ده‌رباره‌ی
حیجاب و باڵاپۆشی و په‌چه
دیمانه‌ی گۆڤاری (وارڤین)
سازدانی: بههرە حه‌مه‌ڕه‌ش
وارڤین: دیارده‌ی حیجابی ژنان، له هه‌رێمی كوردستاندا به‌ره
و زیادبوون ده‌چێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت، حیجاب و عه‌با كولتوری كورد نین.
به ڕای ئێوه هۆكاره‌كان چین؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: ڕاستیه‌كه‌ی به به‌هێزبونی ئیسلامی سیاسی مۆدێلێكی نوێی ئایینداری و
(ئیسلامه‌تی) هاتوه‌ته كایه. هه‌رچه‌ند ئه‌م مۆدێله نوێیه ڕه‌نگه له كولتوری
ئیسلامی یان عه‌ره‌بی ـ ئیسلامیی ڕه‌سه‌نه‌وه نزیكتر بێت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه
ئه‌م مۆدێله نوێیه جیاوازه له‌و ئایینداری و (ئیسلامه‌تی) ـه خۆماڵیكراوهی له
كۆمه‌ڵگا ئیسلامیه جیاوازه‌كاندا، له‌وانه‌ش كۆمه‌ڵگای كوردی، جێگه‌ی خۆی گرتبو.
ئه‌م مۆدێله نوێیه زیاتر كار له‌سه‌ر دروشم و ناونیشان و دیكۆر ده‌كات، چونكه
ده‌زانێت ئه‌وه چه‌نده قیمه‌ت و قازانجی پرۆپاگه‌ندایی هه‌یه، ده‌زانێت كاریگه‌ریی
له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌یه، بۆ نمونه ده‌زانێت ئه‌گه‌ر مامۆستایه‌ك حیجاب بپۆشێت دیمه‌نی
ئه‌و مامۆستایه چه‌نده كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر قوتابیه كچه‌كان..
ئاشكرایه كه حیجاب و عه‌با بۆ كۆمه‌ڵگای
كوردهواری نامۆن. جلوبه‌رگی ژنانه‌ی كوردی، هه‌رچه‌ند جلوبه‌رگێكی پۆشته‌یه و
له‌لایه‌نی ئیسلامیشه‌وه كێشه‌ی نیه، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا ئاوێنه‌ی سروشتی
جوانی كوردستانه و نرخی كه‌له‌پوریی خۆی هه‌یه كه مرۆڤی كورد ده‌توانێت شانازیی
پێوه بكات و پێویسته پارێزگاریی لێ بكات. هه‌روه‌ها جلوبه‌رگی ژنانه‌ی كوردی
ئه‌وه‌ی لێ ناخوێنرێته‌وه كه پۆشینی نیشانه‌ی ئه‌وه بێت ژن به ئه‌نقه‌ست جه‌سته‌ی
ده‌شارێته‌وه وه‌كو شتێكی نه‌نگ كه ده‌بێت بشاردرێته‌وه، ئه‌وه‌ی پێوه دیار
نیه كه ئه‌و ژنه‌ی ده‌یپۆشێت ده‌یه‌وێت هه‌مو جوانی و مێیایهتییهك له خۆیدا
سه‌ركوت بكات.. به‌ڵكو له هه‌مان كاتدا پۆشاكیشه و جوانكارییشه.
به‌ڵام حیجاب و عه‌با نامۆن به كولتوری
كوردی، چونكه كولتوری كوردیی ڕه‌سه‌ن كێشه‌ی تێكه‌ڵاوبونی ژن و پیاوی نیه، كۆمه‌ڵگای
گوندنشینی كوردهواری هیچ هه‌ستیار نیه به هاتوچو و یه‌كتر بینین و تێكه‌ڵاو
بونی هه‌ردو ڕه‌گه‌ز.. به‌ڵكو ژیانی كشتوكاڵ و هه‌ره‌وه‌ز و پێكه‌وه‌بون و پێكه‌وه‌ژیان
جوانترین نمونه‌ی تێكه‌ڵی و ئاشنابون پێشكه‌ش ده‌كات.. له كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاوادا
حیجاب و عه‌با و په‌چه زۆر نامۆیه و ڕه‌نگه هه‌ندێك جار عه‌یبه بێت نه‌ك فه‌زیله‌ت.
ئه‌گه‌ر ژنێك به په‌چه‌وه بچێته گوندێكی كوردستانه‌وه زۆر سه‌یر دێته به‌ر
چاو و ڕه‌نگه گومانیشی لێ بكرێت..
هۆكاری هاتنی دیارده‌ی وه‌كو حیجاب و عه‌با بۆ
ناو كۆمه‌ڵگای كوردی، ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگای كوردی زیاتر كه‌وتوه‌ته به‌ر كاریگه‌ریی
كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی، كه جاران ئه‌و كاریگه‌ریه زۆر سنوردار بوه، ئینجا كاریگه‌ریی
(ئیسلامی سیاسی) كه ته‌وژمێكی خوازراوی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی و كێشهكانیهتی، كه
په‌لی كێشاوه بۆ كوردستانیش، و له‌گه‌ڵ خۆیدا دابونه‌ریت و ته‌وژم و مۆدێله عه‌ره‌بی
و عه‌ره‌بی ـ ئیسلامیه‌كانی هێناوه بۆ ناو كۆمه‌ڵگای كوردی. ئیسلامی سیاسی كۆمه‌ڵێك
شكست و ئاسته‌نگی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی ئیسلامی هێناویه‌ته كایه، كه پهلێكیشی
هاتوه بۆ كوردستان، و به دامه‌زرانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش به‌هێزتر بو. ئه‌مه‌ش
واته ته‌وژمی ئیسلامی له كوردستاندا، كه حیجابی وه‌كو مۆدێلێك هێناوه‌ته
كوردستانه‌وه، مه‌ددێكی ئیسلامی ڕاپه‌ڕیوی عه‌ره‌بیه، كه كێشه و ئاڵۆزیه‌كانی
كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی ـ ئیسلامیی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه بۆ كۆمه‌ڵگای كوردهواری. له
ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش كه دروشم و مۆدێله‌كانی پشتئه‌ستور ده‌كات به به‌ڵگه‌ی ئایینی
و ناوی ئیسلامی و قورئانیی بۆ ئه‌و دروشم و مۆدێلانه‌ی داناوه؛ توانیویه‌تی لای
تاك و چین و توێژی زۆر خۆی بكاته مۆدێلی نوێی ئایینداری و به‌ڵكو ڕاسته‌ڕێی
ئیسلام.
كه وتم ئیسلامی سیاسی، یان ته‌وژمی ئیسلامیی
نوێ، له كوردستاندا، دروشم و مۆدێله‌كانی له‌ژێر سایه‌ی به‌ڵگه و ناو و
ناونیشانی ئیسلامی و قورئانی ده‌گوێزێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی؛ مه‌به‌ستم به‌تایبه‌تی
خودی زاراوه‌ی (حیجاب) ـه. ئه‌م زاراوه‌یه ئیسلامی سیاسی ئیستیغلالی كردوه بۆ
سه‌پاندنی مۆدێلێك له جلوبه‌رگی ژنانه كه له بنه‌ڕه‌تدا (زیّ موحّد) ی
ڕێكخستنه‌كانی خۆیه‌تی، به‌سه‌ر هه‌ر ژنێكدا كه ده‌یه‌وێت پۆشته بێت، له
كاتێكدا زاراوه‌ی حیجاب هه‌ر به‌ته‌واوی هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر بۆ (جلوبه‌رگ) به‌كار
بێت.. به‌ڵام ئیسلامی سیاسی سوره له‌سه‌ر به‌كارهێنانی، چونكه له‌لایه‌كه‌وه
(حیجاب) به‌و مۆدێله جلوبه‌رگه‌ی ئیسلامی سیاسیی ژنانه پێناسه ده‌كرێت، ئه‌م
پێناسه هه‌ڵه‌یه‌ش به‌ته‌واوی خۆی چه‌سپاندوه و، له‌لایه‌كی تریشه‌وه زاراوه‌كه
له قورئاندا هاتوه، به‌مه‌ش ئیسلامی سیاسی، ئه‌گه‌رچی په‌تی درۆ كورته،
توانیویه‌تی درێژه به‌و درۆیه بدات كه حیجاب به جلوبه‌رگ و به‌تایبه‌تی به‌و
مۆدێله تایبه‌تیه‌ی ئیسلامی سیاسی پێناسه ده‌كات..
