جیهانی ئیسلامدا
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
له‌م قۆناغه‌ی جیهانی ئیسلامی‌دا پرسی چاكسازیی ئایینی به هێزێكی زۆره‌وه خۆی پێشنیار ده‌كات. له هه‌مان كاتدا ئه‌و پرسیاره دێته پێشه‌وه: ئایا چاكسازی له ئیسلامدا ده‌كرێت؟ ئایا ئیسلام ریفۆرم وه‌رده‌گرێت؟ ئایا چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه له ئیسلام ده‌كرێت خۆی نوێ بكاته‌وه تا له‌گه‌ڵ دنیای نوێ بگونجێت؟ ئایا زه‌مینه و بنچینه‌یه‌ك له ئیسلامدا هه‌یه كه ببێته ئایینێكی گونجاو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای نوێ و پێوه‌ره‌كانی ژیانی هاوچه‌رخ؟ ئایا كه‌شێكی وای تێدا هه‌ڵكه‌وتوه كه بوار بدات به ده‌ركه‌وتنی (مارتین لوثه‌ر) ێك كه ڕچه بشكێنێت و چاکسازی له ئیسلامدا بکات؟
به بڕوای من؛ هه‌رچه‌ند ئێسته قسه‌وباس و هه‌وڵ زۆره له‌سه‌ر (ڕیفۆرم) (إصلاح) و (نوێكردنه‌وه) (تحدیث) ی ئیسلام، به‌ڵام له واقیعدا ئیسلام ئێسته بوه‌ته كۆمه‌ڵێك بونیادی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی و ئابوری، مه‌سه‌له‌ی ئیسلام بوه‌ته مه‌سه‌له‌ی پێتڕۆڵ و په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌مێریكا به هاوپه‌یمانانیه‌وه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئه‌گه‌ر مارتین لوثه‌ری ئیسلامی‌یش بێت هیچ له مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕێت.. ئێمه پێویستیمان به گۆڕانكاریی سیاسیی گه‌وره هه‌یه. به‌گشتی هه‌تا پێتڕۆڵ و ئه‌و ڕژێمه عه‌ره‌بیه گه‌نده‌ڵ و مشه‌خۆرانه بمێنن مه‌سه‌له‌كه له‌سه‌ر ئاستی گشتی وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه. ئه‌گه‌رنا ئێسته له جیهانی ئیسلامی‌دا له هه‌مو جۆره فیكرێك و له هه‌مو ئاستێكدا بیرمه‌ند و چاكساز و نوێخواز هه‌یه، كاتێك مارتین لوثه‌ر ڕوبه‌ڕوی پاپا وه‌ستایه‌وه ته‌نها خۆی بو، به‌ڵام ئێسته له وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بیدا بیرمه‌ند و نوسه‌ر و ڕۆشنبیری وا هه‌ن كه شانشانێن له‌گه‌ڵ بیرمه‌نده ئورۆپاییهكانیشدا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده كه‌سایه‌تی و ئاڕاسته‌ی ئیسلامیی نوێخواز و میانه‌ڕه‌و هه‌یه كه ڕه‌نگه له كه‌م ئاییندا هاوشێوه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری و ده‌نگ و سه‌دای هه‌یه هه‌ر ئه‌و ئاڕاسته ته‌قلیدی و كۆنهپارێزهیه كه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ماهه‌نگ و هاوبهرژهوهندیه.
به شێوه‌یه‌كی گشتییش پێم وایه كاتێك ئایینێك ڕویه‌كی نوێ و كراوه و لێبورده وه‌رده‌گرێت ئه‌وه بونی گۆڕانكاری و نوێبونه‌وه‌یه‌ك له‌و ئایینه‌دا ناگه‌یه‌نێت به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگا له خۆیدا پێشكه‌وتوه و بیری ئایینی و هه‌مو جۆره بیرێكی كۆنی وهلاخستوه و ڕۆڵی لێ سه‌ندوه‌ته‌وه. ڕه‌نگه بڵێین ئایینی مه‌سیحی ئێسته ئایینێكی كراوه و لێبورده‌یه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئێمه به‌م قسه‌یه ئاماژه بۆ كۆمه‌ڵگای ئورۆپایی نوێ ده‌كه‌ین.