چیرۆكی "ئیسڕا و میعراج"ی ئیسلامی
لەنێوان قورئان و گێڕانەوە ئیسلامیەكان و ئەفسانەی كۆندا
لەنێوان قورئان و گێڕانەوە ئیسلامیەكان و ئەفسانەی كۆندا
سهروهر پێنجوێنی
یەکێک لەو باوەڕە ئیسلامیانەی کە لە بیر و خەیاڵدانی مرۆڤی موسوڵماندا بایەخیان هەیە و بەشێکن لە کەلەپووری ڕاڤەی دەقەکان و لە دابونەریت و یاد و بۆنە ئیسلامیەکان؛ باوەڕی "ئیسڕا و میعراج"ـە کە بەشێکە لە بیروباوەڕ و خەیاڵدانی ئیسلامی و بوەتە ڕاڤەی کۆمەڵێک دەقی قورئانی، و کۆمەڵێک گێڕانەوەی لەسەر دروست بووە و ـ لە گەلێک ناوەندی ئیسلامیی میللیدا ـ بووەتە بۆنە و جەژنێکی ئیسلامی، بەڵکوو وەکو "موعجیزە"یەک باس لێوە دەکرێت و بە "موعجیزەی ئیسڕا و میعراج" ئاماژەی بۆ دەکرێت.
ئەوەی هەر لە سەرەتاوە سەرنج ڕادەکێشێت؛ ئەوەیە ئەم باوەڕە، یان ئەم چیرۆکە، تا هاتووە زیاتر گەشەی کردوە و زیاتر دەوڵەمەند کراوە بە دیمەنی چیرۆکخوانی، هەتا وای لێ هاتوە وەکو "موعجیزە"یەکی پێغەمبەری ئیسلام لە بیری ئایینیی ئیسلامیی سەردەمانی نوێدا بیری لێ کراوەتەوە، لە کاتێکدا ناوبردنی بە "موعجیزە" تەنها لە سەدەی (١٤ ک.)دا هاتوەتە کایە. وەکو دواتر دەبینین چیرۆکەکە لە بنەڕەتدا تەنها ئاماژەیەکی قورئانیی تەمومژاوی و کورتبڕە دەربارەی بەشی یەکەمی چیرۆکەکە "ئیسڕا"، و دەبینین لای هەندێک سەرچاوە و کەسایەتیی ئیسلامیی یەکەم بە "خەون"ـێک زانراوە.
هەرچەند (ئیبن عەبباس) سوێندی خواردوە کە موحەممەد شەوی میعراج بە چاوی سەر خوای بینیوە [هەروەها ئەو حەدیثە دوورودرێژەی چیرۆکی "ئیسڕا و میعراج"یش ـ کە بە شێوەی کتێبێک بڵاو کراوەتەوە ـ لە ئیبن عەبباسەوە گێڕدراوەتەوە. لە کاتێکدا دەزانین ئیبن عەبباس ئەو کاتەی ـ بەپێی گێڕانەوە ئیسلامیەکان ـ "ئیسڕا و میعراج" ڕوی داوە زۆر منداڵ بووە یان هەر لە دایک نەبووە، لەدوادوای تەمەنی پێغەمبەریشدا هەر منداڵ بووە و جێگەی ئەوە نەبووە کە پێغەمبەر ئەو دەنگوباس و چیرۆکە درێژە تەنها بۆ ئەو بگێڕێتەوە].
لە هەمان کاتدا هەندێک هاوەڵی تری پێغەمبەر، وەکو (عائیشە) کە لە نیوەی دوەمی ژیانی پێغەمبەرایەتیی موحەممەد زۆر ئاگادار بووە و زۆر هەڵەی بۆ هاوەڵەکانی تری موحەممەد ڕاست کردووەتەوە، هەروەها هاوەڵێکی تر بە ناوی (حوذەیفەی کوڕی ئەلیەمان)، هەروەها (موعاوییە) کە بە عەقڵ و دانایی و بیرکردنەوەی واقیعی ناودارە؛ ئەمانە وتوویانە کە ئەو شەوڕەوی و گەشتە ئاسمانیەی موحەممەد تەنها خەونێک بوە و هەموی لە خەودا بووە. عائیشە ئەو قسەیەی ئیبن عەبباس بە تەواوی بە هەڵە دەزانێت کە وتوویەتی موحەممەد شەوی ئیسڕا و میعراج خوای بینیوە (واتە بە جەستە چووەتە ئاسمانەکان تا لەبەردەم خوا ئامادە بووە) و ئەو هەڵەیەی بۆ ڕاست دەکردەوە و دەیوت ڕوداوەکە بەو شێوەیە نەبووە و بەڵکو ئەو شەوە پێغەمبەر جێگەی خەوتنەکەی بەجێ نەهێشتووە!