با مه‌به‌سته‌كه‌م ڕون بكه‌مه‌وه: (حیجاب) له
زمانی عه‌ره‌بیدا، یانی (په‌رده)، و ناكرێت به جلوبه‌رگ بوترێت، به هیچ شێوه‌یه‌ك
بۆ جلوبه‌رگ و داپۆشه‌ری جه‌سته نه‌هاتوه، هه‌تا بۆ جلوبه‌رگی ئاودامانیش نه‌هاتوه.
به‌ڵكو به (په‌رده) ده‌وترێت. ئینجا ئه‌م وشه‌یه له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا و
له خودی قورئاندا به په‌رده‌یه‌ك وتراوه كه ده‌رگای ماڵ (ژور) ه‌كانی خێزانه‌كانی
پێغه‌مبه‌ری پێ گیراوه، بۆ ئه‌وه‌ی ناوماڵ دیار نه‌بێت و كه‌س ژنه‌كان نه‌بینێت..
دواتریش بوه‌ته گوزارشێك له‌و یاسا ئیسلامیه‌ی كه بۆ ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌ر
دانراوه كه ئه‌گه‌ر چونه ده‌ره‌وه‌یش هه‌ر ده‌بێت په‌رده‌یه‌ك یان كهژاوهیهكیان
به‌سه‌ره‌وه بێت، واته نابێت له ماڵه‌وه و له ده‌ره‌وه‌یش بۆ كه‌سی نامه‌حره‌م
ده‌ر بكه‌ون، به‌م شێوه‌یه (حیجاب) بوه‌ته په‌رده‌یه‌ك یاخود داپۆشه‌رێكی هه‌میشه‌یی
بۆ ژنه‌كانی.. ئه‌مه‌ش دوای چه‌ند ڕوداوێك، واته دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك كه‌سی
نامۆ هاتوه بۆلای پێغه‌مبه‌ر و ناوماڵی ئه‌وی بینیوه، جارێكیش كوڕێك (طه‌لحه‌ی
كوڕی عوبه‌یدوڵڵا) كه ئامۆزای (عائیشه) بو هات بۆلای عائیشه و قسه‌ی له‌گه‌ڵ
كرد و پێغه‌مبه‌ریش ئه‌وه‌ی پێ ناخۆش بو (به‌تایبه‌تی كه مێردی پیر غیره‌ی زۆره
له‌وه‌ی كوڕی گه‌نج ژنه گه‌نجه‌كه‌ی ببینن!)، بۆیه له‌و كوڕه توڕه بو و وتی
"جارێكی تر له‌م ناوه نه‌تبینم".. ئیتر دوای ئه‌مانه له سوره‌تی
(الأحزاب) دا فه‌رمان درا كه نابێت كه‌س ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌ر ببینێت و ده‌بێت په‌رده‌یه‌ك
له‌نێوان ئه‌وان و هه‌ر كه‌سێكی نامه‌حره‌م به‌وان هه‌بێت، كه ده‌ڵێت: (وإذا
سألتموهن متاعا؛ فاسألوهن من ورا‌ء حجاب) (الأحزاب: ٥٣)، واته: (ئه‌گه‌ر داوای كهلوپهلێكتان
لێ كردن؛ له پشتی په‌رده‌یه‌كه‌وه داوایان لێ بكه‌ن). ئه‌مه‌یه (ئایه‌تی
حیجاب) كه باسی ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌ر ده‌كات و هه‌مو ژنێكی موسوڵمان ناگرێته‌وه،
ئه‌مه له لایه‌كه‌وه، له لایه‌كی تریشه‌وه باسی په‌رده ده‌كات و مه‌به‌ستی
جلوبه‌رگ نیه. به‌ڵام ئیسلامی سیاسی، كه زۆرێك له بنه‌ماكانی له وه‌ههابیه‌كان
وه‌رگرتوه، دێت چه‌مكی ئایه‌ته‌كه گشتگیر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مو ژنێك بگرێته‌وه
نه‌ك ته‌نها ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌ر، له كاتێكدا داڕشتنی ئایه‌ته‌كه به زه‌قی باسی
ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌ر ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ش له قورئاندا به‌ڕاشكاوی ئه‌وه وتراوه
كه ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌ر حوكم و ڕێوشوێنیان جیاوازه له ژنه‌كانی تر، كه ده‌ڵێت:
(یا نسا‌ء النبي! لستنّ كأحد من النساء..) (الأحزاب: ٣٢). هه‌ر بۆیه قورئان مه‌رجی
ئه‌و په‌رده (حجاب) ـه‌ی ته‌نها بۆ ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌ر داناوه، واته ته‌نها
ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌ر نابێت كه‌سی نامه‌حره‌م بیانبینێت و نابێت ده‌موچاویشیان بۆ
كه‌س ده‌ربكه‌وێت، مه‌گه‌ر بۆ كه‌سی مه‌حره‌می خۆیان. فێڵێكی تر كه كراوه و تێپه‌ڕێنراوه
به‌سه‌ر خه‌ڵكێكی زۆردا، ئه‌وه‌یه ئه‌م زاراوه‌ی (حجاب) ـه به جلوبه‌رگ لێك
دراوه‌ته‌وه، له كاتێكدا له په‌رده‌ی به‌رده‌م ژوره‌كانی ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌ر
زیاتر نه‌بوه.. به‌م شێوه‌یه ئێسته خه‌ڵكێكی زۆر له سه‌عودیه و گه‌لێك شوێنی
تر، هه‌م به‌ته‌واوی له ماڵه‌وه ژن ده‌شارنه‌وه له نامه‌حره‌م، هه‌م بۆ ده‌ره‌وه
ژنه‌كانیان په‌چه ده‌پۆشن، به‌م شێوه‌یه‌ش هیچ شوێنێكیان دیار نابێت، جگه له
كونێك بۆ بینین. ئه‌مه‌ش سه‌پاندنی حوكمێكی ئایینیی تایبه‌تیه به‌سه‌ر ژناندا كه
تایبه‌ته به كۆمه‌ڵێك ژنی دیاریكراوه‌وه كه ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌رن.
ئینجا سه‌رباری ئه‌وه‌ش، ئه‌م (حیجاب) ـه‌ی كه
ئه‌و وهههابیانه پێیان وایه هه‌مو ژنێك ده‌گرێته‌وه، ئێسته به‌و مۆدێله جلوبه‌رگه‌ی
ژنان لێك ده‌درێته‌وه كه ئه‌ندامانی حیزب و ڕێكخستنه ئیسلامیه‌كان و ئه‌وانه‌ی
لاساییان ده‌كه‌نه‌وه ده‌یپۆشن. له كاتێكدا نه (حیجاب) په‌یوه‌ندیی به جلوبه‌رگه‌وه
هه‌یه، نه (باڵاپۆشی) له ئیسلامدا به‌سراوه‌ته‌وه به مۆدێلێكی تایبه‌تیه‌وه.
ئێمه‌ش ده‌زانین كه (باڵاپۆشی) له فیقهی ئیسلامی‌دا هه‌ندێك مه‌رجی بۆ دانراوه،
وه‌كو ئه‌وه‌ی ته‌نك و ڕون نه‌بێت، ته‌سك نه‌بێت به شێوه‌یه‌ك جه‌سته پێشان
بدات.. به‌ڵام ئه‌م مه‌رجانه ده‌كرێت له هه‌ر جۆر و مۆدێلێكدا بهێنرێنه جێ،
جلی كوردییش هه‌یه ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدایه. ئیتر مه‌رج نیه ئه‌و جلوبه‌رگه
ئاودامان و تاریكه بێت كه به هه‌ڵه و به درۆ پێی ده‌وترێت (حیجاب).
