فیلتەری 'موڕاجەعات'

فیلتەری "موڕاجەعات"

سەروەر پێنجوێنی

قبووڵکردنی گرووپێکی سەلەفی-جیهادی لە کۆمەڵگا و کایەی سیاسەت و پرۆسەی دیمۆکراسی کاتێک چەک دادەنێن و دادەنیشن و ڕووکار و "واجیهە"یەکی سیاسی و میدیایی بۆ گرووپەکەیان دەسازێنن تا بەشداریی پرۆسەی سیاسی و پارلەمان و حوکوومەتی پێ بکەن (دوای ئەوەی بە هەموو شێوەیەک دەوڵەتی نوێ و دیمۆکراسی و پارلەمان و یاسا و هەموو مەدەنیەتیان "تەکفیر" و بە نەفرەت کردووە)؛ بە کۆمەڵە پێوەر و مەرجی پلەبەندی ورد دەبێت و بەرنامەیەکی شیاوکردنەوە و ڕاهێنان و بەخۆداهێنانەوەی پێویستە. پێش هەموو شتێک لە هەموو چالاکییەک دەوەستێنرێن (هەر لە بەندیخانە، یان لە دانیشتنی دەستبەسەریی ماڵەوە، یان بە ڕێگرتن لە چالاکیی مەیدانی و میدیایی، بەپێی قەبارەی تێوەگلانیان لە تاوان و زیانگەیاندن بە تاک و کۆمەڵگا)، ئینجا دوای ڕێنمایی‌کردن و ئاڕاستەکردن و ڕاهێنان، بە ناچاری بێت یان بە خۆبەخشی، بەخۆداچوونەوە و پێداچوونەوە و "موڕاجەعات" بۆ بڕوا و هەڵبژاردنەکانیان بنووسن یان ڕابگەیەنن، بەتایبەتی ئەوانەیان ڕابەر و نووسەر و قسەکەر و تیۆریساز و ئاڕاستەکار و "موفتی" و مامۆستا بوون تێیاندا. ئەم زاراوەی "موڕاجەعات"ـەی بەکاری‌دەهێنم؛ زاراوەی ئەو کەسێتیانە خۆیانە کاتێک پێداچوونەوە بۆ ڕابردوو و بڕوا و بنەما سەلەفی-جیهادیەکانی خۆیان دەکەن (و لەبەر ئەوەی یەک-دوو بنەما نین و زۆرن، بۆیە "پێداچوونەوەگەل" "مراجعات"یان ـ بە کۆ ـ پێویستە)، و هەندێک جار لە بەندیخانەوە کتێبی "موڕاجەعات"ی خۆیان دەنووسن و بڵاودەبێتەوە، من هەندێک لەم کتێب و نووسراوانەم لایە.
بە بڕوای من؛ کاتی خۆیشی لەت‌وپارچەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی، دوای ئەوەی پرۆژە و هەوڵەکەیان (بۆ دروستکردنی "ئیماڕەت"ـێکی ئیسلامی لە هەڵەبجە و هەورامان کە هیچ حیسابێک بۆ یاسا و ڕێسا و بەڕێوەبردنی وڵات نەکات، و بۆ جێبەجێ‌کردنی شەریعەت لەو ناوچانە لە جێی یاسا و یاسادانانی عێراقی و کوردستانی) "ستۆپ"ی پێ کرا، لە بارودۆخ و پرۆسەگەلێکدا کە خۆیان "نەکسە"ی پێ دەڵێن، واتە 'شکست' و 'نوشوستی' یان 'بەرەودواچوونەوە'؛ دەبوو بە هەمان شێوە ملکەچی پرۆسەیەکی بەخۆداچوونەوە و پێداچوونەوەی بڕوا سەلەفی-جیهادیەکانیان بکرانایە، ئینجا حیزبی (بزووتنەوەی ئیسلامی)ی دوای پارچە-پارچەبوون و و پارچەیەکی تری کە حیزبی (کۆمەڵی