بەڵام ئەوەندە هەیە لەو بیرکردنەوە ئایینیەدا خەون شتێکی سادە نیە، خەون لە بیری ئەفسانەییدا دەلاقەیەکە بە ڕووی جیهانی ڕۆحدا، کە لەو جۆرە بیر و جیهانبینیەدا جیهانێکە لە جیهانی ژیانی ڕۆژانە کەمتر نیە ئەگەر زیاتر نەبێت. ئەو مرۆڤەی لە ڕوانگەی ئەو بیرە ئەفسانەییەوە بۆ جیهان دەڕوانێت ئەو کەس و ڕوداوانەی لە خەوندا دەیانبینێت بە واقیعی دەزانێت و پێی وایە ئەوانە لە جیهانێکی نادیاری واقیعیەوە خۆیان پێشانی ئەم دەدەن. هەروەکو دەرکەوتەیەکی ئەم باوەڕە وا بیر لە خەون کراوەتەوە کە گەشتێکی ڕۆحە و ڕۆشتنیەتی بۆ دەرەوەی جەستە، ئەم حاڵەتەش (دەرچوونی ڕۆح لە جەستە لە حاڵەتی خەون بینیندا) بەپێی ئەو بیرکردنەوەیە لە حاڵەتی مردن دەچێت کە ئەمیش هەر دەرچوونی ڕۆحە لە جەستە، بەڵام جیاوازیەکەیان ئەوەیە کە لە حاڵەتی خەوندا جەستە دەگەڕێتەوە، کە لە مردندا بەپێچەوانەوە ناگەڕێتەوە بۆ ناو جەستە. ئەم بیرکردنەوەیە لو قورئانیشدا هاتووە، کە دەقاودەق وەک ئەو بیروباوەڕە دەڵێت: "الله يتوفّى الأنفُسَ حينَ موتِها والتي لم تَمُتْ في منامها، فيُمْسِك التي قضى عليها الموتَ ويُرسِل الأخرى إلى أجل مسمى" (الزمر: ٤٢).
بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بەپێی بیری ئایینی پەیوەندی بە جیهانی خواوەند و ڕۆحەکانەوە دەکەن و بەهرەی پێغەمبەرایەتی و سروش وەرگرتنیان هەیە؛ بەپێی ئەو بیرە ئایینیە "خەون" ی ئەوان ئەزموونێکی تەواو واقیعیە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیە بەو جیهانە نادیار یان دوور یان دواڕۆژیەوە کە لە خەونەکەدا نمایش دەبێت، ئەمەش چونکە بەپێی ئەو بیرە ئەفسانەییە ئەو جۆرە کەسانە پەیوەندی و "سیگناڵ"ی ڕۆحییان زیاترە! هەر بۆیە لە ئیسلامیشدا بڕوا وایە کە "خەون"ی پێغەمبەران جۆرێکە لە سرووشی خوایی. هەر لەسەر ئەم بنەمایەوە قورئان باس دەکات کە (ئیبراهیم) کاتێک سرووشی بۆ کراوە کە کوڕەکەی بکاتە قوربانی؛ دەڵێت: ئیبراهیم وتویەتی: کە "لە خەوندا خۆم بینیوە سەرت دەبڕم" ("إني أری في المنام أنّي أذبحك..") (الصافات: ١٠٢)، ئیتر ئەم بینینەی خەونەکەی بەسە بۆ ئەوەی بزانێت خواوەندەکەی چیی لێ داوا دەکات.