به پێویستی ده‌زانم لێره‌دا ئاماژه‌یه‌كیش بۆ
ڕه‌گوڕیشه‌ی یاسای (باڵاپۆشی) له ئیسلامدا بكه‌م: ئێمه كه له شێوازی په‌یدابون
و جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه ئاگادارین؛ لێمان ڕونه كه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئافره‌تی
ئازاد (خانم) و ئافره‌تی كۆیله (كه‌نیز) هاتوه‌ته كایه. ئه‌مه‌ش چیرۆكی په‌یدابونی
ئه‌و یاسایه‌یه له ئیسلامدا: خه‌ڵكی مه‌دینه، له‌ناو ماڵه‌كاندا توالێتیان نه‌بو،
بۆیه ده‌چونه ده‌ره‌وه‌ی شار بۆ ده‌ست گه‌یاندن به ئاو. ژنان كاتی شه‌ویان هه‌ڵ
ده‌بژارد بۆ ئه‌و كاره. به‌م شێوه‌یه ژنانی ئازاد و كۆیله به كۆڵانه‌كاندا ده‌چون
بۆ ئه‌و شوێنانه. دیاره دیارده‌ی (تحرّش) له‌لایه‌ن خه‌ڵكی نه‌فس نزمه‌وه به
ئافره‌تی كۆیله باو بوه، به‌ڵام هه‌ندێك جار ئافره‌تی ئازادیش توشی ئه‌و هێرش و
(تحرّش) ـه ده‌بوه‌وه، كه ئه‌مه قبوڵ نه‌ده‌كرا، ئه‌و گه‌نج و ههتیومهتیوانهش
كه ئه‌و كاره‌یان ده‌كرد به‌وه پاساویان ده‌هێنایه‌وه كه وایان زانیوه ئه‌وانه‌ش
كه‌نیزن. بۆیه ئیتر قورئان هات فه‌رمانی دا كه ده‌بێت ئافره‌ته ئازاده‌كان جوان
خۆیان دابپۆشن و به سه‌رپۆشه‌كانیان مل و گه‌ردنیان دابپۆشن (وليَضْرِبنَ
بخُمُرهنّ علی جُیُوبهن) (النور: ٣١) و به چارشێوه‌كانیان سه‌ر و مل و شان و
قۆڵیان داپۆشن (یُدْنین علیهنّ من جَلابیبهنّ) (الأحزاب: ٥٩). له به‌رامبه‌ره‌وه
ئافره‌تی كۆیله بۆی نه‌بوه به‌و شێوه‌یه خۆی دابپۆشێت. ئیتر به‌م شێوه‌یه
ئافره‌تی ئازاد و ئافره‌تی كۆیله جیا كرایه‌وه، ئیتر كه‌س ئافره‌تی ئازاد و
كۆیله‌ی لێ تێكه‌ڵ نه‌ده‌بو! قورئان كاتێك پاساو بۆ باڵاپۆشی ده‌هێنێته‌وه هه‌ر
به‌وه پاساو ده‌هێنێته‌وه كه به‌و شێوه‌یه ئافره‌ته ئازاده‌كان ده‌ناسرێنه‌وه
و ده‌زانرێت كۆیله نین و ئیتر (تحرّش) یان پێ ناكرێت: (ذلك أدنی أن یُعْرَفْنَ
فلا یُؤْذَینَ) (الأحزاب: ٥٩). له‌بریی ئه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره بدۆزێته‌وه بۆ كێشه‌ی
ئه‌و ژنانه‌ی له رێگه‌دا توشی كێشه ده‌بون؛ له‌بریی ئه‌وه هات زیاتر جیاوازیی
چینایه‌تیی ئازاد و كۆیله‌ی تۆخ كرده‌وه. جا ئه‌گه‌ر باڵاپۆشی له ئیسلامدا له‌به‌ر
ئه‌وه بێت كه ڕه‌گه‌زی مێ پۆشته بێت بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجه‌كان توشی لادان نه‌بن؛
بۆچی له كه‌نیز قه‌ده‌غه كراوه باڵاپۆشی بكات خۆ ئه‌ویش مێیه و زیاتریش له
ئافره‌تی ئازاد هۆكاری لادانی گه‌نجه‌كان بوه؟ له‌به‌ر ئه‌وه دیاره باڵاپۆشی
بنه‌مایه‌كی جیاكاریی چینایه‌تیه. پێمان گه‌یشتوه كه (عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب)
زۆر جار به قامچی له كهنیزی داوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو ئافره‌تی ئازاد خۆی
داپۆشیوه! (د. ئه‌حمه‌د سوسه) یش، له (تاریخ حضارة وادي الرافدین) دا، باس ده‌كات
كه لای ئاشوریه‌كانیش ئه‌م یاسایه هه‌بوه: هه‌ر ئافره‌تێكی كۆیله وه‌كو ئافره‌تی
ئازاد خۆی دابپۆشێت؛ قوڕقوشمی تواوه ده‌كرێت به قوڕگیدا! هه‌ر ئافره‌تێكی
ئازادیش وه‌كو ئافره‌تی كۆیله خۆی ڕوت بكاته‌وه؛ قوڕقوشمی تواوه ده‌كرێت به
قوڕگیدا! دیاره ئه‌و جیاكردنه‌وه‌یه‌ی ئافره‌تی كۆیله و ئازاد لای زۆربه‌ی گه‌لانی
سامیی ناوچه‌كه باو بوه.
وارڤین: ئایا حیجاب مۆركێكی ئایینیی له كوردستان هه‌یه، یان په‌یوه‌ندیی
به هاتنی ئایدیۆلۆژیا و ئیسلامی سیاسیه‌وه هه‌یه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: بێ گومان حیجاب، به‌و شێوازه تایبه‌تیه‌ی له واقیعه‌كه‌دا هه‌یه‌تی،
نیشانه‌ی جیاكه‌ره‌وه‌ی ئیسلامی سیاسیی مێیانه‌یه، واته ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت
(خوشكان). حیجاب ته‌نها جلوبه‌رگێكی پۆشته نیه، به‌ڵكو مۆدێلێكی تایبه‌تیه:
پۆشاكێكی یه‌كپارچه‌یی ئاودامان (هه‌روه‌كو دیشداشه)، كه به زۆری ڕه‌نگێكی
تاریكی هه‌یه: ڕه‌ش یان قاوه‌یی تۆخ یان نیلیی تۆخ یان سه‌وزی تاریك، یان ئه‌گه‌ر
زۆر كراوه بێت پرته‌قاڵیی تۆخ یان قاوه‌یی كاڵ! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رپۆشێكی
پانوپۆڕ كه ئه‌ویش هه‌ر ڕه‌نگێكی بێلایه‌ن (ڕه‌ش یان سپی) ی هه‌یه.
ئه‌م مۆدێله تایبه‌تیه كه پێی ده‌وترێت
(حیجاب) ئیلهامی زۆری له شێوازی باڵاپۆشیی ڕێكخستنی (قوبهیسیهكان) (القبیسیات)
له سوریا (و لوبنان و كوه‌یت و كه‌نداو) وه‌رگرتوه، كه كۆمه‌ڵه‌یه‌كی نیمچهنهێنیه
و هه‌زاران ئه‌ندامی هه‌یه و سه‌رۆكی هه‌مویان كچێكه كه (٧٥) ساڵی تێپه‌ڕاندوه
به ناوی (منیرة القبیسيّ)، و ئه‌ندامه باڵاكانیش شو ناكه‌ن، ئه‌وانی تریش ده‌بێت
(منیره) ی ناوبراو ڕه‌زامه‌ندی بدات ئینجا ده‌توانن شو بكه‌ن. شێوازی
ئاییندارییشیان نه‌قشبه‌ندیه و له (البوطي) ـه‌وه نزیكن. جا ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی
ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه جیا ده‌كاته‌وه ئه‌و (حیجاب) ـه نیلیه تۆخهیه كه ده‌یپۆشن
(كه به "حیجابی ڕه‌نگ كل" واته "الحجاب الكُحْليّ" یش ناو
ده‌برێت)، هه‌رچه‌ند پاڵتۆیه‌ك یان چارشێوێكیش به‌سه‌ر ئه‌وه‌دا له‌به‌ر ده‌كه‌ن
كه ده‌گاته ئه‌ژنۆیان.
ئینجا سه‌رنج ده‌ده‌ین قوبهیسیهكان مه‌یلیان
هه‌یه بۆ شونهكردن، كه ئه‌مه كاریگه‌ریی ڕێكخراوه ڕههبانیهكان دوپات ده‌كاته‌وه
كه نامۆ نیه به كۆمه‌ڵگای سوریایی (جگه له‌مه‌ش نیشانه‌ی تر هه‌یه كه
لێكچونیان له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی مه‌سیحی دوپات ده‌كاته‌وه، بۆ نمونه: ئه‌ندامانی
ئه‌و ڕێكخراوه، به‌تایبه‌تی له سه‌ره‌تاوه، ده‌بێت له كاغه‌زێكدا نهێنی و
گوناه و تاوانه‌كانی خۆیان بنوسن و دانیان پێدا بنێن، هه‌روه‌كو
"دانپێدانان" ی مه‌سیحی، له‌م باره‌یشه‌وه قسه‌یه‌كیان هه‌یه كه ده‌ڵێن
"افتضِح واسترِح" واته "نهێنیت بڵێ و دڵت ڕه‌حه‌ت كه")..
لێره‌وه ده‌توانین بڵێین مۆدێلی حیجابی ئیسلامیی هاوچه‌رخ كاریگه‌ریی مۆدێلی جلوبه‌رگی
(ڕاهیبات) ی تێدایه كه جلوبه‌رگێكه تایبه‌ته به‌و ئافره‌تانه‌وه كه واز له
ژیانی ئاسایی ده‌هێنن و خۆیان بۆ ژیانی ڕه‌به‌نی ته‌رخان ده‌كه‌ن و ئیتر شو ناكه‌ن.
