زنجیره‌ی تێكه‌ڵكردنه‌كانی قورئان
كێ گوێره‌كه‌ی ئاڵتونیی دروست كردوه: سامیری یان هاڕون یان یه‌رۆبعام یان كه‌سێكی سامیری؟
كێ گوێره‌كه‌ی ئاڵتونیی دروست كردوه: سامیری یان هاڕون یان یه‌رۆبعام یان كه‌سێكی سامیری؟
به‌شێکه له کتێبی "چیرۆکه قورئانیهکان"
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
كێشه‌یه‌كی چیرۆكه قورئانیه‌كان ئه‌وه‌یه كه زۆر جار ده‌قه قورئانیه‌كه گۆڕانكاری له چیرۆكه ته‌وڕاتی و ئینجیلیه‌كاندا ده‌كات و تێكه‌ڵیان ده‌كات، به‌مه‌ش چیرۆكێكی ده‌ستكرد و ده‌ستكاریكراو پێك دێت كه زۆر ئه‌سته‌مه بتوانین ئه‌نجامێكی كولتورییشی لێ به ده‌ست بهێنین چ جای مێژویی، واته جگه له‌وه‌ی له مێژودا شوێنه‌واری نابێت ؛ مانا و مه‌غزای زیهنی و کولتوریشی نامێنێت ، چونکه هه‌مو چیرۆکێک به شێوازی ڕه‌سه‌نی خۆی مانای خۆی ده‌به‌خشێت و که شێوێنرا تێک ده‌چێت و مانای خۆیشی نادات به‌ده‌سته‌وه..
له قورئاندا دروستكردنی گوێره‌كه ئاڵتونیه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی
ئیسڕائیلیه‌كان بیپه‌رستن دوای ده‌رچونیان له میسر به سه‌ركردایه‌تیی مو‌سا، ده‌درێته
پاڵ كه‌سێك به ناوی (سامیری) (السامِريّ) و به‌م پێیه ده‌بێت هاوچه‌رخی مو‌سا و
هاڕون بوبێت (طه: ٨٥ - ٩٧).
"لهخشتهچون به په‌رستنی گوێره‌كه‌ی ئاڵتونی"
نیگاری نیگاركێشی فڕه‌نسایی (نیكۆلا پووسا) Nicolas Poussin
ساڵی ١٦٣٤
نیگاری نیگاركێشی فڕه‌نسایی (نیكۆلا پووسا) Nicolas Poussin
ساڵی ١٦٣٤
سێ ئه‌گه‌ر هه‌یه بۆ ڕه‌گوڕیشه‌ی ئه‌م چیرۆكه قورئانیه
و ئه‌م شێوازی گێڕانه‌وه‌یه و كه‌سێتیی (سامیری) یه‌ك كه هاوچه‌رخی مو‌سا و هاڕون
بێت، با سه‌رنجی هه‌ر سێكیان بده‌ین:
١. تێكه‌ڵكردنی دو چیرۆكی ته‌وڕاتیه: یه‌كه‌میان چیرۆكی
دروستكردنی گوێره‌كه‌ی ئاڵتونی له‌لایه‌ن هاڕونه‌وه (كۆڕه‌و: ٣٢: ١ - ٦)، دوه‌میان
چیرۆكی دروستكردن و دانانی دو گوێره‌كه‌ی ئاڵتونی له‌لایه‌ن (یه‌رۆبعام) (٩١٢ پ. ز.