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی كراوه و ته‌واو لێبورده‌ی ئیسلام له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌رهه‌م بهێنرێت؛ ئه‌وه‌نده‌ی من شاره‌زاییم له ئیسلام و ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی هه‌بێت پێم وایه ئه‌وه كارێكه نزیكه له مه‌حاڵه‌وه، چونكه به شێوه‌یه‌كی زۆر مه‌نهه‌جی و سیسته‌ماتیك ڕه‌گه‌زی ڕۆحی و ڕه‌گه‌زی مێژویی له ئیسلامدا تێكه‌ڵ كراون، به شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر نوسخه‌یه‌ك له ئیسلام به‌رهه‌م بێت كه خاڵی بكرێته‌وه له ڕه‌گه‌زه مێژوییه‌كان و به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ بیر و ژیانی مرۆڤی هاوچه‌رخدا هه‌ماهه‌نگ بكرێت ڕه‌نگه ئیتر پێی نه‌وترێت ئیسلام و ببێته ئایینێكی جیاواز یان له پێناسه‌ی ئایین ده‌ربچێت، یان هه‌روه‌كو ئایینی (بابی و به‌هایی) و (قادیانی) ده‌رده‌چێت و ته‌نها ده‌بێته لادانێك و شێواندنێكی ئیسلام. ئه‌مه‌ش لایه‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئیسلام ده‌قی بنه‌ڕه‌تی و بیروباوه‌ڕی دیاریكراو و چه‌سپاوی زۆره، كێشه‌كه‌ی له‌و ده‌ق و بیروباوه‌ڕه بنهڕهتیانهدایه نه‌ك ته‌نها هه‌ندێك دابونه‌ریت و ڕێوڕه‌سم و ڕواڵه‌ت و پله‌وپایه‌ی پیاوانی ئایینی، ئه‌و بیروباوه‌ڕه كاثۆلیكیانهی كه مارتین لوثه‌ر له كاتی خۆیدا ڕوبه‌ڕویان بوه‌وه له‌م بابه‌ته لاوه‌كیانه بون و هه‌ندێكیان ته‌مه‌نی نه‌ده‌چوه سه‌ده‌یه‌ك و هیچ ده‌قێكی بنه‌ڕه‌تییش پشتگیریی نه‌ده‌كردن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی مه‌سیحیه‌ت هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه زاده‌ی مشت‌ومڕ و كێشمه‌كێشی به‌رده‌وام بوه و به‌شێكی زۆر له ده‌ق و بنه‌ماكانی هه‌میشه مشتومڕیان له‌سه‌ر بوه و بواریان ڕه‌خساندوه بۆ بیروڕای جیاواز (بۆ نمونه هه‌میشه زیاد له یه‌ك لیستی كتێبه پیرۆزه‌كان له گۆڕێ‌دا بوه). به‌ڵام موسوڵمانی ته‌قلیدیی ئه‌م سه‌رده‌مه هه‌ر به قورئان و فه‌رموده‌ی سه‌حیح(!) ئه‌وه‌ی ئایینی گۆڕی ده‌یكوژێت، ئه‌وه‌ی بۆ جاری دوه‌م سێكسی كرد له‌ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی خێزان به‌ردبارانی ده‌كات تا گیان ده‌سپێرێت، ئه‌وه‌ی دزیی كرد ده‌ستی ده‌بڕێت، ئه‌وه‌ی مه‌سیحی یان یه‌هودی بو ده‌ری ده‌كات یان سه‌رانه‌ی لێ ده‌سه‌نێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی موسوڵمانێكی كراوه و ڕیفۆرمیست بتوانێت پێی بڵێت به‌ڵگه‌كه‌ت زه‌عیفه! یان له ئه‌سڵی دینه‌كه‌دا شتی وا نیه و بۆ خۆت دروستت كردوه!
له ڕاستیدا ئیسلام وه‌كو ئایینی یه‌هودی وایه، واته ئایینێكی شه‌ریعه‌تیه كه ناسنامه و جه‌وهه‌ری ئایینی ده‌به‌ستێته‌وه به كۆمه‌ڵێك سروت و یاسای ئایینیه‌وه و ئه‌وه ده‌كاته به‌دیلێك بۆ هه‌مو ناسنامه‌یه‌كی تر. ئه‌م جۆره ئایینانه هه‌میشه به‌ره‌و گۆشهگیربون و داخران ده‌ڕۆن، چونكه شوێنكه‌وته‌كانیان (نه‌ك ته‌نها پیاوه ئایینیه‌كانیان) ناچار ده‌كه‌ن خۆیان جیا بكه‌نه‌وه و به شێوازێكی تایبه‌تی بژین: (خۆراك) ی تایبه‌تی، (پۆشاك) ی تایبه‌تی، ڕواڵه‌ت و سه‌روسیمای تایبه‌تی، ئه‌ده‌ب و هونه‌ری تایبه‌تی، پشو و بۆنه و ئاهه‌نگی تایبه‌تی.. (وه‌كو ئیسلامیه‌كانیش بۆ خۆیان ده‌ڵێن: هه‌مو موسوڵمانێك له ئیسلامدا پیاوی ئایینیه!). ئه‌م جۆره ئایینانه له توانایاندا هه‌یه هه‌زاران ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك شێوه بمێننه‌وه و هه‌مو چاكسازییه‌كیش به هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆسه‌ر ناسنامه و جه‌وهه‌ر داده‌نێن. بۆیه كێشه‌ی ئیسلام وه‌كو مه‌سیحیه‌ت نیه و كێشه‌كه ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه‌ی ئایینی و پله‌وپایه‌ی پیاوانی ئایینی نیه.