هه‌ر وایشه، چونكه جلوبه‌رگی وه‌كو حیجاب و جلوبه‌رگی ڕاهیبات (كه زۆر له یه‌ك
ده‌چن و جاری وا هه‌یه جیا ناكرێنه‌وه) كه‌مترین سه‌رنجڕاكێشی و جوانیی تێدا نیه،
به‌ته‌واوی مێیایه‌تی ده‌شارێته‌وه، بۆ كچێك نابێت كه بیه‌وێت سه‌رنجی ڕه‌گه‌زی
به‌رامبه‌ر ڕابكێشێت بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی هاوبه‌ش دروست بكات. به‌ڕونی دیاره كه
حیجابیش وه‌كو جلوبه‌رگی ڕاهیبات بۆ كچێك كراوه كه به نیازی شوكردن نه‌بێت. سه‌رنجیش
بده له لێكچونی ناوی (خوشكان) ی ئیسلامی له‌گه‌ڵ (خوشكان) ی مه‌سیحی كه به
(ڕاهیبات) ده‌وترێت.
جا بزانه ئیسلامیه‌كان چۆن مۆدێلێك، كه له
ڕاستیدا و له بنه‌ڕه‌تدا مۆدێلێكی ڕهبهنانهیه، به‌سه‌ر كچان و ژناندا ده‌سه‌پێنن.
وارڤین: تا چه‌ند زیادكردنی كۆت و به‌نده‌كان و وابه‌سته‌كردنی ژن
به حیجاب و ئایینه‌وه، هۆكاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژنه بۆ چوارچێوه‌ی ماڵ؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: من پێم وا نیه مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه له وابه‌سته‌كردنی ژن به حیجاب و
پابه‌ندیی ئایینیه‌وه ئه‌وه بێت په‌ره بدرێت به به‌هاكانی "دایكایه‌تی و
په‌روه‌رده و بایه‌خدان به ماڵ وه‌كو هێلانه‌ی به‌خته‌وه‌ری و لانكه‌ی په‌روه‌رده‌ی
دروست" و ئه‌م شتانه، هه‌رچه‌ند ئه‌مانه وه‌كو دروشم و دیمه‌نی ده‌ره‌وه و
دیكۆر بۆ گوتار و پرۆپاگه‌ندا به‌كار دێن.. به‌ڵكو پێم وایه مه‌به‌ست له وابه‌سته‌كردنی
ڕه‌گه‌زی مێ به حیجاب و پابه‌ندیی ئایینیه‌وه ئه‌وه‌یه ڕه‌گه‌زی مێ كه‌سێتیی
سه‌ربه‌خۆی خۆی نه‌بێت و به‌ته‌واوی ژێرده‌سته و ملكه‌چی ڕه‌گه‌زی نێر بێت، كه
(باوك و برا) یه بۆ كچان، و (مێرد) یشه بۆ ژنان. من كه كه‌مێك سه‌رم له مێژوی
كو‌لتور ده‌رده‌چێت ده‌زانم ئه‌مه كولتورێكی پیاوسالاریه كه ژن به كه‌لوپه‌ل و
(مُقتنَیات) و موڵكی پیاو ده‌زانێت. له‌م كولتوره پیاوسالاریه‌دا پیاو حه‌وشه‌یه‌كی
هه‌یه كه په‌رژینی كردوه و ئیتر ژن و كه‌لوپه‌له‌كانی تری له‌و حه‌وشه‌یه‌دا و
له چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌رژینه‌دا ده‌هێڵێته‌وه، ئه‌گه‌ریش ژن بێته ده‌ره‌وه
دیسان په‌رژینێك یان خێوه‌تێكی سه‌فه‌ریی پێوه‌یه كه پیاوی موسوڵمان ڕازی نیه
به‌بێ ئه‌و خێوه‌ته جوڵاوه ژنه‌كه‌ی ده‌ركه‌وێت!
به‌ڵكو ئایینه نوێیه‌كان، وه‌كو ئایینی یه‌هودی
و ئیسلام به‌تایبه‌تی، هه‌وڵێكی كولتوری پیاوسالارین بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی پێشه‌نگی و
سه‌ربه‌خۆیی و داهێنه‌ری و كارایی له ژن، هه‌تاكو له بواری ئاییندارییشدا. چۆن
له‌وه خافڵ ده‌بین كه ئایینی یه‌هودی و ئایینی ئیسلام، هه‌ردوك هه‌وڵیان داوه
ئاماده‌یی ژن هه‌تاكو له په‌رستگا و په‌رستشدا كه‌م ببێته‌وه؟ له ئایینی یه‌هودیدا
ڕێگه نه‌دراوه به‌وه‌ی ژن ئاماده‌ی ڕێوڕه‌سمی په‌رستگا ببێت! له ئیسلامیشدا
ده‌بینین ژنێك كه له سوڕی مانگانه‌دایه به پیس دانراوه و ڕێگه‌ی په‌رستشی لێ
گیراوه، كه ئیسلام هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌وه كه هه‌ر خۆی به‌رپای كردوه،
ژن به (دین ناته‌واو) (ناقصات دین) ناو ده‌بات! وه‌كو چۆن هه‌ر ئیسلام بۆ خۆیشی
له مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و تۆماركردنی قه‌رز و شایه‌تیداندا له‌سه‌ر قه‌رز شایه‌تیی
دو ژنی به شایه‌تیی یه‌ك پیاو قبوڵ كردوه (بڕوانه: البقرة: ٢٨٢)، ئینجا به‌م
بیانوه‌ی كه هه‌ر خۆی سازی كردوه ژن به (عه‌قڵ ناته‌واو) (ناقصات عقل) ناو ده‌بات!
هه‌روه‌كو ده‌بینین له بیری ئایینیی ئیسلامی‌دا، پێغه‌مبه‌رایه‌تی (و هه‌تاكو قه‌زاوه‌ت)
به تایبه‌تمه‌ندیی پیاو دانراوه و باوه‌ڕی ئیسلامی جێی (پێغه‌مبه‌ری ژن) ی تێدا
نابێته‌وه، كه ئیسلام له‌مه‌دا ئایینی یههودییشی تێپه‌ڕاندوه چونكه له
ئایینی یه‌هودیدا چه‌ند پێغه‌مبه‌رێكی ژن هه‌ن (وه‌كو "میریام" ی خوشكی
هاڕون [و مو‌سا]، و "دێبوره").
له كاتێكدا ئێمه ده‌زانین كه له كولتوره
ڕابردوهكاندا ژن له ئایینداریدا پێشه‌نگ و كارا بوه، به‌ڵكو له سه‌ره‌تادا
ئایین و جادو و پزیشكی و ناسینی گژوگیا ئه‌مانه هه‌مویان ئیمتیازی ژن خۆی بون، ئه‌و
كاته خواوه‌ندیش مێ بو، خواوه‌ندی دایك بو، كه دواتر ئایینه پیاوسالاریهكان
(به‌تایبه‌تی ئایینی یه‌هودی) شه‌ڕی زۆریان كردوه بۆ له‌بیربردنه‌وه و كوێركردنه‌وه‌ی
باس و یادی ئه‌م (خواوه‌ندی دایك) ـه كه دایكی ئه‌و خواوه‌نده نێرهیشه كه
دواتر ده‌بێته خواوه‌ندی ته‌نها. هه‌ر بۆیه كۆنترین په‌یكه‌ری په‌رستراوێك كه
دۆزرابێته‌وه په‌یكه‌ری خواوه‌ندی دایكه.
جا ئایینێك، وردتر بڵێم كو‌لتورێك، هه‌وڵ بدات
له بواری ئایین و ئاییندارییشدا كارایی و ڕۆڵی ژن كه‌م بكاته‌وه؛ ئه‌وا بێ
گومانین كه ئه‌مه ته‌نها كولتورێكی پیاوسالاریه و هه‌وڵه‌كانی بۆ ئه‌وه‌یه ڕه‌گه‌زی
مێ بكاته په‌راوێز و ته‌واوكه‌ر و پاشكۆی ڕه‌گه‌زی نێر و نایه‌وێت ڕه‌گه‌زی مێ
سه‌ربه‌خۆ و كارا بێت و توانا عه‌قڵی و جه‌سته‌ییه‌كانی خۆی بۆ خۆی بخاته گه‌ڕ،
به‌ڵكو پێشه‌نگی و ڕابه‌رایه‌تیی ئایینییشی لێ ده‌سه‌نێته‌وه. ئه‌وه‌ش شتێكی
سروشتیه ره‌گه‌زی نێر ئه‌و كێشمه‌كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زی مێ ببێت، به‌ڵام
ناسروشتی ئه‌وه‌یه ئه‌م نێرسالاریه پیرۆز بكرێت و بكرێته مه‌رجی (ڕزگاری) و (سه‌رفرازی)
ی مرۆڤه‌كان و وه‌كو به‌رنامه‌ی مرۆڤایه‌تی بۆ ئه‌م چه‌رخه‌ش پرۆپاگه‌ندای بۆ
بكرێت، له هه‌موی ناخۆشتریش ئه‌وه‌یه ژن بۆ خۆی ئه‌و نه‌خشه پیاوسالاریه بره‌و
پێ بدات و بۆ خۆی بانگه‌شه‌ی بۆ بكات و هاوڕه‌گه‌زه‌كانی هان بدات بۆ ملكه‌چی و
ژێرده‌سته‌یی. كه له‌م نمونه‌یه‌ش زۆر ده‌بینین، به داخه‌وه.
