تێرۆری ئیسلامی لەبەرامبەر کاریکاتێر و تەنز لەسەر پێغەمبەر؛ لە کەلەپوری ئایینیی ئیسلامیی ڕەسەنەوە هەڵ‌دەقوڵێت

تێرۆری ئیسلامی لەبەرامبەر کاریکاتێر و تەنز لەسەر پێغەمبەر
لە کەلەپوری ئایینیی ئیسلامیی ڕەسەنەوە هەڵ‌دەقوڵێت 

سه‌روه‌ر پێنجوێنی


هێرشە تێرۆریستیەکەی سەر بارەگای ڕۆژنامەی (شارلی ئێبدۆ) Charlie Hebdo ی فڕەنسی، کە ١٢ کەسی کردە قوربانی (جگە لە ١١ بریندار)، و سێ گەنجی موسوڵمانی جەزائیری ئەنجامیان دا، کە لە فڕەنسا دەژین و بە فڕەنسییەکی ڕەوان قسەیان کردوە؛ جارێکی تر هەموانی لە مەترسیی کاردانەوەی ئیسلامی لەبەرامبەر بیروڕای ڕەخنەگرانەی ئازاد و ئازادیی دەربڕیندا ڕاچڵەکاند.
پاساوە ئیسلامیەکە ئەوە بو کە ئەم ڕۆژنامەیە ـ کە خۆی لە خۆیدا ڕۆژنامەیەکی تەوس‌ (تەنز) ئامێز و کاریکاتێریە و بە زمانی کاریکاتێر ڕەخنە لە هەموان ئەگرێت؛ پێشتر (ساڵی ٢٠١١) کاریکاتێرەکانی پێغەمبەری ئیسلامی بڵاو کردوەتەوە.
بۆیە شایەتحاڵەکان دەگێڕنەوە کە تێرۆریستەکان دوای کوشتن و بریندارکردنی ئەو کەسانە (لە کوژراوەکان چواریان کاریکاتێریستن و کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلامیان کێشاوە)؛ هاواریان کردوە "ئەوە تۆڵەی موحەممەد کرایەوە"!