) ی پاشای شانشینیی باكور (ئیسڕائیل) ـه‌وه، كه یهكێكیانی له (بیت إیل) دانا و
ئه‌وی تریش له (دان) بۆ ئه‌وه‌ی ئیسڕائیلیه‌كان له په‌رستگای ئورشه‌لیم و
شانشینیی باشور (یه‌هودا) و (رهحهبعام) ی پاشای، دور بخاته‌وه (پاشایانی یه‌كه‌م:
١٢: ٢٨ - ٣٣. پاشایانی دوه‌م: ١٧: ١٦)، بێ گومان ئه‌م گوێرهكهیه شێوه‌یه‌كی
خواوه‌ند (به‌عل) ی كهنعانیه كه ئیسڕائیلیه‌كانیش وه‌كو به‌شێك له كۆمه‌ڵگای
سوریایی - كه‌نعانی په‌رستویانه، و له‌گه‌ڵ خواوه‌ند (یهواهـ) دا به‌رامبه‌ریان
كردوه و خواوه‌ند یهواهیشیان له شێوه‌ی گوێرهكهیهكدا نواندوه. ئینجا پایته‌ختی
(یه‌رۆبعام) شاری (سامیره) (شۆمرۆن שֹׁמְרוֹן ـ ی عیبری) بو، بۆیه (سامیری) یه‌ك كه
گوێره‌كه‌ی ئاڵتونیی دروست كردبێت ده‌بێته ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌م یهرۆبعامه. به‌تایبه‌تی
كه دواتر كتێبی (هۆشهع) گوێره‌كه ئاڵتونیه‌كه به‌و هۆیه‌وه به (گوێره‌كه‌كه‌ی
سامیره - عِجِل شۆمرۆن עֵגֶל
שֹׁמְרוֹן) ناوزه‌د ده‌كات: (هۆشهع: ٨: ٥، ٦). بێ گومان
نه چیرۆكه ته‌وڕاتیه‌كه ده‌رباره‌ی هاڕون بنچینه‌ی مێژویی هه‌یه نه چیرۆكه
قورئانیه‌كه ده‌رباره‌ی سامیری، چونكه چیرۆكه ته‌وڕاتیه‌كه كه دروستكردنی
گوێره‌كه‌ی ئاڵتونی ده‌داته پاڵ هاڕون ئه‌مه - وه‌كو زانایانی ڕه‌خنه‌سازیی ته‌وڕات
ده‌ڵێن - ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ترادیسیۆنی په‌یوه‌ست به پیاوانی ئایینی (كَهَنة) و
هاڕونیش باوكی هه‌مو كاهینه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسڕائیله، بۆیه نوسه‌ری ئه‌و ده‌قه
ویستویه‌تی جۆره پێشهنگییهك بداته هاڕون به‌و پێیه كه هاڕون هه‌ر له‌و كاته‌وه
له هه‌وڵی ڕێكخستنی كاروباری په‌رستشدا بوه. بۆیه ده‌قه قورئانیه‌كه چاكی
كردوه كه ئه‌و كاره‌ی نه‌داوه‌ته پاڵ هاڕون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نامێژوییه له
چیرۆكه قورئانیه‌كه‌دا ئه‌وه‌یه كه بابه‌ته‌كه ده‌داته پاڵ (سامیری) ناوێك كه
ئه‌و كاته (سه‌رده‌می مو‌سا) هێشتا شاری سامیره دروست نه‌كراوه (كه ده‌وروبه‌ری
٨٧٠ پ. ز. دروست كراوه) و كه‌سیش نه‌بوه پێی بوترێت سامیری (ده‌وترێت كه
ئه‌م نازناوه له ٧٢٢ پ. ز. ـه‌وه به‌كار هاتوه). ئه‌وه‌ی له‌م نێوانه‌دا
مێژوییه (یان ده‌گونجێت مێژویی بێت) ته‌نها ئه‌وه‌یه كه یه‌رۆبعامی سامیری
گوێره‌كه‌ی ئاڵتونیی دروست كردوه به زیاتر له چوار سه‌ده دوای مو‌سا!