له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌بێت بزانین كه به خۆ
ڕزگاركردن له ئیسلام كاره‌كه ته‌واو نابێت و هێشتا هه‌ژمونی پیاوسالاری له‌سه‌ر
ژن لاناچێت، ئه‌وه وه‌همێكه وا بزانین هه‌ر پیاوێك موسوڵمان نه‌بو یان ئیسلامی
نه‌بو؛ ئیتر ئه‌وه ژن ناچه‌وسێنێته‌وه و پیاوسالاری له خوێنی‌دا ناگه‌ڕێت. هه‌رچه‌ند
ئه‌و پیاوه ـ به دیمه‌ن و به ڕۆشنبیری و فێربون و بڕوانامه ـ هاوچه‌رخانه ده‌ركه‌وێت.
به‌ڵكو له كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخدا چه‌ندین جۆر و فۆڕمی جیاواز و (پێشكه‌وتو) ی
پیاوسالاری و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن هه‌ن. ده‌بێت هه‌میشه ژن هه‌وڵ بدات بۆ سه‌ربه‌خۆبونی،
چونكه پیاو هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات بۆ ژێرده‌سته‌كردنی. ئه‌وه شتێكی غهریزهییه
(به زاراوه‌ی ئیسلامیه‌كان "فیطری" ـه!). به‌ڵام ئه‌وه‌نده هه‌یه
ئێمه له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا هێشتا ڕوبه‌ڕوی جۆر و فۆڕمه ته‌قلیدی و كۆن و ڕزیوه‌كانی
پیاوسالاری و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن ده‌بینه‌وه! بۆیه باسه‌كانمان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای
ته‌قلیدین.
وارڤین: كاریگه‌ریی حیجاب و وابه‌سته‌بوونی ژن پێوه‌ی، تا چه‌ند وا
له و ژنه ده‌كات كه له لایه‌نی بیركردنه‌وه بۆ هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی خۆشگوزاری،
كۆیله بێت؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: خۆی له بنه‌ڕه‌تدا حیجاب و وابه‌سته‌كردنی ژن پێیه‌وه وا له ژن ده‌كات
بیركردنه‌وه و بڕیاردانی سه‌ربه‌خۆیانه نه‌بێت، واته كۆیلایهتیهكه له بیر و
هۆش و كه‌سێتیی فیكریه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، كه ئه‌مه زۆر ترسناكتره له
كۆیلایه‌تیی ژیان و خۆشگوزه‌رانی.. كاتێك له ڕێگه‌ی دابونه‌ریتی حیجابه‌وه ڕه‌گه‌زی
مێ ده‌هێنرێته سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی دژایه‌تیی مێیایهتیی خۆی بكات و ئازادیی
هاوڕه‌گه‌زانی خۆی پێ سوك و ناشیرین بێت؛ هه‌ر ئه‌مه واته ده‌رهێنانی هه‌ستكردن
به خود و خۆناسین، هه‌ر ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه كۆیلایه‌تی و به‌ڵكو دژایه‌تیی
خود له ناخی ئه‌و مێیه‌دا به چاندن چاندراوه. مرۆڤێك بهێنرێته سه‌ر ئه‌و
بڕوایه‌ی داوای ماف و ئازادیی خۆی نه‌كات و به‌و دۆخه‌یش ڕازی بێت؛ ئه‌و حاڵه‌ته‌م
بیر ده‌خاته‌وه كه كۆیله‌كانی سه‌رده‌مانی كۆنیش به دۆخی كۆیلایه‌تیی خۆیان
ڕازی بون ئه‌و دۆخه‌یان به دۆخێكی سروشتی ده‌زانی و زۆر جار به چاوێكی سوك ته‌ماشای
كۆیله‌ی یاخییان ده‌كرد.
وارڤین: ئایا په‌چه به نمونه كه له ئاكرێ و زاخۆ و هه‌ندێ
ناوچه‌ی تری كوردستان هه‌یه ده‌كرێ بڵێین حیجابه؟ یان ئه‌وه نه‌ریتێكی پێشینه‌ی
كوردهواری بووه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه په‌چه له خۆیدا دیارده‌یه‌كی میللیه و دیمه‌نێكی
ژیانی گه‌لانی ده‌شته‌كی و بیاباننشین و شوانكاره‌یه، جاری وایش هه‌یه نه‌ریتێكه
كه بۆ مه‌به‌ستێكی تایبه‌تی دێته كایه (وه‌كو حاڵه‌تی هه‌ندێك بنه‌ماڵه كه
خۆیان به تایبه‌تی و خانه‌دان ده‌زانن، یان بارودۆخی ئاووهه‌وا، زۆر حاڵه‌تی
تریش)، ئیتر مه‌رج نیه نیشانه‌ی ئایینداری بێت یان پاڵنه‌ری ئایینداری له پشتیه‌وه
هه‌بێت، به‌ڵكو به‌گشتی به‌شێكه له كولتورێكی كۆن كه ژن (به‌تایبه‌تی ژنی ئازاد)
وه‌كو (نهێنی) ـیهك ته‌ماشا ده‌كات كه نه‌ك هه‌ر نابێت ده‌موچاوی دیار بێت به‌ڵكو
ناویشی نابرێت، سه‌رنجتان نه‌داوه له كۆمه‌ڵگای ته‌قلیدیی عه‌ره‌بیدا كاتێك
لافیته‌ی پرسه‌ی ژنێك یان كچێك ده‌نوسرێت؛ ده‌نوسرێت (عقیلة فلان..) ئه‌گه‌ر ژن
بێت، یان (كریمة فلان..) ئه‌گه‌ر كچ بێت، ئیتر ناوی ژنه‌كه یان كچه‌كه نابرێت،
به‌تایبه‌تی ژن زۆر زه‌حمه‌ته ناوی ببرێت، ئه‌گه‌ر دوای مردنیشی بێت! جا ئه‌گه‌ر
(ناو) ی ژن به نهێنی بهێڵرێته‌وه؛ مانای وایه ئه‌مه كولتورێكه كه ده‌یه‌وێت
ژن نهێنییه‌ك بێت كه یه‌ك نێر بۆی هه‌یه ئاشكرای بكات و په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵ
بماڵێت، ئه‌مه‌ش دوای ڕه‌زامه‌ندیی هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كان یان بڵێین هه‌مو نێره‌كانی
تر!.. كاتێك بینیمان كو‌لتورێك به‌م شێوه‌یه ژن ده‌كاته نهێنییه‌ك به شێوه‌یه‌ك
كه ده‌قه ئیسلامیه‌كانیش ناچن به‌و ئاقاره‌دا؛ ئیتر تێ ده‌گه‌ین كه ئه‌مه
كولتورێكه كه گه‌وره‌تره و جیاوازه له بازنه و ناسنامه ئیسلامیه‌كه، كه
ئیسلامیش ته‌نها بازنه‌یه‌كی بچوك (و كاڵتر) ه له‌و بازنه گه‌وره‌یه‌دا. كاتێك
ده‌بینین خێڵێك باوه‌ڕی به (عهیبهشۆری) هه‌یه و ژن له‌سه‌ر بچوكترین لادان ده‌كوژێت
و له هه‌مان كاتیش‌دا كه‌مترین په‌یوه‌ندیی به ئیسلامه‌وه هه‌یه و جاری وا هه‌یه
ئیسلامی هه‌ر به ده‌نگوباس ناسیوه؛ ئیتر حاڵی ده‌بین كه ئه‌مه كولتورێكه له‌وه
زیاتره ته‌نها له هه‌ندێك ده‌ق و یاسای ئیسلامی‌دا به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ین، به‌ڵكو
جیاوازییشیان هه‌یه: له پێناسه و شێوه‌ی یاساكاندا جیاوازی هه‌یه و له پاڵنهریشدا
جیاوازی هه‌یه. شتێك هه‌یه له ئیسلام گه‌وره‌تره كه ئیسلامیش ته‌نها به‌ر
كاریگه‌ریی ئه‌و كه‌وتوه و تا ڕاده‌یه‌ك نمونه و بهرجهستهكهرێكیهتی، كه ئه‌ویش
كولتوری كۆمه‌ڵگا كۆن و بیاباننشین و شوانكارهكانه، به‌تایبه‌تی كۆمه‌ڵگای گه‌ل
و گهلههۆزه سامیه‌كان. ئێمه ده‌بێت ئه‌م چوارچێوه گه‌وره‌تره ببینین نه‌ك ته‌نها
ئیسلام. كۆمه‌ڵگای ته‌قلیدیی كوردییش، به‌تایبه‌تی كۆمه‌ڵگای تازه نیشته‌جێ كه
تازه وازی له شوانكاره‌یی و كۆچه‌ری هێناوه؛ هه‌ر له بابه‌تی ئه‌و كولتوره
كۆنانه‌یه.