هەر بۆیە کاتێک هەندێک هاوەڵی موحەممەد ئەو "شەوڕەوی و گەشتە ئاسمانیەی موحەممەد" بە خەون بزانن؛ ئەوە مانای ئەوە نیە کە ئەو شەوڕەوی و گەشتە بە ناواقیعی و خەونوخەیاڵ دەزانن، بەڵکو تەنها مانای ئەوەیە کە ئەو شەوڕەوی و گەشتە بە ڕۆح بووە، واتە لە حاڵەتی خەودا ڕۆحی موحەممەد ڕۆشتووە ئەو شەوڕەوی و گەشتە ئاسمانیەی کردووە یان پێی کراوە.
لە سەرچاوەکانی بیری ئایینیی ئیسلامییشدا هەر لە ڕێوە و بەڕوونی ئەوە دەوترێت کە ئەم بابەتە "خیلافی"ـە، واتە ناکۆکی و جیاوازیی بیروبۆچونی تێدایە لای زانایانی ئیسلام. ئیتر دەوترێت کە زۆرینە "الجمهور"ی زانایانی ئیسلام پێیان وایە کە ئەو شەوڕەوی و گەشتە ئاسمانیە بە ڕۆح و جەستە بووە، هەندێکیش لە زانایانی ئیسلام (لەوانە؛ حەسەنی بەصڕەیی و ئیبن ئیسحاق) بڕوایان وا بووە کە تەنها بە ڕۆح بووە، کە ئەمە دەچێتەوە سەر گێڕانەوەکەی عائیشە و حوذەیفەی کوڕی ئەلیەمان و موعاوییە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە لە بیری ئیسلامیی نوێدا ئەم بیروڕا جیاوازانە باس ناکرێن، بەڵکو وەکو "موعجیزە"یەک و شتێکی بەڵگەنەویست و "قطعي" باس لە چیرۆکەکە دەکرێت.
شایەنی ئاماژەیە کە لە خودی گێڕانەوە ئیسلامیەکەدا بەڵگەی تەواو هەیە بۆ ئەوەی ئەو "شەوڕەوی"ـەی کە موحەممەد باسی کردوە تەنها خەونێک بووە، لە خودی قورئانەوە بەڵگە هەیە، لە فەرموودە و گێڕانەوەکانیشەوە بەڵگە هەیە:
لە قورئانەوە: کاتێک قورئان ئاماژە بۆ باسی "شەوڕەوی" و بینینی "المسجد الأقصی" دەکات؛ بە "الرؤیا" ئاماژەی بۆ دەکات، کە دەڵێت: "وما جعلنا الرؤیا التی أریناك إلا فتنة للناس.." (الإسراء: ٦٠)، کە دەڵێت: "ئەو 'ڕوئیا'یەی پێشانمان دایت؛ هەر بۆ ئەوە بو خەڵک تاقی بکرێنەوە.."، کە ئەمەش دەنگدانەوەیەکی ئەو دەنگوباس و هەواڵەیە کە هاتووە و باس لەوە دەکات کە خەڵکێکی زۆر، لەوانەش کە پێشتر باوەڕیان بە موحەممدە کردووە، بە هۆی بڵاوبوونەوەی دەنگوباسی "شەوڕەوی"ـەکەیەوە لێی کەوتوونەتە گومانەوە و هەڵگەڕاونەتەوە و خەڵکێکی زۆری تریش گومانەکانیان زیاد بوون. جا لێرەدا مەبەست وشەی "رؤیا"یە، کە هەرچەند وشەکە هەروەکو وشەی "رؤیة" بە واتای 'بینین'ـە، بەڵام نەریتی زمانی "العُرْف اللُّغَويّ"ی عەرەبی وشەکەی تایبەت کردوە بە 'بینینی حاڵەتی خەو'ەوە، واتە 'خەون' یان 'خەون بینین'. بۆیە وشەکە لە شوێنەکانی تری هاتنیدا لە قورئاندا هەر بە واتای 'خەون' یان 'خەون بینین' بەکار هاتوە: "قال: "يا بنيّ! لا تقصص رؤياك.."" (يوسف: ٥)، "يا أيها الملأ! أفتوني في رؤياي إن کنتم للرؤيا تعبرون" (يوسف: ٤٣)، "وقال: "يا أبتِ! هذا تأويل رؤياي من قبل.."( "يوسف: ١٠٠)، "يا إبراهيم! قد صدّقتَ الرؤيا.." (الصافات: ١٠٤، ١٠٥)، "لقد صدق اللهُ رسولَه الرؤيا بالحق" (الفتح: ٢٧). ئەمانە هەمویان باسی خەون دەکەن. هەر لە قورئاندا وشەی "دەبینم" ("أری") بۆ واتای "لە خەوندا دەبینم" هاتووە: "أری" (یوسف: ٤٣)، "أری فی المنام" (الصافات: ١٠٢).