جگه له‌وه‌ی ده‌توانم بڵێم له ئیسلامدا ڕیفۆرم كراوه و مارتین لوثه‌ر هاتوه و بڕایه‌وه. ئه‌وه‌ی موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب كردویه‌تی به ئیسلام (ی صۆفی ـ ئه‌شعه‌ری)؛ زۆرتره له‌وه‌ی لوثه‌ر كردویه‌تی به مه‌سیحیه‌ت (ی كاثۆلیكی). سه‌رنج بده:
ـ وه‌ههابیه‌كان ڕه‌وایه‌تیی ئایینی‌یان له (شه‌یخولئیسلامی ئیستانبول) و مه‌زهه‌به‌كان و داموده‌زگا ئایینیه‌كان و (مه‌لا) و (شێخ) و (حاجی) و، (سوڵتان) و (پاشا) و (والی) و (ئاغا) و (ده‌ره‌به‌گ) ـه‌كانی هاوپه‌یمانیان، سه‌نده‌وه، پرۆتیستانتیهكانیش به هه‌مان شێوه ڕه‌وایه‌تیی ئایینی‌یان له پاپای كلێسای كاثۆلیكی و داموده‌زگا و پیاوه‌كانی سه‌نده‌وه.
ـ وه‌ههابیه‌كان كۆمه‌ڵێك ده‌قی زۆریان ڕه‌ت كرده‌وه به‌و پێیه كه ده‌قی دروست (صحیح) نین و گێڕانه‌وه‌ی لاوازن و دامه‌زراوه ئایینیه ته‌قلیدیه‌كان و صۆفیه‌كان به‌كاریان ده‌هێنن بۆ خۆیان، پرۆتیستانتیهكانیش كۆمه‌ڵێك له ده‌قه‌كانی كتێبی پیرۆزی ڕه‌سمیی كلێسای كاثۆلیكییان ڕه‌ت كرده‌وه، مه‌به‌ستم ئه‌و كۆمه‌ڵه كتێبه‌یه كه پێیان ده‌وترێت (ئهپۆكریفا)، كه ئه‌مانه‌ن: (مهككابیهكانی یه‌كه‌م، مهككابیهكانی دوه‌م، تۆبیا، یه‌هودیت، حیكمه‌تی سوله‌یمان، حیكمه‌تی یه‌شوعی كوڕی سیراخ، كتێبی باروخ، مه‌زموری ١٥١، ته‌واوكه‌ری كتێبی ئێستیر، ته‌واوكه‌ری كتێبی دانیال)، ئه‌مانه له وه‌رگێڕانی گریكی (سێپتوهجینت) و لاتینی (ڤولگاته) دا هه‌بون به‌ڵام له بنه‌ڕه‌ته عیبریهكهدا نین و وه‌كو كتێبه‌كانی تری په‌یمانی كۆن ڕه‌سه‌نایه‌تییان نه‌بو، ئه‌م ده‌قه زیادانه‌ش شتی وایان تێدا بو كه كلێسای كاثۆلیكی بۆ بیروباوه‌ڕ و یاسا تایبه‌تیه‌كانی خۆی به‌كاری ده‌هێنان.. پرۆتیستانتیهكان ئه‌م كۆمه‌ڵه ده‌قه‌یان ڕه‌ت كرده‌وه و بایه‌خ و ڕه‌سه‌نایه‌تیی بنه‌ڕه‌ته عیبریهكهیان دوپات كرده‌وه، بۆیه ئێسته كتێبی پیرۆزی پرۆتیستانتی ئه‌و كۆمه‌ڵه كتێبه‌ی تێدا نیه.