بۆیه من پێم وا نیه په‌چه به‌شێكی ڕه‌سه‌ن
بێت له ئیسلام. مه‌رج نیه هه‌مو دیمه‌ن و مۆتیفهكانی كۆمه‌ڵگای بیاباننشین له
ئیسلامدا ڕه‌نگیان دابێته‌وه. بۆ نمونه: له سه‌عودیه، ژن هه‌یه مێرده‌كه‌یشی
ده‌موچاوی نه‌بینیوه! واته هه‌میشه ده‌موچاوی داپۆشیوه! ره‌نگه زۆر به
لاتانه‌وه سه‌یر بێت، به‌ڵام شتی وا هه‌یه. له كاتێكدا په‌یوه‌ندییشی به
ئیسلامه‌وه نیه.
(په‌چه) یش، یاخود (ڕوبه‌ند)، كه به عه‌ره‌بی
(نِقاب) و (بُرْقُع) ی پێ وتراوه، دیارده‌یه‌كه له جیهانی كۆنیشدا هه‌بوه،
پێش ئیسلام هه‌بوه، بۆ نمونه: له نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا، پێش ئیسلامیش هه‌بوه،
به‌تایبه‌تی كه له بیاباندا داپۆشینی ده‌موچاو ناچاریه له‌به‌ر تیشكی به‌تینی
خۆر و، خۆڵ، هه‌روه‌ها له ئێرانی كۆندا هه‌بوه و نمونه‌ی له كاره هونهریهكاندا
ماوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له یۆنانی كۆن و له‌ناو ئهنگلۆسهكسۆنیهكاندا تا ڕاده‌یه‌ك
هه‌بوه، واته هه‌ندێك جار ژن له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا به‌تایبه‌تی له شوێنی قه‌ره‌باڵغدا،
ده‌موچاوی داپۆشیوه. زۆر جاریش په‌چه بۆ خۆشاردنه‌وه و بۆ رێگه‌ی دیداری دۆست
به‌كار هێنراوه! واته بۆ مه‌به‌ستی واش به‌كار هێنراوه كه په‌یوه‌ندیی به
پۆشته‌یی و پاكداوێنیهوه نیه، ئێسته‌ش هه‌ندێك جار بۆ مه‌به‌ستی گوماناوی به‌كار
دێت.
سه‌باره‌ت به ئیسلامیش؛ ڕاسته له ڕابردوی
كۆنی مێژوی كۆمه‌ڵگای ئیسلامی‌دا په‌چه و داپۆشینی ده‌موچاو هه‌بوه، بۆ نمونه:
ده‌خوێنینه‌وه كه ژنی موسوڵمان له ئه‌نده‌لوس (و له زۆر شوێنی تری جیهانی
ئیسلامی‌یش) ده‌موچاوی داپۆشیوه به شێوه‌یه‌ك ته‌نها یه‌ك كون له پهچهكهیدا
بوه له‌سه‌ر یه‌ك چاوی، چونكه وتویانه یه‌ك چاو به‌سه بۆ بینینی ڕێگا! (ئه‌م
خۆداپۆشینه به ڕاده‌یه‌ك یه‌ك كون بمێنێته‌وه بۆ یه‌ك چاو، له كه‌له‌پوری
ئیسلامی‌دا كراوه به ته‌فسیری ئایه‌تی "یُدْنین علیهنّ من جَلابیبهنّ ـ
الأحزاب: ٥٩" و دراوه‌ته پاڵ ئیبن عه‌بباس و هه‌ندێكی تریش).
به‌ڵام بۆچی له ده‌قه ئیسلامیه بنه‌ڕه‌تیه‌كاندا
و به‌ڕاشكاوی نابینین داپۆشینی ده‌موچاو دوپات بكرێته‌وه؟ بۆچی قورئان ته‌نها
باسی (سه‌رپۆش) (خِمار) و (چارشێو) (جِلْباب) ده‌كات و باسی په‌چه و داپۆشینی ده‌موچاوی
نه‌كردوه؟ بۆچی ئه‌و فه‌قیه و شهرعزانانهی كه وتویانه (داپۆشینی ده‌موچاو)
پێویست نیه؛ زۆرینه‌ی زانایانی ئایینیی ئیسلامن، ئه‌وانه‌ش كه په‌چه و داپۆشینی
ده‌موچاویان فه‌ڕز كردوه؛ كه‌مینه‌ن؟
ڕوبەند "برقع" ی ئەفغانی
ئایا ڕێكه‌وته زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌وانه‌ی
له‌م سه‌رده‌مه‌دا پێداگری له‌سه‌ر په‌چه و داپۆشینی ده‌موچاو ده‌كه‌ن له‌و مه‌لا
وهههابیانهن كه هه‌ر یه‌كه‌یان له خێڵێكی بیاباننشینی نه‌جد و بیابانی عهرهبیای
سه‌عودیه‌وه هاتوه و تا ئێستاش نوقمی دابونه‌ریتی خێڵه‌كین؟
خۆش ئه‌وه‌یه ئه‌م مه‌لا وهههابیانه تا
ئێستاش سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌چه واجبه و ملی ده‌قه قورئانیه‌كان با ده‌ده‌ن
بۆ ئه‌وه‌ی ببنه به‌ڵگه‌ی په‌چه. له كاتێكدا ده‌توانم بڵێم پێچه‌وانه‌ی چه‌مك
(مفهوم) ی ده‌قه قورئانیه‌كه‌یه، چونكه قورئان كاتێك باسی داپۆشینی جه‌سته ده‌كات
سه‌باره‌ت به ئافره‌ت ئه‌وه‌ی لێ جیا ده‌كاته‌وه كه به شێوه‌یه‌كی سروشتی ده‌رده‌كه‌وێت:
(ولا یبدین زینتهن إلا ما ظهر منها) (النور: ٣١) كه دیاره مه‌به‌ستی ده‌موچاو و
ده‌سته‌كانه، جا ئه‌گه‌ر ژنی موسوڵمان هه‌مو گیانی داپۆشێت و ته‌نها كونی چاوی
بهێڵێته‌وه؛ ئیتر جیاكردنه‌وه (استثناء) ه قورئانیه‌كه چ مانا و جێگه‌یه‌كی
بۆ ده‌مێنێته‌وه؟
بۆیه من ئه‌و تهفسیرهیشم پێ هه‌ڵه‌یه بۆ
ده‌قی (یُدْنین علیهنّ من جَلابیبهنّ) (الأحزاب: ٥٩) كه ده‌درێته پاڵ (ئیبن عه‌بباس)
یش، كه گوایه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه "ده‌بێت به چارشێوهكه ده‌موچاویشیان
داپۆشن و ته‌نها یه‌ك چاویان به‌ده‌ره‌وه بێت"، چونكه له لایه‌كه‌وه
چارشێو (جلباب) له هه‌ر چوار لاوه جه‌سته داناپۆشێت به‌ڵكو ته‌نها له‌پشته‌وه
و له دو لاته‌نیشته‌وه، به‌ڵام مه‌لا وه‌ههابیه‌كان وا بیر ده‌كه‌نه‌وه كه به‌سه‌ر
دهموچاویشدا دێته خواره‌وه! له كاتێكدا له فه‌رهه‌نگه عه‌ره‌بیه‌كان و ته‌فسیره‌كاندا
(جلباب) به داپۆشه‌رێكی ئاودامان پێناسه ده‌كرێت كه ده‌درێت به‌سه‌ر جلوبه‌رگی
سه‌ره‌كیدا، وه‌كو (عه‌با) ی ئێسته به‌ڵام ده‌درێت به‌سه‌ر سه‌ردا (له ناوچه‌وان
گرێ ده‌درێت) نه‌ك ته‌نها به‌سه‌ر شاندا، ئیتر په‌یوه‌ندیی به داپۆشینی ده‌موچاوه‌وه
نیه، كاتێكیش ده‌ڵێت (یدنین علیهن من جلابیبهن)؛ مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه چارشێوهكه
بده‌ن به خۆیاندا هه‌تا مل و گه‌ردن و سنگیان داپۆشێت كه بێ گومان كه‌مێكیش ده‌موچاو
ده‌شارێته‌وه (كه ئه‌مه له ئیبن عه‌بباس و قه‌تاده‌وه هاتوه و به شێك له
موفه‌سسیره‌كان په‌سه‌ندیان كردوه)، نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی كه له ئیبن عه‌بباس و
هه‌ندێكی تره‌وه گێڕدراوه‌ته‌وه كه ده‌ڵێت ده‌موچاویش به‌و چارشێوه داده‌پۆشێت
و ته‌نها یه‌ك چاو به‌ده‌ره‌وه ده‌مێنێته‌وه (ئه‌مه له هه‌مان ئیبن عه‌بباس و
هه‌روه‌ها عوبه‌یده‌ی سه‌لمانی "عبیدة السلماني" ـه‌وه هاتوه و به‌شێك
له موفه‌سسیره‌كان په‌سه‌ندیان كردوه). ئینجا ئه‌گه‌ر وا پێویست بكات به چارشێو
ده‌موچاویش دابپۆشرێت؛ ئه‌و كاته جیاكردنه‌وه (استثناء) ه قورئانیه‌كه‌ی (...
