پاپا نۆێڵ
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
كه‌سێتیی خۆشه‌ویستی (پاپا نۆێڵ) یاخود (سانتا كلۆز) یاخود ـ به‌كورتی (سانتا) ـ به‌شێك و دیمه‌نێكه له ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵی زایینی، له زۆربه‌ی جیهان، به‌تایبه‌تی لای منداڵان كه زۆر خۆشه‌ویسته. هه‌ر وه‌كو به‌شێك له‌و ڕقه‌ی موسوڵمان هه‌یه‌تی له هه‌ر شتێك كه هی خۆی نه‌بێت و له‌وه‌ی خۆی نه‌چێت؛ زۆر موسوڵمان به‌شداریكردن له‌و ئاهه‌نگ و خۆشیانهدا به ناڕه‌وا و قه‌ده‌غه ده‌زانن و ڕقیان له كه‌سێتیی (پاپا نۆێڵ) ـه و پێیان وایه كه له‌گه‌ڵ باوه‌ڕی ئیسلامی ناگونجێت و ده‌ڵێن ناوه‌كه‌ی مانایه‌كی نه‌گونجاوی له‌گه‌ڵ باوه‌ڕی ئیسلامی هه‌یه، و هه‌روه‌ها ده‌ڵێن كه‌سێتیی (پاپا نۆێڵ) كه‌سێتییه‌كی خه‌یاڵی و ئه‌فسانه‌ییه! ئیتر وا قسه ده‌كه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی خۆیان باوه‌ڕیان به هیچ كه‌سێتییه‌كی خه‌یاڵی و ئه‌فسانه‌یی نه‌بێت! جگه له‌وه‌ش هه‌مو خه‌ڵك ده‌زانێت كه ئه‌وه كه‌سێتیه كه‌سێتییه‌كی مه‌عنه‌ویه به‌ڵام كه‌سێتییه‌كی جوانه و زیندو ڕاده‌گیرێت و كه‌سێتی و جلوبه‌رگه تایبه‌تیه‌كه‌ی نمایش ده‌كرێت و له ڕێگه‌یه‌وه دیاری دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر منداڵاندا.
من لێره‌دا كورته‌یه‌ك له‌سه‌ر بنچینه و دروستبونی كه‌سێتیی (پاپا نۆێڵ) یاخود (سانتا كلۆز) ده‌خه‌مه‌ڕو، و زیاتریش له‌سه‌ر هه‌ندێك پرۆپاگه‌ندای ئیسلامی هه‌ڵوێسته ده‌كه‌م كه ـ بۆ ناشیرینكردنی كه‌سێتیه‌كه له كۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتیدا ـ هه‌ر له خۆیانه‌وه ده‌ڵێن ده‌سته‌واژه‌ی (بابا نوێل) به عیبری (!!) یانی (خوای باوك) یان (باوكی خوا)! و گوایه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و باوه‌ڕه مه‌سیحیه تایبه‌تیه‌ی كه باسی خوای باوك (دروستكه‌ر) و خوای كوڕ (مه‌سیح) ده‌كات! كه له ڕاستیدا ده‌سته‌واژه‌كه هه‌ر عیبرییش نیه! و ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه ته‌واو دوره له ڕاستیه‌وه. دواتر شیكردنه‌وه‌ی ورد بۆ ناوه‌كه (پاپا نۆێڵ) ده‌خه‌مه ڕو.
كه‌سێتیی ته‌قلیدیی پاپا نۆێڵ
(پاپا نۆێڵ) كه (سانتا كلۆز) یشی پێ ده‌وترێت و ئه‌مه‌ش كورت ده‌كرێته‌وه بۆ (سانتا)، كه‌سێتییه‌كه له كولتوری خۆرئاواییدا، كه په‌یوه‌سته به جه‌ژنی سه‌ری ساڵی زایینیه‌وه. كه‌سێتیه‌كه‌ی، به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا بڵاوه له جیهاندا، پیاوێكی به‌ته‌مه‌نی ڕوخۆش و دهمبهپێكهنینه و پێكه‌نینێكی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. ڕیشێكی گه‌وره‌ی سپیی هه‌یه كه ده‌موچاوی داپۆشیوه. جه‌سته‌ی قه‌ڵه‌وه. جلوبه‌رگێكی زستانه‌ی تایبه‌تیی هه‌یه كه ڕه‌نگی سوره و سه‌رقۆڵ و چمكه‌كانی سپین. له چیرۆكی منداڵاندا ئه‌م كه‌سێتیه شوێن و شێوازی ژیانیشی باس ده‌كرێت: (سانتا كلۆز) له جه‌مسه‌ری باكور (به‌تایبه‌تی: گرین‌لاند!) و شوێنێكی سارد ده‌ژی، له‌گه‌ڵ (خاتو كلۆز) ی هاوسه‌ری، و له‌گه‌ڵیاندا هه‌ندێك له گرگن (قه‌زه‌م) ه‌كانیش ده‌ژین كه دیاریه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵی بۆ ئاماده ده‌كه‌ن، چه‌ند ئاسكێكیش (8 دانه! ئێسته بوه‌ته 9!) گالیسكه سیحراویه‌كه‌ی ڕاده‌كێشن كه زه‌نگۆڵه‌ی پێوه‌یه، كه له‌و گالیسكه‌یه‌دا دیاریه‌كان هه‌ڵ ده‌گیرێن، ، ئاسكه‌كانیش توانای فڕینیان هه‌یه! ئیتر پاپا نۆێڵ ده‌گه‌ڕێت و دیاریه‌كان كه له كیسهكهیدا هه‌ڵی گرتون دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر منداڵاندا له‌و شه‌وه‌دا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یان له دوكهڵكێشهوه ده‌چێته خواره‌وه بۆ ناو ماڵه‌كه یان له په‌نجه‌ره‌وه و ده‌رچه‌كانی تره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌نهێنی دیاریه‌كان بۆ منداڵان به‌جێ بهێڵێت به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆیان پێ بزانن!
ئیتر ئه‌مه وێنه‌ی كه‌سێتیی پاپا نۆێڵه، و به‌شێكه له خه‌یاڵدانی منداڵ له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان، و به‌م شێوه‌یه له كاره هونهریهكاندا نمایش ده‌كرێت.
بنه‌ڕه‌تی مێژویی كه‌سێتیی پاپا نۆێڵ
له ڕاستیدا ئه‌م كه‌سێتیه بنچینه‌یه‌كی مێژوییشی هه‌یه:
له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م كه‌سێتیه هه‌ر هه‌مان قیددیس (نیكۆلاس) Saint Nicholas ـه (هاگیۆس نیكۆلاوس Άγιος Νικόλαος به گریكی، سانکتوس نیكۆلاوس Sanctus Nicolaus به لاتینی، عه‌ره‌بیش له‌سه‌ر زمانی سوریانه‌وه "مار نِقولا" ی پێ ده‌ڵێن)، كه ئوسقوفی گریكزمانی شاری (میرا) Myra بوه له هه‌رێمی (لیكیا) Lycia له باشوری ئه‌نادۆڵ (ی بیزانتی) كه ده‌كاته ناوچه‌ی (دێمره) Demre له توركیای ئێسته، و له سه‌ده‌کانی (3-4 ز.) دا ژیاوه: (270 ز.) له‌دایك بوه له شاری (پاتارا) Patara له هه‌رێمی لیكیا، (6) ی كانونی یه‌كه‌می (346 ز.) مردوه. یه‌كێكه له قیددیسه مه‌سیحیه گه‌وره و به‌ناوبانگه‌كان.
قيدديس نيكۆلاس
به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه و دابونه‌ریتی مه‌سیحی؛ قیددیس نیكۆلاس له (كۆنگره‌ی یه‌كه‌می نیكایا) دا ساڵی (325 ز.) به‌شدار بوه، و گوایه ڕوبه‌ڕوی بیدعه‌كه‌ی (ئاریوس) بوه‌ته‌وه و له كۆنگره‌كه‌دا زلـلهیهكیشی له ده‌موچاوی ئاریوس داوه! هه‌رچه‌ند لیسته هه‌ره كۆنه‌كانی ناوی ئوسقوفه به‌شداربوه‌كانی ئه‌و كۆنگره‌یه ناوی ئه‌ویان تێدا نیه.
ئه‌م كه‌سێتیه دابونه‌ریت و چیرۆكی زۆری له‌سه‌ر دروست بوه. له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگا مه‌سیحیه‌كاندا و له كلێسای كاثۆلیكی و كلێسا ئۆرثۆدۆكسهكاندا له (6 ی كانونی یه‌كه‌م) ی هه‌مو ساڵێك ئاهه‌نگی بۆ ده‌گێڕدرێت (له هه‌ندێك شوێنیش 19 ی كانونی یه‌كه‌م). له كلێسا ئینجیلیهكانیشدا ڕێزی لێ ده‌گیرێت. له وڵاتانی به‌لكان و خۆرهه‌ڵاتی ئورۆپا (ئه‌لبانیا، بولگاریا، كرواتیا، چێك، گورجستان، یۆنان، مه‌كه‌دۆنیا، مۆنتینێیهگرۆ، ڕۆمانیا، ڕوسیا، سێربیا، سلۆڤاكیا)، هه‌روه‌ها له هه‌ندێك ناوچه‌ی خۆرئاوای ئورۆپا (بێلجیكا، فڕه‌نسا، هۆڵاندا، پۆرتوگال)؛ قیددیس نیكۆلاس قیددیسی سه‌رپه‌رشت و پشتیوانه بۆ ده‌ریاوانه‌كان و بازرگانه‌كان و تیرهندازهكان و ماسیگره‌كان و منداڵان و قوتابیان و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی به‌هه‌ڵه تۆمه‌تبار كراون. هه‌روه‌ها قیددیسی سه‌رپه‌رشت و پشتیوانی ئه‌م شار و ناوچانه بوه له كۆمه‌ڵگا مه‌سیحیه‌كاندا: ئابه‌ردین Aberdeen له سكۆتلاندا، ئه‌مستێردام Amsterdam له هۆڵاندا، باررانكییا Barranquilla له كۆڵۆمبیا، به‌یت جالا (بیت جالا) له فه‌له‌ستین (كه له‌م شارۆچكه‌یه وا باوه قیددیس نیكۆلاس چوار ساڵ ماوه‌ته‌وه كاتێك زیاره‌تی شوێنه پیرۆزه‌كانی كردوه)، باری Bari و پاتێرنۆپۆلی Paternopoli و ساسّهری Sassari له ئیتالیا، فریبور |فغیبوغ| Fribourg له سویسّێرا، كۆزانی Kozani له یۆنان، لیڤه‌رپوڵ Liverpool له ئینگیلتێررا، و گوندی سیججیوی Siġġiewi له ماڵتا، و ناوچه‌ی لۆرێین |لۆغێن| Lorraine له فڕه‌نسا.