٢. بیروڕایه‌كی تر هه‌یه ده‌رباره‌ی وشه‌ی (السامريّ)،
ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌م چیرۆكه پێشتر له ئه‌ده‌بیاتی میدراشی یه‌هودیدا ده‌ركه‌وتوه
و دواتریش له میدراشێكی گه‌شه‌كردوی وه‌كو (فیرقای ڕابی ئێلیعه‌زه‌ر) دا
داڕێژراوه‌ته‌وه. نوسینی ئه‌م میدراشه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی
٨ ز. و پاش ڕوخانی خیلافه‌تی ئومه‌وی و پێش چه‌سپانی خیلافه‌تی عه‌بباسی، بۆیه هه‌تاكو
ناوی "فاطیمه" و "عائیشه" ی تێدایه، و كاریگه‌ریی چیرۆكه
ئیسلامیه‌كانی تێدایه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی ڕاسته‌وخۆی ده‌قه‌كه له خۆیدا ئه‌ده‌بیاتی
ته‌لمودی و میدراشیی كۆنتر و ههگگادای ده‌ماوده‌می یه‌هودیه(١).. جا چیرۆكه‌كه
له بنه‌ڕه‌تدا كه‌سێتیی (سه‌مائێل) Samael یاخود (سهممائێل) Sammael ی
تێدایه كه ناوی (فریشته‌ی مردن) ی یه‌هودیه و له هه‌مان كاتیش‌دا كه‌سێتییه‌كی شه‌یتانیه
و به‌ڵكو باوه‌ڕ وا بوه كه گه‌وره‌ی شه‌یتانه‌كانه (ئه‌م كه‌سێتیه و ناوه‌كه‌شی
له ناوی خواوه‌ندێكی سوریایی كۆنه‌وه هاتوه به شێوه‌ی شێمال Shemal كه وشه‌كه یانی "چه‌پ" وه‌كو وشه‌ی "شِمال"
ی عه‌ره‌بی)(٢). جا به‌پێی میدراشی ناوبراو و له‌سه‌ر زمانی (رابی یه‌هودا) له‌و
كاته‌دا كه گوێره‌كه‌كه دروست كراوه سه‌مائێل چوه‌ته ناویه‌وه و وه‌كو گوێره‌كه
بۆڕاندویه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی وا بزانرێت زیندوه و به‌نو ئیسڕائیل زیاتر گومڕا ببن (فیرقای
ڕابی ئێلیعه‌زه‌ر: ٤٥).. بۆیه له قورئاندا ده‌ڵێت ئه‌و گوێرهكهیه بۆڕاندویه‌تی
(واتخذ قومُ موسی من بعده من حُلیّهم عجلا جسدا له خُوار) (الأعراف: ١٤٨)، كه ئه‌م
ڕه‌گه‌زه له ده‌قه ته‌وڕاتیه‌كه‌دا نیه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چیرۆكه میدراشیهكه،
جگه له‌وه‌ی به‌پێی ئه‌م بیروڕایه وشه‌ی (سه‌مائێل) بوه به (سامری) و به‌و
شێوه‌یه له ده‌قه قورئانیه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتوه. ئه‌م بیروڕایه‌یان هه‌رچه‌ند به‌ڕواڵه‌ت
دوره به‌ڵام - به بڕوای ئه‌وانه‌ی داكۆكیی لێ ده‌كه‌ن: ئه‌براهام گایگه‌ر Abraham Geiger به نمونه(٣) ـ له
بیروڕاكانی تر به‌هێزتره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی له ده‌قه‌كاندا هه‌یه: له
هه‌ردو ده‌قه یه‌هودی و ئیسلامیه‌كه‌دا ئه‌و كه‌سه‌ی كه لێپرسراوه له (گومڕاكردن)
ی خێڵه‌كانی ئیسڕائیل ئه‌م كهسێتیهیه واته (سه‌مائێل) یاخود (سامیری)، ئینجا
بونی ئه‌م وشه‌یه (واته سه‌مائێل) له چیرۆكه میدراشیهكهدا، ناكرێت چاوی لێ
بپۆشرێت یان به‌ئاسانی ون ببێت و له چیرۆكه قورئانیه‌كه‌دا شوێنه‌واری نه‌بێت.. ئینجا
له به‌رامبه‌ردا له چیرۆكه یه‌هودی - میدراشیهكهشدا كه‌سێتیی یه‌رۆبعامی
سامیری هیچ شوێنه‌وارێكی نیه.