لە گێڕانەوەکانیشەوە؛ چیرۆکی "ئیسڕا و میعراج" کە بە شێوەیەی فەرموودەیەکی دورودرێژ گێڕراوەتەوە، لەسەر زمانی موحەممەد خۆیەوە دەڵێت: "لە کاتێکدا کە لە (حیجر) ـ جێگەیەکە لە نزیک کەعبە ـ خەوتبووم؛ دوو فریشتە هاتن.." ئیتر چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە، و ناشڵێت "ڕابووم لە خەوەکەم و بەخەبەر بوومەوە"، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەدا. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە خودی گێڕانەوەکە ئەو هەستەی تێدایە بەوەی کە بابەتەکە هەموی لە خەودا بووە. بەڵکوو دەتوانین بڵێن هەر شەوڕەوی بۆ خۆی لەگەڵ کەشی خەوندا دەگونجێت، ئەگەر خەون نەبووبێت یان وەکو خەون بیری لێ نەکرابێتەوە؛ بۆچی باسی شەوڕەوی و ڕۆشتنی کاتی شەو دەکرێت؟
ئەگەریش بوترێت: ئەگەر موحەممەد بۆ خۆی وەکو "خەون" باسی شەوڕەویەکەی کردبێت؛ ئیتر بۆچی شتێکی سەیر بووە و بۆچی لێی کەوتوونەتە گومانەوە؟ وەڵامی ئەم ڕەخنە سادەیە ئەوەیە کە موحەممەد وەکوو شتێکی زۆر واقیعی باسی ئەم ئەزموونە ڕۆحیەی خۆیی کردوە، سەرەتای سورەتی "الإسراء" کە ئەو باسەی گەیاندووە نیشانەی ئەوەیە، چونکە دەبینین دەڵێت "خوا شەوڕەویی بە بەندەکەی کردوە" ("أسرى بعبده")، واتە وەکوو شەوڕەوییەکی واقیعی باسی کردووە. وەکو پێشتریش وتمان؛ لە بیری ئەفسانەییدا هەمیشە وەکوو ئەزموونێکی واقیعی باس لەو ئەزموونە "ڕۆحی"ـە دەکرێت کە لە خەوندا دەگوزەرێت. ئەمە ئەو دیاردەیە لێکدەداتەوە کە بۆچی دەقە قورئانیەکە (الإسراء: ١) وەکو ئەزمونی واقیعی باسی ئەو خەونە دەکات. دواتریش کە دێتەوە سەر باسی هەمان چیرۆک لە هەمان سوورەتدا؛ بە وشەی "رؤیا" گوزارشی لێ دەکات کە ـ وەکو وتمان ـ بە واتای "خەون"ـە لەوێدا، بەڵام موحەممەد (یان خاوەنی ئەو دەقە) پێی وا نەبووە کە خەون ئەزمونێکی ناواقیعی بێت، بۆیە درکاندوویەتی کە خەونێک بووە، یان وەکو خەونێک بیری لێ کردووەتەوە، بەڵام هەر بە ئەزموونێکی واقیعیی زانیوە.
چیرۆکەکەی "ئیسڕا و میعراج" گەلێک شتی تێدان کە جێی سەرنجن، لەوانە باسی ئەوە دەکات کە هەر لە سەرەتاوە لە لایەن فریشتەکانەوە سنگی لەت کراوە و دڵی شۆرراوە و بەشی شەیتانی لێ دەرهێنراوە! ئەمە دیمەنێکی خەیاڵی و هێماییە کە لە دوو چیرۆکدا بەکارهاتووە: یەکەمیان: چیرۆکی لەتکردنی سنگ و شۆردنی دڵی لە منداڵیدا، لەگەڵ چیرۆکی "ئیسڕا و میعراج" کە دیارە هەر بە ئەنقەست لەگەڵ ئەمەیاندا تێهەڵکێش کراوە.