به‌پێی چیرۆكی ژیانی قیددیس نیكۆلاس؛ دایك و باوكی ده‌وڵه‌مه‌ند و خواناس بون، به‌ڵام سه‌ره‌تا منداڵیان نه‌بوه كه ببێته میراتبه‌ری ماڵوسامانهكهیان، ئیتر له كۆتاییدا ئه‌م كوڕه‌یان ده‌بێت، ئه‌م كوڕه‌ش هه‌ر له منداڵیه‌وه نیشانه‌ی خواناسی و پیاوچاكیی پێوه دیار بوه، به شێوه‌یه‌ك "ئه‌و ئیلهامه‌ی له گیانی پیرۆزه‌وه وه‌ریده‌گرت زۆرتر بو له‌و فێربونهی له مامۆستاوه وه‌ریده‌گرت"! هه‌ر له منداڵی‌دا له فێركاریه‌كانی كلێسا شاره‌زا بو، ئیتر هه‌ر به منداڵی بو به شه‌مماس، ئینجا له دێرێكدا بوه ڕه‌به‌ن، هه‌تا هه‌ر له ته‌مه‌نی 19 ساڵیدا بوه قه‌شه. ئیتر ئه‌و سامانه‌ش كه له باوك و دایكیه‌وه بۆی به‌جێ مابو؛ له كاری چاك و یارمه‌تیی خه‌ڵكدا سه‌رفی ده‌كرد.
ئه‌م پیاوه مه‌سیحیه جوانه، به‌پێی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگا مه‌سیحیه‌كان؛ عاده‌تی وا بوه شه‌وان یارمه‌تی و دیاریی به‌سه‌ر ماڵه هه‌ژار و نه‌داره‌كاندا دابه‌ش ده‌كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بزانێت ئه‌وه ئیشی كێیه.
دیارترین چیرۆك كه ده‌یگێڕنه‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌م چاك و یارمه‌تیانه‌ی قیددیس نیكۆلاس، ئه‌وه‌یه كه له شاری (میرا) پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت، پاشان سامانه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات و هه‌ژاری زۆری بۆ ده‌هێنێت. سێ كچیشی وه‌ختی شوكردنیانه به‌ڵام ئه‌و ئیتر نه‌یده‌توانی به‌شویان بدات چونكه ده‌ستكورت ببو و نه‌یده‌توانی جیازییان بۆ ڕێك بخات. هه‌تا شه‌یتان نیازی خراپی ئه‌وه‌ی خسته دڵیه‌وه كه كاری نزم به كچه‌كانی بكات. خواوه‌ندیش ئه‌مه‌ی بۆ قیددیس نیكۆلاس ده‌رخست، ئیتر سه‌د دیناری زێڕی له ماڵوسامانهكهی باوكی هه‌ڵ گرت و خستیه كیسه‌یه‌كه‌وه و شه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بزانێت له په‌نجه‌ره‌وه خستیه ناو ماڵی كابراوه. كابرایش زۆر سه‌رسام بو كاتێك كیسه پاره‌ی بینی و زۆر دڵخۆش بو، و به‌و پاره‌یه كچی یه‌كه‌می به شو دا. ئینجا شه‌وێكی تر به هه‌مان شێوه كیسه‌یه‌كی تری پاره‌ی فڕێ دایه ماڵه‌كه‌وه، به‌م شێوه‌یه پیاوه‌كه توانیی كچی دوه‌میشی به شو بدات. به‌ڵام ئیتر پیاوه‌كه زۆر تامه‌زرۆی بینی ئه‌و چاكه‌كاره بو. بۆیه خۆی بۆ داگرت تا بزانێت كێیه. كاتێك ده‌نگی كه‌وتنی كیسه‌كه‌ی بیست؛ ڕای كرد تا بزانێت كێیه، بینیی كه قیددیس نیكۆلاسه. ئیتر به‌سه‌ر پێیدا كه‌وت و زۆر سوپاسی كرد، ئه‌ویش وتی: سوپاسی من مه‌كه، سوپاسی خوا بكه كه ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی خستوه‌ته دڵمه‌وه.
به‌م شێوه‌یه قیددیس نیكۆلاس له ژیانی خۆیدا به‌رده‌وام بو له‌سه‌ر یارمه‌تیدانی گه‌له‌كه‌ی خۆی و ئه‌وانه‌ی پێویستییان به یارمه‌تی هه‌یه.
ئیتر له كۆتاییشدا له (6 ی كانونی یه‌كه‌م) دا مردوه، كه ئه‌مه‌ش نزیكه له جه‌ژنی له‌دایكبونی مه‌سیحه‌وه (25 ی كانونی یه‌كه‌م)، بۆیه ئیتر په‌یوه‌ست بوه به جه‌ژنی سه‌ری ساڵه‌وه. به ناوی ئه‌وه‌وه دیاریی سه‌ری ساڵ و کریسمه‌س ده‌گۆڕدرایه‌وه. ئیتر لێره‌وه بو به "(باوك) و سه‌رپه‌رشتی ئاهه‌نگی له‌دایكبونی مه‌سیح (کریسمه‌س)"، و دهنگوباسی به هه‌مو ئورۆپادا بڵاو بوه‌وه، و بو به‌و كه‌سێتیه‌ی كه دیاریی كاتی ئاهه‌نگی له‌دایكبونی مه‌سیح ده‌هێنێت و دابه‌ش ده‌كات.
دیاره ئه‌م كه‌سه پیاوێكی ئایینیی باش و به‌سۆز بوه له خۆیدا، بۆیه بوه‌ته بنچینه‌یه‌كی كه‌سێتییه‌كی جوانی وه‌كو پاپا نۆێڵ له ویژدانی خه‌ڵكدا. بێ گومان كه‌سێتیی جوانی ئاوا له‌سه‌ر بنه‌مای ژیانی پیاوانی ئایینیی مه‌سیحیی تر كه توند و چاوچنۆك بن؛ دروست نابێت. كه‌سێتیی ئاوا جوان له‌سه‌ر بنه‌مای ژیانی كه‌سێك دروست ده‌بێت كه پاڵنه‌ره مرۆڤدۆستیهكهی به‌هێز بێت یان به‌هێزتر بێت له پاڵنه‌ره ئایینیه‌كه‌ی.
ئینجا دوای ئه‌وه‌ی قیددیس نیكۆلاس بو به (پاپا نۆێڵ) واته باوكی کریسمه‌س و دیاریهێنی كاتی ئاهه‌نگی له‌دایكبونی مه‌سیح؛ ئیتر چیرۆك و بیروباوه‌ڕی زۆر له‌سه‌ر دیمه‌نه‌كانی كه‌سێتیه‌كه و شێوازی ژیانی دروست بو: لای هه‌ندێك بڕوا وابو كه پاپا نۆێڵ له سوید ده‌ژی، هه‌ندێكی تر بڕوایان وابو كه له فینلاندا ده‌ژی، به‌تایبه‌تی كه له‌وێ گوندێكیش هه‌یه به ناوی (گوندی پاپا نۆێڵ) و وه‌كو زێدی پاپا نوێڵ بره‌وی پێ ده‌درێت. هه‌روه‌ها گۆڕی قیددیس نیكۆلاس له شاری میرا ("دێمره" ی ئێسته)؛ ئه‌میش هه‌ر زیارهتگایهكه و سه‌ردان ده‌كرێت.
قیددیس نیکۆلاس وه‌کو دیاریهێن
ئیتر له كولتوری وڵاتانی ئورۆپادا، قیددیس نیكۆلاس، هه‌م له (6 ی كانونی دوه‌م) دا جه‌ژنی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه، هه‌م تێكه‌ڵ به کریسمه‌س و جه‌ژنی له‌دایكبونی مه‌سیح بوه. له‌و كۆمه‌ڵگا مهسیحیانهشدا كه دابونه‌ریتی ئایینی هێشتا به‌هێزه؛ هه‌ر دو بۆنه و جه‌ژنه‌كه به‌جودایی ماون. به هه‌ردو باره‌كه‌شدا، به‌پێی ئه‌و كولتورانه؛ قیددیس نیكۆلاس، یاخود پاپا نۆێڵ، له نیوه‌ی شه‌ودا ده‌گاته ماڵان، به سواری گو‌ێدرێژێك یاخود ئه‌سپێك كه باری كردوه به شیرینی و دیاری بۆ منداڵان، و دیاریی بچوك بۆ منداڵان به‌جێ ده‌هێڵێت له پێڵاوه‌كانیان یاخود گۆرهویهكانیاندا یان له‌ژێر سهرینهكانیاندا یان له سندوقێكدا كه له‌به‌ر ده‌رگا جێی ده‌هێڵن، ئیتر دوایی ده‌زانن پاپا نۆێڵ هاتوه و دیاریی بۆ هێناون! هه‌روه‌ها گوایه ده‌گه‌ڕێت به‌سه‌ر قوتابخانه و دایه‌نگه‌كاندا و شیرینی و دیاری ده‌دات به منداڵه‌كان! به‌تایبه‌تی به‌و منداڵانه‌ی كه (عاقڵی) یان كردوه! ئیتر بوه‌ته سه‌رپه‌رشت و پارێزه‌ری منداڵان و قوتابیان و كراوه به پاڵنه‌رێكیش بۆ په‌روه‌رده و گوێڕایه‌ڵی چونكه منداڵان وا په‌روه‌رده ده‌كرێن كه ئه‌و منداڵانه‌ی عاقڵن و هه‌ڵسوكه‌وتی باش ده‌كه‌ن؛ به‌پێی ئه‌وه قیددیس نیكۆلاس دیاری‌یان ده‌داتێ. هه‌روه‌ها چیرۆكی ڕزگاركردنی چه‌ند منداڵێك له مه‌ترسی له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه ده‌گێڕنه‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئاهه‌نگ له شه‌وی پێش ڕۆژی جه‌ژنی قیددیس نیكۆلاسدا ده‌كرێت و چیرۆكه‌كانی قیددیس ده‌گێڕدرێنه‌وه و شه‌وێ پێڵاو و گۆرهویهكانیان له‌لای دوكهڵكێش یان له‌به‌ر ده‌رگا به‌جێ ده‌هێڵن هه‌تا قیددیس نیكۆلاس پڕیان بكات له میوه‌ی وشككراو و چه‌ره‌س و شیرینی و هه‌روه‌ها دراوی كانزایی! هه‌ندێك گێزه‌ر و كایش ده‌خرێته پێلاوهكانهوه بۆ ئه‌وه‌ی قیددیس نیكۆڵاس بیكاته ئالیكی گوێدرێژه‌كه‌ی یاخود ئه‌سپه‌كه‌ی!هه‌روه‌ها عاده‌ت وایه گۆره‌وییه‌كی لۆكه له سه‌روی ئاگردانه‌وه هه‌ڵده‌واسرێت، ئینجا له په‌نجه‌ره‌وه دراوێكی كانزایی زه‌رد كه ته‌ڕ كراوه فڕێ ده‌درێته ناو گۆرهویهكهوه، بۆ ئه‌وه‌ی وشك ببێته‌وه. ئه‌مه‌ش هێمایه بۆ چیرۆكێك ده‌رباره‌ی قیددیس نیكۆلاس یاخود پاپا نۆێڵ كه ده‌ڵێت جارێكیان خه‌ریك بوه چه‌ند ژنێك بفرۆشرێن و بكرێنه كۆیله، ئه‌ویش دراوی زێڕی ئه‌و ڕۆژگاره‌ی داوه بۆ كڕینه‌وه و ئازادكرنیان، ئه‌و ڕۆژه‌ش باران بوه بۆیه دراوه زێڕه‌كان ته‌ڕ بون، ئیتر ئه‌مه لاسایی ده‌كرێته‌وه به‌و شێوه‌یه.