سه‌عید کواشی، و شەریف کواشی 
دو تێرۆریستە موسوڵمانەکەی هەڵمەتەکەی سەر شارلی ئێبدۆ
کاتێک پێداچونەوەیەک بۆ کەلەپوری ئایینیی ئیسلامی و دەق و گێڕانەوە ئیسلامیەکان و یاسای ئیسلامی و ڕێبازە فیقهیە ئیسلامیەکان دەکەینەوە؛ بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوەی ئێستە ڕو دەدات کە موسوڵمانان هیچ جۆرە تەنز و تەوسێک لەسەر پێغەمبەری ئیسلام قبوڵ ناکەن و هەیانە تا ڕادەی کوشتن و بڕین و خوێن‌ڕشتن دەڕۆن لەگەڵ ئەوانەی دەست بۆ کارێکی وا دەبەن؛ هیچ نامۆ نیە بە عەقڵی ئیسلامی.
دەبینین ئوممەتی ئیسلام هەر لە نەوەی یەکەمەوە کۆدەنگی "ئیجماع" ی زانا ئایینیەکانی هەبوە لەسەر ئەوەی هەر کەس جوێن جوێن بە پێغەمبەر بدات (قسەی پێ بڵێت) یان سوکایەتیی پێ بکات یان عەیبی لێ بگرێت؛ دەبێت بکوژرێت، هەتا ئەگەر موسوڵمانیش بێت؛ هەر دەبێت بکوژرێت، هەتا ئەگەر "تەوبە" ش بکات؛ هەر دەبێت بکوژرێت!
بۆ نمونه؛ (ئیبن ئەل‌قەططان) ی فاسی (٦٢٨ کۆچی، مردوە)، لە "الإقناع في مسائل الإجماع" دا ئەم "ئیجماع" ـە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئەهلی عیلم [ی شەرعی] گشتیان یەک‌دەنگ بون لەسەر ئەوەی هەر کەس جوێن بە پێغەمبەر (د. خ.) بدات؛ کوشتنی لەسەرە" ("وأجمع عوام أهل العلم على أن على من سب النبي صلى الله عليه وسلم القتل")(١).
هەروەها (ئیبن تەیمییە) (٧٢٨ کۆچی، مردوە) کتێبێکی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردوە، بە ناوی "الصارم المسلول على شاتم الرسول" و دوپاتی ئەو یاسا و ڕێ‌وشوێنە ئیسلامیە دەکاتەوە، بۆ نمونە: هەر لە سەرەتاوە دەڵێت: "ئەوەی جوێن بە پێغەمبەر (د. خ.) دابێت، جا موسوڵمان بێت یان نا-موسوڵمان؛ دەبێت بکوژرێت. ئەم ڕێبازەش تەواوی ئەهلی عیلمی لەسەرە" ("من سب النبي صلى الله عليه وسلم من مسلم أو كافر فإنه يجب قتله. هذا مذهب عليه عامة أهل العلم")(٢). و بۆ درێژەی زیاتر خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو نوسراوەی ئیبن تەیمییە.
سەرباری ئەوە؛ هەر بەپێی سەرچاوە ئیسلامیەکان و ئەو کەلەپورە ئیسلامیە؛ پێغەمبەری ئیسلام بۆ خۆی ئەوانەی کوشتوە کە بە شیعر هەجویان کردوە. بەپێی ئەو سەرچاوانەی ژیاننامەی پێغەمبەری ئیسلام؛ هەر كاتێك پێغەمبەر دوژمنێكی بوبێت، ئەگەر تەنها دوژمنێكی سیاسییش بوبێت یان تەنها شاعیرێك بوبێت و بە شیعر هەجوی كردبێت یان خەڵكی لێ‌ هان‌دابێت؛ یەك‌سەر خەڵكی ناردوە بۆ غافڵكوژكردنی و لەناوبردنی. لەوانە:
٭ (كەعبی كوڕی ئەشڕەف) کە خۆی لە خێڵی (طەییـء) بوە، و لە دایکەوە لە جولەكەی (بەنو نەضیر) بوە. بەپێی "ژیاننامەی پێغەمبەر" ی ئیبن ئیسحاق، دوای شەڕی بەدر؛ چوەتە مەککە و بە شیعر کوژراوەکانی مەککەی لاواندوەتەوە و خەڵکی هان‌داوە دژی پێغەمبەر (و دەڵێن قەصیدەیەکی درێژ بوە کە نەقڵ نەکراوە، و گوایە هەندێک شاعیری موسوڵمانیش وەڵامی ئەو شیعرەی ئەویان داوەتەوە). و دواییش گەڕاوەتەوە بۆ مەدینە، و ئینجا ـ گوایە ـ دەستی کردوە بە شیعرهەڵ‌گوتن بەسەر ژنانی موسوڵماندا و ناوی زڕاندون. ئیتر پێغەمبەر وتی: "کێ کەعبی کوڕی ئەشرەفم بۆ دەکوژێت؟" ("من لي بابن الأشرف؟").. ئیتر كەسانێكی نارد ("موحەممەد"ی کوڕی "مەسلەمە"، و "سیلکان"ی کوڕی "سەلامە"ی کوڕی "وەقش" کە برای شیریی کەعب بو، و دوانی تریش)، کە بە فێڵێك (کە ئێرە جێگەی درێژەی باسەکەی نیە) هەر لە قەڵاكەی خۆیدا كوشتیان: (سیلکان) ی برای شیریی خۆی بە قژ گرتی و موحەممەدی کوڕی مەسلەمە و ئەوانی تریش بە شمشێر لێیان دا(٣).
با بڵێین کەعبی کوڕی ئەشڕەف دوژمنێکی سیاسییش بوە، بەڵام ـ بەپێی ئەو سەرچاوە ئیسلامیە کۆنانە ـ بۆ هەمو ئەوانەی بە شیعر هەجویان كردوە؛ لێبوردنی نەبوە و خەڵکی ناردوە بۆ کوشتنیان. جگە لەوەی شاعیرەكەی پێغەمبەر (حەسسانی كوڕی ثابیت) وەڵامی ئەو شیعرانەی داوەتەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش ئەو شاعیرە هەر كەسێك بوبێت، پیاو بوبێت یان ژن، گەنج بوبێت یان پیر؛ پێغەمبەر فەرمانی داوە بە كوشتنی. لەوانە:
٭ كەسێكی پیر كە جولەکە بوە و بە (مونافیق) یش دانراوە، بە ناوی (ئەبو عەفەك) "أبو عفك"، كە تەمەنی (١١٠) ساڵ بو، و بەپێی سەرچاوە ئیسلامیەکان شیعری وتوە و لە شیعرەکاندا ئاماژەی بۆ پێغەمبەر کردوە و هەجوی کردوە و خەڵکی لێ هان‌داوە، هەندێک سەرچاوەش دەڵێن: كاتێك پێغەمبەر (حاریثی كوڕی سوەید) ی كوشتوە؛ ئەبو عەفەك لاواندویەتیەوە و بە خراپی باسی پێغەمبەری كردوە. ئیتر ـ سەرچاوەکان دەڵێن ـ پێغەمبەر (سالیمی كوڕی عومەیر) ی نارد (هەندێک سەرچاوەش وای دەگێڕنەوە کە سالیم خۆبەخۆ ئەوەی کردوە، کە لەو صەحابیانەیە کە بەدری بینیوە)، ئیتر سالیم ئەبو عەفەکی کوشت: ئەبو عەفەك لە شوێنێكدا خەوتبو، (سالیم) یش هات و شمشێرەكەی كرد بە جەرگیدا و تا سەر نوێنەكەی برد(٤).
٭ ئینجا دوای كوشتنی (ئەبو عەفەك)؛ ژنە شاعیرێك، كە ئەویش هەر بە (مونافیق) دانراوە، هەندێك سەرچاوەیش بە جولەكەی دادەنێن، بە ناوی (عەصمائی كچی مەڕوان)، ئەمیش لەسەر كوشتنی (ئەبو عەفەك) شیعری وت و بەخراپی باسی پێغەمبەر كرد (وتی: چاوەڕێی چی دەكەن لە موسوڵمانەكان دوای سەربڕینەكان؟!) و خەڵكی هان دا بۆ تۆڵە. هەندێک سەرچاوەش بەگشتی دەڵێن: بە شیعر ڕەخنەی لە ئیسلام دەگرت و خەڵکی هان‌دەدا لەدژی پێغەمبەر.
ئیتر پێغەمبەر وتی: (كێ‌ عەصمائی كچی مەڕوانم لە كۆڵ دەکاتەوە؟!)، ئیتر (عومەیری كوڕی عەدیی خیطمه‌یی) خۆی دانا بۆ كوشتنی: چوە ماڵەكەی، زانیی كە لەگەڵ منداڵەكانیدا نوستوە، و منداڵێكی شیرەخۆرەیش بەسەر سنگیەوە بو، ئیتر عومەیر منداڵەكەی لابرد و شمشێرەكەی كرد بە سنگیدا. دوایی عومەیر مژدەی كوشتنی عەصمائی هێنایەوە بۆ پێغەمبەر، بەڵام دەترسا لە لێپرسراوێتیی ئەو كوشتە، بەڵام پێغەمبەر دڵنیای كردەوە و وتی: ئەو كوشتنە (هیچ دو بزنێك شەڕەقۆچی لەسەر ناكەن)!! (لا ينتطح فيها عنزان) واتە: كێشەی نیە و خوێنەكەی هەدەرە!(٥).
ڕەنگە بتوانرێت بوترێت: ئەم گێڕانەوانە کە تا ماوەیەک بەدەماودەمی گوزراونەتەوە ڕەنگە جێی گومان بن و نابنە دۆکیومێنتی مێژویی.. یان ڕەنگە هەندێک لە ئیسلامیەکانیش خۆ بکەون بۆ دۆزینەوەی بیانو لە "سەنەد" ی گێڕانەوەکان.. بەڵام هێشتا ڕاستییەک وەکو خۆی دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە موسوڵمان خاوەنی ئەم کولتورەیە، ئەگەر ئەم گێڕانەوانە ـ گریمان ـ هەڵبەسراویش بن؛ عەقڵی ئیسلامی بەرهەمی هێناون و گەیاندونی، و نەوەی ئیسلامیی نوێیش لەسەر ئەم کولتورە پەروەردە دەبێت. ئێستەش هیچ موسوڵمانێکی تەقلیدی درێغی ناکات لە هێنانەوەی پاساو بۆ ئەو کارانە.
بۆیە دەتوانین بڵێین: موسوڵمانە توندڕەوەکان بۆ تۆڵەی سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام؛ شوێن‌پێی ئەو ڕێنماییانەی خۆی هەڵ‌دەگرن کە لە کەلەپوری ئیسلامیی ڕەسەندا دراونەتە پاڵی. و هەتا نەوەی موسوڵمان لەسەر ئەم کەلەپورە پەروەردە بکرێت؛ مەترسیی کاردانەوە و وەڵامدانەوەی خوێناوی بەردەوام دەبێت.