ـ وه‌ههابیه‌كان دژی ده‌سه‌ڵاتی مه‌زهه‌به فیقهیه‌كان وه‌ستانه‌وه كه هه‌ر یه‌كه‌یان وه‌كو ئیسلامێكی بچوكیان لێ هاتبو و مافی ڕاڤه‌كردنی ئیسلام و یاسا ئیسلامیه‌كانیان قۆرخ كردبو، كارێكیان كردبو كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نه‌بو ڕاسته‌وخۆ له ده‌قه ئیسلامیه‌كان (قورئان و حه‌دیث) بكۆڵێته‌وه و یاسا و ڕێسای ئیسلامی‌یان لێ ده‌ربهێنێت، به‌ڵكو ده‌بوایه لاسایی مه‌زهه‌به‌كانی بكردایه‌ته‌وه و له ڕوانگه‌ی مه‌زهه‌به‌وه بۆ ئیسلام بڕوانێت.. بۆیه وه‌ههابیه‌كان بانگه‌شه‌یان كرد بۆ ڕزگاربون له ده‌سه‌ڵاتی مه‌زهه‌به فیقهیه‌كان و گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌قه‌كان (كیتاب و سوننه‌ت) و زانینی (ده‌لیل) ی یاساكان، كه ئه‌مه‌ش یانی ئیجتیهاد، چونكه ته‌قلید بریتیه له وه‌رگرتنی یاسا فیقهیه‌كان له مه‌زهه‌ب به‌بێ زانینی (ده‌لیل) واته به‌ڵگه‌ی ده‌ق. به هه‌مان شێوه پرۆتیستانتیهكانیش دژی ده‌سه‌ڵاتی كلێسای كاثۆلیكی وه‌ستانه‌وه، و قۆرخكاریهكانی ئه‌و كلێسایهیان تێك شكاند، و مرۆڤی مه‌سیحییان ئازاد كرد كه خۆی ده‌قه‌كان بخوێنێته‌وه و تێ‌یان بگات نه‌ك شوێنكه‌وته‌ی كوێرانه‌ی تێگه‌شتن و ڕاڤه‌ی پیاوانی كلێسا بێت.. هه‌روه‌ها ده‌قی كتێبی پیرۆزی مه‌سیحییان بۆ هه‌مو كه‌س و به زمانی نه‌ته‌وه‌یی خسته به‌ر ده‌ست، له كاتێكدا پێشتر كلێسای كاثۆلیكی په‌خشی ئه‌و ده‌قه‌ی قۆرخ كردبو به‌وه‌ی وه‌رگێڕانی لاتینیی ڕه‌سمی (ڤولگاته) ی پیرۆز كردبو و ئه‌م نوسخه‌یه‌ی كردبوه ستاندارد، و خه‌ڵكیش ده‌بوایه بۆ تێگه‌شتنی ئه‌م ده‌قه لاتینیه بگه‌ڕانایه‌ته‌وه بۆ پیاوانی كلێسا و ڕاڤه و تێگه‌شتنی ئه‌وان. بۆ گۆڕینی ئه‌و حاڵه‌ته لوثه‌ر كتێبی پیرۆزی لاتینیی وه‌رگێڕا بۆ ئاڵهمانی. ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌وه‌ش بده‌ین كه ئه‌وه‌ی لوثه‌ر كردویه‌تی كاتێك كتێبی پیرۆزی وه‌رگێڕاوه بۆ ئاڵهمانی، مه‌به‌ستی ئه‌وه نه‌بوه پیرۆزی ببه‌خشێت به وه‌رگێڕانه ئاڵهمانیهكهی، به‌ڵكو مه‌به‌ستی شكاندنی پیرۆزی و قۆرخكراویی ڤولگاته [وه‌گێڕانه لاتینیه ڕهسمیهكه] ی كلێسای كاثۆلیكی بو كه بڵاوكردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی قۆرخ كردبو و تایبه‌تی كردبو به پیاوانی ئایینیی كلێسای ناوبراوه‌وه كه هه‌ر ئه‌وان باش لاتینییان ده‌زانی و خه‌ڵكه‌كه له ڕێگه‌ی ڕاڤه‌ی ئه‌وانه‌وه تا ڕاده‌یه‌ك پێی ئاشنا ده‌بون، سه‌رباری دوپاتكردنه‌وه‌ی پیرۆزی و بنهڕهتبونی ده‌قه عیبریه‌كه [سه‌باره‌ت به په‌یمانی كۆن] و گریكیه‌كه [سه‌باره‌ت به په‌یمانی نوێ] و وه‌لاخستنی نێوه‌نده لاتینیه‌كه، واته هه‌وڵه‌كه‌ی لوثه‌ر بۆ به‌رهه‌مهێنانی نوسخه‌یه‌كی كتێبی پیرۆز بو بۆ خه‌ڵك و به خۆماڵیكراوی، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی بنه‌ڕه‌تی ده‌قه‌كان بگرێته‌وه، چونكه ئه‌و ده‌قه عیبری و گریكیهكانی به بنه‌ڕه‌ت ده‌زانی نه‌ك لاتینیه‌كه.
