كۆرپهلهناسیی قورئانی
له‌نێوان كولتوری كۆن و زانستی نوێ‌دا
قۆناغی "نطفة"
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
قۆناغی یەکەم: قۆناغی (نطفة):
لای ئیعجازیهكانیش گوایه مه‌به‌ست له (نطفة) له قورئاندا سپێرم (الحيوان المنوي) یه. له كاتێكدا وشه‌ی (نطفة) له عه‌ره‌بیدا به واتای (چۆڕ) ی ئاوه، یان ئاوی كه‌م، هه‌روه‌كو خودی قورئان له‌بریی (نطفة) به (ئاو) گوزارش ده‌كات: (ألم نخلقكم من ما‌ء مهين) (المرسلات: ٢٠). خودی وشه‌كه له فرمانی (نَطَفَ) ـه‌وه هاتوه به واتای (چۆڕایه‌وه)، كه ئه‌مه‌ش ئاوی كه‌م ده‌گرێته‌وه، ئاوی كه‌م ده‌چۆڕێته‌وه، بۆیه وه‌كو چۆن له كوردیدا (چۆڕ) ێك ئاو بوه‌ته ئاماژه بۆ كه‌مێك ئاو، به هه‌مان شێوه وشه‌ی (نطفة) یش واتای (ئاوی كه‌م) ی وه‌رگرتوه و هه‌مو ته‌فسیره‌كان و فه‌رهه‌نگه عه‌ره‌بیه‌كان به‌م شێوه‌یه لێكیان داوه‌ته‌وه. ئیتر ئه‌گه‌ر له عه‌ره‌بیی ئێسته‌دا وشه‌ی (نطفة) بۆ به‌رامبه‌ری (سپێرم) داده‌نرێت؛ ئه‌مه شتێكی نوێیه و په‌یوه‌ندیی به‌و زمانه عه‌ره‌بیه‌وه نیه كه قورئانی پێ هاتوه، عه‌ره‌بیی تازه نابێته به‌ڵگه و بنه‌ما بۆ لێكدانه‌وه‌ی قورئان.
ئینجا ئاشكرایه كه سپێرم ناتوانرێت پێی بوترێت چۆڕی ئاو یان ئاوی كه‌م چونكه بارستاییه‌كی له‌به‌رچاوی نیه و شل (سائل) نیه. له‌به‌ر ئه‌وه (النطفة) بریتیه له شلاوی پیاو (السائل المنوي) كه مرۆڤ هه‌ر زو سه‌رنجی داوه، كه قورئان بۆ خۆیشی له جێگه‌كانی تردا به‌ڕاشكاوی به (ئاو) ناوی ده‌بات. و هه‌مو ئه‌وانه‌ی له كۆندا له بواری پزیشكی و كۆرپه‌له‌ناسیدا نوسین و بیروڕایان به‌جێ هێشتوه؛ ئاماژه‌یان بۆ (ئاوی پیاو) كردوه كه ڕۆڵی پیتێنه‌ر ده‌بینێت، و ئه‌مه‌ش زانیاری و بیرۆكه‌یه‌كی جیهانیه و خه‌ڵك به‌گشتی له سه‌رده‌مانێكی زوه‌وه و هه‌زاران ساڵه ئه‌وه‌یان زانیوه كه شلاوی پیاو هۆكاری به‌پیتیی ژن و دروستبونی منداڵه. و له ڕاستییشدا بیرۆكه‌كه له‌گه‌ڵ كۆرپهلهناسیی نوێ‌دا به‌وردی ڕێك ناكه‌وێت، چونكه ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن پیاوه‌وه به‌شداریی پێ ده‌كرێت بریتیه له (سپێرم) كه زینده‌وه‌رێكی تاكخانهیه و له شلاوی پیاودا به ژماره‌ی زۆر ده‌گوزارێته‌وه بۆ ناو منداڵدان و ته‌نها دانه‌یه‌ك ده‌توانێت بچێته ناو هێلكۆكه و بیپیتێنێت. ئیتر سپێرمه‌كانی تر و پاشماوه‌ی شلاوی پیاو ڕۆڵێكی ڕاسته‌وخۆیان