ئیسلامی) ["کۆمەڵی دادگەری"ی ئێستە]یە ڕێگەیان پێ بدرایە لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدار بن. ئەوەش دوای زنجیرەیەک دواندن و وت‌ووێژ و پێ‌سەلماندن و هێنانەسەر بڕوا، تا دێنە سەر ئەو بڕوایەی کە بەرژەوەندیی نەتەوە و نیشتمان مەرجی سەرەکیی هەموو چالاکی و جووڵانەوەکیان بێت، و لە دڵەوە پەشیمانن لە "تەکفیر"ی حوکوومەت و کۆمەڵگا بەگشتی، و لە باوەڕبوون بە دروستیی هێرشی خۆکوژی و تەقاندنەوە لەناو خەڵک، و لە بە "بت" زانینی نیشتمان و خاک، و لە دەست‌‌تێکەڵ‌کردنیان لەگەڵ گرووپە هاوشێوەکانی تر و دەوڵەتانی تری دژ بە ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوە و نیشتمان. ئیتر ئەم ئەرکی بەخۆداچوونەوە و پێداچوونەوەیە دەبوو بە فیلتەرێکی باش، و هەندێکیان کە سوورن لە بڕواکانی خۆیان، لە پرۆسەی سیاسی دووردەخرانەوە، و لە میدیایشدا چاودێرییان لەسەر دەبوو، ئەوانەشیان کە پێداچوونەوەیان دەنووسی؛ ئەو پێداچوونەوەیە دەبوو بە پێوەرێک بۆی کە دواییش لە هەموو هەنگاوێک و لێدوانێکدا دەبوو پێوەی پابەند بێت.
ئەم بەخۆداچوونەوە و پێداچوونەوەیە دەبوو بە هەموو ڕابەر و نووسەر و قسەکەر و پێشەوایەکی ئایینییان بکرایە، و پێداچوونەوەکانیان باش بڵاوبکرانایەتەوە و دەبوون بە ڕێنمایی بۆ شوێنکەوتوو و ئەندامانیشیان. بەگشتییش دەبوو بە ڕەخنە و پێداچوونەوەیەکی گشتگیری تەوژمی سەلەفی-جیهادی.
تەنانەت بڕوام وایە ئەرکێکی ئەخلاقی و مێژوویی بوو لەسەر کەسێکی وەکوو (عادل باخەوان)ـیش، کە قسەکەر و وتاربێژ و ئاڕاستەکەرێکی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی بوو؛ ئەو کاتەی وازی لێ هێنان و بیرکردنەوەی گۆڕا؛ پێداچوونەوەیەکی گشتگیری بۆ بڕواکانی وەکوو سەلەفی-جیهادییەک بنووسیایە، یان هیچ نەبێت لەو وتار و نووسینانەی هاندان و سووکایەتییان تێدایە بە هەندێک پێکهێنەری گۆڕەپانی سیاسی و فیکری، وەکوو چەپەکان؛ لێ‌گەڕانەوە و پەشیمان‌بوونەوەی لە ئاستێکی بەرزدا بنووسیایە؛ جێی شانازی دەبوو بۆ مێژووی خۆی، و دەبوو بە ئەرکێک کە لە هەموو ئەو دەرکەوتووانەی ئەو تەوژم و فیکرە چاوەڕوان دەکرا و دەبوو بە ڕێسایەک. بەڵام ناوبراو وا دیارە بە جۆرێک بڕواکانی و "جیهانبینی"ی گۆڕاوە کە ئیتر ئیسلامییەک نیە کە هەندێک پێداچوونەوە بۆ بڕوا و هەڵبژاردنەکانی لەناو فیکری ئیسلامیدا بکات، بۆیە هەر بەتەواوی بێدەنگە لەو ڕابردووەی.