ـ هه‌روه‌ها پرۆتیستانتیهكان گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌قه بنه‌ڕه‌تیه‌كان و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه به خودی ده‌قه‌كان له‌بریی بنه‌ما و بڕیاردراوه‌كانی كلێسای كاثۆلیكی، كه ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ی پرۆتیستانتیهكان، بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ خودی ده‌قه‌كان، به دروشمی (سۆلا سكریپتورا) Sola scriptura [ده‌سته‌واژه‌یه‌كی لاتینیه به واتای: به به‌ڵگه‌ی كتێبی پیرۆز به‌ته‌نها]، ئاماژه‌ی بۆ كرا، كه چه‌مكه‌كه‌ی ئه‌وه بو: كتێبی پیرۆز به‌ته‌نها خۆی به‌سه بۆ بیروباوه‌ڕی مه‌سیحی و ڕون و ئاشكرایه بۆ خوێنه‌ر، ئیتر پێویستیی به پاشكۆ و ڕاڤه‌ی تایبه‌تیی پیاوانی كلێسا نیه، له كاتێكدا له كلێسادا بڕوا وا بو كه كتێبی پیرۆز تاكه سه‌رچاوه نیه و نوسینه‌كانی باوانی كلێسا و بڕیاره‌كانی پاپای كلێسایش به‌ڵگه‌ن و پشتیان پێ ده‌به‌سرێت. ئێمه سه‌رنج ده‌ده‌ین بانگه‌شه‌ی وه‌ههابیه‌كانیش بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ (كیتاب و سوننه‌ت) له‌گه‌ڵ دروشمی (سۆلا سكریپتورا) ی پرۆتیستانتیهكاندا هاوشێوه و هاوواتان. ریفۆرمی پرۆتیستانتی له ڕێگه‌ی ئه‌م بنه‌مایه‌وه ڕوبه‌ڕوی گه‌لێك یاسا و بڕیاردراوی سه‌لبیی كلێسای كاثۆلیكی ده‌بوه‌وه، به‌تایبه‌تی (چه‌كی لێخۆشبون) (صكوك الغفران)، كه پرۆتیستانتیهكان به گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌قه‌كان ڕه‌وایه‌تیی ئایینی‌یان بۆ نه‌ده‌هێشته‌وه، هه‌رچه‌ند كاثۆلیكیهكانیش هه‌وڵیان ده‌دا به هه‌ندێك ده‌ق له كتێبه‌كانی (ئهپۆكریفا) به‌ڵگه‌ی بۆ بهێننه‌وه، به‌ڵام پرۆتیستانتیهكان پیرۆزییان له‌م ده‌قانه‌ی (ئهپۆكریفا) سه‌نده‌وه، هه‌روه‌ها هه‌مو یاسایه‌كی داهێنراوی پیاوانی كلێسایشیان ڕه‌ت كرده‌وه به‌و پێیه كه كتێبی پیرۆز تاكه سه‌رچاوه‌یه.
هه‌رچه‌ند مه‌به‌ستم نه‌بو لێره‌دا ئه‌م بابه‌ته (به‌راوردی ڕیفۆرمی پرۆتیستانتی و ڕیفۆرمی وه‌ههابی) به‌ته‌واوی بوروژێنم چونكه زیاتری ده‌وێت ئه‌گه‌ر مافی ته‌واوی پێ بده‌م (له کتێبی "ڕیشه و بنچینه‌کانی توندوتیژیی ئایینی" یشدا که‌مێک له‌سه‌ری ڕۆشتوم).
به‌م شێوه‌یه ئه‌و ڕیفۆرمه ئایینیه‌ی که له ئۆرۆپا پرۆتیستانتیهکان کردویانه؛ له جیهانی ئیسلامی‌یش ـ به بڕوای من ـ ڕیفۆرمێکی ئایینیی هاوشێوه کراوه، به‌ڵام به‌رهه‌می ئه‌و ڕیفۆرمه ئیسلامیه هه‌ر ئه‌م بزاڤ و كۆمه‌ڵه ئیسلامیه ئوصولیانهی ئێستایه: ئاڕاسته‌ی (جه‌مالوددینی ئه‌فغانی ـ موحه‌ممه‌د عه‌بدوهـ ـ موحهممهدڕهشید ریضا)، که ئاڕاسته‌ی نوێکردنه‌وه (تحدیث) ی ئیسلامه؛ له كۆتاییدا و ورده‌ورده بیری (ئیخوان موسلیمین) ی لێ پێك هات. ئاڕاسته وهههابیهكهش، که ئاڕاسته‌ی ڕیفۆرم (إصلاح) ی ئایینیی ئیسلامه له شێوه‌ی ڕیفۆرمه پرۆتیستانتیهکه [وه‌کو پێشتر ڕاڤه‌مان کرد]؛ له كۆتاییدا بزاڤه سه‌له‌فی و جیهادیه‌كانی لێ پێك هات. به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم ئه‌مانه به‌رهه‌می ڕیفۆرمیزمی ئیسلامین! بۆیه ئیتر نۆره‌ی نوێكردنه‌وه‌ی ڕیشه‌یی چه‌مكه‌كانی (خوا) و (مرۆڤ) و (چاكه) و (خراپه) و (ڕه‌وشت) ـه، له‌گه‌ڵ توێژینه‌وه‌ی زانستی له چه‌مك و ده‌قه ئایینیه‌كان بۆ دروستكردنی هۆشیارییه‌كی زانستی به‌رامبه‌ریان. بڕوام وایه كاتی چاكسازی و ڕیفۆرم به‌سه‌رچوه و كاتی ڕه‌خنه‌ی ڕیشه‌یی و تێپه‌ڕاندن و سه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته له دامه‌زراوه‌ی ئایینی و به‌عه‌لمانیكردنی داموده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و سیاسیه‌كانه.
