زیانەكانی ڕۆژوی ئیسلامی

زیانەكانی ڕۆژوی ئیسلامی

سه‌روه‌ر پێنجوێنی

 
مەبەستی ئەم وتارە بەڕونی لە ناونیشانەوە دیارە: دەمانەوێت خوێنەران هۆشیار بكەینەوە لە زیانەكانی ڕۆژو بە شێوازە ئیسلامیەكە.. چونكە نوسەر و بانگخواز و وتاربێژە ئیسلامیەكان هەر لەگەڵ نزیكبونەوەی مانگی ڕۆژودا دەست دەكەن بە باسی سودە گەورەكانی ڕۆژوی ئیسلامی، بە شێوەیەك گوێگر و خوێنەرەكانیان وا حاڵی دەكەن كە ڕۆژوی ڕەمەزان نۆژەنكرنەوە(!) و پاككردنەوە و ڕاماڵینێكی هەمو خەوش و ژەنگ(!) ێكی جەستەی مرۆڤە كە لە یازدە مانگەكەی تردا كەڵەكە بوە!! هەیانە دەڵێت ڕۆژوی ڕەمەزان ڕێجیمێك و خولێكی تەندروستیی بەلاشە كراوەتەوە بۆ مرۆڤی موسوڵمان! بەم شێوەیە وا مرۆڤ حاڵی دەكەن كە ڕۆژوی ڕەمەزان دەتوانێت موعجیزەیەك لە جەستەی مرۆڤدا بهێنێتە دی. لە كاتێكدا ئەگەر ڕۆژو بۆ هەندێك كەس و لە هەندێك حاڵەتدا هەندێك سودی لاوەكییشی هەبێت؛ لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك زیانی گەورەی هەیە بۆ جەستە، بەتایبەتی كە ئێمە لێرەدا باس لە (ڕۆژوی ئیسلامی) دەكەین كە بریتیە لە خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە بۆ ماوەی (١٢ - ١٤) كاتژمێر، واتە ئاویش و هەمو جۆرە شلەمەنییەكی تریش قەدەغەیە. ئەوەش بۆ ماوەی (٣٠) ڕۆژ لەسەر یەك، بۆ هەمو كەسێك و لە هەمو حاڵەتێكدا (جگە لە حاڵەتی نەخۆشی، و پیریی زۆر، و سەفەر، و سوڕی مانگانەی ژن..). ئێمە باس لە زیانەكانی ڕۆژو دەكەین بەم شێوازە ئیسلامیە، ئەگەرنا دەكرێت هەندێك جار زانستی پزیشكی باس لە سودێكی دیاریكراوی ڕۆژو یان (خۆبرسیكردن) یان كەمكردنەوەی خواردن، بكات. شتێكی ئاشكرایە كە برسیبون و كەمكردنەوەی خواردن سودی هەیە بۆ دابەزاندنی كێشی زیاد، بەڵام ئەمە تەنها ئەوانە سودی لێ دەبینن كە كێشی زیادیان هەبێت. جگە لەم سەرنجە گشتیەش ئاماژە بۆ چەند لایەنێكی تر دەكەین:
١. بە شێوەیەكی گشتی زانستی پزیشكی باس لەوە دەكات كە خۆبرسیكردن و كەمكردنەوەی خواردن سودی هەیە بۆ ڕزگاربون لە مەترسیی چەوریی زیاد و ژەهری كەڵەكەبوی ناو شانەكانی جەستە، چونكە بە برسیبون جەستە دەكەوێتە بەكارهێنانی چەوریی خەزنكراوی جەستە، جگە لەوەش ئەو برسیبونە دەبێتە هۆكاری كەمبونەوەی ئەو ماددانەی دەچنە ناو جەستە، ئەو كاتە جەستە باشتر دەتوانێت ژەهر و ماددە كوشندە كەڵەكەبوەكان هاوسەنگ بكات و - بەمەش - خۆی لە مەترسییان دور بخاتەوە، كە ئەمەش مردن دوا دەخات، چونكە مردن (مردن بە هۆی تەمەنی زۆرەوە) جۆرە خۆكوشتنێكی جەستەیە بە نقومبونی لە ماددە كوشندە كەڵەكەبوەكاندا، كە خواردنی زۆرتر دەتوانێت ئەو كارە پێش بخات، بەم پێیەش ئەوەی زۆرتر بخوات لە ژیانیدا؛ زوتر دەمرێت!(١)
٢. كاتێك مرۆڤ برسیی دەبێت یان خۆی برسی دەكات و برسێتیكەی درێژە دەخایەنێت، جەستە شێوازێك بۆ پارێزگاری لە ژیان و فەراهەمهێنانی وزە پەیڕەو دەكات، ئەویش ئەوەیە هەر شانەیەكی جەستە بە ماددەكەی خۆی بەشداری دەكات بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی دروست بوە، بەمەش شەكری جگەر (واتە گلایكۆجێن كە شێوەی خەزنكراوی گلوكۆزە لـە جگەردا) و، چەوریی خەزنكراو (بەتایبەتی چەوریی ژێر پێست) و پرۆتینی ماسولكەكان و..، ئەمانە هەمویان دەكەونە گەڕ و بەشداری دەكەن لە فەراهەمهێنانی وزە و خۆراكی پێویستدا بۆ مێشك و دڵ و شانەكانی تر. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گۆڕانكاری لە پێكهاتەی شانە و ئەندامەكاندا ببێت.. ئەم گۆڕانكاریەش سەردەكێشێت بۆ گۆڕانكاری لە حاڵەتی گشتیی جەستەدا، ئەمەش كار دەكاتە سەر هۆڕمۆن و دەرداوەكانی تر.. ئیتر ئەو كەسانەی كێشە و نەخۆشیی دەرونی و دەمارییان هەیە بە هۆی ئەو گۆڕانكاریەوە ڕەنگە حاڵەتەكەیان سوك ببێت و هەست بە گۆڕان و باشبون بكەن(٢). هەرچەند ڕەنگە ئەو گۆڕانكاریە كاریگەریی خراپیشی ببێت.
٣. هەروەها باسی تاقیكردنەوەیەك دەكرێت كە لە ئەمێریكا كراوە و دەری دەخات برسیبون و خۆراك نەخواردن لە كاتی وەرگرتنی چارەسەری كیمیایی بۆ توشبوانی شێرپەنجە، كارێك دەكات خانە تەندروستەكان بەر كاریگەریی خراپ نەكەون و بەم شێوەیەش چارەسەرە كیمیاییەكە تەنها ئامانجی دیاریكراوی خۆی بگرێتەوە و جەستە توشی تێكشكان و لاوازی و كێش لەدەست دان نەكات. تاقیكردنەوەكە سەرەتا لەسەر مشكی تاقیگە كراوە و، هیوایەكی نوێ دەبەخشێت بۆ چارەسەری شێرپەنجە، چونكە كێشەی چارەسەری كیمیایی شێرپەنجە ئەوەیە بەتەواوی ورد نیە و بەتەنها كار لە خانە شێرپەنجەییەكان ناكات(٣)..