پەراوێز:
(١) بڕوانه: ابن القطان، الإقناع في مسائل الإجماع. تحقیق: حسن فوزي الصعيدي. الطبعة الأولى، ٢٠٠٤. الفاروق الحديثة للطباعة والنشر. جـ. ٢، ص. ٢٧٠. المسألة رقم (٣٧٦٣).
(٢) ابن تيمية ، الصارم المسلول على شاتم الرسول. تحقیق: محمد محي الدين عبد الحميد. نشر الحرس الوطني السعودي، المملكة العربية السعودية. ص. ٣.
(٣) بڕوانه: ابن اسحاق، السير والمغازي. تحقيق: سهيل زكار. بيروت: دار الفكر. الطبعة الأولى، ١٩٧٨. ص. ٣١٧.
(٤) بۆ نمونە بڕوانە: ابن سعد، الطبقات الكبرى. تحقيق: إحسان عباس. بيروت: دار صادر. الطبعة الأولى، ١٩٦٨. جـ. ٢، ص. ٢٨. الواقدي، المغازي، جـ. ١، ص. ١٧٥. ابن عاشور، تفسير التحرير والتنوير. بيروت: مؤسسة التاريخ العربي. الطبعة الأولى، ٢٠٠٠. جـ. ١، ص. ٢٦٠.
(٥) بۆ نمونە بڕوانە: ابن سعد، الطبقات الکبری. جـ. ٢، ص. ٢٧. ابن سيد الناس، عيون الأثر في فنون المغازي والشمائل والسير. بيروت: مؤسسة عز الدين للطباعة والنشر. ١٩٨٦. جـ. ١، ص. ٣٨٢. ابن كثير، السيرة النبوية. تحقيق: مصطفى عبد الواحد. بيروت: دار المعرفة للطباعة والنشر والتوزيع. ١٩٧٦. جـ. ٤، ص. ٤٣٢. ابن عاشور، تفسير التحرير والتنوير. جـ. ١، ص. ٢٦٠.