هه‌روه‌ها ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌وه‌ش بده‌ین كه ڕیفۆرمی ئایینی كاری پیاوانی ئایینیه ئه‌وانه‌ی كه‌سێتیی ئایینی‌یان هه‌یه و قسه‌یان بیستراوه له كۆمه‌ڵگادا، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه كاری ڕۆشنبیر و نوسه‌ری سه‌ربه‌خۆ و عه‌لمانی نیه، چونكه ڕیفۆرمی ئایینی له خۆیدا به‌رهه‌مهێنانی شێوه‌یه‌كی نوێی ئایینه كه هه‌ر له پیاوانی ئایینی دێت و كاری خۆیانه. بۆیه پێم وایه ئه‌و (ڕیفۆرمی ئایینی) ـه‌ی هه‌ندێك نوسه‌ری گه‌نج و سه‌ربه‌خۆ كه هیچ سیفه‌تێكی ئایینی‌یان نیه سه‌رقاڵی باسوخواسی ده‌بن و ئیددیعای ده‌كه‌ن زیاتر (وههم) ێكه و فرمانی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و نوسه‌رانه ده‌بێت ڕه‌خنه‌ی زانستی و ڕیشه‌یی چه‌مك و بنه‌ما ئایینیه‌كان و نوسینه‌وه‌ی مێژوی ئایین و گروپه ئایینیه‌كان بێت به میتۆدێكی زانستی به‌بێ هه‌وڵدان بۆ نوێكردنه‌وه و گونجاندن و پینه‌وپه‌ڕۆ.
بۆیه ده‌ڵێم بۆ ڕیفۆرمی ئایینیی ڕاسته‌قینه له ئیسلامدا ده‌بێت له ناو خودی پێشه‌وایه‌تیی ئیسلامی و چینی پیاوانی ئایینی و بیرمه‌ند و ڕۆشنبیره ئایینیه‌كانی جیهانی ئیسلامدا، كه‌سانێكی وا ههڵبكهون كه چاكسازیی ڕیشه‌یی له خودی بیروباوه‌ڕ و یاسادانانی ئیسلامی‌دا بكه‌ن و به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان دان بنێن به‌و ڕاستیه‌دا كه زۆرێك له بیروباوه‌ڕ و یاسا ئیسلامیه‌كان په‌یوه‌ستن به قۆناغبه‌ندیی كو‌لتور و كۆمه‌ڵگاوه و ئه‌و ئیسلامه ته‌قلیدیه‌ی كه هه‌یه زاده‌ی ئه‌زمونێكی ڕۆحی و فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌ده‌ی حه‌وت و هه‌شتی زایینی و دواتری كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته و بۆ ئێسته مرۆڤی موسوڵمان ده‌توانێت له‌ژێر سایه‌ی بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی‌دا فیكرێكی هاوچه‌رخ و ڕژێمێكی یاسادانانی هاوچه‌رخ دامه‌زرێنێت، به شێوه‌یه‌ك دوانه‌كه‌وێت له ده‌ستكه‌وته مه‌عریفیه‌كانی مرۆڤی هاوچه‌رخ و به شێوه‌یه‌كیش یاسای كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوری... دابڕێژێت كه مافه‌كانی مرۆڤ دابین بكات و مرۆڤ له سایه‌یدا بتوانێت وه‌كو مرۆڤێكی هاوچه‌رخ بژی. بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی عهمهلیبونی ئه‌م فیكره چاكسازیه ده‌بێت هه‌ر له‌ناو بیرمه‌ند و ڕۆشنبیره ئایینیه‌كاندا ئه‌و بڕوایه بچه‌سپێت كه ئه‌وه‌ی له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا هاتوه (له قورئان و فه‌رموده) ته‌نها ئه‌زمونێكی یه‌كه‌می ئیسلام پێشان ده‌دات و گیانه ئیسلامیه‌كه ده‌توانێت له‌م سه‌رده‌مه‌یشدا ئه‌زمونێكی ته‌واو نوێی هه‌بێت كه ته‌نها له هێڵه گشتیه‌كاندا له‌گه‌ڵ ئه‌زمونی یه‌كه‌مدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه. بۆ نمونه دان بنرێت به‌و ڕاستیه‌دا كه به‌شێكی زۆر یان زۆربه‌ی ئه‌و بیرۆكه میتافیزیایی و گه‌ردونی و مێژویی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی له قورئان و ده‌قه ئیسلامیه‌كانی تردا هاتون كولتوری مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌رهه‌می هێناون و داخوازیی كردون، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی كه زۆربه‌ی به‌نده‌كانی