إلا ما ظهر منها) (النور: ٣١) هیچ مانایه‌كی بۆ نامێنێته‌وه چونكه ئه‌گه‌ر ته‌نها
یه‌ك چاو ده‌ربكه‌وێت ئه‌مه نابێته ده‌رخستنی (زینه) كه له ئایه‌ته‌كه‌دا
ڕوخسه‌ت دراوه كه‌مێكی ده‌ركه‌وێت كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌ر ده‌بێت به‌ده‌ره‌وه
بێت كه (ده‌موچاو و ده‌سته‌كان) ـه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پاڵنه‌ری یاساكه له
خۆیدا، وه‌كو باسمان كرد، ئه‌وه‌یه ژنی ئازاد له كۆیله جیا ببێته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر
ژنی ئازاد خۆی دابپۆشێت به شێوه‌یه‌ك ته‌نها ده‌موچاو و ده‌سته‌كانی دیار بن؛ ئه‌وه
به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی له كه‌نیز جیا ببێته‌وه، چونكه كه‌نیز له كۆمه‌ڵگای
ئیسلامدا ته‌نها نێوانی ناوك و ئه‌ژنۆی داپۆشیوه! (یانی شه‌رمگا "عوره"
ی كه‌نیز، به‌پێی ڕێبازی فیقهیی دروستتر؛ نێوانی ناوك و ئه‌ژنۆیه‌تی، وه‌كو شه‌رمگای
پیاو! ئیتر ته‌ماشاكردنی ـ بۆ نمونه ـ مه‌مكی؛ ته‌نها مه‌كروهه! به‌ڵكو ڕێبازی
هه‌ندێكی كه‌م له ئیمامه‌كان ئه‌وه‌یه كه شه‌رمگا "عورة" ی كه‌نیز
ته‌نها پاش و پێشه! له به‌رامبه‌ریشه‌وه كه‌سێكی وه‌كو ئیبن ته‌یمییه به‌بێ
به‌ڵگه ده‌ڵێت كهنیزی سپی و جوان ده‌بێت وه‌كو خانم هه‌مو گیانی دابپۆشێت، به‌بێ
ئه‌وه‌ی ده‌قێك یان گێڕانه‌وه‌یه‌كی پێ بێت وه‌كو به‌ڵگه). جا ئه‌گه‌ر كه‌نیز ته‌نها
ده‌موچاو و ده‌سته‌كانی دیار بونایه ئه‌و كاته ده‌توانرا بوترێت كه ده‌بێت ژنی
ئازاد ده‌موچاو و ده‌سته‌كانیشی دابپۆشێت.
وارڤین: پۆشینی حیجاب مه‌ترسیی چیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: پۆشینی حیجاب، جگه له‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی سروشتی مرۆڤه چونكه مرۆڤ شێوه
و له‌شولارێكی جوانی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی جوان ده‌ركه‌وێت.. ئه‌نجام و ئاكامی خراپی
هه‌یه، له‌وانه زه‌وتكردنی منداڵی له كچ، ده‌بینین زۆر بنه‌ماڵه‌ی توندڕه‌و و
ته‌قلیدی منداڵه كچه‌كانیان ناچار ده‌كه‌ن له ته‌مه‌نێكی كه‌مه‌وه (پێش ١٨
ساڵی) حیجاب بپۆشن، ئه‌مه‌ش واته ئه‌و منداڵه له‌و ته‌مه‌نه‌دا خاوه‌نی جه‌سته‌ی
خۆی نیه و منداڵییه‌كی سروشتی ناگوزه‌رێنێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌بێته بابه‌تێك و
جێگه‌یه‌ك و پرۆپاگهندایهك بۆ پراكتیسی ئایدیۆلۆجیا و باوه‌ڕێكی تایبه‌تی.
شوێنه‌وارێكی خراپی تری بنه‌مای حیجاب كه
ئایینداره‌كان خۆشیان وه‌كو ئامانجی حیجاب دانی پێدا ده‌نێن، ڕێگرتنه له تێكه‌ڵاویی
نێر و مێ، كه ئه‌مه‌ش لادان (شذوذ) ی سێكسیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، نابێت له‌وه
خۆمان بێ‌ئاگا بكه‌ین چه‌نده لادان و ئاره‌زوی هه‌مان ڕه‌گه‌ز هه‌یه له كۆمه‌ڵگای
ئیسلامی‌دا، هه‌رچه‌ند به شێوه‌یه‌كی شاردراوه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه لادان
(شذوذ) ی سێكسی شتێكه له گه‌لێك گیانداری شیرده‌ردا هه‌یه نه‌ك ته‌نها مرۆڤ و مرۆڤی
كۆمه‌ڵگای داخراو؛ به‌ڵام ده‌بێت خۆمان خافڵ نه‌كه‌ین له‌وه‌ی كاتێك ـ له ڕێگه‌ی
حیجابه‌وه كه هه‌وڵێكه بۆ دروستكردنی دیوارێك له‌نێوان نێر و مێدا ـ تێكه‌ڵاوی
و ئاشنایی ئه‌و دو ڕه‌گه‌زه زۆر سنوردار ده‌كرێت؛ ئه‌مه هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تیی
لادانی سێكسیه، مه‌به‌ستم ئاره‌زوكردنی هه‌مان ڕه‌گه‌ز، كه له كۆمه‌ڵگای
داخراودا هه‌میشه پهردهپۆشیش ده‌كرێت و دانی پێدا نانرێت. ئه‌مه‌ش له كۆمه‌ڵگایه‌كی
داخراوی وه‌كو ـ بۆ نمونه ـ ئه‌فغانستان و هه‌تا ڕاده‌یه‌كیش سه‌عودییه؛
واقیعێكه.
هه‌روه‌ها حیجاب پێناسه‌كردنی ڕه‌گه‌زی مێیه
به جه‌سته، كه جه‌سته‌یه‌كه ده‌بێت دابپۆشرێت، به‌بێ گوێدان به هه‌ست و ڕۆحی
ئه‌و مرۆڤه. به‌ڵكو به نه‌فره‌ت (له‌عنه‌ت) كردنی جه‌سته‌ی مێیه.
شوێنه‌وارێكی تری حیجاب چه‌سپاندنی ئه‌و
بیرۆكه‌یه‌یه له زه‌ینی كچدا كه جه‌سته‌ی مایه‌ی فریودانی ڕه‌گه‌زی نێره.
حیجاب كارێك ده‌كات كچ هه‌ر له منداڵیه‌وه وا بزانێت جه‌سته‌ی بابه‌تێكه بۆ
سێكس، هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌دا سه‌رنجی ڕاده‌كێشرێت بۆ ئه‌وه‌ی به هۆی جه‌سته‌یه‌وه
كێشه دروست ده‌بێت و، جه‌سته‌ی ڕێگریهتی له زۆر چالاكی و ئاره‌زوی منداڵانه و
هه‌رزه‌كارانه.. كاتێك كچ ده‌بینێت كوڕان به پارچه‌یه‌ك جله‌وه مه‌له ده‌كه‌ن،
ئه‌میش به چه‌ند پارچهیهكیشهوه هێشتا ناتوانێت مه‌له بكات، به‌ڵكو هه‌ر رێگه‌ی
پێ نادرێت هیچ پارچه‌یه‌ك له جلوبه‌رگی لا بدات، ئه‌و كاته په‌شیمانه له
كچێتیی خۆی و له جه‌سته‌ی خۆی بێزاره. ئه‌م هه‌سته‌ش له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوندا گه‌وره
ده‌بێت، تا ده‌گاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه جه‌سته‌ی به سه‌رچاوه‌ی هه‌مو كێشه‌كانی
بزانێت، هه‌ر بۆیه كاتێك هیوابڕاویش ده‌بێت سوره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به خۆسوتاندن
جه‌سته‌ی خۆی بشێوێنێت.