هه‌روه‌ها له ئاهه‌نگه‌كاندا شیرینییه‌ك دروست ده‌كرێت كه له شێوه‌ی گۆچانێكدایه كه هێڵی سور و سپیی تێدایه (ئێسته ئه‌مه شیرینییه‌كی باوه له جیهاندا)، ئه‌م جۆره شیرینییهش هێمایه بۆ گۆچانه‌كه‌ی قیددیس نیكۆلاس كه له گه‌شت و گه‌ڕانه‌كانیدا هه‌ڵی گرتوه، و هه‌ر له خۆیشیدا هێمای (ئوسقوف) ـه، گۆچانهكهش وه‌كو گۆچانی تایبه‌تیی باوكه‌كان و سه‌رپه‌رشتیار (راعي) ی كلێساكان وایه.
ئه‌و به‌رگه سوره‌ش كه كه‌سێتیی قیددیس نیكۆلاس یاخود پاپا نۆێڵ هه‌یه‌تی؛ هه‌مان به‌رگی ئوسقوف و قیددیسه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره بوه.
له كۆندا كڵاوی پاپا نۆێڵ؛ هه‌ر هه‌مان كڵاوی تایبه‌تیی ئوسقوفه‌كان بوه، كه بریتیه له تاجێكی به‌رز، عه‌ره‌ب (البُرْطُل) ی پێ ده‌ڵێن. ئه‌مه‌ش له كه‌سێتیی قیددیس نیكۆلاسه‌وه هاتوه كه ئوسقوف بوه. به‌ڵام له سه‌رده‌می نوێ‌دا دوای ئه‌وه‌ی كه‌سێتیه‌كه تێكه‌ڵ به كولتوری باكورئورۆپایی كۆن كرایه‌وه؛ جلوبه‌رگه‌كه‌ی بو به جلوبه‌رگێكی زستانه، كڵاوه سوره‌كه‌ش بو به ته‌واوكه‌ری ئه‌و جلوبه‌رگه زستانه‌ییه سوره.
ئیتر له سه‌رده‌می نوێ‌دا كه‌سێتیه‌كه زیاتر گه‌شه‌ی كرد و وێنه و كه‌سێتییه‌كی چه‌سپاوی بۆ دروست بوه، وه‌كو ئه‌و وێنه و كه‌سێتیه ته‌قلیدیه‌ی له چیرۆكه‌كانی منداڵانیشدا ده‌یبینینه‌وه، وه‌كو له سه‌ره‌تاوه باسمان كرد.
ئه‌مه چۆن دروست بوه؟
ئه‌مه‌یان پرۆفیسۆری (ئه‌ده‌بی خۆرهه‌ڵاتی و گریكی) و شاعیری ئه‌مێریكایی (كلیمێنت كلارك مۆر) ـ Clement Clarke Moore ـ (1779 ـ 1863) دایهێناوه، ئه‌وه‌ش له قهصیدهیهكدا به ناوی (سه‌ردانێك له قیددیس نیكۆلاسه‌وه) A Visit From St. Nicholas، كه دواتر به ناوی (شه‌وی پێش جه‌ژنی سه‌ری ساڵ) The Night Before Christmas ناوی ڕۆشتوه، ئه‌مه‌ش ساڵی 1823، كه له‌و قهصیدهیهدا وه‌سفی پاپا نۆێڵ ده‌كات.
لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می قه‌صیده‌ی
A Visit From St. Nicholas
چاپی 1862
A Visit From St. Nicholas
چاپی 1862
ئینجا ساڵی 1881 یش نیگاركێشی كاریكاتێریستی ئه‌مێریكایی Thomas Nast (تۆماس ناست) (1840 ـ 1902) له گۆڤاری هه‌فتانه‌ی (هارپه‌ر) Harper's Weekly له نیویۆرك، یه‌كه‌م وێنه‌ی (پاپا نوێڵ) ی كێشا كه بو به وێنه‌ی ستاندارد بۆ ئه‌و كه‌سێتیه: به جه‌سته قه‌ڵه‌وه‌كه‌ی و ڕومه‌ته سوره‌كانی، و ده‌سته جله زستانه‌ییه سوره‌كه‌ی كه چمكه‌كانی سپین، و ڕیشه سپیه گه‌وره و درێژه‌كه‌ی كه ده‌موچاوی داده‌پۆشێت، و پێڵاوه چه‌رمینه بریكهدارهكانی، و پشتێنه چه‌رمینه ڕه‌شه‌كه‌ی..
پاپا نۆێڵ به فڵچه‌ی تۆماس ناست
وێنه‌که‌ی تۆماس ناست دوای ڕه‌نگکردنی
ئیتر به‌م شێوه‌یه و به‌م وێنه‌یه پاپا نۆێڵ بو به كه‌سێتییه‌كی جیهانی كه له هه‌مو لایه‌كی جیهان منداڵان خۆشیان ده‌وێت.
ئینجا به گواستنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌سێتیه بۆ كۆمه‌ڵگاكانی تر و تێكه‌ڵبونی به كولتوره‌كانی تر؛ هه‌ندێك دیمه‌نی تری كه‌سێتیه‌كه گۆڕا: بۆ نمونه: به‌پێی دابونهریتێك، كه بنچینه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی (19 ز.)، پاپا نۆێڵ له جه‌مسه‌ری باكور ده‌ژی، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك گرگن (ئێلف) كه له میثۆلۆجیای سكاندیناڤیاییدا باون، كه گوایه ئه‌م ئێلفانه دیاریه‌كان و گالیسكه‌كه‌ی بۆ ڕێك ده‌خه‌ن. له‌گه‌ڵ نۆ (له بنه‌ڕه‌تدا هه‌شت) ئاسكی جۆری كاریبۆ (الرنة) كه ده‌فڕن و گالیسكه‌كه به ئاسماندا ده‌فڕێنن، گالیسكهكهش له ڕاستیدا هه‌ر خلیسكێنهیهكی سه‌ر به‌فره. به‌م شێوه‌یه ئه‌و گوێدرێژ یاخود ئه‌سپه‌ی كه دیاریه‌كانی پێ ده‌گواسته‌وه؛ گۆڕا به‌و گالیسكهیهی به‌سه‌ر به‌فردا ده‌خزێت و نۆ دانه ئاسكی جۆری كاریبۆ ڕای ده‌كێشن.ئه‌م وێنه‌یه‌ی پاپا نۆێڵ زیاتریش له گۆرانییه‌كدا به ناوی (سانتا كلۆز دێت بۆ شار) Santa Claus Is Coming to Town، ساڵی 1934 بڵاو بوه‌وه و بو به وێنه‌ی باو و ستانداردی پاپا نۆێڵ.
ڕه‌گوڕیشه‌ی كۆنی كه‌سێتیی دیاریهێنی جه‌ژنی له‌دایكبون
له ڕاستیدا كه‌سێتیی پیره پیاوێكی ڕیش گه‌وره كه به سواری ئه‌سپێكی فڕیوه‌وه ماوه‌ی زۆر ده‌بڕێت و په‌یوه‌سته به جه‌ژنی له‌دایكبونه‌وه و دیاریی ئه‌و جه‌ژنه ده‌هێنێت؛ له كولتوری باكوری ئورۆپای پێش مه‌سیحیه‌تدا هه‌بوه و دواتر كراوه به دابونهریتێكی مه‌سیحی. ئه‌وه‌ش كه‌سێتیی خواوه‌ند (ئۆدین) |ئۆدێن| Odin ـه.
ئۆدین (به نۆروێگیی كۆن: ئۆذین |ئۆذینّ| Óðinn)، خواوه‌ندی سه‌ره‌كیه له میثۆلۆجیای نۆروێگیی كۆندا، هه‌مان كه‌سێتییش به ناوی وۆدێن |وۆد'نّ| Wōden، له ئایینی ئه‌نگلۆسه‌كسۆنی و جێرمانیی پێش مه‌سیحیه‌تدا خواوه‌ندی سه‌ره‌كی بوه، كه ناوه‌كه‌ی له ئینگلیزیی كۆندا بریتی بوه له وۆدێن Ƿōden [پیتی Ƿ و شێوه بچوکه‌که‌ی ƿ؛ له ئینگلیزیی کۆندا هه‌بوه که (وين) Wynn ی پێ وتراوه و به (و) خوێنراوهتهوه]، له ئاڵهمانیی كۆنی یه‌كه‌میشدا وتراوه وۆدان Wôdan، له سهكسۆنیی كۆنیشدا وۆدێن Uuôden [له سهکسۆنیی کۆن و گه‌لێک زمانی جێرمانیی کۆنی تریشدا، پێشتر جوت پیتی uu له‌بریی w به‌کار هاتوه و به (و) خوێنراوهتهوه، واته (و) ی بزوێن و نهبزوێنیش، که دواتر له uu ـ که هه‌ندێک جار به شێوه‌ی vv یش نوسراوه ـ شێوه‌ی w هاتوه‌ته کایه]. كه ئه‌مانه و ئۆذینّ ـه نۆروێگیهكه، هه‌مویان په‌ره‌پێدراوی خواوه‌ندێكی جێرمانیی سه‌ره‌تایین که ناوه‌که‌ی ده‌بێت به شێوه‌ی وۆذاناز Wōðanaz یاخود وۆذیناز Wōðinaz بوبێت.