یاسادانانی ئیسلامی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕژێمی كۆمه‌ڵایه‌تی و بونیاده‌كانی چینایه‌تیی ئابوری و جێنده‌ر... له كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامدا. به شێوه‌یه‌ك له بیری ئیسلامیی نوێ‌دا ئه‌وه‌ی بایه‌خ و گرنگیی ته‌واوی هه‌بێت ته‌نها كۆمه‌ڵێك ئامانج و مه‌به‌ست بن كه به ئامانجه ههرهباڵاكانی ئیسلام دابنرێن، و بریتی بن له باوه‌ڕ به خوا و لێپرسراوێتیی تاكه‌كه‌سی و دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی و پاراستنی گیان و سامان و ڕێزی مرۆڤ، ئیتر چه‌مك و ورده‌كاریه‌كانی تر به‌پێی قۆناغی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گۆڕێن و به‌ره‌و پێش ده‌چن. كاتێك پێشه‌وایه‌تیی ئیسلامی توانی بگاته ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه ده‌توانێت ئیسلام ڕیفۆرم بكات و ئیسلام له‌و ئاسته‌نگ و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌ی ئێستا تێی كه‌وتوه ڕزگار بكات. به‌ڵام ئایا له هه‌مو جیهانی ئیسلامی‌دا كه‌سێك كه سیفه‌تی ئایینیی هه‌بێت و خۆی به كه‌سێتییه‌كی ئایینی بزانێت ده‌گاته ئه‌و بڕوا و ئاماده‌ییه؟! یان ده‌توانێت بانگه‌شه‌ی بۆ بكات و ڕای بگه‌یه‌نێت؟ یان ڕه‌شه‌خه‌ڵك شوێنی بكه‌ون و لێی ڕانه‌په‌ڕن؟ له‌مه‌دا گومانێكی زۆر هه‌یه و ئاسۆیه‌كی زۆر لێڵ ده‌بینین. ده‌بێت ئاماژه بۆ هه‌وڵه‌كانی هه‌ندێك كه‌سێتیی ئیسلامیی وه‌كو (حه‌سه‌ن تورابی) و، (جه‌مال به‌ننا) ی برای حه‌سه‌ن به‌ننا و، (جه‌وده‌ت سه‌عید) و، (ئه‌حمه‌د صوبحی مه‌نصور) و، كه‌سانێكی تر بكه‌ین. به‌ڵام گومان هه‌یه له‌وه‌ی ئه‌م هه‌وڵانه به ئاكام بگه‌ن، چونكه له‌لایه‌كه‌وه ئه‌مانه هه‌وڵی تاكه‌كه‌سین و خه‌ڵكێكی كه‌م نه‌بێت هاوكاریان نیه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م نوسه‌ر و بیرمه‌ندانه سیفه‌تی ئایینی‌یان كه‌مه و چاوه‌ڕوان ناكرێت خه‌ڵك به‌گشتی متمانه‌یان پێ بكه‌ن و شوێنیان بكه‌ون وه‌كو چۆن شوێن پیاوانی ئایینی ده‌كه‌ون، هه‌تاكو خۆیشیان هه‌ندێك جار ده‌ڵێن كه ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن بیروڕای خۆیانه و فه‌توا نیه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه پیاوی ئایینی نین و پله‌وپایه‌ی ئایینیی ته‌قلیدییان نیه. لێره‌وه ده‌چینه‌وه بۆ ئه‌و پرسیاره‌ی كه بۆچی پیاوانی ئایینی ئه‌ركی ڕیفۆرم و چاكسازیی ئایینی ناگرنه ئه‌ستۆ؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی ئاشكرایه كه پیاوانی ئایینی به‌پێی دڵی ڕه‌شه‌خه‌ڵك ده‌جوڵێنه‌وه و خۆیشیان له ئاستی مه‌عریفیدا ده‌كرێت هه‌ر به ڕه‌شه‌خه‌ڵك پۆلێن بكرێن. پیاوی ئایینی ئه‌وه‌نده‌ی بیری له‌لای پله‌وپایه‌كه‌ی و خۆشه‌ویستیی جه‌ماوه‌ره سادهلۆحهكهی و نانوبژێویهكهیهتی هه‌رگیز له‌بیری چاكسازی و به‌ده‌مه‌وه‌چونی پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگای نوێ‌دا نیه، به‌ڵكو هه‌وڵیش ده‌دات كۆمه‌ڵگا له‌و بارودۆخه‌ی ڕابردودا بمێنێته‌وه و دژایه‌تیی هه‌مو كرانه‌وه و تازه‌گه‌رییه‌كیش ده‌كات. لێره‌وه دیاره ڕیفۆرمی ئایینی كه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ركی پیاوانی ئایینیه له ڕاستیدا هه‌ر پیاوانی ئایینی خۆیان ڕێگرن له‌به‌رده‌م ئه‌و ڕیفۆرمه‌دا.