هەروەها ڕۆژو و برسیبون، ڕەنگە هەندێك كاریگەریی باشی تری لەسەر جەستە هەبێت، چونكە ئەو برسیبونە گۆڕانكارییەك و بارودۆخێكی جیاواز لە جەستەدا دروست دەكات، هەمو گۆڕانكارییەكیش، بە هۆی ئاڵۆزی و پێكەوەبەسترانی فرمانەكانی جەستەوە، كاریگەریی باش (و خراپ) ی دەبێت لەسەر جەستە. لەبەر ئەوە دەكرێت باس لە كۆمەڵێك سودی بەڕۆژوبون بكرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا دەكرێت باس لە سودی چەندقاتی ئاوخواردنەوە و خواردنی بەسود و تەندروست (وەكو: دانەوێڵە، سەوزە، میوە) بكرێت. ئەو سودانەش كە باس دەكرێن بۆ ڕۆژو تەنها سودی برسیبون و كەمخواردنن نەك سودی ڕۆژوی ئیسلامی بەو شێوەیەی كە هەیە، بۆ نمونە: باس لەوە دەكرێت كە ڕۆژو وا لە جەستە دەكات بەشێك لە چەوریی خەزنكراوی جەستە سەرف بكات، بەمەش ڕێژەی كۆلێستێڕۆڵ لە خوێندا نزم دەبێتەوە، كە كۆلێستێڕۆڵ بە بەرپرسیاری سەرەكیی سەكتەی دەماغ دادەنرێت، بۆیە لە كاتی بەڕۆژوبوندا سەكتەی دەماغ بەدەگمەن ڕو دەدات(٤). بەڵام هەر ئەم زانیاریە پێمان دەڵێت كە سەكتەی دەماغ بە هۆی ڕەمەزانەوە دەبێتە ئەگەرێكی مەترسیدار، چونكە بە هۆی ئەو بەربانگ و خواردنە چەورانەوە لە ڕەمەزاندا زیاتر لە جاران ئامادە دەكرێن ڕێژەی كۆلێستێڕۆڵ لە خوێندا بەرز دەبێتەوە. ئەم كۆلێستێڕۆڵەش لەسەر دیواری بۆریەكانی خوێن دەنیشێت و ئەمەش دەبێتە هۆكاری ڕەقبونی بۆریەكانی خوێن و بەرزبونەوەی پەستانی خوێن و مەیین "تجلط" ی خوێن لە بۆری و مولولەكانی دڵ و مێشكدا.
ئیتر مەرج نیە ئەو خۆبرسیكردنەی كە ئێمە باسی سودەكانی دەكەین شێوازی ڕۆژوی ئیسلامی بگرێتەوە كە بریتیە لە خۆبرسیكردن بۆ چەند كاتژمێرێك و بۆ چەند ڕۆژێك ئینجا دوای ئەو چەند كاتژمێرە و ئەو چەند ڕۆژە كەسەكە بگەڕێتەوە بۆ زۆرخۆری و چەوریخۆریەكەی جارانی (بەتایبەتی كە ڕۆژو مرۆڤ چاوبرسی و تامەزرۆی خواردنی زۆر دەكات، بڕوانە ڕۆژوەوان لە بەربانگدا و لە جەژنی ڕەمەزاندا چی دەكات). بەڵكو ئەو خۆبرسیكردنەی كە باسی دەكەین دەبێت ڕێجیمێكی بەردەوام بێت كە مرۆڤ وەكو شێوازێكی ژیان پەیڕەویی لێ بكات. مرۆڤ كەم كەم و زو زو خۆراكی تەندروست بخوات و زو زو ئاو (ماوەیەكی باش پێش خۆراك و ماوەیەكی باش دوای خۆراك، نەك كاتی خواردن و بەسەر خۆراكدا) بخواتەوە؛ باشترین شێوازە بۆ ژیانێكی تەندروست و تەمەنێكی درێژ و بێنەخۆشی. بەڵام ڕۆژوی ئیسلامی ئەمە نیە كە باسمان كرد، بەڵكو پێچەوانەی ئەوەیە: ڕۆژوی ئیسلامی بریتیە لە خواردنی زۆر و درەنگ درەنگ، لەگەڵ نەخواردنەوەی ئاو بۆ ماوەیەك كە دەكاتە نزیكەی نیوەی (٢٤) كاتژمێرەكە. ئینجا لە ئیسلامدا هیچ ڕێنماییەك نیە دەربارەی خۆراكی بەربانگ كە دەبێت چی بێت و چۆن بێت، لە كاتێكدا - بۆ نمونە - لە ئایینی مەسیحیدا ڕۆژوەوان دەبێت بە خۆراكی ڕوەكی بەربانگ بكاتەوە، و نابێت هیچ بەرهەمێكی ئاژەڵی بخوات: هەمو جۆرە گۆشتێك، و شیر و بەرهەمەكانی وەكو پەنیر و كەرە، ئەمانە نابێت بخورێن تا وەرزی ڕۆژو تەواو دەبێت.
ڕۆژوەوانی ڕۆژوی ئیسلامی، كاتێك ژەمی بەیانی و نیوەڕۆ تەرك دەكات، لەبەرامبەری ئەوەدا لەبریی ژەمی بەیانی پارشێو دەكات، لە بەربانگیشدا حەقی نیوەڕۆ دەكاتەوە، ئەم بەربانگە دەبێتە ژەمێكی قورسی ئێوارە، لە كاتێكدا ژەمی ئێوارە دەبێت سوك بێت و زیاتر لە دانەوێڵە و سەوزە پێك بێت، بەڵام ئەو گۆشتخۆری و چەوریخۆریەی لە بەربانگدا دەكرێت لە هیچ كات و بۆنەیەكی تردا ناكرێت! زۆر جار و لە زۆر جێگە دەزگا ئیسلامیەكانیش بە سەخاوەتێكی بێوێنەوە مەسرەفی ئەم بەربانگە چەورانە دەكێشن!
ڕۆژو (یان كەمخواردن، یان رێجیمی خواردن) ئەگەر كەسێك بۆ تەندروستیی خۆی و بەپشتبەستن بە ڕێنمایی پزیشكی ئەنجامی بدات، سودی دەبێت بۆ جەستە.. بەڵام ڕۆژوی ئیسلامی كە بەسەر هەمو كەسێكدا دەسەپێنرێت زیانی گەورە دەدات، چونكە ئامانجەكە تەندروستی نیە و تەنها خۆبرسیكردنێكە (یان برسێتییەكی سەپێنراوە) كە لە بەربانگ و پارشێودا قەرەبو دەكرێتەوە، لەگەڵ ئەو زۆرخۆریەی لە بەربانگدا دەكرێت و ئەو زۆرلەخۆكردن و ورگپڕكردنەی لە پارشێودا دەكرێت بەبێ ئیشتیها و بەبێ پشودان و نوستنی تەواو.
