ئیزدیواجیەت و دوفاقەیی لە كەسێتیی موسوڵماندا

ئیزدیواجیەت و دوفاقەیی لە كەسێتیی موسوڵماندا

سه‌روه‌ر پێنجوێنی

لایەنێكی زۆر دزێو و ترسناكی كەسێتیی (موسوڵمان)، ئەوەیە دەبینیت موسوڵمانان لەنێو خۆیاندا و لەنێو گروپ و لایەن و حیزبەكانی خۆیاندا زۆر لەگەڵا یەكدا نەرم‌ونیان و میهرەبانن، بەڵام ئەوەی لە بازنەی ئیسلام و بیر و ئاڕاستەی خۆیان بەدەر بێت بە پێچەوانەوە زۆر بە نایەكسانی و توندی و بە ڕقەوە مامەڵەی لەگەڵا دەكەن، ئەگەر نەیشیكوژن..
ئەم ئیزدیواجییەت و دوفاقەییە زۆر سەیرە لە كەسێتیی موسوڵماندا. موسوڵمان (مەبەستم: موسوڵمانی نمونەیی) دەتوانێت لە هەندێك سات و چركەدا فریشتەییانە مامەڵە بكات و فریشتەییانە دەربكەوێت، بەڵام لە هەندێك سات و چركەی تردا جەللادانە مامەڵە دەكات و هەست ناكەیت بەزەییەك یان هەستێك لە دڵیدا هەبێت. هەر بۆیە دیكتاتۆرێكی موسوڵمانی خوێنڕێژی وەكو (حەججاج) ئەو هەمو خوێنەی دەڕشت، بەڵام كە دەچوە سەر مینبەری شاری بەصڕە ئەوەندەیشی فرمێسك دەڕشت و خەڵكی بەصڕەی دەهێنایە گریان..
قورئان بۆ خۆی لە چوارچێوەی ستایشكردنی كەسێتیی موسوڵماندا دان بە دوفاقەیی ئەو كەسێتیەدا دەنێت و ئاماژە بۆ بان‌ودوهەوایی مامەڵەی موسوڵمان دەكات لەگەڵا خەڵكدا: كە دەڵێت موسوڵمانەكان لەگەڵا ناموسوڵماناندا توندن بەڵام لەنێو خۆیاندا بەسۆز و میهرەبانن (أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ) (الفتح: ٢٩)، (أَذِلَّةٍ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ أَعِزَّةٍ عَلَى الْكَافِرِينَ ) (المائدة: ٥٤).
هەروەكو بنەمایەكی گرنگ لە بیروباوەڕی ئیسلامیدا ئەوەیە كە نابێت موسوڵمان لەگەڵا ناموسوڵماندا دۆستایەتی و لایەنگری و هاوكاری و خۆشەویستیی هەبێت، بەڵكو دەبێت (لەبەر خوا!!) خۆشی نەوێن و شتێك نەكات لە بەرژەوەندیی ئەوان بێت و هاوكارییان نەكات، بەڵام لەگەڵا موسوڵماندا دەبێت بە هەمو شێوەیەك هاوكاری و لایەنگری بكات و (لەبەر خوا!!) خۆشی بوێت.. ئەمە پێی دەوترێت بنەمای (وەلا‌ء) بۆ موسوڵمان و (بەڕا‌و) لە كافر. كە ئەم بنەمایە جگەلەوەی كاریگەریی زۆر نێگەتیڤی لەسەر پەیوەندیی دەرەكیی كۆمەڵگای ئیسلامی هەیە و كارێك دەكات كە دراوسێیەتیی موسوڵمان زۆر ناخۆش و سەخت بێت، بەڵام جگە لەوەش كاریگەریی لەسەر یاسای شارستانی و باری كەسێتییش لە ئیسلامدا هەیە، بۆ نمونە: دەڵێت موسوڵمان لەبەرامبەر خوێنی ناموسوڵمان ناكوژرێتەوە (لا یُقتَل مسلم بكافر)! (ئەمە حەدیثێكە: بوخاری: ١١١، ٣٠٤٧، ٦٩٠٣، ٦٩١٥)، واتە ـ بەپێی بیروڕای زۆرینەی فەقیهە موسوڵمانەكان ـ ئەگەر موسوڵمانێك ناموسوڵمانێكی كوشت موسوڵمانەكە ناكوژرێتەوە (بەڵكو لەڕێگەی خوێنباییەوە چارە دەكرێت، بەڵام خوێنباییەكەیشی هەر ناگاتە خوێنبایی موسوڵمان!).