ئێستە "جەماعەی ئیسلامی"، کە بە کوردی دەبێتە "کۆمەڵی ئیسلامی"، هەرچەند لەم دواییانەدا ناوەکەیان گۆڕی بۆ "کۆمەڵی دادگەری"، بەو هیوایەی بە لابردنی پاشناوی "ئیسلامی" (و هاوکات لەگەڵ ئەوەدا گۆڕینی گوتاری ئایینیی تەقلیدی بۆ گوتاری ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات لەسەر دابەش‌کردنی نایەکسانی سامان و نادادگەری و نایەکسانی)، ئیتر خەڵک چاویان لەسەر پاشخان و باکگراوند و پێشینە ئیسلامیەکەیان نەبێت، بەڵام دیارە لە بیریان چووە کە هێشتا پێشناوەکەیان "کۆمەڵ" ـ کە وەرگێڕانێکی "جەماعە"ی عەرەبیە ـ ڕابردووەکەیان وەکوو گرووپێکی ئیسلامی و بەڵکوو سەلەفی-جیهادی بیردەخاتەوە، کە "جەماعە" ("الجماعة") ناوێکی باو و خۆشەویستی ئەو گرووپە تەکفیری و جیهادیانەیە، و هەر ناوەکە بۆ خۆی بۆن و هەڵمی "تەکفیر"ی لێ هەڵدەستێت، چونکە ئەوەی پێوە دیارە ئەو گرووپە خۆی بە تاکە "جەماعە"ی ئیسلامیی کۆمەڵگاکەی خۆی دەزانێت و خۆی لە جێی "الجماعة" دادەنێت کە لە دەقە ئیسلامیەکاندا (بەتایبەتی "حەدیث") بە کۆمەڵی ئیسلامیی گەورە و دەسەڵاتی ئیسلامیی گشتگیر دەوترێت.
لەبەر ئەوە؛ با "جەماعە"ی دادگەری بزانن کە هیچ شتێکیان لێمان ون نابێت! هەموو هێما و کۆدەکانیان تێ‌دەگەین‌!
جا "جەماعە"ی دادگەری، لەژێر ئەو ڕووکارە سیاسی و میدیاییەدا کە هەیەتی؛ گرووپێکی سەلەفی-جیهادیی حەشارداوە، کە تەنها لە چالاکی وازیان هێناوە، و دانیشتوون، و وەکوو سەلەفی-جیهادی ناجووڵێنەوە. بەڵام بنەما سەرەکیەکانی فیکری سەلەفی-جیهادی ("تەوحیدی حاکیمییەت"، تەکفیری حوکوومەتە نائیسلامیەکان بەگشتی، بەنائیسلامی‌زانینی کۆمەڵگا بەگشتی، دروستیی هێرشی خۆکوژی، دروستیی تەقاندنەوە لەناو خەڵکی مەدەنی، دوژمنایەتیی لایەنە نائیسلامیەکان "بەڕائـ" ئەگەر برابەشی نەتەوە و نیشتمانیش بن، و دۆستایەتیی لایەنە ئیسلامیەکان "وەلائـ" ئەگەر دوژمنی نەتەوە و نیشتمانیش بن)؛ هێشتا وەکوو ژیلەمۆ لە فیکری ڕابەر و مامۆستا و کەسایەتیە دیارەکانیان دەگەشێنەوە. ئێمە لە چەندان هەڵوێست و لێدوانیان، هی سەرکردە و بانگخوازەکانیان و ـ تەنانەت ـ نوێنەرەکانیشیان لە پارلەمان (کە لەوێ سوێندی یاساییان خواردووە و دانیان بە دەسەڵاتی یاسادانانی مەدەنیدا ناوە)، هێشتا ئیشکردنی ئەو بنەما سەلەفی-جیهادیانە لە بیرکردنەوە و مێشکیاندا هەست پێ دەکەین. و هێشتا هیچ پێداچوونەوەیەکی ڕوونیان دیار نیە (هەڵبەتە عەلی باپیر بۆ خۆی هەندێک هەوڵی هەیە کە لەو مەبەستە نزیک دەبنەوە، بەڵام هێشتا خۆی لە تەوەرە سەرەکیەکان نەداوە. و هەندێکیش لە جەمسەرەکانی تری حیزبەکەی ڕەنگە لێی وەرنەگرن، جگە لەوەی خۆیشی هێشتا سوورە لەسەر هەندێک بنەمای فیکری پێشووی).