ئێمە دەزانین ئەم بابەتە پێویستیی بە پسپۆڕیی پزیشكی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی پزیشكەكان باسی ئەم لایەنە ناكەن یان ناتوانن باسی بكەن یان ناتوانن ڕاستەوخۆ ڕەخنە لە ڕۆژوی ئیسلامی بگرن بەڵكو تەنها دەتوانن ڕەخنە لە هەندێك شێوازی ڕۆژوەوانان بگرن.. لەبەر ئەوە ئێمە ناچارین بە پشتبەستن بە هەندێك سەرچاوە خوێنەران لەو بابەتە ئاگادار بكەینەوە. سەرباری ئەو ڕونكردنەوانەی پێشو، دەكرێت ئاماژە بۆ ئەم زیان و گرفت و كێشە تەندروستی و ئابوری و كۆمەڵایەتیانەی ڕۆژوی ئیسلامی بكەین(٥):
١. لە ڕۆژوی ئیسلامیدا (هەروەها ڕۆژوی یەهودی و مەسیحییش) خواردنەوەی ئاویش قەدەغەیە. لە كاتێكدا ئاشكرایە ئاونەخواردنەوە بۆ ماوەی زۆر چەندە مەترسیدارە، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا كە پلەی گەرما بەرزە و جەستە بڕێكی زۆر ئاو لە دەست دەدات لە ڕێگەی ئارەقەكردنەوە، ئیتر جەستە پێویستیی بەوە دەبێت بە خواردنەوەی ئاو و شلەمەنیی تر قەرەبوی ئەو ئاوە بكاتەوە كە لەدەستی داوە. بە شێوەیەكی گشتییش مرۆڤی پێگەیشتو لە ڕۆژێكدا و لە بارودۆخی سروشتیدا پێویستیی بە (٢ - ٤) لیتر ئاو هەیە كە بەلای كەمەوە دو كاتژمێر جارێك دەبێت ئاو بخواتەوە. لەلایەكی تریشەوە ئاو زۆر پێویستە بۆ شۆردنەوەی جەستە لە ماددەی پیس و بۆ تەندروستیی گورچیلە و كۆئەندامی میز بەگشتی. ئینجا ڕۆژوی ئیسلامی مرۆڤ بێبەش دەكات لە ئاو! بە شێوەیەك لە هاویندا ڕۆژوەوان ناچار دەبێت نزیكەی (١٤) كاتژمێر بە تینوێتی بمێنێتەوە! ئەم حاڵەتەش دەبێتە هۆی وشكبونەوەی جەستە و زیادبونی چڕبونەوەی خوێن و زیادبونی لینجیەكەی كە ئەمەش سەردەكێشێت بۆ توشبون بە جەڵتەی مەترسیداری وەها كە ئیفلیجیی نیوەیی "الشلل النصفي" Hemiplegia و نەخۆشیەكانی دڵی لێ دەكەوێتەوە، ئەمەش چونكە دڵ زیاد لە ڕادەی خۆی ماندو دەبێت لە پاڵپێوەنانی ئەو خوێنە زیاد لینجە بۆ جەستە، سەرەنجام ماسولكەی دڵ ماندو دەبێت و دڵ توشی هەڵاوسان و لاوازی دەبێت. لەلایەكی تریشەوە كەمیی ئاو لە جەستەدا دەبێتە هۆی تێكچونی ڕێژە و چڕیی خوێیەكان لە جەستەدا، كە ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر هەمو فرمانەكانی جەستە دەبێت.
٢. ڕۆژو ڕێژەی شەكر لە خوێندا كەم دەكاتەوە و هەر بۆیە خۆراكی پێویستی مێشك كە دەبێت بیگاتێ‌ كەم دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی چالاكیی مێشك و توانای عەقڵی و بیركردنەوە زۆر داببەزێت، بۆیە دەبینین خوێندكارەكان لە ڕەمەزاندا توانای تێگەشتن و وەرگرتنیان كەم دەبێتەوە.
٣. لەلایەكی ترەوە نزمبونەوەی ڕێژەی شەكر لە خوێندا دەبێتە هۆی كرژبون و وروژانی كۆئەندامی دەمار، بۆیە دەبینین ڕۆژوەوان توڕە و ڕق ئەستورە و زو توڕە دەبێت، هەر بۆیە لە ڕەمەزاندا توڕەبون و قڕەوقاڵە زۆرە. ئەم توڕەبونەش لە خۆیدا زیانی تەندروستیی زۆر لە ڕۆژوەوان دەدات و وای لێ دەكات ئەو وزە و خۆراك و ئاوەش جەستەی دەستی پێوە دەگرێت بەفیڕۆ بچێت، چونكە كاتێك توڕە دەبێت و دەكەوێتە دەمەقاڵە و شەڕەوە دەردراوی (ئەدرێنالین) لە خوێنیدا زیاتر دەبێت، ئینجا ئەگەر دەمەقاڵە و شەڕەكە سەرەتای ڕۆژ بو هەرس و مژینی خۆراك تێك دەچێت و ئەگەر لەنیوەی ڕۆژ بەدواوە بو ڕێژەی گلوكۆز لە خوێنیدا زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی وزەی پێویست بۆ ئەو دەمەقاڵە و تێكگیرانە دابین ببێت، بەو شێوەیە بەبێ سود وزەیەكی زۆر لەدەست دەچێت. جگە لەوەش كاتێك ڕێژەی ئەدرێنالین لە خوێندا زیاد دەبێت بڕێكی زۆری ئاو و بڕێك گلوكۆز لە ڕێگەی دەرهاویشتن (میز) ـەوە دەچێتە دەرێ، ئەمەش واتە لەدەستچونی بڕێك لە وزە و شلەمەنیی جەستە. هەروەها بەرزبونەوەی ڕێژەی ئەدرێنالین لە خوێندا بۆ هەندێك كەس ڕەنگە ببێتە هۆی نۆرەدڵێ یان مردنی كت‌وپڕ، ئەوەش لە ئەنجامی بەرزبونەوەی پەستانی خوێن و زیادبونی پێویستیی ماسولكەی دڵ بە ئۆكسیجێنی زیاد چونكە لە كاتی توڕەبوندا خێراتر لێ دەدات، هەروەها ئەوانەی توشی بەرزیی پەستانی خوێن یان ڕەقبونی بۆریەكانی خوێن هاتون بە هۆی توڕەبونەوە لەوانەیە توشی سەكتەی دەماغ ببن، بەڵكو بەرزبونەوەی ڕێژەی ئەدرێنالین لە خوێندا لە حاڵەتی توڕەییدا دەبێتە هۆكاری زیاتر دروستبونی كۆلێستێڕۆڵ كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕەقبونی بۆریەكانی خوێن و جەڵتەوە هەیە.