چیرۆكی ئیسڕا و میعراج تا چ ڕادەیەك بنچینەی لە ئیسلامدا هەیە؟
دەبێت لە سەرەتاوە ئەوە ڕوون بێت کە تەنها "ئیسڕائـ" لە قورئاندا بنچینەی دڵنیای هەیە، کە سەرەتای سوورەتی "الإسراء"ە: "سبحان الذي أسرى بعبده ليلا من المسجد الحرام إلى المسجد الأقصى.." (الإسراء: ١)، بۆیە دەتوانین بڵێین "شەوڕەوی" ("ئیسڕائـ") چیرۆکێکی قورئانی یان ئیسلامیی ڕووتە، واتە داهێنانێکی ئیسلامیە (هەرچەند بۆنوبەرامی بیری یەهوودیی هەر پێوەیە دەربارەی شوێن و پێگە و پیرۆزی شاری قودس و پەرستگاکەی و گەڕانەوە بۆی).
"میعراج" یش تەنها لە "فەرمودە" و گێڕانەوەکاندا بەڕوونی باس کراوە. بەڵام ئاماژەیەکی تا بڵێیت تەمومژاوی بۆ بینینێکی جیهانی خوایی لە سورەتی "النجم" دا کراوە بە بنچینەی دەنگوباسی "میعراج"، کە ڕەنگە تەنها باسێکی بینینی جەبرائیل (یان دو جار بینینی) بێت لە لایەن موحەممەدەوە نەک باسی گەشتێکی ئاسمانی. بۆیە چیرۆکی "میعراج" نەک هەر ئەدەبیاتی ئیسلامی لە ئەدەبیاتی ئایینیی پێش خۆیی وەرگرتووە، بەڵکو هەر پێ ناچێت بنچینە و بنەڕەتێکی لە سەردەمی قورئاندا بووبێت. وا دەردەکەوێت دوای کارلێکی زیاتری بیری ئایینیی ئیسلامی لەگەڵ کەلەپوری ئایینیی گەلانی دەوروبەر (بەتایبەتی یەهوود و زەردەشتیەکان) دروست بووە و تێکەڵ بە ئیسلام بووە. ئیتر ئەو سەرەتایەی سورەتی "النجم" لەگەڵیدا گونجێنراوە و کۆمەڵێک گێڕانەوەی هێناوەتە کایە کە چیرۆکی شەوڕەوییان لەگەڵ چیرۆکی گەشتە ئاسمانیەکەدا تێهەڵکێش کردووە.
واتە ئێمە تەنها متمانەمان بە چیرۆکی شەوڕەوی هەیە وەکو چیرۆکێکی ڕیشەدار لە قورئاندا، ئیتر چیرۆکی گەشتە ئاسمانیەکە وەکو تەواوکەرێک و وەکو وەرگرتنی کاریگەریی بیری ئایینیی پێشوو لەگەڵی تێهەڵکێش کراوە.
لە ڕاستیدا لەسەر چیرۆکی "شەوڕەوی" یش و بنچینە قورئانیەکەیشی دیسان گومان دروست بووە:
ئەو سەرەتایەی سورەتی "الإسراء"، واتە ئایەتی یەکەمی کە باسی شەوڕەویەکە دەکات، لە ڕووی بابەتیەوە و لە ڕووی هونەری و فۆڕمی دەقەکەوە نامۆیە بە پاشماوەی سوورەتەکە. هەرچەند ئەم ئایەتە بە "البصیر" کۆتایی دێت؛ بەڵام پاشماوەی سورەتەکە "سەجع"ێکی جیاوازە کە هەمو ئایەتەکان بە "ئەلیف"ی برێتیی "تەنوین" کۆتاییان دێت. هەر لێرەوە دیارە ئەم ئایەتەی یەکەم نامۆیە بە پاشماوەی سوورەتەکە. ئەمە گومانی ئەوەی دروست کردووە کە ئەم ئایەتە دوای تەواوبونی قورئان لە سەردەمی موحەممەددا دروست کراوە و زیاد کراوە بۆ قورئان. ئەوانەی ئەم گومانە دەبەن ئەوەش دەکەن بە بەڵگە کە ئایەتەکە ئاماژە بۆ "المسجد الأقصی" دەکات، کە ئەم مزگەوتە ئەگەر مەبەست مزگەوتی (قبە الصخرة) بێت ئەوا لە سەردەمی (عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان)ـدا دروست کراوە. ئەگەر وا بێت؛ کەواتە ئەم ئایەتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئومەویەکان و ئەو کاتە زیاد کراوە بۆ قورئان!