ده‌مه‌وێت ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌م كه ئێسته كۆمه‌ڵێك موسوڵمان هه‌ن پێیان ده‌وترێت (قورئانیه‌كان) (وه‌كو د. ئه‌حمه‌د صوبحی مه‌نصور و هاوكارانی له سه‌نته‌ری "أهل القرآ‌ن")، كه ته‌نها باوه‌ڕیان به قورئان هه‌یه و ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت سوننه‌ت و فه‌رموده ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه و ته‌نها پشت ده‌به‌ستن به ده‌قی قورئان و به‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی زۆر له كۆڵ ئیسلام و فیقهی ئیسلامی و بیروباوه‌ڕی ئیسلامی ده‌كه‌نه‌وه.. به‌ڵام له لایه‌كه‌وه ئه‌وانه ئه‌وه‌نده كه‌من كه كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان نیه (ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ئینته‌رنێت نه‌بوایه؛ ده‌نگیان به خه‌ڵك نه‌گه‌شتایه!) و له لایه‌كی تریشه‌وه توشی زۆر كێشه و سه‌رگه‌ردانی ده‌بن له ڕاڤه‌ی قورئان و بیروباوه‌ڕی ئیسلامی‌دا و بۆ ئه‌وه‌ی پشت نه‌به‌ستن به فه‌رموده لێكدانه‌وه‌ی سه‌یر سه‌یر بۆ قورئان دروست ده‌كه‌ن كه زیاتر بێمتمانه‌یان ده‌كات (هه‌رچه‌ند ڕه‌نگه ئه‌مه حاڵه‌تێكی كاتی بێت و ته‌نها نیشانه‌ی ئه‌وه بێت كه له قۆناغێكی سه‌ره‌تاییدان و جارێ میتۆد و گوتاری خۆیان به‌ته‌واوی گه‌ڵاڵه نه‌كردوه.. هه‌روه‌كو قۆناغی سه‌ره‌تایی موعته‌زیله)، جگه له‌وه‌ی ده‌ستگرتنیان به قورئانه‌وه وه‌كو دوا سه‌نگه‌رێك كه به‌جێی ناهێڵن؛ دیسان كێشه دروست ده‌كات، چونكه ئه‌وه‌ی ئێمه داوای ده‌كه‌ین بریتی نیه له به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌قێکی وه‌کو (قورئان) بۆ سه‌روی ڕه‌خنه و ئینجا پشتگوێخستنی ده‌قێكی تر /و كوێركردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی تر/ ی وه‌کو (سوننه‌ت)، به‌ڵكو بریتیه له توێژینه‌وه‌ی هه‌مو ده‌قه‌كان له‌ژێر ڕۆشنایی هۆشیاریی زانستی و میتۆدی زانستیی نوێ‌دا.
له كۆتاییدا ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین ئه‌وه نیه چاكسازی له ئاییندا بكرێت و نوێكردنه‌وه و گونجاندن و پاساو و پینه‌وپه‌ڕۆی بۆ بكرێت، چونكه ئه‌وه ته‌نها له ته‌مه‌نی درێژ ده‌كاته‌وه و له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا گوڕێكی نوێی پێ ده‌به‌خشێت.. دواتریش ڕه‌نگه له شوێن و كاتێكی تردا هه‌مان كێشه و ئاڵۆزی دروست بكاته‌وه و پرۆسه‌كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ خاڵی سفر. جگه له‌وه‌ی ئه‌و نوێكردنه‌وه‌یه ئازایه‌تیی خودی ئه‌و ئایینه‌ی تێدا نیه، به‌ڵكو ئه‌وه مرۆڤه كه پێش ده‌كه‌وێت و ئایینهكهیشی به‌ره‌و پێش ده‌بات.. سه‌رباری ئه‌وه‌ی له لایه‌نی زانستی و مه‌عریفیه‌وه بیری چاكسازی و نوێكردنه‌وه كاری نیوه‌ناچڵ و نیوهچارهسهره و ناگاته ئاستی میتۆدی توێژینه‌وه‌ی زانستی. ئه‌و میتۆده‌ی كه من له‌سه‌ری ده‌ڕۆم بریتیه له توێژینه‌وه‌ی چه‌مك و ده‌قه ئایینیه‌كان به ناونیشانی ئه‌وه‌ی له كولتورێكی ڕابردوه‌وه هاتون و وه‌كو ئاركیۆلۆجیایهك لێی ده‌كۆڵمه‌وه، چونكه (كۆمه‌ڵگاكانی ڕابردو) شوێنكاتی ڕاسته‌قینه‌ی ئایینه‌كانن. ئێسته‌ش باوه‌ڕم به‌و دابه‌شكردنه‌ی (ئۆگه‌ست كۆنت) هه‌یه بۆ قۆناغه‌كانی مه‌عریفه‌ی مرۆڤ (بیری ئایینی ـ میتافیزیكا ـ بیری زانستی)، بۆیه پێم وایه فه‌لسه‌فه (میتافیزیكا) یش چه‌رخی زێڕینی به‌سه‌ر چوه نه‌ك ته‌نها بیری ئایینی. له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه لایه‌نگری (ڕه‌خنه) ین نه‌ك (ڕیفۆرم).