٤. ئاشكرایە برسێتی دەبێتە هۆی سستی و تەمبەڵیی مرۆڤ و كارێك دەكات چالاكی و كاركردنی كەم ببێتەوە، ئەوەش شێوازێكی جەستەیە بۆ پارێزگاریكردن لەو وزە كەمەی كە هەیە.. بۆیە لە ڕەمەزاندا بەرهەمهێنان و كاركردن زۆر دادەبەزێت، و خەڵك (مەبەستم موسوڵمانان) لە ڕەمەزاندا تەمبەڵ و خەواڵو دەبن و هەمو جۆرە بەرهەمهێنان و كاركردنێك كەم دەبێتەوە. ڕەنگە بوترێت لە ڕەمەزاندا بازاڕی خواردەمەنی و شیرینی گەرم دەبێت و بازار جم‌وجوڵێكی زۆری تێ دەكەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو شەربەت و شیرینی و لوقم و لوقمەقازی و نانساجیەی لە ڕەمەزاندا ساخ دەبێتەوە زۆر كەمترە لەو زیانەی لە ڕەوتی بەرهەمهێنان و كاركردن دەكەوێت بە هۆی بێتاقەتی و بێهێزیی ڕۆژوەوانانەوە. ئەو جم‌وجوڵەش كە لە بازاڕدا دەمێنێت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لایەك لە خەڵك بەڕۆژو نین و بەچالاكی كار دەكەن و، ڕۆژوەوانانیش چاوبرسی بون و برسێتیەكەیان وایان لێ دەكات خواردنی زۆر بكڕن.
٥. ڕۆژوەوان، بە هۆی برسێتیی زۆرەوە، ماوەیەك پێش بەربانگ بەتەواوی كفت و شەكەت دەبێت، بە هەمان شێوە دوای بەربانگیش بە هۆی زۆرخواردنەوە توشی كفتی و شەكەتی دەبێت.
٦. لە كاتی بەربانگكردنەوەدا ڕۆژوەوان، چونكە زۆر تینوی بوە، ئاو و شلەمەنیی زۆر دەخواتەوە، ئینجا دەست دەكات بە خواردن، یان ڕاستەوخۆ دوای خواردن ئاوی زۆر دەخواتەوە، ئەوەش سەردەكێشێت بۆ ئەوەی هەرسكردنی خۆراك لە گەدەدا تێك بچێت و كەسەكە هەست بە ئازار دەكات بە هۆی پڕبون و هەڵاوسانی گەدەیەوە. بەگشتییش خواردنەوەی ئاوی زۆر لە كاتی خواردندا یان ڕاستەوخۆ دوای خواردن كرداری هەرس تێك دەدات و قەبارەی گەدە زیاد دەكات، هەر بۆیە دوای ماوەیەك هەست بە برسێتی دەكاتەوە. لە كاتێكدا ئەگەر ماوەیەكی باش پێش خواردن ئاو بخورێتەوە زۆر بەسودە چونكە ڕادەی سوتاندنی چەوری بە بڕی (٣٠) گەرمۆكە بۆ هەر جارێك، زیاد دەكات. بەڵام ڕۆژوەوان ناچارە لە بەربانگدا ئاوێكی زۆر بخواتەوە، ڕاستەوخۆ بەدوایشیدا خۆراكێكی زۆر دەخوات، ئەوەش دەبێتە هۆی تێكچونی كرداری هەرس و زیادبونی كێشیش چونكە لەو حاڵەتەدا جەستە كەمتر دەتوانێت چەوریەكان بسوتێنێت.
٧. دوای بەربانگكرنەوە خوێن زیاتر ڕو دەكاتە گەدە بۆ هاوكاریی كرداری هەرسی بڕێكی زۆری خۆراك، بەوەش ئەو خوێنەی دەگاتە مێشك كەم دەبێتەوە و كەسەكە هەست بە سستی و لەشگرانی دەكات و خەوی دێت.
 ٨. ڕۆژوەوان ناچارە لە كاتی پارشێودا لە خەو هەستێت بۆ خواردن (هەروەكو لە دابونەریتی ئیسلامیدا پارشێوكردن بە سوننەت دانراوە: "تَسحَّروا فإنّ في السَّحُور بركة" - بوخاری و موسلیم)، بەوەش ئەو بڕە نوستنەی كە مرۆڤ پێویستیەتی بۆ حەوانەوە و چالاكبونەوە ناتەواو دەبێت و كەسەكە تێر خەو نابێت و خەوی سروشتیی خۆی تەواو ناكات. جگە لەوەش لە كاتی پارشێودا مرۆڤ ئارەزوی بۆ خواردن نیە، چونكە ئەو كاتە كاتی سروشتیی خواردن نیە، بۆیە ڕۆژوەوان ناچار دەبێت بەبێ ئیشتیها بخوات بۆ ئەوەی بتوانێت ڕوبەڕوی برسێتیی ڕۆژ ببێتەوە.
٩. سروشتیە ڕۆژوەوان كە خەوی شەوی تەواو نەكردوە دوای پارشێو و نوێژی بەیانی ناچار دەبێت بخەوێتەوە، بەڵام ئەم خەوەی دوای پارشێو پەشێو و ناڕێكە و كەسەكە خەونی ناخۆش دەبینێت، چونكە خەوێكی قوڵ نیە و ماوەیەكی كەمە و كەسەكە تێر خەو نابێت، بەتایبەتی ئەگەر كاری هەبێت، ئەو كاتە زۆر بەناڕەحەتی و شەكەتی هەڵ‌دەستێت بۆ ئەوەی بچێتە سەر كارەكەی و، هەست بە ماندویی و كفتی دەكات چونكەی خەوەكەی لێ تێك چوە. 
بۆیە دەبینین ڕۆژوەوانان لە ڕۆژانی ڕەمەزاندا بۆ قەرەبوكردنەوەی خەوی شەویان و بۆ بێئاگابون لە برسێتیەكەیان ماوەیەكی زۆر دەخەون، و دیمەنێكی سەیر لە مزگەوتەكاندا دروست دەكەن كە زیاتر لە دیمەنی مەیدانی جەنگ دەچێت دوای تەواوبونی جەنگ!
زۆر ڕۆژوەوانیش هەن زۆربەی ڕۆژەكەیان بە خەوتن بەسەر دەبەن بۆ ئەوەی ئاگایان لە برسێتی نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە شەودا شەونخونی دەكێشن.. ئەمەش وەكو فێڵێك وایە بۆ خۆپاراستن لە هەستی برسێتی. هەیانە لێزانتریشە: بەیانیان ناخەوێت بۆ ئەوەی بتوانێت دەمەو ئێوارە (ئەو كاتەی برسێتی هێرش دەهێنێت) بخەوێت!