چەندان جاریش وریایی و ئاگاداریمان لەسەر ئەو دیاردەیە داوە. بۆ نموونە؛ لێدوانەکانی پزیشک و بانگخوازی ناوبراو بە "دکتۆر عەبدولواحید". هەروەها سەلەفی-جیهادیە داڵدەدراوەکە: (دڵشاد گەرمیانی)، کە تەنها ئێران و یەکێتی پاراستیان لە هەموو لێپرسینەوەیەک.
هەتاکوو لە لێدوانێکی نوێنەرێکیان لە پارلەمان، کە ـ بە حیساب ـ یاساناسیشە و ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووریش بوو: (دانا دارا حوسێن)، هەستمان بە ئیشکردنی بنەمای "تەوحیدی حاکیمییەت" لە بیرکردنەوەیدا کرد، و ئیتر بنەمایەکی سەلەفی-جیهادیی ترسناکی وەکوو "تەوحیدی حاکیمییەت" ـ کە لە بابەتی داهاتوومدا لەسەری دەڕۆم ـ نووسینەوەی دەستوور و پرۆسەی تاووتوێ‌کردنی ڕەشنووسەکەی ئاڕاستە دەکرد!
ئێستەش لە هەموویان چالاکتر و بێ‌شەرمتر و تێنەگەشتووتر و نامۆتر و هەڵەشەتر، کە هیچ باوەڕێکی بە یاسا و دەسەڵاتی یاسادانانیش هەر لە بنەڕەتەوە نیە؛ مەلا (هەورامان گەچێنەیی)ـە، کە لەم زنجیرە وتارەدا بەش-بەش ئیشکردنی فیکری سەلەفی-جیهادی لە هەموو بیرکردنەوە و لێدوانێکیدا ڕوون دەکەینەوە، و بەشی داهاتوومان لەسەر بنەمای ترسناکی "تەوحیدی حاکیمییەت" دەبێت لە لێدوانەکانی ئەودا.
ئەمانە کە لە ڕاستیدا باوەڕیان بە پرۆسەی دیمۆکراسی و دەوڵەتی مەدەنی و یاسا و دەسەڵاتی یاسادانانی نوێنەرانی گەل نیە؛ چۆن گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەرانی گەلی ئێمە؟ ئاشکرایە لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی نا-ڕەشیدی ئێمە هیچ پلان و نەخشەسازی و دووربینییەکی نیە، و زیاد لەوەش لە بڕیارە گەورەکانیدا ئازاد نیە، بۆیە ناچارە ئەمانە بەبێ هیچ پێوەر و فیلتەر و "موئەههیلات"ـێک لە ناوجەرگەی پرۆسەی سیاسی و دەسەڵاتی یاساداناندا دابنێت، چونکە بەش-بە-حاڵی یەکێتی ئێران بڕیاردەرە لەسەر ئەوەی چ لایەنێکی تری سەر بە خۆی لە هەرێمدا چالاک دەبن. بەڵێ! ئێران کۆمەڵی ئیسلامیی داوە بە کۆڵی یەکێتیدا! و یەکێتی ناچارە بەخێویشیان بکات و قەڵەویشیان بکات!
من پێشتر پێشنیاری پرۆژە یاسایەکم کردووە بۆ قەدەغەکردنی فیکری سەلەفیەتی جیهادی، کە پێمان وایە وەکوو فیکری نازییەت و فاشییەت و بەعسییەت پێویستە قەدەغە بکرێت، و لە وێرانکاریدا لەوانە کەمتر نیە.
ئێستەش دەمەوێت ئەو پێشنیارە زیندوو بکەمەوە (و بڕگەی ئەرک و مەرجی نووسینی پێداچوونەوەی بۆ زیاد بکەم)، ئەگەر کەسانێکی شارەزا لە یاسا و دەستوور، و ئەندام لە پارلەمان و لیژنەکانی، هاوکارم بن.