له دروستكردنی كۆرپه‌له‌دا نیه. به‌ڵكو كاتێكیش سپێرم ده‌گاته هێلكۆكه؛ له شلاوهكه جیا ده‌بێته‌وه و بۆ خۆی ده‌ڕوات و ده‌گاته ئه‌وێ. به‌ڵام بیروباوه‌ڕی خه‌ڵك له كۆندا ئه‌وه بوه كه شلاوی پیاو هه‌موی به‌شداریی ده‌كات له دروستكردنی كۆرپه‌له‌دا، به‌و واتایه‌ی مادده‌ی شلاوی پیاو له منداڵداندا جێگیر ده‌بێت و له‌گه‌ڵ خوێنی منداڵداندا تێكه‌ڵ ده‌بێت و یه‌ك ده‌گرێته‌وه. ده‌قه‌كانی قورئانیش هه‌ر ئه‌م واتایه ده‌گه‌یه‌نن، چونكه قورئانیش ئاماژه بۆ (ئاو) ده‌كات كه مه‌به‌ستی ئاوی پیاوه، ئینجا باسی جێگیربونی له منداڵداندا ده‌كات: (ثم جعلناه نطفة في قرار مكين) (المؤمنون: ١٣)، ئینجا دوایی ده‌ڵێت: ئه‌و چۆڕاوه ده‌كه‌ینه كڵۆخوێنێك: (ثم خلقنا النطفة علقة) (المؤمنون: ١٤). موفه‌سسیره‌كانیش زۆریان به‌ڕاشكاوی ده‌ڵێن: ئه‌و ئاوه سپیه ده‌بێته خوێن!
هه‌ندێكی تر له نوسه‌ره ئیعجازیه‌كان، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه (نطفة) هه‌ر (شلاو) هكه هه‌موی ده‌گرێته‌وه، بۆیه شتێكی تر له ده‌قه قورئانیه‌كه‌دا ده‌دۆزنه‌وه كه ببێته باسی (سپێرم) به‌ڕۆشنی، كه ئه‌ویش وشه‌ی (سلالة) یه، كه قورئان ده‌ڵێت: (ثم جعل نسله من سلالة من ما‌ء مهين) ( السجدة: ٨). (سلالة) یش واته: شتی ده‌ركێشراو، شتێك كه له شتێكی تر ده‌رده‌كێشرێت، ئینجا كه ده‌قه‌كه ده‌ڵێت (سلالة من ما‌ء مهين)؛ ئه‌وان وا لێی حاڵی ده‌بن كه یانی (سلالة) شتێكه له ئاوه‌كه ده‌رده‌كێشرێت، كه ئه‌وان حه‌ز ده‌كه‌ن به (سپێرم) لێكی بده‌نه‌وه به‌و پێیه كه شتێكه له شلاوی پیاو ده‌رده‌كشێت و جیا ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه بۆ ده‌قه‌كه له ڕوی زمانه‌وانییشه‌وه سه‌ركه‌وتو نیه، چونكه ئامڕازی (من) له ده‌قه‌كه‌دا بۆ تێپه‌ڕبون (تعدّي) ی (سلالة) نیه، تا بوترێت مه‌به‌ستی له (سلالة) شتێكه كه (له ئاوه‌كه ده‌رده‌كێشرێت)، به‌ڵكو ئه‌و ئامڕازه پێی ده‌وترێت (مِنْ) ی (به‌یانی)، واته بۆ ڕونكردنهوهی جۆری شته‌كه‌یه، كه‌واته كه ئه‌ڵێت "له ئاوێك" (من ما‌ء)؛ ئه‌مه جۆر و مادده و پێكهاته‌ی "دهركێشراوهكه" (سلالة) ڕون ده‌كاته‌وه، واته ئه‌و دهركێشراوه بریتیه له‌و ئاوه‌ی كه باسی ده‌كات و له شوێنه‌كانی تریشدا باسی كردوه، بۆیه‌ش به "ده‌ركێشراو" (سلالة) ناوی بردوه چونكه شلاوی پیاو شتێكه له جه‌سته‌ی ده‌رده‌كشێت و جیا ده‌بێته‌وه.