ئۆدینی گه‌ڕیده
تابلۆی نیگارکێشی سویدی
(ژییۆری فۆن روسهن) Georg von Rosen
تابلۆی نیگارکێشی سویدی
(ژییۆری فۆن روسهن) Georg von Rosen
1896
كه‌سێتیی ئۆدین له شێوه‌ی پیره پیاوێكی ڕیش گه‌وره‌دایه كه چاوێكی كوێره. جا كۆمه‌ڵه دیمه‌نێكی هاوبه‌ش هه‌ن له‌نێوان ئۆدین و سانتا كلۆز یان پاپا نۆێڵ كه نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌سێتیه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا له كولتوری باكوری ئورۆپای كۆن (كولتوری جێرمانیی كۆن) ـه‌وه هاتوه و مهسیحیێنراوه:
گه‌له جێرمانیهكانی پێش مه‌سیحیه‌ت جه‌ژنێكی (له‌دایكبون) یان هه‌بوه له ناوه‌ڕاستی زستان (وه‌رگه‌ڕانی زستان Winter Solstice) دا [وه‌كو جه‌ژنی "یه‌ڵدا" ی ئێرانی، كه (یه‌ڵدا) یش هه‌ر به واتای (له‌دایكبون) ـه، چونكه له یه‌لدا ܝܠܕܐ ی سوریانیه‌وه وه‌رگیراوه به هه‌مان واتای له‌دایكبون و له مادده‌ی "ولد" ܘܠܕ ه‌وه. ئه‌وه‌ش چونكه شه‌وی یه‌ڵدا كه درێژترین شه‌وی زستانه؛ به‌پێی دابونه‌ریتی میثرایی كه ڕه‌گوڕیشه‌ی ئێرانی و ئاریایی كۆنی هه‌یه؛ شه‌وی له‌دایكبونی خواوه‌ند میثرایه كه خواوه‌ندی ڕوناكی و خۆر و ڕاستیه]، كه پێی وتراوه (یول) یان (یۆل)، ئێسته‌ش له ئینگلیزی‌دا ده‌وترێت یول Yule، له دانماركی و سویدییشدا ده‌وترێت یول jul، له نۆروێگییشدا یول jul یان یۆل jol، كه ئه‌م وشانه ئێسته له كولتوری ئورۆپاییدا بۆ شێوه مه‌سیحیه‌كه‌ی جه‌ژنه‌كه به‌كار دێن. دوای بڵاوبونه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌ت به باكوری ئورۆپادا ئه‌م جه‌ژنه له‌گه‌ڵ جه‌ژنی له‌دایكبونی مه‌سیح (کریسمه‌س) یه‌ك خراوه و تێكه‌ڵ كراون، هه‌ر بۆیه گه‌لێك له ڕه‌گه‌زه‌كانی جه‌ژنه كۆنه‌كه له شێوه مه‌سیحیه‌كه‌دا ئاماده بونه‌ته‌وه. ئینجا خواوه‌ند (ئۆدین) ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیی هه‌بوه له‌و جه‌ژنه ئایینیه كۆنه‌دا و پێیه‌وه په‌یوه‌ست بوه:
له هه‌ندێك ده‌ق و داستانی ئایسلهنداییدا وا باسی ئۆدین ده‌كرێت كه به سواری ئه‌سپێكی هه‌شت قاچ ده‌ڕوات به ناوی سلهیپنێر Sleipnir كه ده‌توانێت بازی گه‌وره بدات و ماوه‌ی زۆر ببڕێت (به‌پێی بیروباوه‌ڕه كۆنه‌كه خواوه‌ند ئۆدین به‌م شێوه‌یه ڕۆحی مردوه‌كان لێ ده‌خوڕێت و ده‌یانبات به‌ره‌و جیهانی مردوان)، ئه‌م دیمه‌نه‌ش، واته فڕینی ئۆدین به سواری ئه‌سپه هه‌شت قاچه‌كه‌ی به ئاسمانی نیوه شه‌وی زستاندا، زۆر له دیمه‌نی هه‌شت ئاسكهكهی پاپا نۆێڵ ده‌چێت كه ده‌فڕن و ڕه‌نگه سه‌رچاوه‌ی ئه‌م دابونه‌ریته بێت ده‌رباره‌ی پاپا نۆێڵ.
ئۆدین، به‌سواری ئه‌سپه هه‌شت قاچه‌که‌ی: سلهیپنێر
هه‌روه‌ها له شیعری سكاڵدی Skaldic Poetry، كه كۆمه‌ڵه داستانه شیعرێكی ده‌ماوده‌م بون له نۆروێگ و ئایسله‌ندا و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رده‌می ڤایكینگ و سه‌ده‌كانی (9 ز. ـ 13 ز.)، خواوه‌ند ئۆدین به چه‌ند وه‌سفێك باس كراوه كه په‌یوه‌ستبونی به جه‌ژنی له‌دایكبون و پیره پیاوی دیاریهێنی ئه‌و جه‌ژنه ڕون ده‌كه‌نه‌وه، بۆ نمونه له‌و شیعرانه‌دا به سیذگرانی Síðgrani و سیذسكێگگر Síðskeggr و لانگبارذر Langbarðr وه‌سف ده‌كرێت، كه ئه‌مانه‌ش هه‌مویان به واتای (ڕیش درێژ) ن، كه ئاماژه‌ن بۆ ڕیشه گه‌وره‌كه‌ی ئۆدین و، ڕیشه گه‌وره‌كه‌ی پاپا نۆێڵ بیر ده‌خه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها هه‌ر له‌و شیعرانه‌دا ئۆدین به یۆلنێر Jólnir ناوی ده‌برێت، ئه‌مه‌ش واتای (كه‌سێتیی جه‌ژنی له‌دایكبون) ده‌دات، كه وه‌كو ناوی ئه‌لته‌رناتیڤ (بدیل) ی ئۆدینی لێ هاتوه(1).
ئینجا هه‌ر به‌پێی هه‌ندێك دابونه‌ریتی كۆنی تر؛ منداڵان پێڵاوه‌كانیان پڕ ده‌كه‌ن به به گێزه‌ر و كا و شه‌كر له‌لای دوكه‌ڵكێشی ماڵه‌كه‌وه داده‌نێن بۆ ئه‌سپه فڕیوه‌كه‌ی ئۆدین تا بیانخوات، ئینجا ئۆدینیش پاداشتیان ده‌داته‌وه به دانانی دیاری و شیرینی. كه ئه‌م دابونه‌ریته دواتر په‌یوه‌ست بوه به قیددیس نیكۆلاسه‌وه و بوه‌ته به‌شێك له دابونه‌ریتی پاپا نۆێڵ، و تا ئێستاش له زۆر شوێنی ئورۆپا ئه‌و دابونه‌ریتی دانانی پێڵاوه ماته‌وه، له زۆر وڵاتی تریش بوه به هه‌ڵواسینی گۆره‌وی به ئاگردانی ماڵان‌دا.
لێره‌وه دیاره كه كه‌سێتیه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا له كولتوری باكورئورۆپایی كۆنه‌وه هاتوه و له‌گه‌ڵ چیرۆكی چاكه‌كاریه‌كانی قیددیس نیكۆلاس و جه‌ژنی له‌دایكبونی مه‌سیحدا ڕێك خراوه. به‌م شێوه‌یه‌ش دابونه‌ریته كۆنه‌كه له ڕێگه‌ی كه‌سێتییه‌كی مه‌سیحی و فۆڕمێكی مه‌سیحییه‌وه درێژه‌ی هه‌بوه و به‌رده‌وام بوه.
***
ناوی (پاپا نۆێڵ) له چیه‌وه هاتوه و یانی چی؟
هه‌ندێك
قهڵهمۆچكهی ئیسلامی لێره‌وله‌وێ شتی بێبنه‌ما له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته
ده‌نوسن و بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه. ده‌ڵێن: ماده‌م له كتێبی (ئیشه‌عیا) دا كه
یه‌كێكه له كتێبه‌كانی (په‌یمان كۆن) كتێبی پیرۆزی یه‌هودی و به‌شی
یه‌كه‌می كتێبی پیرۆزی مه‌سیحی؛ ده‌سته‌واژه‌ی (عیممانوئیل) هاتوه و
ئه‌مه‌ش واته (خوامان له‌گه‌ڵه)؛ كه‌واته ناوی (بابانوێل) یانی (بابا
نوئێل) و ئیتر ئه‌مه‌ش هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌كی عیبریه! به‌پێی ئه‌مه؛
(بابان‌و) به عیبری یانی (باوك) یان (باوكمان)! و (ئێل) یش یانی (خوا)،
كه‌واته (بابانوئێل) یانی (خوا باوكمانه) یاخود (خوای باوكمان) یان (خوای
باوك)! ئیتر گوایه كه‌سێتیی پاپا نۆێڵ له‌وه‌وه هاتوه كه (خواوه‌ندی
باوك) شه‌وی ساڵی زایینیی تازه دیاری دابه‌ش ده‌كات به بۆنه‌ی یادی
له‌دایكبونی كوڕه‌كه‌ی (خواوه‌ندی كوڕ) ه‌وه!
هه‌ندێكی تریش له‌و قهڵهمۆچكه ئیسلامیانه ڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێن: (بابا) به عیبری (!) یانی (باوك)!! و (نوێل) یان (نوئێل) یش به عیبری یانی (خوا)! كه‌واته هه‌موی یانی (خوای باوك)!
هه‌ندێكی تریش له‌و قهڵهمۆچكه ئیسلامیانه ڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێن: (بابا) به عیبری (!) یانی (باوك)!! و (نوێل) یان (نوئێل) یش به عیبری یانی (خوا)! كه‌واته هه‌موی یانی (خوای باوك)!