بەڵام ئەم گومانانە بەهێز نین، ئەگەر بزانین کە قورئان بەگشتی بە هەر پەرستگایەک دەڵێت "مسجد"، بۆیە ئاساییە پەرستگای یەهودی لە قودس بە "المسجد" ناو ببات. مەرجیش نیە مەبەست مزگەوتی (قبة الصخرة) بێت [یان هەتا "المسجد الأقصی"ی ئیسلامی کە لە سەردەمی عومەردا لەو جێیە دروست کراوە]، بەڵکوو مزگەوتی (قبة الصخرة) تەنها شوێنێکی گرتووە لەو گۆڕەپانە پیرۆزەدا. سەبارەت بە نامۆیی ئایەتی یەکەم بە پاشماوەی سورەتەکە؛ ڕەنگە پاساوی ئەو نامۆییە ئەوە بێت کە ئایەتە خراپ ڕێک خراوە، ئەگەری گەورە ئەوەیە کە ئایەتەکە ڕەسەنە، بەڵام ئەو شوێنە (سەرەتای سورەتی ناونراو بە "الإسراء" کە پێشتر پێی وتراوە سورەتی "بنو إسرائیل") شوێنی خۆی نیە (هەرچەند توێژەرە موسوڵمانەکان لە ڕوی واتاوە پەیوەندی دەدۆزنەوە لەنێوان ئایەتی یەکەم و دواتردا)، یان ئایەتەکە هەر لە بنەڕەتدا تەنها بووە و لەو شوێنەدا دانراوە، یان ئایەتی تری لەگەڵ بووە و ئایەتەکانی تر فەوتان و ئەم ئایەتە تەنها کەوتووەتەوە و خراوەتە ئەم شوێنە. دیارە نامۆیە بە شوێنەکە، بەڵام ئەمە نابێتە بەڵگەی ناڕەسەنیی ئایەتەکە. دووریش نیە بەڵگە و شوێنەواری زیاتر ناڕەسەنیی ئایەتەکە بسەلمێنن، چونکە هاتنی باسی "المسجد الأقصی" هەر چۆنێک بێت هەر نامۆیە و هەست بە پەیوەندییەک دەکرێت لەگەڵ ئومەویەکاندا کە پایتەختیان لە یەمەنەوە گواستەوە بۆ شام.
پێشینەكانی چیرۆكی گەشتی ئاسمانی
کەلەپووری یەهوودی و مەسیحی دەوڵەمەندە بە چیرۆکی بەرزبونەوە "عروج" بۆ ئاسمان و جیهانی خوایی و گەشتی ئاسمانی. دیارترینیان؛ ئەو هەمو چیرۆکی "عروج"ـەن کە دەدرێنە پاڵ "عەزرا"، کە کتێبی خەونەکانی "ئێسدراس" یش (کە هەر پێی دەوترێت "خەونی ئێسدراس" Apocalypse of Ezra) هەر نموونەیەکی ئەم خەونانەی "عەزرا"یە، چونکە بەپێی بیروڕایەک ناوی "ئێسدراس" شێوەی گریکیی گۆڕاوی ناوی عیبریی "عەزرا"یە. بەپێی بیروڕایەکیش؛ ئاماژەی قورئان بۆ "ئیدریس" و بەرزکردنەوەی بۆ شوێنێکی بەرز: "ورفعنا مکانا علیا" (مریم: ٥٧) دەگەڕێتەوە بۆ ئەم چیرۆکی بەرزبوونەوەی ئێسدراس، و ناوی "إدریس" شێوەی گۆڕاوی "ئێسدراس"ـە.