چه‌مكی (نطفة أمشاج)
ـ لێكدانه‌وه‌یه‌ك ده‌ڵێت هه‌ر مه‌به‌ست شلاوی پیاوه ئه‌و كاته‌ی تێكه‌ڵ به خوێنی ناو منداڵدان ده‌بێت، كه ئه‌مه ڕه‌گوڕیشه‌ی كۆنی هه‌یه و له‌گه‌ڵ بیروڕای (ئه‌ریستۆتێلیس) دا یه‌ك ده‌گرێته‌وه كه وتویه‌تی شلاوی پیاو له‌گه‌ڵ خوێنی ناو منداڵدان یه‌ك ده‌گرێت. به‌ڵام ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه بۆ قۆناغبه‌ندیه قورئانیه‌كه ناگونجێت، چونكه كه شلاوهكه تێكه‌ڵی خوێنی منداڵدان بوبێت؛ مانای وایه گه‌یشتوته قۆناغی "كڵۆخوێن" (علقة) و له‌وه ده‌رچوه ته‌نها "ئاوێك" (ما‌ء) بێت یان "چۆڕاوێك" (نطفة) بێت.
ـ لێكدانه‌وه‌یه‌كی تر كه تازه‌بابه‌ته، ده‌ڵێت: مه‌به‌ست شلاوی پیاوه كه تێكه‌ڵه‌ی چه‌ند مادده‌یه‌كه، یان سه‌رچاوه‌كه‌ی خۆراكی جۆراوجۆره. ئه‌مه‌ش هه‌ر په‌یوه‌ندیی به مه‌به‌ستی ده‌قه ئیسلامیه‌كانه‌وه نیه.
ـ ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ی كه زۆربه‌ی موفه‌سسیره‌كان باسیان كردوه و كۆمه‌ڵێك له (حديث) ـه‌كانیش ده‌بنه به‌ڵگه بۆی كه باسی هه‌ردو (ئاوی پیاو) و (ئاوی ژن) ده‌كه‌ن؛ ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت: (نطفة أمشاج) واته ئاوێك كه تێكه‌ڵه‌ی ئاوی پیاو و ئاوی ژنه. كۆمه‌ڵێك (حديث) یش هه‌ن كه به ڕاشكاوی ئاماژه بۆ هه‌ردو (ئاوی پیاو و ئاوی ژن) ده‌كه‌ن. له قورئاندا به‌م ڕاشكاویه نیه و له زۆربه‌ی شوێنه‌كاندا هه‌ر باسی (چۆڕاو) (نطفة) ده‌كات و به‌ڵكو به (مه‌نی) ناوی ده‌بات: (ألم يك نطفة من مني يمنى) ( : )، به شێوه‌یه‌ك كه لێی ده‌فامرێته‌وه كه مه‌به‌ستی ته‌نها ئاوی پیاوه.. به‌ڵام ئه‌م ده‌قه كه ئاماژه بۆ (نطفة أمشاج) ده‌كات؛ ئه‌گه‌ری زۆره ئاماژه بێت بۆ تێكه‌ڵه‌ی هه‌ردو ئاوه‌كه. هه‌روه‌ها ده‌قێكی تر له قورئاندا ئه‌گه‌ری زۆره هه‌مان مه‌به‌ستی هه‌بێت كه ده‌ڵێت: (خُلِق من ما‌ء دافق يخرج من بين الصلب والترائب) (الطارق: ٦، ٧)، به‌و پێیه كه ئاماژه‌یه بۆ (پشت) ی پیاو كه سه‌رچاوه‌ی ئاوی پیاوه و (ئێسكه‌كانی سنگ) ی ژن كه سه‌رچاوه‌ی ئاوی ژنه، ئه‌مه‌ش ته‌فسیر و لێكدانه‌وه‌ی (ئیبن عه‌بباس) و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری موفهسسیرهكانه. كه له كولتوری كۆندا پشت به سه‌رچاوه‌ی ئاوی پیاو دانراوه و، وایش بیر له ئاوی ژن كراوه‌ته‌وه كه له‌ژێر مهمكیدایهتی. له قورئاندا له جێگه‌یه‌كی تریشدا ئاماژه‌یه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه تۆوی پیاو له پشتیدایهتی، كه ده‌ڵێت: (وإذ أخذ ربك من بني آدم من ظهورهم ذريتهم) (الأعراف : ١٧٢). جگه له‌وه‌ی كه هه‌میشه "پشت" (صلب) ی پیاو به سه‌رچاوه و بنچینه‌ی نه‌وه و وه‌چه دانراوه، له كولتوری عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی و كولتوره كۆنه‌كانی تریشدا. ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ش له‌وه‌وه هاتوه كاتێك پیاو زیاده‌ڕه‌وی ده‌كات له سێكس و تۆوفڕێداندا؛ هه‌ست به ئازار و په‌ستان ده‌كات له ناوچه‌ی خواره‌وه‌ی پشتی (كه "صلب" یش هه‌ر یانی خواره‌وه‌ی پشت). ژنیش كاتێك یاری به سنگی ده‌كرێت؛ هه‌ست ده‌كات ده‌ردراوه‌كانی گولینك (مهبل) ی ده‌ستیان كردوه به دهردران. لێره‌وه ئه‌و بیركرنه‌وه‌یه دروست بوه كه ئاوی پیاو له پشتیدایهتی و ئاوی ژن له‌ژێر مهمكیدایهتی كه ده‌كاته ئاستی ئێسكه‌كانی سنگی. ئیتر به‌م شێوه‌یه ئه‌و چه‌مكانه دروست بون.
به‌ڵام نوسه‌ره‌كانی ئیعجاز (ئاوی پیاو) به (سپێرم) لێك ده‌ده‌نه‌وه، و (ئاوی ژن) یش به‌زۆری به (هێلكۆكه) لێك ده‌ده‌نه‌وه، بۆیه (نطفة أمشاج) به (هێلكۆكه‌ی پیتێنراو) واته (زایگۆت) لێك ده‌ده‌نه‌وه كه به‌ره‌نجامی یه‌كگرتنی سپێرم و هێلكۆكه و یه‌كگرتنی ناوكی هه‌ردوكیانه. له كاتێكدا هێلكۆكه‌ی پیتێنراو شتێك نیه به چۆڕاو و ئاوی كه‌م (نطفة) ناو ببرێت. هه‌ر یه‌كه له سپێرم و هێلكۆكه‌ش له شلاوی ناوه‌نده‌كه‌ی خۆیان جیا ده‌بنه‌وه كاتێك ده‌گه‌ن به یه‌كتر و كاتی به‌یه‌گه‌یشتن له‌ناو شلاودا نین، به‌ڵكو سپێرم بۆ خۆی توانای ڕۆشتنی هه‌یه، هێلكۆكه‌ش گهندهموی وردی ناوپۆشی بۆریی نێوان هێلكه‌دان و منداڵدان پاڵی پێوه ده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی بڕوات.
ئینجا بیرۆكه‌ی (ئاوی پیاو و ئاوی ژن) و یه‌كگرتنیان؛ له قورئان و (حديث) ـه‌كان كۆنتره و پێش ئیسلام هه‌بوه: ڕاسته (ئه‌ریستۆتێلیس) ته‌نها باسی (ئاوی پیاو) ی كردوه، به‌ڵام هه‌ریه‌كه له (هیپۆكراتێس) و (گالینوس) و هه‌روه‌ها (دیمۆكریتوس) و (ئهمبادۆكلیس) و (ئێپیكوروس)، ئاماژه‌یان بۆ (ئاوی پیاو و ئاوی ژن) و یه‌كگرتنیان كردوه، جگه له‌وه‌ی كه جوله‌كه‌ش پێش ئیسلام باسی (ئاوی ژن) یشیان كردوه (سه‌رچاوه ئیسلامیه‌كان خۆشیان ئاماژه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه جوله‌كه‌ش ئه‌وه‌یان زانیوه). ئینجا پزیشكه گریكه‌كان، وه‌كو هیپۆكراتیس و گالینوس، هه‌وڵیان داوه سه‌رچاوه و شوێنی ده‌رچونی ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت (ئاوی ژن) ده‌ستنیشان بكه‌ن: ئیتر (هیپۆكراتێس) وتویه‌تی ئاوی ژن شلاوێكه كه له لوتكه‌ی چێژوه‌رگرتندا ده‌ری ده‌دات، (گالینوس) و هه‌روه‌ها (دیمۆكریتوس) یش باوه‌ڕیان وا بوه كه (ئاوی ژن) له ئه‌ندامێكی ناو له‌شی ژنه‌وه ده‌رده‌چێت كه هاوشێوه و به‌رامبه‌ری (گون) ی پیاوه. گالینوس باوه‌ڕی وا بوه كه ژن له‌و ئه‌ندامه‌ی ناو له‌شه‌وه ئه‌و ئاوه ده‌رده‌دات و ئیتر ده‌گوازرێته‌وه بۆناو منداڵدان. كه ئه‌م وردهكاریهش به هیچ جۆرێك له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا نه‌هاتوه و ده‌بێته باسكردنێك له هێلكه‌دان به شێوه‌یه‌ك به‌ته‌واوی له كۆرپهلهناسیی نوێ نزیك ده‌بێته‌وه.