هه‌روه‌ها حیجاب ڕامهێنانی ڕه‌گه‌زی مێیه بۆ
ئه‌وه‌ی ته‌نها ببێته ئامڕازێك بۆ ویست و خواست و حه‌زه‌كانی ڕه‌گه‌زی نێر به‌تایبه‌تی
حه‌زی خاوه‌ندارێتی! ناچاركردنی مێ به خۆداپۆشین به‌و شێوه‌یه‌ی له (حیجاب) دا
هه‌یه هه‌ستی خاوه‌ندارێتیی ئه‌و نێره تێر ده‌كات كه خۆی به خاوه‌نی ئه‌و مێیه
ده‌زانێت! ڕه‌گه‌زی نێر له ئایینه پیاوسالاریهكاندا به هه‌مو شێوه‌یه‌ك نێریی
خۆی و (تایبه‌تمه‌ندیه سێكسیه لاوه‌كیه‌كان) Secondary Sex Characteristics ی خۆی ده‌ر ده‌خات، به‌ڵام ڕێگه نادات مێیه‌كانی ژێر ده‌ستی ده‌ر
بكه‌ون و تایبه‌تمه‌ندیه سێكسیه لاوهكیهكانیان ده‌ر بكه‌ون..
ئه‌مه هه‌موی جگه له‌وه‌ی حیجاب وه‌كو
مۆدێلێكی ئیسلامی سیاسی كه‌ناڵێكه بۆ وابه‌سته‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به
ئایدیۆلۆجیا و مۆدێلێكی تایبه‌تیه‌وه، و بهردهبازێكه بۆ عهرهبیاندن و گۆڕینی
كولتوری كوردی.
وارڤین: ئیسلامی سیاسی تا چه‌ند هۆكاری پۆشینی حیجابه؟ ئایا مه‌به‌ست
لێی خزمه‌تی ئایینیه یان مه‌به‌ستێكی سیاسیه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: ئاشكرایه كه حیجاب ئامڕازێكی ده‌ستی ئیسلامی سیاسیه، ئه‌وه‌ش به به‌كه‌ڵكهێنانی
پاڵنه‌ری ئایینی، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی پێناسه‌كردنی (جلوبه‌رگی شه‌رعی) ی ئیسلامیه‌وه
به (حیجاب) كه مۆدێلێكی تایبه‌تی و به‌ڵكو (زيّ موحّد) ی ڕێكخستنی (خوشكان) ی
ئیسلامیه. ئیسلامی سیاسی له‌م وڵاتانه‌ی خۆمان وا كچان و ژنانی تێگه‌یاندوه كه
جلوبه‌رگی شه‌رعی ئه‌وه‌یه كه ئه‌ندامه‌كانی ڕێكخستنه‌كانی ئه‌و ده‌یپۆشن. ئیتر
ئه‌و جلوبه‌رگه ته‌قلیدی و خۆماڵیه‌ی كه هه‌یه گوایه به‌ته‌واوی مه‌رجی شه‌رعیی
تێدا نیه، له كاتێكدا له بنه‌ڕه‌تی ئیسلامدا، مۆدێلی جلوبه‌رگ بونی نیه،
قورئان ده‌ڵێت (سه‌رپۆش) و (چارشێو) به‌ڵام ئه‌مانه له هه‌مو كۆمه‌ڵگایه‌كدا
بونیان هه‌یه و مۆدێلی تایبه‌تی نین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جلوبه‌رگ چه‌ند پارچه بێت:
ئاودامان بێت یان دو پارچه یان زیاتر بێت، ڕه‌نگی چۆن بێت، چه‌ند تاریك بێت، ئه‌مانه
مۆدێلن، كه له ئیسلامدا بونی نیه، به‌ڵام له (حیجاب) ی ئێسته‌دا هه‌یه. به‌ڵكو
كاتێك ژنێكی حیجابپۆش ده‌بینیت ده‌زانیت ئه‌وه ئه‌ندامی حیزبێك یان ڕێكخستنێكی
ئیسلامیه، ڕه‌نگه به كاڵوتۆخی و شێوازی حیجابهكهیشیدا بزانیت سه‌ر به چ
لایه‌نێكی ئیسلامیه! بۆیه من پێم وایه ئه‌م جۆره له پۆشاك پێویسته له داموده‌زگا
حكومیه‌كاندا ڕێگه‌ی پێ نه‌درێت، چونكه نیشانه‌ی ئینتیمایه‌كی ئایدیۆلۆجیایی و
سیاسیی دیاریكراوه و نابێت ڕێگه‌ی پێ بدرێت بۆ داموده‌زگای حكومی. ئه‌مه‌ش
جیاوازه له‌وه‌ی ژنێك له‌گه‌ڵ جلوبه‌رگی ئاسایی‌دا قژی داپۆشێت، ئه‌وه مافی خۆیه‌تی،
جا بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت، به‌ڵام (حیجاب) جلوبه‌رگێكی ئاسایی نیه، زه‌ق دیاره
نیشانه‌ی ئینتیمایه‌كی دیاریكراوه.
وارڤین: ئایا حیجاب به مانای سڕینه‌وه‌ی كولتوری كوردی دێت؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: بێ گومان كولتوری كوردی پێشتر (حیجاب) ی نه‌ناسیوه. هه‌رچه‌ند ئه‌مه
مانای ئه‌وه نیه جلوبه‌رگی ژنی كوردی (شه‌رعی) نه‌بوه، به‌ڵام جلوبه‌رگێكی
خۆماڵی بوه و جوانیی خۆی هه‌یه و هێنراو (مستورَد) نیه.
ئیسلامی سیاسی كه دێت مۆدێلێكی نامۆی وه‌كو
حیجاب ده‌كاته برێتیی جلوبه‌رگی كوردی و جیهانی؛ له ڕاستیدا ئه‌وه ڕه‌تكردنه‌وه‌ی
ئایینداریی خۆماڵیی كورده‌واریه ـ له لایه‌كه‌وه، له لایه‌كی تریشه‌وه ڕه‌تكردنه‌وه‌ی
شێوازی ژیانی هاوچه‌رخه. واته حیجاب ده‌بێته برێتی (بدیل) ێك بۆ شێوازی ژیان و
پۆشاكی مرۆڤی كوردهواری كه له كۆمه‌ڵگای موسوڵماننشیشی كوردیدا په‌سه‌ندكراو
بوه، و بۆ شێوازی ژیان و پۆشاكی هاوچه‌رخیش.
نامۆیی (حیجاب) به كۆمه‌ڵگای كوردی ئه‌و
ڕاستیه ڕون و ئاشكرایانه دوپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه: وشه‌كه له خۆیدا عه‌ره‌بیه
و له زمانی كوردیدا جێی خۆی نه‌كردوه‌ته‌وه، مۆدێله‌كه له شوێنانی وه‌كو
وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و هاورده ده‌كرێت بۆ كوردستان (سه‌رنج
بده له‌و كاڵا هێنراوانه‌ی پێیان ده‌وترێت "حیجاب" و "مه‌قنه‌عه"!)،
تا ئێستاش به‌زۆری ئه‌و ژن و كچانه له‌به‌ری ده‌كه‌ن كه ئه‌ندامی ڕێكخستنه
ئیسلامیه‌كانن یان ههواداریانن و نزیكن لێیانه‌وه.
ئینجا ئێمه باكگراوندی ئه‌و حیزب و ڕێكخستنه
ئیسلامیانه ده‌زانین كه بره‌و به‌و (حیجاب) ـه ده‌ده‌ن، ده‌زانین له هه‌وڵدان
بۆ ئه‌وه‌ی كولتوری كوردی ببێته پاشكۆیه‌كی كولتوری عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی ـ سوننی،
نكولی و حاشا ده‌كه‌ن له پاشخان و پێشینه كۆنه‌كانی كولتوری كورد.. بۆیه
(حیجاب) لای ئه‌مانه ته‌نها په‌ڕۆیه‌ك نیه، به‌ڵكو جیهانبینییه‌كی له‌پشته‌وه
هه‌یه، كه ئه‌و جیهانبینیه به سڕینه‌وه‌ی زۆر لایه‌ن له كولتوری كوردی له‌ناو
كورددا په‌ره ده‌گرێت.