به‌ڵام ئه‌م به‌راورده له‌نێوان (سه‌مائێل) و (سامیری)،
به ڕای من، سه‌ر ناگرێت، چونكه پاشماوه‌ی كه‌سێتیی (سه‌مائێل) له چیرۆكه
ئیسلامیه‌كه‌دا بریتیه له كه‌سێتیی (شه‌یتان) كه به‌پێی چیرۆكه ئیسلامیه‌كه
ڕۆڵی هه‌بوه له خه‌ڵه‌تاندنی ئیسڕائیلیه‌كاندا به‌و گوێره‌كه ئاڵتونیه. كه‌سێتیی
(سه‌مائێل) یش له كه‌له‌پوری یه‌هودیدا له لایه‌كیه‌وه هه‌مان كه‌سێتیی (شه‌یتان)
ـه، له لایه‌كی تریشه‌وه فریشته‌ی مردنه. دوریشه وشه‌ی (سهمایل) بگۆڕێت و
ببێته (السامري)، ئه‌گه‌ر وشه‌ی (سه‌مائێل) סכָאֵל ببێته عه‌ره‌بی ده‌وترێت
(سهمائیل) (سَمائیل) نه‌ك (سامریّ) كه (یاء) ی (نیسبه‌ت) یشی پێوه‌یه. ئه‌گه‌ر
وشه‌ی (سه‌مائێل) له قورئاندا بهاتایه؛ چاوه‌ڕوان ده‌كرا به شێوه‌ی (سمىل) له
موصحه‌فدا بنوسرێت و به (سَمائیل) بخوێنرێته‌وه، وه‌كو چۆن (میكائێل) [میخائێل מִיכָאֵל ی عیبری] به (مىکىل) نوسراوه و به (میكائیل) ده‌خوێنرێته‌وه.
٣. ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه چیرۆكه‌كه و ناوی (سامیری) تێكه‌ڵكردنی
چیرۆكی دروستكردنی گوێره‌كه‌ی ئاڵتونی بێت له‌گه‌ڵ باسی (سامیریه‌كان)، مه‌به‌ست
له (سامیری) یش كه‌سێكه كه سه‌ر به گروپی ئایینیی نیمچهیههودیی (سامیریه‌كان)
بێت كه له دانیشتوانی شاری (سامیره) بون و له جوله‌كه جیابونه‌ته‌وه و باوه‌ڕیان
ته‌نها به پێنج كتێبه‌كه‌ی ته‌وڕات هه‌یه و پایته‌ختی ئایینی‌یان شاری (شكیم) ـه
به‌تایبه‌تی شاخی (جێرزیم) وه‌كو برێتییهك بۆ (صیهیۆن).. ئه‌و كاته دیاره
چیرۆكه‌كه پشتی به‌ستوه به داڕشتنه‌وه‌یه‌كی دره‌نگی چیرۆكه‌كه، كه له‌و
داڕشتنه‌وه‌یه‌دا له بریی (هاڕون) كه‌سێكی سامیری تۆمه‌تبار كراوه به
دروستكردنی گوێره‌كه‌كه، به‌كارهێنانی كه‌سێتیی (سامیری) یش بۆ ڕۆڵی خراپ
شێوازێكی باوه له نوسینه یه‌هودیه‌كاندا، هه‌ر له سه‌رده‌می (یه‌شوعی كوڕی
سیراخ) ـه‌وه هه‌تاكو نوسه‌ره‌كانی ته‌لمود، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ڕق و
بێزهی جوله‌كه هه‌یانه له سامیریه‌كان، كه ته‌لمودی ئورشه‌لیمی وه‌كو بتپه‌رست
و خراپتریش باسیان ده‌كات (تهعانیت، ٦٦ب)، جگه له‌وه‌ی ته‌لمودی ئورشه‌لیمی په‌رستشی
گیاندا‌رێك و ڕشتنی خوێنه‌كه‌ی له‌سه‌ر چیای (جێرزیم) ده‌داته پاڵیان (ته‌لمودی
ئورشه‌لیمی، عابوده زاراهـ، لا. ٤٤ب. حولین، لا. ٦أ)، هه‌رچه‌ند ده‌وترێت كه ئه‌و
گیانداره كۆتر بوه نه‌ك گوێره‌كه. بێ گومان ئه‌و كاته‌ش چیرۆكه قورئانیه‌كه
هه‌ر نامێژوییه، چونكه سه‌ره‌تای دروستبون (جیابونه‌وه) ی سامیریه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ ده‌وروبه‌ری (٤٤٥ پ. ز. ) ئه‌مه‌ش واته سه‌ده‌ی (٥ پ. ز. )، كه‌واته به
زیاتر له هه‌شت سه‌ده دوای مو‌سا هاتونه‌ته كایه، ئیتر ناگونجێت له سه‌رده‌می
موسادا یه‌كێكیان گوێره‌كه‌ی ئاڵتونیی دروست كردبێت!