پێش ئەدەبیاتی یەهوودییش؛ لە کولتووری عێراقیی کۆندا چیرۆکی بەرزبوونەوە بۆ ئاسمان نموونەی هەیە، وەکو: چیرۆکی بەرزبونەوەی (ئیتانا) کە باس لە بەرزبوونەوەی پاشایەک دەکات لەسەر پشتی باڵندەیەک بەرەو ئاسمان. هەروەها چیرۆکی (ئاداپا)، کە هێمای مرۆڤە، چیرۆکە شومەریەکە باس لە "عروج"ی ئەو دەکات لەگەڵ خواوەند (ئێنکی) بەرەو لای خواوەندی هەرەگەورە خواوەند (ئان) لە ئاسمان. لێکچونی ئەم چیرۆکە شومەریە لەگەڵ چیرۆکە ئیسلامیەکەی میعراجدا زۆر زۆر سەرنجڕاکێشە: موحەممەد بە هاوەڵیی جەبرائیل دەچێتە بارەگای خوا لە ئاسمان، بە هەمان شێوە ئاداپا بە هاوەڵیی خواوەند ئێنکی دەچێتە بارەگای خواوەند ئان لە ئاسمان، کە کەسێتیی ئێنکی زۆر لە کەسێتیی جەبرائیل دەچێت، "ئێنکی" یش وەکو جەبرائیل سرووش و هەواڵی نهێنیی خواوەند دەهێنێت بۆ ئاسمان! ئینجا ئاداپا لە حوزووری خواوەند ئاندا دو جۆر خواردنەوەی بۆ دەهێنن: خواردنەوەیەکی ئاسایی کە خواردنەوەی مرۆڤەکانە، خواردنەوەیەک کە نەمری دەبەخشێت کە خواردنەوەی خواوەندەکانە. جا ئێنکی هەرچەند دۆستی ئاداپا بوو بەڵام ئامۆژگاریی کرد کە خواردنەوە ئاساییەکە بخواتەوە (ئەمەش هەستێکە لای مرۆڤی عێراقیی کۆن کە بڕوای وا بووە خواوەندەکان بە هەمو شێوەیەک نەمری بۆ خۆیان دەهێڵنەوە و نایبەخشن بە مرۆڤ)، لە بەرامبەریشدا موحەممەد لە شەوی شەوڕەویدا دو خواردنەوەی بۆ دەهێنن: خواردنەوەیەکی ئاسایی کە شیرە، لەگەڵ خواردنەوەیەک کە خواردنەوەی نەمرەکانە لە بەهەشتدا کە ئەویش مەیە. جا بەپێی چیرۆکەکە؛ موحەممەد خواردنەوە ئاساییەکە هەڵدەبژێرێت، بۆیە جەبرائیل پێی دەڵێت "فیتڕەتت هەڵبژارد"، واتە ئەوەی بۆ پەسەند دەکات. ئەم لێکچوونە زۆر زەق و سەرنجڕاکێشە. بەڵام من هێشتا بۆم ڕوون نەبوەتەوە چۆن ئەو دیمەنانەی چیرۆکە عێراقیە کۆنەکە گوازراونەتەوە بۆ چیرۆکە ئیسلامیەکە و لە چ کەناڵێکەوە.
لە کولتووری ئێرانی-زەردەشتیی کۆنیشدا، چیرۆکی "ئەردافیراڤنامە" هەیە ("ئەرداڤیرافنامەگ" بە شێوازی پەهلەوی)، کە چیرۆکی گەشتی ئاسمانی و داهاتوویی خواناسێکی زەردەشتیە بە ناوی "ڤیراف" (یان: "ویراف"، یان: "ویراز"). چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیەکان و بە پەهلەوی نوسراوە. چیرۆکەکە چیرۆکێکی میعراجیی نمونەییە، باسی کاریگەریی ئەم دەقە لە گێڕانەوە ئیسلامیەکەی "میعراج"ـدا پێویستیی بە توێژینەوەی زیاترە، بەڵام دەکرێت ئەوەندە بڵێین کە دوور نیە وەسفی بەهەشت و خۆشیەکانی و دۆزەخ و ئازاردانەکانی. کە لە چیرۆکە درێژەکەی میعراجی ئیسلامیدا باسیان هاتووە، کاریگەریی ئەم دەقەیان لەسەر بێت. هەرچەند دەقە یەهوودیەکانی گەشتی ئاسمانییش باسی جیهانی داهاتوو و دۆزەخیان تێدایە.
دەزانم بابەتەکە زۆری دەوێت، بەڵام لێرەدا بەمەندە دەست هەڵدەگرم.