به‌ڵكو ئاماژه‌ی پزیشكه گریكه‌كان بۆ (ئاوی ژن) به شێوه‌یه‌كه كه له شێوه‌ی ئاماژه‌ی (حديث) ـه‌كان ده‌چێت: (حديث) ێك هه‌یه كه ده‌ڵێت پێغه‌مبه‌ر وتویه‌تی: (كاتێك ئاوی پیاو به‌سه‌ر ئاوی ژن‌دا به‌رز بوه‌وه؛ منداڵه‌كه كوڕ ده‌بێت، ئه‌گه‌ریش ئاوی ژنیش به‌سه‌ر ئاوی پیاودا به‌رز بوه‌وه؛ منداڵه‌كه مێ ده‌بێت) (فإذا اجتمعا، فعلا مني الرجل مني المرأة؛ أَذْكَرا بإذن الله، وإذا عَلا منيُّ المرأة منيَّ الرجل؛ آنَثا بإذن الله). هه‌روه‌ها (حديث) ێكی تر هاتوه كه ده‌ڵێت: (كاتێك ئاوی پیاو پێش ئاوی ژن كه‌وت). بیرۆكه‌یه‌كی هاوشێوه له (دیمۆكریتوس) ـه‌وه هاتوه پێش ئیسلام، كه وتویه‌تی: ئاوی كامیان زاڵ بو؛ منداڵه‌كه ئه‌و ڕه‌گه‌زه ده‌بێت.. هه‌روه‌ها (هیپۆكراتیس) یش وتویه‌تی: ئاوی كامیان زیاتر بو؛ منداڵه‌كه له‌ویان ده‌چێت.
ئینجا ئایا باسكردنی سه‌رچاوه ئیسلامیه‌كان له (ئاوی ژن) له چیه‌وه هاتوه؟ ئایا به شێوه‌ی بیروڕای (هیپۆكراتێس) ـه كه وتویه‌تی كاتی كرداری سێكس و گه‌یشتنه ئۆرگازم ئه‌و ئاوه ده‌رده‌درێت، یان به شێوه‌ی بیروڕای (گالینوس) ـه كه وتویه‌تی ئه‌و ئاوه ئه‌ندامێكی ناوه‌كیی له‌شی ژن ده‌ری ده‌دات كه به‌رامبه‌ری (گون) ی پیاوه..؟ ئه‌وه‌ی له ده‌ق و گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كانه‌وه دیاره ئه‌وه‌یه كه مه‌به‌ستی ده‌قه ئیسلامیه‌كان له بابه‌تی بیروڕاكه‌ی (هیپۆكراتیس) ـه كه ئه‌و ئاوه كاتی كرداری سێكس ده‌رده‌درێت، چونكه ده‌ق و گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كان وا باسی ئه‌و ئاوه ده‌كه‌ن كه له‌ژێر مه‌مك و له ئاستی ئێسكه‌كانی سنگی ژندایه سه‌رچاوه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئاماژه‌یه بۆ ساتی یاریكردن به سنگی ژن و وروژانی، واته شته‌كه په‌یوه‌ندیی به كاتی كرداری سێكسه‌وه هه‌یه و مه‌به‌ست له ئاوه‌كه ده‌ردراوه‌كانی گولینك (مهبل) ـه نه‌ك شتێك كه مانگی جارێك داببه‌زێت بۆناو منداڵدان.