ئیتر گوایه كه‌سێتیی (پاپا نۆێڵ) هه‌ر هه‌مان (خواوه‌ندی باوك) (الأب) ـه كه مه‌سیحیه‌كان باوه‌ڕیان پێیه‌تی كه باوكی مه‌سیحه كه خواوه‌ندی كوڕه. كه ئه‌مه‌ش بیروباوه‌ڕێكی نامۆیه به ئیسلام.
هه‌ندێكیان له‌وه‌ش نهزانانهتر لێكی ده‌ده‌نه‌وه و ده‌ڵێن (بابانوئێل) هه‌موی یانی (باوكی خوا)!
با بزانین ئه‌م لافوگهزاف و قسهوقسهڵۆكه بایی چه‌نده‌یه و چۆن ئاوا تێكه‌ڵیان كردوه:
ڕاسته له كتێبی (ئیشه‌عیا) دا ده‌سته‌واژه‌ی (عیممانو ئێل) هاتوه كه ده‌ڵێت: (له‌به‌ر ئه‌وه؛ خوای گه‌وره بۆ خۆی نیشانه‌یه‌كتان ده‌داتێ: بڕوانن، كچه‌كه [ئافره‌ته گه‌نجه‌كه] سكی پڕ ده‌بێت و كوڕێكی ده‌بێت و ناوی ده‌نێت عیممانو ئێل) (ئیشه‌عیا: 7: 14). (عیممانو ئێل) עִמָּנוּ אֵל یش ده‌سته‌واژه‌یه‌كی عیبریه: (عیممانو) עִמָּנוּ یانی (لهگهڵمانـ[ـه])، (ئێل) אֵל یش یانی (خوا) كه له بنه‌ڕه‌تدا ناوی خواوه‌ندی هه‌ره گه‌وره بوه له ئایینی كهنعانیی كۆندا ، و وشه‌كه به‌گشتی به (خوا) وتراوه و وشه‌ی (إله) یش هه‌ر له‌مه‌وه هاتوه. ئیتر به‌سه‌ر یه‌كه‌وه ماناكه‌ی ده‌بێته (خوامان له‌گه‌ڵه).
كه‌واته ئه‌وه‌ی به واتای خوایه ته‌نها وشه‌ی (ئێل) (إل، إیل) ـه نه‌ك (نوێل) یان (نوئێل)!
ئینجا وشه‌ی (بابا) به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌وان ده‌ڵێن؛ له عیبریدا بونی نیه. ئه‌و وشه عیبریهی به واتای (باوك) ـه؛ هه‌ر هه‌مان وشه‌ی (ئا‌ڤ) אָב ـه [وەکو وشه‌ی "أب" |ئه‌ب| ی عه‌ره‌بی]. له ئاڕامییشدا ده‌بێته (ئاب) אָב و هه‌روه‌ها (ئه‌ببا) אַבָּא بۆ حاڵه‌تی ناساندن(2).
له سوریانییشدا وشه‌كه بریتیه له (ئه‌ب) ܐܰܒ و ـ بۆ حاڵه‌تی ناساندیش ـ (ئه‌ببا) ܐܰܒ݂ܳܐ(3).
وشه‌یه‌ك به شێوه‌ی (بابا) له عیبری و ئاڕامیدا هه‌بێت؛ هه‌ر (بابا) בָּבָא ی ئاڕامیه به واتای (ده‌رگا) یاخود (ده‌روازه). كه (بابا) בָּבָא ی ئاڕامی بریتیه له هه‌مان وشه‌ی (باب) בָּב یاخود בָּאב ی ئارامی به واتای ده‌رگا یاخود ده‌روازه (بَاب ی عه‌ره‌بی) له‌گه‌ڵ ئه‌لیفی كۆتایی كه ئامڕازی ناساندنه(4).
له عیبرییشدا وشه‌ی (باڤاه) בָּבָה هه‌یه و له سوریانییشدا بابا ܒܳܒܳܐ و بابتا ܒܳܒܬܳܐ هه‌یه، به واتای (بیلبیله‌ی چاو)، به‌رامبه‌ری (بؤبؤ) ی عه‌ره‌بی(5).
به هه‌مان شێوه له عیبریدا ده‌سته‌واژه‌یه‌ك نیه به شێوه‌ی (بابان‌و) و به واتای (باوكمان) بێت. به عیبری به (باوكمان) ده‌وترێت (ئهبینو) یاخود (ئهڤینو) אָבִינוּ و به ئارامی ـ سوریانییش بۆ هه‌مان واتا ده‌وترێت (ئه‌بون) ܐܰܒܽܘܢ(6). وه‌كو له نوێژ/نزا مه‌سیحیه‌كه‌دا (نزای "باوكمان" Our Father) هه‌یه كه به سوریانی له سه‌ره‌تاكه‌یدا ده‌وترێت (ئه‌بون د'بهشمایا) ܐܒܘܢ ܕܒܫܡܝܐ واته ([ئه‌ی] باوكمان كه له ئاسمانه) ([یا] أبانا الذي في السموات). به هه‌مان شێوه به عه‌ره‌بییش ده‌وترێت (أبونا)، كه بۆ حاڵه‌تی بانگكردن به (أبانا) ده‌وترێت، بۆیه به عه‌ره‌بی به‌و نزا مه‌سیحیه ده‌وترێت (الأبانا) چونكه وه‌رگێڕانه عه‌ره‌بیه‌كه‌ی به (أبانا) ده‌ست پێ ده‌كات.
ئینجا له ڕاستیدا وشه‌ی (پاپا) له ناوی (پاپا نۆێڵ) سامی (عیبری...) نیه و هه‌ڵه‌یه به (بابا) بخوێنرێته‌وه، له عه‌ره‌بی و فارسی‌دا بوه‌ته (بابا). وشه‌ی (نۆێڵ) یش به هه‌مان شێوه په‌یوه‌ندیی به هیچ وشه‌یه‌كی سامی (عیبری...) ـه‌وه نیه و هه‌ڵه‌یشه به (نوئێل) یان (نۆئێل) بخوێنرێته‌وه، واته هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به وشه‌ی (ئێل) אל ی سامیه‌وه نیه. ئه‌وه‌ش واته ناوی (پاپا نۆێڵ) ناوێكی ئورۆپاییانهی ڕوته، و ڕهگوڕیشهكهی به‌م جۆره‌یه:
1. (پاپا): ئه‌م وشه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا گریكیه، به شێوه‌ی (پاپپاس) πάππας له گریكیدا هه‌یه، له‌مه‌وه (پاپا) Papa و Pappa ی لاتینی هاتوه، ئینجا له لاتینیه‌وه چوه‌ته فڕانسیه‌وه، له‌میشه‌وه چوه‌ته هۆڵاندایی و هه‌نگاریایی و ئینگلیزیی نوێ و هه‌ندێك زمانی تریشه‌وه. وشه‌كه له‌سه‌ر زمانی منداڵه‌وه به (باوك) وتراوه، وه‌كو وشه‌ی (باوه) ی كوردی و Dad ی ئینگلیزی. دواتریش به (باوك) به‌گشتی و به هه‌ر پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن و به‌دیمه‌ن باوك وتراوه. ئیتر گوازراوه‌ته‌وه بۆ زمانه‌كانی تریش، بۆ نمونه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی (17 ز.) دا له فڕانسیه‌وه به شێوه‌ی Pap و Papa هاتوه‌ته ئینگلیزییشه‌وه(7). ئه‌مه جگه له‌وه‌ی وشه‌كه به شێوه‌ی (بابا) له هه‌ندێك زمانی تریشدا هه‌یه، وه‌كو فارسی و كوردی (له فارسیه‌وه چوه‌ته توركییش).
ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌وه بدرێت كه ئه‌م وشه‌یه جیاوازه له‌و وشه‌ی Papa یه‌ی كه له گه‌لێك زمانی ئورۆپاییدا هه‌یه كه به واتای باوكی كلێسا Pope یه، ئه‌مه‌یان له ئینگلیزیی كۆنیشدا هه‌بوه.
2. (نۆێڵ): ئه‌م وشه‌یه كه له ئینگلیزی‌دا به Noël و Noel و هه‌روه‌ها Nowell ده‌نوسرێت؛ له‌بریی وشه‌ی (کریسمه‌س) Christmas (واته: له‌دایكبونی مه‌سیح) به‌كاردێت. وشه‌كه له كۆتایی سه‌ده‌ی (14 ز.) ـه‌وه هاتوه‌ته ناو زمانی ئینگلیزی. له ئینگلیزیی ناوه‌ڕاستدا وشه‌كه به Nowel نوسراوه، كه ئه‌وه‌ش له Noel ی فڕانسیی كۆنه‌وه هاتوه به واتای (جه‌ژنی کریسمه‌س) واته (جه‌ژنی له‌دایكبونی مه‌سیح) [ئێسته‌ش كه وشه‌كه له ئینگلیزی‌دا به Noël ده‌نوسرێت؛ ئه‌مه ڕاسته‌وخۆ له Noël ی فڕانسیی هاوچه‌رخه‌وه وه‌رگیراوه كه ئه‌میش لهNoel ی فڕانسیی كۆنه‌وه هاتوه]، كه ئه‌م وشه‌یه‌ش شێوه‌یه‌كی تری وشه‌ی nael ی فڕانسیی كۆنه كه ئه‌میان زیاتر باو بوه، ئه‌مانه‌ش له وشه‌ی natalis ی لاتینیه‌وه هاتون به واتای (له‌دایكبون)، كه وشه‌كه له لاتینیی كلێسادا به واتای (له‌دایكبونی مه‌سیح) ـه، ده‌سته‌واژه‌كه به‌ته‌واوی به لاتینی ده‌بێته dies natalis، واته (ڕۆژی له‌دایكبون) birthday. كه ئه‌م وشه‌ی natalis ـه سه‌رچاوه‌ی وشه‌ی Noel ی فڕانسیی كۆن (و لێره‌وه Nowel ی ئینگلیزیی ناوه‌ڕاست) و natale ی ئیتالیایی و nadal ی پرۆڤێنسالیه به واتای (له‌دایكبون) و (له‌دایكبونی مه‌سیح) و سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌ڵناو (صفه) ی natal ی فڕانسی و ئینگلیزیه به واتای (شتێك په‌یوه‌ندیی به له‌دایكبونه‌وه هه‌یه). وشه‌ی natalis ی لاتینییش له وشه‌ی natus ی لاتینیه‌وه هاتوه به واتای (له‌دایكبون)، كه ئه‌میش له ڕیشه‌یه‌كی لاتینیه‌وه وه‌رگیراوه كه چاوگێكی ڕانهبردوه به شێوه‌ی nasci كه واتای (له‌دایكبون) ده‌دات، ئه‌میش له وشه‌ی gnatus و ڕیشه‌ی gnasci ی لاتینیی كۆنه‌وه هاتوه، به‌م شێوه‌یه ده‌چێته‌وه سه‌ر ڕیشه‌ی genus ی لاتینی(8).
