غافڵكوژیەكانی پێغەمبەری ئیسلام

غافڵكوژیەكانی پێغەمبەری ئیسلام
و كوشتنی ئەوانەی بە شیعر هەجویان كردوە

سه‌روه‌ر پێنجوێنی

هەر كاتێك پێغەمبەر دوژمنێكی بوبێت، ئەگەر تەنها دوژمنێكی سیاسییش بوبێت یان تەنها شاعیرێك بوبێت و جارێك بە شیعر هەجوی كردبێت یان خەڵكی لـێ‌ هان دابێت، یەكسەر خەڵكی ناردوە بۆ غافڵكوژكردنی و لەناوبردنی. لەوانە (كەعبی كوڕی ئەشڕەف) لە جولەكەی (بەنو نەضیر)، كە كەسانێكی نارد بە فێڵێك هەر لە قەڵاكەی خۆیدا كوشتیان.

نەک هەر دوژمنێکی سیاسیی كەعبی كوڕی ئەشڕەف، بەڵکو دەستی چوەتە كوشتنی هەمو ئەوانەی بە شیعر هەجویان كردوە، كە دەبوایە بۆ ئەوە لێبوردە بوایە. جگە لەوەی شاعیرەكەی پێغەمبەر (حەسسانی كوڕی ثابیت) وەڵامی ئەو شیعرانەی داوەتەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش ئەو شاعیرە هەر كەسێك بوبێت، پیاو بوبێت یان ژن، گەنج بوبێت یان پیر؛ پێغەمبەر فەرمانی داوە بە كوشتنی. لەوانە:
كەسێكی پیر كە بە (مونافیق) دانراوە، بەناوی (ئەبو عەفەك) كە تەمەنی (١١٠) ساڵ بو: كاتێك پێغەمبەر (حاریثی كوڕی سوەید) ی كوشت، ئەبو عەفەك لاواندیەوە و بەخراپی باسی پێغەمبەری كرد، پێغەمبەر (سالیمی كوڕی عومەیر) ی نارد كە كوشتی: ئەبو عەفەك لە شوێنێكدا خەوتبو، (سالیم) یش هات و شمشێرەكەی كرد بە جەرگیدا و تا سەر نوێنەكەی برد. بۆ نمونە بڕوانە: ابن سعد، الطبقات. جـ. ٢، ص. ٢٨. الواقدي، المغازي، جـ. ١، ص. ١٧٥. ابن عاشور، تفسير التحرير والتنوير. مؤسسة التاريخ العربي، بيروت، ط١، ٢٠٠٠. جـ. ١، ص. ٢٦٠.
ئینجا دوای كوشتنی (ئەبو عەفەك)، ژنە شاعیرێك، كە ئەویش هەر بە (مونافیق) دانراوە، هەندێك سەرچاوەیش بە جولەكەی دادەنێن، بە ناوی (عەصمائی كچی مەڕوان)، ئەمیش لەسەر كوشتنی (ئەبو عەفەك) شیعری وت و بەخراپی باسی پێغەمبەر كرد (وتی: چاوەڕێی چی دەكەن لە موسوڵمانەكان دوای سەربڕینەكان؟!) و خەڵكی هان دا بۆ تۆڵە. ئیتر پێغەمبەر وتی: (كێ‌ عەصمائی كچی مەڕوانم لە كۆڵ دەخاتەوە؟!)، ئیتر (عومەیری كوڕی عەدیی خیطمه‌یی) خۆی دانا بۆ كوشتنی: چوە ماڵەكەی، زانیی كە لەگەڵ منداڵەكانیدا نوستوە، و منداڵێكی شیرەخۆرەیش بەسەر سنگیەوە بو، ئیتر عومەیر منداڵەكەی لابرد و شمشێرەكەی كرد بە سنگیدا. دوایی عومەیر مژدەی كوشتنی عەصمائی هێنایەوە بۆ پێغەمبەر، بەڵام دەترسا لە لێپرسراوێتیی ئەو كوشتە، بەڵام پێغەمبەر دڵنیای كردەوە و وتی: ئەو كوشتنە (هیچ دو بزنێك شەڕەقۆچی لەسەر ناكەن)!! "لا ينتطح فيها عنزان" واتە: كێشەی نیە و خوێنەكەی هەدەرە! بۆ نمونە بڕوانە: ابن سعد، الطبقات. جـ. ٢، ص. ٢٧. ابن سيد الناس، عيون الأثر في فنون المغازي والشمائل والسير. مؤسسة عز الدين للطباعة والنشر، بيروت، ١٩٦٨. جـ. ١، ص. ٣٨٢. ابن كثير، السيرة النبوية. جـ. ٤، ص. ٤٣٢. ابن عاشور، تفسير التحرير والتنوير. جـ. ١، ص. ٢٦٠.