بێ گومان هه‌ر ئه‌م سێ ئه‌گه‌ره هه‌یه ده‌رباره‌ی
بنچینه‌ی چیرۆكه قورئانیه‌كه، چونكه هه‌رزو ده‌بێت ده‌ست بشۆین له ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی
كه‌سێك كه (سامیری) وه‌سف بكرێت له سه‌رده‌می مو‌سا و هاڕوندا هه‌بوبێت، چونكه
ڕونمان كرده‌وه كه هێشتا ئه‌و كاته نه شاری (سامیره) هه‌بوه نه گروپی یه‌هودیی
(سامیریه‌كان) هه‌بون.. بۆیه هه‌ر ئه‌و سێ ئه‌گه‌ره ده‌مێننه‌وه، دوای خستنه‌ڕوی
ئه‌م سێ ئه‌گه‌ره‌ش لێره‌دا ئه‌گه‌ری به‌هێزتر هه‌ڵ ده‌بژێرم:
بیروڕای دوه‌م كه هه‌وڵ ده‌دات ناوی (سامیری) بگێڕێته‌وه
بۆ ناوی (سه‌مائێل)؛ ئه‌وه ڕونم كرده‌وه كه لاوازه و ناكرێت (سه‌مائێل) ببێته
(سامیری)، به‌تایبه‌تی كه به‌ڕونی دیاره (السامري) دراوه‌ته پاڵ (السامرة) و (یاء)
ی نیسبه‌تی پێوه‌یه، و كه‌سێتیی (سه‌مائێل) یش له چیرۆكه قورئانیه‌كه‌دا
پاشماوه‌ی خۆی هه‌یه كه كه‌سێتیی شه‌یتانه و پێویست ناكات (السامري) به
پاشماوه‌ی باسی (سه‌مائێل) دابنێین.. كه‌سێتیی (سه‌مائێل) كه له بیروڕای دوه‌مدا
باس كراوه كاریگه‌رییه‌كی لاوه‌كیی له چیرۆكه قورئانیه‌كه‌دا هه‌یه و نابێته
بنچینه‌ی كه‌سێتیی (سامیری).
ده‌مێنێته‌وه ئه‌گه‌ری یه‌كه‌م و سێیه‌م:
ناكرێت خۆمان له‌وه بێ‌ئاگا بكه‌ین كه گوێره‌كه
ئاڵتونیه‌كه پێشتر به (گوێره‌كه‌كه‌ی سامیره) ناوبراوه ـ وه‌كو باسمان كرد،
بۆیه بنه‌ڕه‌تی هه‌مو دهنگوباسهكه هه‌ر كاره‌كه‌ی (یه‌ڕۆبعام) ی ناو براوه
كه ئه‌و گوێره‌كه‌ی ئاڵتونیی دروست كردوه، و دو‌ریش نیه هه‌ر ئه‌م دهنگوباسهی
یه‌ڕۆبعام بنه‌ڕه‌تی دهنگوباسی دروستكردنی گوێره‌كه‌ی ئاڵتونی له‌لایه‌ن (هاڕون)
یشه‌وه بێت، واته دوای ئه‌وه‌ی یه‌ڕۆبعام ئه‌و كاره‌ی كردوه ئینجا ده‌قه
عیبریه‌كه نوسراوه و هه‌مان كار بۆ (هاڕون) یش باس كراوه، به‌م پێیه له سه‌رده‌می
گریمانه‌كراوی هاڕون و موسادا كاری وا نه‌كراوه و ئه‌وه‌ی ڕوی داوه ته‌نها كاره‌كه‌ی
یهڕۆبعامه.. به‌م پێیه چیرۆكه قورئانیه‌كه ده‌بێته تێكه‌ڵكردنی هه‌ردو
چیرۆكی گوێره‌كه‌ی ئاڵتونیی هاڕون و چیرۆكی دانانی گوێره‌كه‌ی ئاڵتونیی یه‌رۆبعام
له سامیره، كه سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی له قورئاندا ده‌بینیت بریتیه له چیرۆكی
دروستكردن و دانانی گوێره‌كه‌ی ئاڵتونی له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه به ناوی سامیری و
له سه‌رده‌می هاڕوندا، واته (سامیری) به گوێره‌ی كاته‌كه‌ی هه‌ر هاڕونه و به
گوێره‌ی ناوه‌كه‌ی یه‌رۆبعام ده‌گرێته‌وه. به‌ڵام ئایا چیرۆكه قورئانیه‌كه هه‌ر
ئه‌م دو سه‌رچاوه‌یه‌ی هه‌یه؟ وا ده‌رده‌كه‌وێت سه‌رچاوه‌یه‌كی تریشی هه‌بێت، ئه‌ویش
ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه سامیریهی كه گوێره‌كه‌كه‌ی دروست كردوه، كه له بنه‌ڕه‌تدا
یه‌ڕۆبعام ده‌گرێته‌وه؛ جارێكی تر پێناسه كراوه‌ته‌وه به كه‌سێك له گروپی یه‌هودیی
(سامیریه‌كان)، بۆیه هه‌ندێك ڕه‌گه‌زی چیرۆكه قورئانیه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دهنگوباسێك
ده‌رباره‌ی گروپی سامیریه‌كان، چونكه چیرۆكه قورئانیه‌كه ده‌ڵێت دوای ئه‌وه‌ی
مو‌سا دێته‌وه و لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ هاڕون و سامیری ده‌كات، به سامیری ده‌ڵێت:
(ده بڕۆ، ده‌بێت له ژیاندا هه‌ر بڵێیت "ده‌ستلێدان نیه") (فاذهب، فإن
لك فی الحیاة أن تقول: "لا مِساسَ") (طه: ٩٧)، ده‌سته‌واژه‌ی "ده‌ستلێدان
نیه" (لا مِساسَ) ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌م كه‌سێتیه كاریگه‌ریی كه‌سێتیی
گروپی (سامیریه‌كان) ی تێدایه، چونكه زانراوه كه ئه‌وان خۆیان پاراستوه له
ده‌ستدان له هه‌ر مرۆڤێك له گروپه ئایینیه‌كه‌ی خۆیان نه‌بێت و باوه‌ڕی ئه‌وانی
نه‌بێت، بۆیه كاتێك شتی وا ڕوی دابێت؛ دوای ئه‌وه جێگه‌كه‌یان شۆردوه یان ئه‌و
جلوبه‌رگه‌ی خۆیان شۆردوه كه كه‌سێكی شوێنكه‌وته‌ی ئایینێكی تر ده‌ستی لێ دابێت!(٤)
كه‌واته ئه‌نجامه‌كه‌مان بریتیه له ئه‌گه‌ری یه‌كه‌م،
له‌گه‌ڵ هه‌ندێك كاریگه‌ریی ئه‌گه‌ری سێیه‌م، واته چیرۆكه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا
چیرۆكی دروستكردنی (گوێره‌كه‌كه‌ی سامیره) یه، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك دیمه‌ن و ڕه‌گه‌زی
كه‌سێتیی گروپی (سامیریه‌كان)، به‌ڵام له چیرۆكه قورئانیه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ چیرۆكی
دروستكردنی گوێره‌كه‌ی ئاڵتونی له‌لایه‌ن هاڕونه‌وه تێكه‌ڵ كراوه، بۆیه چیرۆكه
قورئانیه‌كه چیرۆكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ردمی هاڕوندا تێكه‌ڵ كردوه..
بۆچی ده‌ڵێین تێكه‌ڵكردن؟
به‌ڵگه‌ی من له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه تێكه‌ڵكردنه و
پاساوی نیه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سێتیه‌ی تر یاخود ئه‌و دهنگوباسهی تر (ون) ـه
له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا:
له چیرۆكی دروستكردنی گوێره‌كه ئاڵتونیهكهدا، باسی
هاڕون و سامیری كراوه: سامیری به‌و پێیه كه گوێره‌كه‌كه‌ی دروست كردوه،
هارونیش به‌و پێیه كه جێنشینی مو‌سا بوه له‌و كاته‌دا به‌ڵام هیچی پێ نه‌كراوه
بۆ به‌ره‌نگاریی ئه‌و كاره. ئیتر (یه‌رۆبعام) ی سامیری له هیچ ده‌قێكی ئیسلامی‌دا
باسی نیه. له ئه‌نجامدا قورئان باسی (سامیری) ده‌كات له هه‌مان جێگه و كاتی (هاڕون)
دا.
بۆچی قورئان ناوی كه‌سێك كوێر ده‌كاته‌وه و سیفه‌ته‌كانی
ده‌داته پاڵ كه‌سێكی تر كه ناوی هێناوه: بۆچی قورئان باسی دروستكردنی گوێره‌كه‌ی
ئاڵتونی له سه‌رده‌می هاڕوندا ده‌كات به‌ڵام باسی ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می (یه‌رۆبعام) ی
سامیری ناكات كه ئه‌مه‌یان به‌ڕاستی سامیریه؟
له ده‌رفه‌تێکی تردا ده‌گه‌ڕێمه‌وە بۆسه‌ر ئه‌و پینه‌وپه‌ڕۆیانه‌ی که داکۆکیکاره ئیسلامیه‌کان سازیان کردوه بۆ به‌رگریکردن له به‌های که‌سێتیی (السامري) ی ده‌قه قورئانیه‌که، که هه‌مویان هه‌وڵی بێ‌سود و پینه‌وپه‌ڕۆی زه‌قن.
له ده‌رفه‌تێکی تردا ده‌گه‌ڕێمه‌وە بۆسه‌ر ئه‌و پینه‌وپه‌ڕۆیانه‌ی که داکۆکیکاره ئیسلامیه‌کان سازیان کردوه بۆ به‌رگریکردن له به‌های که‌سێتیی (السامري) ی ده‌قه قورئانیه‌که، که هه‌مویان هه‌وڵی بێ‌سود و پینه‌وپه‌ڕۆی زه‌قن.
په‌راوێز:
(١) بڕوانه: مادده‌ی (فیرقای ڕاببی ئێلیعه‌زه‌ر) له (ئێنسایكلۆپیدیای
یه‌هودی) ی نوێ‌دا:
Herr, Moshe David, "Pirkei De-Rabbi Eliezer", Encyclopaedia
Judaica. Second Edition. Vol. 16, pp. 182, 183.
(٢) ده‌رباره‌ی (سه‌مائێل) و (شێمال)، بڕوانه:
Blau, Ludwig, "Samael", Jewish Encyclopedia. New
York & London:
Funk & Wagnalls Company, 1905. Vol. 10, p. 665.
(3) Geiger, Abraham, Judaism and Islam.
Translated by F. M. Young. 1896. PP. 131, 132.
(٤) بۆ درێژه‌ی ئه‌م باسه ده‌رباره‌ی ده‌سته‌واژه‌ی (لا
مساس) و (سامیریه‌كان)، بڕوانه:
Pummer, Reinhard, Early Christian Authors on Samaritans &
Samaritanism: Texts, Translations & Commentary. J. K. B. Mohr (Paul
Siebeck), Germany.
2002. P. 126.