كه‌واته (پاپا نۆێڵ) به‌سه‌ریه‌كه‌وه واته (بابه كریسمه‌س) Daddy Christmas یاخود (باوكه کریسمه‌س) Father Christmas، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن كه به (بابه) بانگی لێ ده‌كرێت و هێمایه بۆ جه‌ژنی ([ڕۆژی] له‌دایكبون [ی مه‌سیح]). واته (کریسمه‌س) یاخود ([ڕۆژی] له‌دایكبون [ی مه‌سیح]) له شێوه‌ی ئه‌و پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌دا ده‌نوێنرێت كه له‌سه‌ر زمانی منداڵانه‌وه به (بابه) یاخود (پاپا) بانگی لێ ده‌كرێت، هه‌ر بۆیه ده‌وترێت كه (پاپا نۆێڵ) به ئینگلیزی ده‌بێته Daddy Christmas.
ئینجا ئه‌م ناوه، واته (پاپا نۆێڵ)، به زمانی فڕانسی و ئیسپانی و پۆرتوگالی وا ده‌وترێت: له فڕه‌نسا به‌و كه‌سێتیه ده‌وترێت (پێر نوێل) |پێغ نوێل| Père Noël به هه‌مان واتا، له‌سه‌ر زمانی منداڵیشه‌وه پێی ده‌وترێت (پاپا نوێل) Papa Noël. ئیتر ئه‌م ناوه فڕانسیهی گوازراوه‌ته‌وه بۆ گه‌لێك زمانی تر: له ئیسپانیا و كۆڵۆمبیا هه‌ر (پاپا نوێل) Papa Noel ی پێ ده‌وترێت، له (ئه‌رجه‌نتین) و (ئێكوادۆر) و (پێرو) یش (پاپا نوێل) Papá Noel، هه‌رچه‌ند له (ئه‌رجه‌نتین) و (ئێكوادۆر) و (كۆڵۆمبیا) ناوێكی تریشی هه‌یه دواتر باسی دێت. به پۆرتوگالی له (پۆرتوگال) و (برازیل)، (پهپپای نوێڵ) Papai Noel ی پێ ده‌وترێت. له به‌شه فڕانسیه‌كه‌ی (كه‌نه‌دا) ش هه‌ر پێی ده‌وترێت (پێر نۆێل) |پێغ نوێل| Père Noël، له (بێلجیكا) ش لای ئه‌وانه‌ی به فڕانسی ده‌دوێن هه‌مان ناو به‌كار دێت. له (توركیا) ش به توركی (نوێل بابا) Noel Baba ی پێ ده‌ڵێن. ئیتر له عه‌ره‌بییشدا ده‌وترێت (بابا نویل)، له فارسییشدا (بابا نوئل) ـه. هه‌روه‌كو له (ئه‌فغانستان) و (ئێران) و یش هه‌ر (بابا نوێل) ی پێ ده‌وترێت، له (كوردستان) یش پێی ده‌ڵێن (بابه نوێل).
ئینجا به گه‌لێك زمانی تر و له زۆر شوێنی تر، هه‌ر شتێكی پێ ده‌وترێت كه وه‌كو (پاپا نۆێڵ) به واتای (بابه کریسمه‌س) ـه. به نمونه: به لاتینی پێی ده‌وترێت (پاتێر ناتالیس) Pater Natalis. له (ئیتالیا) پێی ده‌وترێت (بابۆ ناتالێ) Babbo Natale. به ئیری له (ئیرلاندا) پێی ده‌وترێت (دادی |دا'جی| نه نۆڵهگ) Daidí na Nollag. به هه‌مان واتا له (لاتڤیا) ش ده‌وترێت Ziemassvētku vecītis. ئه‌مانه هه‌مویان به واتای (بابه کریسمه‌س) ـن و له‌گه‌ڵ (پاپا نۆێڵ) هاوواتان.
له وڵاتانی ئینگلیزیزمانیش، ئه‌مێریكا و بریتانیا و ئۆسترالیا، زۆر جار هه‌ر ڕاسته‌وخۆ Father Christmas ی پێ ده‌وترێت. ئه‌مه‌یان زیاتر له بریتانیا باوه.
له هه‌ندێك زمانی تر و له هه‌ندێك وڵاتی تردا، به شتێك ناو ده‌برێت به واتای (باپیره کریسمه‌س). وه‌كو ئه‌وه‌ی له (بولگاریا) پێی ده‌وترێت (دیادۆ كۆلێدا) Дядо Коледа. له (كرواتیا) پێی ده‌وترێت (دێد بۆژیچناك) Djed Božićnjak به هه‌مان واتا. هه‌روه‌ها له (لیتوانیا) ش ده‌وترێت (كالێدو سێنیلیس) Kalėdų Senelis. هه‌روه‌ها ناوه ڕۆمانیاییهكهی (مۆش كرهچون) Moş Craciun له‌م واتایه نزیك ده‌بێته‌وه (چونكه Moş به واتای پێشینه و باپیره‌ی گه‌وره‌یه).
له هه‌ندێك شوێنی تر به (پیاوه پیره‌ی کریسمه‌س) ناوی ده‌برێت. ناوه (ئێستوانیا)ییه‌كه‌ی (یهولوڤانا) Jõuluvana له‌م بابه‌ته‌یه. هه‌ر له‌م بابه‌ته له (سكۆتلاندا) یش پێی ده‌وترێت (بۆدهخ نه نۆڵێگ) Bodach na Nollaig. له (چیلێ) یش به ئیسپانیایی پێی ده‌وترێت (ڤیێخۆ پاسكوێرۆ) (Viejo Pascuero) یاخود (ڤیێخیتۆ پاسكوێرۆ) Viejito Pascuero كه به هه‌مان واتایه.
له گه‌لێك وڵاتی تر به ناوی (قیددیس نیكۆڵاس) ـه‌وه ناوی ده‌برێت، بۆیه له وڵاته ئینگلیزیزمانهكان، وه‌كو (ئه‌مێریكا) و (بریتانیا) و (ئۆسترالیا)، زۆر جار له‌بریی ناوه‌كانی تری پێی ده‌وترێت (سه‌ینت نیكۆڵاس) Saint Nicholas. هه‌ر ئه‌م ناوه له‌و وڵاته ئینگلیزیزمانانهدا به شێوه‌ی (سانتا كلۆز) Santa Claus یش ده‌وترێت (ئه‌مه‌یان له Sinterklaasـه هۆڵانداییهكهوه وه‌رگیراوه)، و كورتیش ده‌كرێته‌وه بۆ (سانتا) Santa، و به‌م شێوه كورتكراوه‌یه زۆر باوه. له (ئه‌مێریكا) و (ئۆسترالیا) به شێوه‌ی (سه‌ینت نی‌ك) Saint Nick یش كورت ده‌كرێته‌وه. له (كه‌نه‌دا) ش (به‌شه ئینگلیزیزمانهكهی) سانتا كلۆز Santa Claus ی پێ ده‌وترێت. له (ماڵتا) ش به هه‌مان شێوه پێی ده‌وترێت (سان نیكڵاو) San Niklaw. له (پۆڵاندا) ش به هه‌مان واتا پێی ده‌وترێت (شفیێتی میكۆڵای) Świety Mikołaj. له (كۆستا ریكا) یش ده‌وترێت (سان نیكۆڵاس) San Nicolás یاخود (سانتا كلۆس) Santa Clos، له (ڤێنێزوهیلا) یش (سان نیكۆلاس) San Nicolás ی پێ ده‌وترێت. له (مه‌كسیك) یش پێی ده‌وترێت (سانتا كڵۆس) Santa Claus، هه‌رچه‌ند له‌وێ ناوێكی تریشی هه‌یه دواتر باسی دێت. له (كرواتیا) ش ئه‌و مه‌سیحیانه‌ی بڕوادارن (سڤێتی نیكۆڵا) Sveti Nikola ی پێ ده‌ڵێن. هه‌مو ئه‌مانه به یه‌ك واتان: قیددیس نیكۆڵاس.
له هه‌ندێك شوێنیش هه‌ر به (نیكۆلاس) ناوی ده‌برێت. وه‌كو ئه‌وه‌ی له ئاڵه‌مانیا (نیكۆلاوس) Nikolaus یشی پێ ده‌وترێت. هه‌روه‌ها له (بولگاریا) میكولاس Mikulas یشی پێ ده‌وترێت، له (هه‌نگاریا) ش هه‌ر (میكولاس) Mikulás به (قیددیس نیكۆلاس) ده‌وترێت، و هه‌رچه‌ند میكولاس شیرینی بۆ منداڵان دروست ده‌كات به‌ڵام له هه‌نگاریا ڕۆژه‌كه‌ی (6 ی كانونی یه‌كه‌م) ه و په‌یوه‌ندیی به ڕۆژی کریسمه‌سه‌وه نیه.
سه‌یر ئه‌وه‌یه ئێسته له وڵاتی یۆنان، له‌بریی ناوی قیددیس نیكۆلاس، ناوی قیددیس باسیل (هاگیۆس ڤاسیلیس Άγιος Βασίλης) ده‌برێت كاتێك ئاماژه ده‌كرێت بۆ (بابه کریسمه‌س). كه ئه‌میش ناوداره به قیددیس (باسیل) ی گه‌وره Saint Basil the Great و به باسیلی كهیساریه Basil of Caesarea، ئوسقوفی شاری (كهیساریه) Caesarea ("قه‌یصه‌ری" ی ئێسته) بوه له هه‌رێمی كه‌په‌دۆكیا له ئاسیای بچوك (توركیای ئێسته). تیۆلۆجیستێكی مه‌سیحیی سه‌ده‌ی (4 ز.) بوه و ساڵی (330 ز.) له‌دایك بوه و (1) ی كانونی دوه‌می (379 ز.) مردوه. جا له وڵاتی یۆنان، ئه‌م قیددیسه بوه‌ته بابه کریسمه‌س و دیاریهێن.