جگەلەوەی ڕۆژوەوان دو جار بەناچاری بەسەر خواردندا دەخەوێت: ئێوارە دوای بەربانگكرنەوە، كە ناچارە زو بخەوێت بۆ ئەوەی پارشێو بەئاگا بێتەوە، دوەمیش: بەیانی دوای پارشێوكردن، كە ناچارە بخەوێت تاكو كەمێك بحەوێتەوە. ئاشكرایشە كە خەوتن بەسەر خواردندا چەندە زیانی هەیە.
بۆیە دەتوانین بڵێین ڕەمەزان تەنها برسێتی و زۆرخۆری و تێكچونی باری خواردن و هەرس نیە بەڵكو بێخەوی و خەواڵویی و تێكچونی نوستن و حەوانەوەیشە.
١٠. ڕۆژوی ڕەمەزان ڕەنگە لە هەندێك حاڵەتدا ببێتە هۆی زیادبونی كێش، چونكە ڕێژەی سوتاندن (ی چەوری) كەم دەبێتەوە.. كاتێك ڕۆژوەوان (١٢) كاتژمێر و زیاتر بەڕۆژو دەبێت، ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی ڕێژەی ڕۆژانەی سوتاندنی چەوری بەڕادەی نزیكەی (١٠%) كەم ببێتەوە، ئەمەش كێش زیاد ئەكات.. دەبێت بزانین كە جەستە لەدوای بەربانگكرنەوە پەنا دەبات بۆ خەزنكردنی ماددەی خۆراكی بۆ ئەوەی بتوانێت لە ماوەی داهاتوی بەڕۆژوبوندا بەشێنەیی بەكاری بهێنێت، ئەوەش دیاردەیەكی فیسیۆلۆجیایی سروشتیە كە جەستە پەنای بۆ دەبات بۆ ئەوەی چەوری گل بداتەوە تا بتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژتر وزەی پێویست بەرهەم بهێنێت.. جا تا ماوەی برسیبون زیاتر بێت (كە ئێستە لە ڕەمەزاندا ئەو ماوەیە دەگاتە نزیكەی ١٤ كاتژمێر) جەستە زیاتر چەوری گل دەداتەوە و كەمتر دەیسوتێنێت.. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبونی كێش. قەڵەوی و زیادبونی كێشیش لە خۆیدا نەخۆشییەكە و هۆكاری گەلێك نەخۆشیی ترە بەتایبەتی نەخۆشیەكانی دڵ و بۆریەكانی خوێن و جومگەكان.
١١. ڕۆژو لە هاویندا سەختترە و زیانی زیاترە، چونكە جەستە بە هۆی گەرما و ئارەقەكردنەوە بڕێكی زۆر ئاو لەدەست دەدات، و ڕێژەی شەكر لە خوێندا كەم دەبێتەوە و كفتی و شەكەتی ڕو دەكاتە جەستە، بۆیە پێویستە ڕۆژوەوان خۆی نەداتە بەر گەرمای زۆر و، بەلای كەمەوە دو كاتژمێر پێش بەربانگ واز لە هەمو چالاكی و ماندوبونێك بهێنێت. كەمبونەوەی ئاو لە جەستەدا، وەكو باسمان كرد، دەبێتە هۆی زیادبونی لینجیی خوێن و ئەمەش وا دەكات ئەركی دڵ قورستر ببێت و ئەگەری ڕودانی جەڵتە زیاتر ببێت چونكە لەو حاڵەتەدا دڵ خوێنێكی زیاد لینج پاڵ پێوە دەنێت.
١٢. ڕۆژوەوان دوای بەربانگ توشی سەرئێشە دەبێت، ئەم سەرئێشە و كفتی و سستیەی كە ڕۆژوەوان دوای بەربانگ توشی دێت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕۆژوەوان دوای برسیبونی ڕۆژ لە بەربانگدا زۆرخۆری دەكات و بەدەست خۆیشی نیە كە زۆر دەخوات، ئەو كاتە خوێن بە ڕادەیەكی زۆرتر ڕو دەكاتە گەدە و كۆئەندامی هەرس بۆ هەرسكردنی ئەو خۆراكە زیادەی گەیشتوەتە گەدە، ئیتر ئەو خوێنەی كە دەبێت بگاتە مێشك كەم دەبێتەوە، بۆیە كەسەكە توشی سەرئێشە دەبێت.
١٣. ڕۆژوەوانان لەسەر سفرەی بەربانگ و لەگەڵ خۆراكە چەورەكاندا خواردنەوەی غازی (پێپسی و كۆكاكۆلا..) ی زۆر دەخۆنەوە، كە ئەوە زیانی تەندروستیی زۆری هەیە: ئەو خواردنەوە غازیانە ترشیی هەرسكەری ناو گەدە هاوسەنگ دەكەن و كەمی دەكەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كرداری هەرس ناڕەحەت ببێت و حاڵەتی (ناسازی) (عُسْر الهضم) دروست ببێت، هەروەها ئەو خواردنەوە غازیانە مژینی كالسیوم كەم دەكەنەوە كە ئەمەش سەر دەكێشێت بۆ توشبون بە (ئێسكەنەرمە) واتە نەرمی و فشەڵیی ئێسكەكان.. خواردنەوە غازیەكان چەندان زیانی تریشیان بۆ جەستە هەیە. جگە لە خواردنەوە غازیەكانیش، (ترشیات) یش زۆر دەخورێتـ(ـەوە)، بەتایبەتی لەگەڵ خواردنە چەورەكاندا، ئینجا ئەوەی ڕۆژوەوانان و خەڵك بەگشتی ئاگاییان لێی نیە ئەوەیە ئاوی ترشیات (كە - هەروەكو شەراب - لە ترێ دروست دەكرێت) ڕێژەیەك كحولی تێدایە، كە ڕەنگە بگاتە ٣%، بەم شێوەیە كەمێكی لە بیرە گێڕاوەتەوە چونكە بیرە كحولەكەی ٥% ـە!
١٤. زۆر جار نەخۆش لەبەر ڕۆژوەكەی دەرمان ناخوات، بەڵكو دەرزییش لەخۆی نادات. ئێمە لێرەدا باسی نەخۆشییەكی بێدەنگ یان درێژخایەن یان ئاسان دەكەین كە باوەڕدار ڕێگە بە خۆی نادات ڕۆژوەكەی بۆ بشكێنێت، با لە قورئانیشدا ڕوخسەتێكی گشتی بۆ (نەخۆش) هەبێت. زۆر كەس هەن نەخۆشییان هەیە بەڵام هەر بەڕۆژو دەبن، یان لەبەر توندیی پاڵنەری ئایینی، یان لەبەر ئەوەی حەزیان لەوە نیە لە كاتێكی تردا قەرەبوی ڕۆژوەكە بكەنەوە (چونكە ڕۆژوی ئیسلامی شێوە و مۆركی كۆمەڵی و جەماوەری و خێزانیی هەیە، بۆیە گێڕانەوەی ڕۆژو لە كاتێكدا خەڵكی تر بەڕۆژو نین زەحمەتە)، یان لەبەر ئەوەی ناتوانن قەرەبوی ڕۆژوەكە بە پارە  ببەخشن (كە ئەم پارە بەخشینە لەبریی ڕۆژو، بەپێی دەقە قورئانیەكە (البقرة‌: ١٨٤) تەنها بۆ ئەو كەسەیە كە نەتوانێت بەڕۆژو بێت: نە لە ڕەمەزاندا و نە لەدواییدا [وەكو ئەوەی نەخۆشییەكی درێژخایەنی هەبێت، یان لەبەر پیری..]. كەواتە خودی یاسا ئیسلامیەكە هۆكارێكی ئەوەیە كە نەخۆش نەتوانێت ڕۆژوەكەی بشكێنێت، چونكە دەقە قورئانیەكە بەتەواوی نەخۆش و موسافیری عەفو نەكردوە، بەڵكو لەسەری واجب كردون دواتر ڕۆژوی ئەو چەند رۆژە بگرنەوە، بۆیە هەندێك ئەگەرچی نەخۆشیش بن لە ڕەمەزاندا هەر بەڕۆژو دەبن چونكە بەڕۆژوبونی دوای ڕەمەزان و لە كاتێكدا خەڵك و ئەندامانی تری خێزان بەڕۆژو نین زەحمەتترە. شایەنی باسە دەقە قورئانیەكەش لە خۆیدا دودڵییەك بۆ موسوڵمان دروست دەكات، چونكە هەرچەند ڕوخسەت دەدات بۆ نەخۆش و موسافیر بەڕۆژو نەبن و دواتر بیگرنەوە، و ڕوخسەت دەدات بۆ ئەوانەی ناتوانن بەڕۆژو ببن و ناشتوانن بیگرنەوە لەبریی ڕۆژو بۆ هەر ڕۆژێك خواردنی هەژارێك ببەخشن؛ بەڵام لە كۆتاییدا دەقەكە دەڵێت: ئەگەر لەو حاڵەتانەیشدا هەر بەڕۆژو بن؛ باشترە بۆتان! (وأن تصوموا خيرٌ لكم) (البقرة‌: ١٨٤)، ئەمەش واتە موسوڵمان ئەگەر بیەوێت موسوڵمانێكی باشتر بێت؛ پێویستە لەو حاڵەتانەیشدا هەر بەڕۆژو بێت لەبریی ئەوەی كار بەو ڕوخسەتانە بكات! لەبریی ئەوەی بڵێت "هەر كەس پێویستیی بە دەرمان بێت؛ نابێت بە هیچ شێوەیەك بەڕۆژو بێت"، لەبریی ئەوە دەڵێت "ئەگەر بەڕۆژو بن؛ باشترە بۆتان"!! نازانم ئەگەر كەسێك نەخۆش بێت بۆچی بۆی باشترە دەرمان نەخوات!
سەرچاوەیەكی تری ئەم دودڵیەی توشی ڕۆژوەوانی موسوڵمان دەبێت لە كاتی نەخۆشیدا، ئەوەیە دڵنیا نیە ئەو نەخۆشیەی توشی هاتوە لەو ئاستەدایە كە ببێتە بیانویەك و مایەی ڕوخسەتە شەرعیەكە.. ئەمە لە كاتێكدا دەقە قورئانیەكە بەڕەهایی دەڵێت (هەر كەس نەخۆش بو) (من كان مريضا) (البقرة‌: ١٨٤).
ئەمە هەموی، جگە لەوەی هەندێك حاڵەت هەن كە بە نەخۆشی ناژمێردرێن، وەكو لاوازی و وشكبونەوەی جەستە، یان جاری وا هەیە نەخۆشی هەیە بەڵام دیار نیە و دەستنیشان نەكراوە، لەم حاڵەتانەشدا ڕۆژو زیاتر زیان لەو كەسە دەدات.
بەگشتییش، ئەوانەی نەخۆشیی دڵ و شەكرە و پەستانی خوێنیان هەیە و بەڕۆژویش دەبن، لە ڕەمەزان و شەووالدا ئەگەری مردنیان زۆرە، چونكە لە بەربانگی ئێوارانی ڕەمەزان و لە جەژندا، بڕێكی زۆر شیرینی و چەوری و سوێری دەخۆن.
١٥. خەڵك لە ڕەمەزاندا خواردن و خواردنەوەی زیاتر سەرف دەكەن و خۆراك و شیرینی و چەوریی زیاتر دەكڕن و مەسرەف زۆر بەرز دەبێتەوە، بە شێوەیەك ڕەمەزان دەبێتە بارێكی ئابوریی قورس بەسەر خێزانەوە.. كەواتە لە ڕەمەزاندا سەرفكردن زۆر دەبێت و بەرهەمهێنان كەم دەبێتەوە. كاتێكیش خواردنی زۆر دەكڕدرێت و كەڵەكە دەكرێت ئاشكرایە بەشێكیشی خراپ دەبێت و بەسەر دەچێت، كە یان فڕێ دەدرێت و بەفیڕۆ دەچێت یان بەكار دەهێنرێت و زیان دەگەیەنێت.
١٦. خەڵك لە ڕەمەزاندا شیرینیی زۆر بۆ بەربانگ و شەو ئامادە دەكەن، بۆ قەرەبوی كەمبونەوەی شەكر لە خوێنی ڕۆژوەواندا. بۆیە شیرینییەكی زۆر دەخورێت، ئەوەش دەبێتە هۆی قەڵەوی و زیادبونی كێش و تێكچونی ڕێسای خۆراك كە زیانی تەندروستیی زۆری لێ دەكەوێتەوە.
١٧. لە ڕەمەزاندا بایەخێكی زۆر بە بەربانگ و دەعوەت و زیافەت و نانی ئێوارە دەدرێت، و زیادەڕەویی زۆر لە ئامادەكردنی خواردندا دەكرێت، بە هۆی هەستی برسێتیەوە جۆرەها خواردن ساز دەكرێت و مەسرەفێكی زۆری تێدا دەكرێت، دواییش زۆربەی ئەو خواردنە دەبێت فڕێ بدرێت چونكە بۆ ڕۆژی دوایی كەس نیە بیخوات.
 ١٨. بە هۆی ڕۆژوەوە خەڵك ئێواران لە یەك كاتدا نان دەخۆن و بەرەو ماڵەوە دەچن بۆ بەربانگكردنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی جەنجاڵی و پاڵەپەستۆی ڕێگاوبان و تێكچونی هات‌وچو (هەتا لە مزگەوتەكانیشدا دوای ئەوەی پێشنوێژ سڵاو دەداتەوە یەكسەر لە دەرگای مزگەوتدا دەبێتە پاڵەپەستۆ!). هەروەها ئاشكرایە كە ئێوارانی ڕەمەزان زو بازاڕ چۆڵ دەبێت و ئەو بازاڕە ئاوەدانەی جاران نامێنێت. هەروەها لە ئەنجامی پەلەكردن بۆ گەیشتنە ماڵەوە و ڕۆژوشكاندن، هەندێك جار ڕوداوی هات‌وچویش ڕوی داوە، وەكو ئەو خێزانەی ڕەمەزانی پێشو بەو شێوەیە تێداچون..
١٩. ئەو هەمو نوێژ و تەڕاویح و زیكر و وەعز و وتارە ئایینیانەی لە ڕەمەزاندا لە مزگەوتەكاندا ئەنجام دەدرێن، بە هۆی ئەوەی مەیكرۆفۆن و بڵندگۆی زۆر بەرزیان بۆ بەكار دەهێنرێت؛ شەوانی ڕەمەزان خەو و حەوانەوە و بێدەنگی لە خەڵك و ماڵانی دەوروبەری مزگەوتەكان تێك دەدەن، بەتایبەتی لە وڵاتی ئێمەدا كە زۆرێك لە خێزانەكان ناچارن شەوانی هاوین لە سەربانی ماڵەكان بخەون یان بحەوێنەوە.
٢٠. منداڵ لە ڕەمەزاندا كاتێك گەورەكان بەڕۆژو دەبن، ڕوبەڕوی بارودۆخێكی نەگونجاو دەبێتەوە: خێزانی وا هەیە بە بیانوی ڕاهێنانی منداڵەكانیان ئەو منداڵانە ناچار دەكەن بەڕۆژو ببن! یان منداڵەكان كە دەبینن گەورەكان بەڕۆژون ئەوانیش وەكو لاساییكرنەوە بەڕۆژو دەبن! ئاشكرایشە كە منداڵ سەرپەرشتی و پەروەردەی خۆراكی و تەندروستیی دەوێت نەك برسی و تینو بكرێت! جگە لەوەش ئەگەر منداڵ بەڕۆژویش نەبێت لە خێزانێكدا كە گەورەكان بەڕۆژو بن هەر زیانی بەر دەكەوێت و پشتگوێ دەخرێت، بۆ نمونە: بە هۆی سەرقاڵیی گەورەكان بە ڕۆژو و خەوتنی ڕۆژەوە و بایەخدانی زیاتریان بە ژەمەكانی شەو (واتە بەربانگ و پارشێو) نەك ڕۆژ؛ زۆر منداڵ خۆراكپێدانی لە ڕۆژدا پشتگوێ دەخرێت، منداڵەكانیش زۆر جار لە برسێتیدا پەنا دەبەن بۆ خواردنی شیرینی و چیپس و شتی بێسود و زیانبەخشی تر وەكو خواردنەوە غازیەكان، بەم شێوەیەش جەستەیان وزە وەردەگرێت بەبێ ئەوەی خۆراكی تەندروست و پێویستی ئەو تەمەنە هەستیارەی گەشەكردنیان پێ بدرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی وزەی زیادە وەربگرن و ژمارە و قەبارەی خانە چەوریەكانیان زیاتر بێت، جەستەی منداڵیش لەم چەوریە ڕزگاری نابێت چونكە لە قۆناغی گەشەكردندا دروست بوە، بەم شێوەیەش منداڵەكە قەڵەو دەبێت، كە گەورەش بو كەسێكی قەڵەو دەردەچێت. هەروەها منداڵەكە بە هۆی خواردنی ئەو خۆراكە بێسودانەوە ڕوبەڕوی كەمی و ناتەواویی ڤیتامینەكان و خوێیە كانزاییەكان دەبێتەوە كە ئەمانە هەرچەند جەستە پێویستیی بە بڕێكی زۆریان نیە بەڵام كەمیی بڕی پێویست نەخۆشیی زۆری لێ دەكەوێتەوە وەكو كەمخوێنی بە هۆی بەدخۆراكیەوە، ئەوەش لە ئەنجامی كەمیی ئەو خۆراكانەی كە ئاسنیان تێدایە وەكو گۆشتی سور و هێلكە هەروەها كەمیی هەندێك لە ڤیتامینەكانی گروپی B، هەروەها وەكو نەخۆشیی ئێسكەنەرمە بە هۆی كەمیی كالسیوم و فۆسفۆرەوە لە ئەنجامی نەخواردنی بڕی پێویست لە شیر و بەرهەمەكانی. جگە لەوانەش بە هۆی ئەوەی گەورەكان ئەگەر بەڕۆژو بن، بە ڕۆژدا بەتەواوی ئاگایان لە خواردنی منداڵ نیە و سەرپەرشتییان نەكەن؛ جاری وا هەیە منداڵ خۆراكی خراپ و بەسەرچو دەخوات كە توشی ژەهراویبونی خۆراكییان دەكەن، یان ڕەنگە ڕێ بكەوێت ئەو ماددانەی بۆ پاككردنەوە بەكار دێن لە چێشتخانەدا دانرابن و منداڵیش بەنەزانی بۆ تاقیكردنەوە لێیان بخوات كە ئەوە ڕوداوی دڵتەزێنی لێ دەكەوێتەوە بە هۆی ژەهراویبونی كیمیاییەوە. جگە لە هەمو ئەوانەش لە ڕەمەزاندا منداڵەكانیش لەگەڵ گەورەكاندا شەونخونی دەكێشن و بڕی پێویست ناخەون (بە هۆی پارشێوكردن و شەونخونیی شەوانی ڕەمەزان بەتایبەتی دە شەوی دوایین)، لە كاتێكدا منداڵ زیاتر پێویستیی بە نوستن هەیە و بۆ گەشە و نەش‌ونمای ئەو قۆناغەی پێویستە بڕی تەواو بخەوێت.
٢١. ئەوەی بەتایبەتی لە ڕەمەزاندا من زۆر بێزار دەكات ئەو كەڵكەڵەی بەڵغەم فڕێدانەیە كە ڕۆژوەوان لە ڕەمەزاندا دەكەوێتە سەری! گوایە بۆ ئەوەی ڕۆژوەكەی نەشكێت! نازانم بۆچی دەبێت بەڵغەم بە خواردن یان خواردنەوە دابنرێت؟! تەنها لەبەر ئەوەی لە تف چڕترە؟! (حەز دەكەم ڕۆژوەوانان ئەوەش بزانن كە بەپێی ڕێبازی حەنەفی و بیروڕای پەسەندكراوی ڕێبازی مالیكی و قسەیەكی ئیمام ئەحمەد، قوتدانی بەڵغەم بە هیچ شێوەیەك ڕۆژو ناشكێنێت، بەپێی ڕێبازی شافیعی و حەنبەلییش بەگشتی كاتێك ڕۆژو دەشكێنێت كە بێتە دەمەوە ئینجا قوت بدرێت..) (هیوام وایە زەوقی خوێنەرانم تێك نەدابێت! بەڵام بڵێین چی فیقهی ئیسلامیە!).
٢٢. كێشەیەكی ترمان ئەوەیە كەسێك ئەگەر بەڕۆژویش نەبێت ناچارە وەكو ڕۆژوەوان هەڵس‌وكەوت بكات، لەبەر هەستی ڕۆژوەوانان ناتوانێت بەئاشكرا چۆڕێك ئاو بخواتەوە یان تیكەیەك نان بخوات یان مژێك لە جگەرە پیسەكەی بدات! بەم شێوەیە بەبێ ئەوەی بڕوای بە بابەتەكە هەبێت سادەترین مافی زیندەوەرێكی لێ زەوت دەكرێت كە خواردن و خواردنەوەیە! لە هەندێك وڵاتی ئیسلامیدا ئەوەی بەبەرچاوی خەڵكەوە ڕۆژو بشكێنێت یان جگەرە بكێشێت دەگیرێت و دادگایی دەكرێت لەسەر ئەو كارە! بۆ نمونە لە (ئەنجومەنی باڵای كاروباری ئیسلامی) ەوە لە بەحرەین بڕیارێكی لەو شێوەیە دەرچوە كە كردنەوەی چاخانە و چێشتخانەكان و خواردن و خواردنەوە و جگەرەكێشان لە ڕێگەوبان و بازاڕ و شوێنە گشتیەكاندا، قەدەغە دەكات، ئەوەش بەپێی یاساكانی بەندی حەوتەم / بەشی یەكەم / لە یاسای سزادانی بەحرەینی كە دەربارەی سوكایەتیە بە ئایین! بەداخەوە لە هەرێمی كوردستانی خۆیشمان بڕیارێكی لەو شێوەیە دەرچوە: لە هەولێر لەلایەن پارێزگارەوە بڕیار دەرچوە: هەر كەس لە ڕۆژی ڕەمەزاندا بەئاشكرا رۆژو بشكێنێت یان جگەرە بكێشێت بەند دەكرێت تا ڕۆژی پێش جەژن! هەروەها چاخانە و چێشتخانەكانیش تەنها ژمارەیەكی كەم و بە دانانی باجێكی قورس بۆ حكومەت دەكرێنەوە نەك بە ئازادیی خۆیان. ئەمەش بە پەستانی پیاوانی ئایینی و هەماهەنگیی پارێزگاری هەولێر كە دیارە بەرژەوەندییەك یان ناچارییەك لە بابەتەكەدا هەیە. بەدوای ئەمەدا و وەكو درێژبوەنەوەی ئەو تەوژمە (و ڕەنگە بۆ بەدەستهێنانی هەندێك ئامانجی تری سیاسییش!) پارێزگاری سلێمانییش بڕیارێكی سەرپێیی دەركردوە بە داخستنی یانە و مەیخانەكان تا دوای ڕەمەزان! بەم شێوەیە ئازادیی تاكەكەس لەم هەرێمەدا دەبێتە قوربانیی پەستانی چنگێك لە پیاوانی ئایینی و بەرژەوەندی و كێشمەكێش و گەمەی سیاسیی مشتێك لە پیاوانی دەوڵەت!
٢٣. كێشەیەكی تر ئەوەیە كە ڕەمەزان بە هەمو ساڵدا هات‌وچو دەكات و دەكەوێتە هاوینیشەوە. بەو شێوەیە ڕۆژوەوان نزیكەی (١٤) كاتژمێر بەو گەرمایە برسێتی و تینوێتی دەچێژێت! بێ گومان بە كارنەكردن و پشودان و خەوتن و نەبزوان بەرگەی ئەو حاڵەتە دەگیرێت. ئەگەرنا بۆ كرێكار و فرۆشیار و هەمو ئەو ئەوانەی ناچارن كاری خۆیان بكەن ڕۆژوگرتن ئەستەمە. وەرە لە هاویندا كرێكار بە لەبەر خۆردا كار بكە و و بەڕۆژویش بە! ئەگەر ئەوە نەبێت كە لایەك لە خەڵك بەڕۆژو نین زۆربەی كارەكان دەوەستان.
٢٤. كێشەیەكی تری ڕۆژوی ڕەمەزان، ئەوەیە موسوڵمانان تا ئێستاش بۆ دیاریكردنی سەرەتا و كۆتایی مانگی ڕۆژو پشت دەبەستن بە بینینی مانگ! ئیتر هەمو ساڵێك ناكۆكی دروست دەبێت و سەرەتا و كۆتایی مانگی ڕۆژو گومانی تێدا دروست دەبێت. ئەو شێوازە بەراییە ئەگەر بۆ ئەو سەردەمەی كە وتراوە (صوموا لرؤيته..) تاكە شێوازێك بوبێت بۆ ڕێكخستنی مانگ و ساڵ و ڕۆژژمێر؛ بۆ ئێستە كە مرۆڤ پێشكەوتوترین سیستەمی ڕۆژژمێری و فەلەكیی هەیە و چاودێریی كۆمەڵەی خۆر و گەلەستێرەكان و سنورەكانی كۆتایی گەردون دەكات و سەدەها چاوی زەبەلاحی لەسەر زەوی داناوە بۆ چاودێریی قوڵاییەكانی گەردون، كارێكی پێكەنیناویە، و بەڵگەیەكە لەسەر بەبەردبونی عەقڵی ئیسلامی..
لە كۆتاییدا دەڵێم: ئەگەر ڕۆژوی ئیسلامی بریتی بوایە لە ڕێجیمی خۆراك و نەخواردنی گۆشتی سور و چەوریی ئاژەڵی و نەخواردنەوەی خواردنەوەی غازی و ئەو بابەتانە.. منیش وەكو حیكمەتێك وەرمدەگرت و جێبەجێم دەكرد (هەرچەند خۆم پێشتر ئەو حیكمەتەم لە ڕێنماییە تەندروستیەكان وەرگرتوە و جێبەجێم كردوە).. بەڵام هیچ حیكمەتێك لەوەدا نابینمەوە مرۆڤ بەم هاوینە سورە كاتێك تینوی بو ئاو نەخواتەوە.

پەراوێز:
(١) بڕوانە: خالص جلبي، أوقيانوس المجهول الإنساني. الجمهورية، ٢٠ / ٨ / ٢٠١٠.
(٢) بڕوانە: باسم البكور، الصيام: الحاجة ماسّة إليه للتخلص من سموم الأغذية‌ والأدوية‌. صحيفة‌ (النهار) اللبنانية‌. إيلاف، ٣١ / ١٠ / ٢٠٠٥.
(٣) بڕوانە: الصيام يحمي مرضى السرطان من أضرار العلاج الكيميائي. صحيفة‌ (أوكتوبر) اليمنية، العدد (١٤٠٧٢)، ٣ / ٤ / ٢٠٠٨.
(٤) بڕوانە: باسم البكور، الصيام.
(٥) بۆ خاڵەكانی (١ - ١٣) و (١٥ - ١٩)، بە شێوەیەكی سەرەكی پشتم بەستوە بە: نورا محمد، مساوئ الصيام. الحوار المتمدن، العدد (٢٤٠٦)، ١٦ / ٩ / ٢٠٠٨.