به هه‌ندێك زمانی تر و له هه‌ندێك وڵاتی تر به شتێك ناو ده‌برێت كه واتای (پیاوی کریسمه‌س) ده‌دات. ناوه (ئاڵه‌مانیا)ییه‌كه (ڤایناختسمان) Weihnachtsmann له‌م بابه‌ته‌یه. هه‌روه‌ها له دانمارك پێی ده‌وترێت (یولهمانـˀـن) Julemanden كه به هه‌مان واتایه، كه له‌وێ بڕوا وایه له (گرین‌لاند) ده‌ژی. هه‌ر له‌م بابه‌ته له (هۆڵاندا) پێی ده‌وترێت (كێستمان) Kerstman، به‌ڵام ته‌نها لای هه‌ندێك له هۆڵانداییهكان له ڕۆژی کریسمه‌سدا ئاهه‌نگی هه‌یه، قیددیس نیكۆلاسیش، كه ئه‌وان (سنتركلاس) Sinterklaas ی پێ ده‌ڵێن له ڕۆژی (5 ی كانونی یه‌كه‌م) دا ئاهه‌نگی هه‌یه. له بێلجیكا (لای ئه‌وانه‌ی به هۆڵاندایی قسه ده‌كه‌ن) به هه‌مان شێوه (كێستمان) Kerstman ی پێ ده‌وترێت.
له هه‌ندێك وڵاتی تر به (كوڕی کریسمه‌س) ناو ده‌برێت. وه‌كو شێوه ئایسلهنداییهكهی: له (ئایسله‌ندا) پێی ده‌وترێت Jólasveinar، كه به واتای (كوڕی کریسمه‌س) Yule Lad ـه، كه 13 دانه‌ن و هه‌مویشیان ناوی خۆیان هه‌یه!
له هه‌ندێك شوێنی تر به (باپیره) ناوی ده‌برێت به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئاماژه بۆ سه‌هۆڵ، وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌سێتیه له ناوچه‌یه‌كی سارد و سه‌هۆڵبه‌ندان ده‌ژی، شێوه و جلوبهرگهكهیشی هه‌ر ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه (شێوه سڵاڤیهكهی ئه‌م كه‌سێتیه زیاتر ڕه‌نگی سپی و دیمه‌نی به‌فر له‌ده‌وری زاڵه به‌سه‌ریدا). ئه‌مه‌ش زیاتر ناوچه سڵاڤیزمانهكان ده‌گرێته‌وه: ناوه ڕوسیه‌كه‌ی (دێد مۆرۆز) Дед Мороз ئاماژه‌یه بۆ ئه‌م واتایه، كه له (ڕوسیا) و (ئۆكرانیا) به‌كار دێت. له (كرواتیا) ش ده‌وترێت (دێد مراز) Djed Mraz به هه‌مان واتای (باپیره سه‌هۆڵ). هه‌ر له‌م بابه‌ته له (سێربیا) پێی ده‌وترێت (دێ‌دا مراز) Деда Мраз. به هه‌مان شێوه له (مه‌كه‌دۆنیا) و (سلۆڤاكیا) ده‌وترێت (دێدۆ مراز) Dedo Mraz. هه‌ر له‌م بابه‌ته له ئوزبه‌كستان پێی ده‌وترێت (ئایۆز بابۆ) Ayoz Bobo واته (باپیره سه‌هۆڵ)، هه‌روه‌ها (قۆر بابۆ) Qor Bobo یشی پێ ده‌وترێت واته (باپیره به‌فر). هه‌روه‌ها له توركمانستانیش پێی ده‌وترێت Aýaz baba.
له هه‌ندێك وڵاتیش به (بابه زستان) ناوی ده‌برێت. ناوه (ئه‌لبانیا)ییه‌كه‌ی Babadimër یاخود Babadimri به‌م واتایه‌یه. هه‌روه‌ها له تاتارستان پێی ده‌وترێت (قیش بابای) Кыш Бабай كه به هه‌مان واتایه.
له هه‌ندێك وڵاتی تر، به‌تایبه‌تی وڵاتانی سكاندیناڤیا، پیاوه پیره‌ی کریسمه‌س پیاوێكی گرگن (قزم) ـه. له كولتوری سویددا جۆره گرگنێك هه‌بوه پێیان وتوه (تۆمّته) Tomte و بڕوا وا بوه كه ماڵ و منداڵی كشتیار ده‌پارێزێت، بۆیه ئه‌و گرگنه‌ی كه كه‌سێتیی پیاوه پیره‌ی کریسمه‌سه له سوید پێی ده‌وترێت (ژولتۆمّته) Jultomte واته گرگنی کریسمه‌س Yule Gnome. له كولتوری نۆروێگی و دانماركییشدا ئه‌و جۆره گرگنه پێی وتراوه (نیسّه) Nisse، بۆیه كه‌سێتیی پیاوه پیره‌ی کریسمه‌س ـ كه گرگنێكه ـ له نۆروێگ پێی ده‌وترێت (یولهنیسّه) Julenissen، كه به هه‌مان واتایه.
شێوه‌یه‌كی تری كه‌سێتیی دیاریهێنی کریسمه‌س، له هه‌ندێك كو‌لتوردا، له‌بریی ئه‌وه‌ی له شێوه‌ی پیره پیاوێكدا بێت، له شێوه‌ی منداڵێكدایه، كه وه‌كو (مه‌سیحی منداڵ) بیری لێ ده‌كرێته‌وه. له شێوه‌ی منداڵێكی پرچ زه‌رد و كاڵدایه، و ڕه‌گه‌زیشی دیاری نیه نێره یان مێ، به‌ڵكو نیوه منداڵ و نیوه فریشته‌یه‌كی بچوكه. ئه‌م كه‌سێتیه زیاتر له ئۆستریا (النمسا) و (سویسّێرا) و (چێك) و (سلۆڤاكیا) و (هه‌نگاریا) و باشوری (ئاڵه‌مانیا) باوه و له كولتوری تریشدا هه‌یه. بۆیه له ئۆستریا (النمسا) و (سویسّێرا) و (لیختنشتاین) Liechtenstein و هه‌رێمی (باشوری تیرۆل) Südtirol (هه‌رێمێكه له ئیتالیا) پێی ده‌وترێت (كریستكیند) Christkind (و هه‌ندێك جار: Christkindl، هه‌ندێك جاریش: Christkindchen)، ئه‌مه‌ش واته (مه‌سیحی منداڵ). له كولتوری باشوری (ئاڵه‌مانیا) ش هه‌مان كه‌سێتی هه‌یه به هه‌مان ناوی (كریستكیند) Christkind وه‌كو كه‌سێتیی دیاریهێنی کریسمه‌س، جگه‌له‌وه‌ی كه سانت نیكۆلاسیش كه ئه‌وان Nikolaus ی پێ ده‌ڵێن ئاهه‌نگی خۆی هه‌یه له (6 ی كانونی یه‌كه‌م) دا. له كولتوری (هه‌نگاریا)ییشدا ئه‌وه‌ی دیاریی کریسمه‌س ده‌هێنێت فریشته‌كانن هه‌روه‌ها یه‌شوعی منداڵ كه ئه‌وان (ییزوشكا) Jézuska (یهشوعۆكه!) یاخود (كیش ییزوش) Kis Jézus ی پێ ده‌ڵێن. له (چێك) یش به هه‌مان واتا پێی ده‌وترێت (یێژیشێك) Ježíšek، ئه‌میش هه‌ر یانی (یهشوعۆكه) یان (یه‌شوعه چكۆله). له‌ناو مه‌سیحیه كاثۆلیكهكانی (سلۆڤاكیا) ش ده‌وترێت (یێژیشكۆ) Ježiško به هه‌مان واتا. له (ئیتالیا) ش هه‌مان كه‌سێتی هه‌یه به ناوی (جێزو بهمبینۆ) Gesù bambino به واتای (یه‌شوعی منداڵ)، له هه‌مان كاتیش‌دا له (6 ی كانونی یه‌كه‌م) دا قیددیس نیكۆلاس ئاهه‌نگی خۆی هه‌یه. له (ئه‌مێریكا) ش هه‌مان كه‌سێتی هه‌یه به ناوی Kris Kringle (هه‌ندێك جار: Kriss Kringle). له (كرواتیا) ش پێی ده‌ڵێن (ماڵی ئیسوس) Mali Isus به واتای (یه‌شوعی منداڵ). له (ڤێنێزوهیلا) یش پێی ده‌وترێت (نینیۆ خێسوس) Niño Jesús به هه‌مان واتا. ئه‌م كه‌سێتیی (مه‌سیحی منداڵ) ـه، له هه‌ندێك له وڵاتانی ئه‌مێریكای لاتینی، (كۆڵۆمبیا) و (ئێكوادۆر)، و له (مه‌كسیك) یش، به (منداڵی خوا) (ئیل نینیۆ دیۆس) El Niño Dios ناو ده‌برێت، واته منداڵه‌كه به (خوا) وه‌سف ده‌كرێت به‌و پێیه كه یه‌شوعی مه‌سیحه.
***
كه‌سێتیی (بابا نۆێڵ) لای پیاوانی ئایینیی ئیسلامی
له جیهانی ئیسلامی‌دا، له ناوه‌نده ئیسلامیه‌كاندا و به‌تایبه‌تی لای پیاوانی ئایینیی ئیسلامی، كه‌سێتیی (پاپا نۆێڵ) په‌سه‌ند نیه و بایه‌خدان به‌و كه‌سێتیه و به‌ڵكو به‌شداریكردن له ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵدا به ناڕه‌وا داده‌نرێت. ئه‌وه‌ش به‌و پێیه كه جه‌ژنه‌كه جه‌ژنێكی ئیسلامی نیه، و ده‌ڵێن له ئیسلامدا ته‌نها جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان و قوربان هه‌یه، و ئیتر به‌شداریكردن له جه‌ژنی نائیسلامیدا به ناڕه‌وا داده‌نرێت به‌و پێیه كه ئه‌وانه جه‌ژنی (بێباوه‌ڕان) ـن!
بێ گومان جه‌ژنی سه‌ری ساڵی زایینی و كه‌سێتیی پاپا نۆێڵ زۆر نامۆیه به كولتوری عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی.. چونكه جه‌ژنی سه‌ری ساڵی زایینی و له‌دایكبونی مه‌سیح و ڕه‌گوڕیشه و پێشینهكانیشی ده‌كه‌ونه زستان یاخود ناوه‌ڕاستی زستان، یاخود مانگه‌كانی كانونی یه‌كه‌م و دوه‌م. ئه‌مه‌ش شتێكه به‌ته‌واوی نامۆیه به كو‌لتور و كالێنده‌ری عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی. ئینجا له ئیسلامدا له‌دایكبونی مه‌سیح وه‌كو بۆنه‌یه‌ك نه‌ناسراوه، چونكه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئیسلام كه‌سێتیی مه‌سیحی وه‌كو فریادڕه‌سێك كه میراتبه‌ری فریادڕه‌سه سروشتیه‌كانی پێشوه نه‌ناسیوه. دوای ئه‌وه‌ش كه‌سێتیی پیاوێكی ئایینیی پیر كه منداڵانی خۆش بوێت و دیاری‌یان بۆ بهێنێت؛ له كولتوری عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی‌دا ونه و له هیچ بۆنه و جه‌ژنێكدا ده‌رنه‌كه‌وتوه.
ئه‌وه‌ش ئاساییه كه هه‌مو كو‌لتورێك تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌بێت و كه‌سێتییه‌ك و جه‌ژنێك له كو‌لتورێكدا له كولتورێكی تردا نه‌بێت، به‌ڵام كاتێك جه‌ژنێك و كه‌سێتییه‌كی په‌یوه‌ست به‌و جه‌ژنه‌وه ده‌بنه دابونهریتێكی جیهانی یان نیمچهجیهانی و له چوارچێوه ئایینیه‌كه ده‌رده‌چن و ده‌بنه بابه‌تی نێوكولتوری؛ ئیتر ئاسایی نیه به ناوی پارێزگاریكردن له ئایین و كو‌لتور و به ئامڕازی ئایینی هه‌وڵی قه‌ده‌غه‌كردنی بدرێت. به‌تایبه‌تی كه پیاوانی ئایینیی ئیسلامی جاری وا هه‌یه به بیانو و به‌هانه‌ی پێكه‌نیناوی هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌سێتیی پاپا نۆێڵ ناشیرین بكه‌ن:
* موفتییه‌كی تورك، به ناوی (سوله‌یمان یه‌نیچه‌ری) Süleyman Yeniçeri، كه موفتیی ناوچه‌ی (كێشان) Keşan ـه له پارێزگای (ئه‌دیرنه) له باكوری خۆرئاوای توركیا، وه‌كو ڕۆژنامه‌ی (حوررییهت) Hürriyet له كاتی خۆیدا بڵاوی كرده‌وه، ڕۆژی (27/11/2011) به‌توندی ڕه‌خنه‌ی گرت له كه‌سێتیی پاپا نۆێڵ. جگه له‌وه‌ی كه وتی ئه‌م كه‌سێتیه ئه‌فسانه‌ییه و بایهخپێدانیشی لاساییكردنه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌كانه؛ وتی: ئه‌و كه‌سێتیه پاك و نیازپاكیش نیه، چونكه قورئان فه‌رمان به موسوڵمان ده‌كات كه له ده‌رگاوه بچنه ماڵان، به‌ڵام پاپا نۆێڵ له ده‌رگاوه نایه‌ته ژوره‌وه به‌ڵكو له دوكهڵكێشهكانهوه ده‌چێته ژوره‌وه!! له‌به‌ر ئه‌وه كه‌سێكی ناپاك و نیازخراپه!(9)
سوله‌یمان یه‌نیچه‌ری
* نوكته‌یه‌كی تر ده‌كه‌مه كۆتایی ئه‌م باسه، كه له ڕاستیدا به بارێكی تردا نوكته‌ش نیه و كاره‌ساته، به‌ڵام نوكتهیشه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ـ تا ڕاده‌یه‌كی ناسروشتی ـ پێكه‌نیناویه!
ئه‌وه‌ش بیروڕای دۆكتۆرێكی پزیشكی (!) و مامۆستایه‌كی زانكۆ (!) یه، كه له هه‌مان كاتدا بانگخوازێكی ئیسلامییشه! كه ئه‌ویش (د. عه‌بدولواحید) ه! له‌سه‌ر كڵاوه‌كه‌ی پاپا نۆێڵ! ناوبراو له كۆڕێكدا (كه ڤیدیۆكه‌ی به‌شانازیه‌وه له یوتیوب دانراوه!) بۆ كۆمه‌ڵێك پیاوی ته‌واو و باڵغ قسه ده‌كات، له قسه‌كانیدا پرسیار له‌و هه‌مو ئاماده‌بوه ده‌كات و ده‌ڵێت: (ئه‌زانن كڵاوه‌كه‌ی بابا نوێل له كوێوه هاتوه؟ خۆ كاتی خۆی بابا نۆئێل كڵاوی له‌سه‌را نه‌بوه، ئه‌ی ئه‌و كڵاوه چیه؟ كێ ئه‌زانێ؟)! ئاماده‌بوانیش هیچ ناڵێن و ئه‌مه‌ش یانی نایزانن! ئیتر ناوبراو ده‌ڵێت: (ئه‌و كڵاوه‌ی بابا نوێل یانی: ئه‌ها عاله‌می ئیسلامی! ئه‌ها چۆن كڵاومان كرده سه‌رتان.. ئاواتان لێ ئه‌كه‌ین..)!!!(10)
من ناتوانم به نوسین گوزارش له پوچی و به‌ربادیی ئه‌م شیكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌یه بكه‌م.. یان له ڕاستیدا پێویستیی به (ته‌عقیب) نیه و هه‌ر قسه‌كه له خۆیدا به‌كارامه‌یی ته‌واوه‌وه گوزارش له به‌ربادیی خۆی ده‌كات.
ئه‌مه‌یه ئه‌و فیكر و هۆشیاریه‌ی بانگخوازه ئیسلامیه‌كان ده‌یده‌ن به خه‌ڵكی خۆیان؟
په‌راوێز:
(1) ده‌رباره‌ی Jólnir وه‌کو ناوێکی ئه‌لته‌رناتیڤ (بدیل) بۆ ئۆدین؛ بڕوانه:
ئه‌مه‌یه ئه‌و فیكر و هۆشیاریه‌ی بانگخوازه ئیسلامیه‌كان ده‌یده‌ن به خه‌ڵكی خۆیان؟
په‌راوێز:
(1) ده‌رباره‌ی Jólnir وه‌کو ناوێکی ئه‌لته‌رناتیڤ (بدیل) بۆ ئۆدین؛ بڕوانه:
Crump, William D., The Christmas Encyclopedia. McFarland & Co. Second Edition, 2006. P. 443.
(2) ده‌رباره‌ی אָב و אַבָּא ی ئاڕامی، بڕوانه:
Jastrow, Marcus, A Dictionary of the Targumim, the Talmud Babli and Yerushalmi, and the Midrashic Literature. London: Luzac & Co., New York: G. P. Putnam's Sons. 1903. V. 1, pp. 1, 2.
Levi, Rabb. J., Chaldäisches Wörterbuch über die Targumim und einen grossen Theil des Rabbinischen Schriftthums. Dritte Unveränderte Ausgabe. Leipzig: Verlag von Gustav Engel. 1866. Band 1, p. 1.
(3) ده‌رباره‌ی ܐܰܒ و ܐܰܒ݂ܳܐ ی سوریانی، بڕوانه:
Payne Smith, Jessie (Mrs. Margoliouth), A Compendious Syriac Dictionary, founded upon the Thesaurus Syriacus of R. Payne Smith. Oxford: The Clarendon Press. 1903. P. 1.
(4) بڕوانه:
Jastrow, A Dictionary of the Targumim, the Talmud Babli and Yerushalmi, and the Midrashic Literature. V. 1, p. 136.
(5) بڕوانه:
Brown, Francis, & Samuel Rolles Driver, Charles Augustus Briggs, A Hebrew and English lexicon of the Old Testament, with an appendix containing the biblical Aramaic. Based on the Hebrew lexicon of Wilhelm Gesenius as translated by Edward Robinson. Oxford: Clarendon Press. 1906. P. 93.
(6)
ده‌رباره‌ی ܐܰܒܺܘܢ ی سوریانی، بڕوانه:
Payne Smith, A Compendious Syriac Dictionary. P. 1.
(7) ده‌رباره‌ی وشه‌ی Papa، بڕوانه:
Collins' etymological dictionary, containing roots and derivations and embracing the most recent words. London and Glasgow: Collins' Clear-Type Press. P. 250.
Weekley, Ernest, An Etymological Dictionary of Modern English. London: John Murray. I921. P. 1038.
Skeat, Rev. Walter W., An Etymological Dictionary of the English Language. Oxford: The Clarendon Press. Fourth Edition, 1910. P. 427.
Brewer, E. Cobham, Etymological and Pronouncing Dictionary of Difficult Words. London and New York: Ward, Lock, & Co. P. 795.
(8) ده‌رباره‌ی ڕیشه‌ی وشه‌كانی noël و noel و nowell و natalis، بڕوانه:
Williams, A. M., And Frederick T. Smith (General Editors), The King's English dictionary. London: British Books Limited. P. 575.
Brachet, A., An etymological dictionary of the French language. Translated by G.W. Kitchin. Third Edition, 1882. Oxford: The Clarendon Press. PP. 264, 267.
Collins' etymological dictionary, containing roots and derivations and embracing the most recent words. London and Glasgow: Collins' Clear-Type Press. P. 235.
Donkin, T. C., An Etymological Dictionary of the Romance Languages. London and Edinburgh: Williams and Norgate. 1864. P. 317.
Weekley, Ernest, An Etymological Dictionary of Modern English. London: John Murray. I921. P. 976, 994.
Donald, James, Chambers's Etymological Dictionary of the English Language. London and Edinburgh: W. & R. Chambers. 1872. P. 336.
Skeat, Rev. Walter W., An Etymological Dictionary of the English Language. Oxford: The Clarendon Press. Fourth Edition, 1910. P. 396.
Brewer, E. Cobham, Etymological and Pronouncing Dictionary of Difficult Words. London and New York: Ward, Lock, & Co. P. 704.
بۆ هه‌ندێك ئه‌گه‌ری تر سه‌باره‌ت به ڕیشه‌ی وشه‌ی Noël، بڕوانه:
Dawson, W. F., Christmas: its origin and associations, together with its historical events and festive celebrations during nineteen centuries. London: Elliot Stock. 1902. P. 9.
(9)
بڕوانه ڤیدیۆكه‌ی:
(10) بڕوانه: