سوڕانەوەی خۆر، لەنێوان قورئان و ئەفسانەی كۆن و زانستدا

سوڕانەوەی خۆر
لەنێوان قورئان و ئەفسانەی كۆن و زانستدا

سهروهر پێنجوێنی

قوتابخانەی لێكدانەوەی زانستی بۆ قورئان و (ئیعجازی زانستیی قورئان)، هەمو كاتێك ئامادەیە بۆ سەپاندنی واتای نامۆ بە قورئان بەسەر دەقە قورئانیەكاندا، بەبێ‌ گوێدان بە ڕێزمان و، ئاوەڵدەق "السیاق" Context و، سروشتی دەقی قورئانی و، سەرجەمی دەقە ئیسلامیەكان و، مێژوی كولتور و ئایینەكان. ئەوەش هەموی بۆ دروستكردنی (موعجیزە) ی زانستی بۆ قورئان! لەم وتارەدا ئێمە تیشك دەخەینە سەر دەقێكی قورئان كە بە لێكدانەوەی ـ بەناو ـ زانستی شێوێنراوە و  كراوە بە دەقێكی زانستی بەبێ‌ ئەوەی پەیوەندیی بە زانستی نوێوە هەبێت. ئەوەش ئەو دەقە قورئانیەیە كە دەربارەی خۆر و جوڵەی خۆر دەڵێت: (والشمس تجری لمستقر لها) (یس: ٣٨).
گوایە ئەم دەقە لەو ڕاستیە دەدوێت كە خۆر بە خێرایی ٢٣٠ ملیۆن كم لە چركەیەكدا بەدەوری چەقی گەلەئەستێرەی ڕێگەی كاكێشان (درب التبانة) كە خۆر ئەندامیەتی، دەسوڕێتەوە(١).
ئەم بیرۆكە زانستیە لە خۆیدا ناسراوە بە گەورەترین دۆزینەوەی كۆسمۆلۆژیایی سەدەی بیستەم، بەڵام بێ‌ هیچ گومانێك ئەو بیرۆكەیەی كە دەقەكە لێی دەدوێت هیچ پەیوەندییەكی بەو بیرۆكە زانستیەوە نیە، چونكە ئاوەڵدەق "سیاق" ی دەقەكە لە هەندێك دیاردە و دیمەنی سروشتی و گەردونی دەدوێت كە لە هەمو (٢٤) كاتژمێرێكدا لەبەرچاوی ئێمەی مرۆڤدا دوبارە دەبنەوە و بەشێكیان لە بونیادی هزری و سایكۆلۆژیایی ئێمە پێك هێناوە، ئەوانیش هاتنی ڕۆژ دوای شەو و، بڕینی ڕێی ئاسۆی خۆرهەڵات و ئاسۆی خۆرئاوا لەلایەن خۆرەوە و ئاوابونی و، دەركەوتنی مانگ هەر شەوەی بەشێوەیەك و لە قۆناغ (منزلە) یەكەدا و، پابەندبونی خۆر: ڕۆژ و مانگ: شەو بەكاتی تایبەتی خۆیانەوە: (وَآيَةٌ لَهُمُ اللَّيْلُ نَسْلَخُ مِنْهُ النَّهَارَ فَإِذَا هُمْ مُظْلِمُونَ، وَالشَّمْسُ تَجْرِي لِمُسْتَقَرٍّ لَهَا.. وَالْقَمَرَ قَدَّرْنَاهُ مَنَازِلَ.. لَا الشَّمْسُ يَنْبَغِي لَهَا أَنْ تُدْرِكَ الْقَمَرَ وَلَا اللَّيْلُ سَابِقُ النَّهَارِ) (يس: ٣٧-٤٠). لەم ئاوەڵدەقەوە دیارە كە دەقەكە لەو دیمەنە دەدوێت كە هەمو ڕۆژ و شەوێك سەرنجمان ڕادەكێشێت ئەویش ڕێبڕینی خۆرە لەبەرچاوماندا لە ئاسۆی هەڵهاتنیەوە بۆ ئاسۆی ئاوابونی، ئینجا دوای ئاوابون هەست دەكەین كە خۆر چوەتە ئارامگای خۆیەوە. ئەم دیمەنە هەرچەند دیمەنێكی ڕوكاریە، بەڵام لە ڕابردودا چەمك و ئەندێشەیەكی زۆری لای مرۆڤ هێناوەتە كایە، ئێستەش هەر دیمەنێكی جوان و پڕواتا و ڕازە. بەڵام سوڕانەوەی خۆر بەدەوری ناوكی گەلەئەستێرەدا نەك هەر پەیوەندیی بە شەو و ڕۆژەوە نیە و لە ماوەی (٢٤) كاتژمێردا دوبارە نابێتەوە، بەڵكو لە (٦,٤) ملیار ساڵی هەمو تەمەنی خۆردا تەنها (١٨) خول تەواو كراوە. نەك ئێمە هیچ هەستێك بەو سوڕانەوەیە ناكەین، بەڵكو هەمو تەمەنی مرۆڤایەتی بەشێكی زۆر كەم و كورتە لەماوەی یەك خول. لەبەرئەوانە ئەم بیرۆكە زانستیە نە لەگەڵا ئاوەڵدەقدا خزمایەتیی هەیە و نە بەكەڵكی ئەوە دێت لە دواندنی مرۆڤدا بەكاربهێنرێت. ئەو لێكدانەوە زانستیە چەمكی ئارامگە (مستقر) ی خۆر لە دەقەكەدا بەو كاتە لێك دەداتەوە كە وزەی خۆر دەداتە كزی و بەرەو (مردن) ی خۆی دەچێت(٢)، كەواتە ئێمەی مرۆڤ ئەو ئارامگرتنەی خۆر هەرگیز نابینین، لە كاتێكدا دەقەكە لە ڕێبڕین (جري) و ئارامگرتن (استقرار) ێك دەدوێت كە هەمو شەو و ڕۆژێك دوبارە دەبنەوە. ئینجا ئارامگرتنیش حەوانەوەیەكی كاتیە لە بزاوت و فرمان نەك لەناوچون! ئەوەی تاڕادەیەك ئاڵۆز بێت لە لێكدانەوەی ئەم دەقە قورئانیەدا دیاریكردنی ئەو ئارامگا (مستقر) ەیە كە لێی دەدوێت.. بۆ ئەم دیاریكردنە پشت دەبەستم بە فەرمودەیەكی پێغەمبەر لە كەلەپوری ئیسلامیدا و بڕگەیەكی زەبور و بیرۆكەیەكی عێراقی (شومێری و بابیلی) و بیرۆكەیەكی میسری و ئەندێشەیەكی بەپیتی یۆنانیەكان، كە ئەمانە تیشك دەخەنە سەر چەمكی ڕێبڕین (جری) ەكەش.
فەرمودەكە (البخاری) و (مسلم) و هەندێك لە فەرمودە نوسەكانی تر گێڕاویانەتەوە، لە (أبو ذرّ) ەوە: لە گێڕانەوەیەكدا: (عن أبي ذرّ قال: سألت رسول الله صلى الله عليه وسلم عن قوله تعالى "والشمس تجري لمستقر لها"، قال صلى الله عليه وسلم: مستقرها تحت العرش)، لە گێڕانەوەیەكی تردا: (عن أبي ذرّ أن النبي صلى الله عليه وسلم قال يوما: أتدرون أين تذهب هذه الشمس؟ إِن هذه لتجري حتى تنتهي الى مستقرها تحت العرش..)(٣). بەم شێوەیە پێغەمبەر ئەو ڕۆشتن (جري) ـەی خۆر كە لە دەقە قورئانیەكەدا هاتوە بە ڕێبڕینی خۆر لە ڕۆژدا لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا ڕاڤە دەكات، ئەو ئارامگرتن (استقرار) ەش كە هەر لە دەقە قورئانیەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە بە ئارامگرتنی خۆر لە شەودا دوای ئاوابونی لێك دەداتەوە. ئەم دەقانە ئەوە دەگەیەنن كە ئارامگای خۆر دوای ئاوابونی هەمو شەوێك لە ژێر تەخت (عرش) ی خوادایە، جگە لەوەی لە ڕێبڕین (جري) ێكی ڕۆژانە دەدوێن كە هەمو ڕۆژێك ڕودەدات. بەپێی سەرجەم و دەق و چەمكەكان تەخت لەسەرو ئاسمانەكانەوەیە (چونكە ئێستە ئاسمان بەرزترین ئاستی بونەوەرە، سەردەمێكیش كە لە ئاستی ئاو ئاستێكی بەرزتر نەبو ئەو تەختە لەسەر ئاو بو)، بەو پێیە ئارامگای خۆر لە یەكێك لە ئاسمانەكاندایە.
بڕگەیەكیش لە زەبوردا دەڵێت: (ئاسمانەكان ستایشی شكۆمەندیی خوا خوا دەكەن.. نشینگەیەكی بۆ خۆر لە ئاسمانەكاندا داناوە.. [خۆر] لە ئەوپەڕی ئاسمانەوە دەردەچێت، و بۆ ئەوپەڕی دەڕوات، و هیچ شتێكیش ناتوانێت خۆی لە گەرماكەی بشارێتەوە) (مەزمورەكان: ١٩: ١-٦)، لەم دەقەدا (مسكن) بەرامبەری (مستقر) ەو (مدار) بەرامبەری (جري) ە لە دەقە قورئانیەكەدا، هەروەكو ئەم دەقە دەڵێت نشینگە (مسكن) ی خۆر لە ئاسمان یان ئاسمانەكاندایە.
لە عێراقیشدا ئەم بیرۆكەیە هەبو كە خۆر، یان خواوەندی خۆر ئوتو Utu (و دواتر شەمەش Shamash)، بەسواری كەشتییەك دەریای ئاسمانی دەبڕێت.
خواوەندی خۆر (شەمەش) (یان مەردوک-شەمەش)، دەریای ئاسمانی دەبڕێت لەسەر كەشتیەكەی
چاپی مۆرێکی لولەکیی شومێری، لە (تەل ئەسمەر)
مۆزەخانەی ئینستیتیوتی خۆرهەڵاتی ـ شیکاگۆ
هەندێك جاریش وەكو باڵندەیەك یان لەسەر عەرەبانەیەكی ئاگرین نیگارش دەكرێت(٤). ئەمە چەمكی (جري) ەكەیە، هەروەها ئەو بیرۆكەیە كە خۆر یان خواوەندی خۆر، لە ئاسمانی چوارەمدایە: لای بابیلیەكان ڕیزبەندی (مانگ، عوتارید، زوهەرە، خۆر، مەریخ، زوحەل، موشتەری) هەم ڕیزبەندی تەنە ئاسمانیە گەڕۆكەكان و چینە ئاسمانیەكانە و هەم پەیژەی مۆسیقایە. لەم ڕیزبەندەدا خۆر پلەی چوارەمی هەیە و لە مۆسیقادا نۆتەی (فا) ی هەیە(٥). بە هەمان شێوە لە كەلەپوری ئیسلامیدا هەمان بیرۆكە هەیە(٦)، ئەمەیان ئەو ئاسمانەمان بۆ دیاری دەكات كە ئارامگای خۆرە و دەكەوێتە ژێر تەختەوە. هەروەها لە میسری دێریندا هەمان ئەو بیرۆكەیە دەبینرێتەوە كە خواوەندی خۆر ئامون-ڕەع Amun-Raa لە كەژاوەی كەشتیەكەیدا بە ئاسماندا ڕێ‌ دەبڕێت(٧).
 خواوەندی خۆر ئامون-ڕەع لە كەژاوەی كەشتیەكەدا گەشتی ڕۆژانەی بە دەریای ئاسمانیدا دەبڕێت، كە پەپكەی خۆری بەسەرەوەیە
ئەوەی لەگەڵ شیكارەكەی ئێمەدا یەكدەگرێتەوە ئەوەیە كە میسریەكان لە شێوەیەكی میتۆلۆژیاكەیاندا باوەڕیان وابوە كە خواوەندی خۆر لە ئاوابوندا دەچێتە ناو خواوەندی ئاسمان لەڕێگەی دەمەوە، پاشان لەڕێگەی هاتنەژیانەوە لە بەیاندا دێتە ژیان (لێرەدا بەشێوەی منداڵێكی نەوزاد نیگارش دەكرێت)، ئەمەش واتای وایە باوەڕیان وابوە كە خۆر داوی ئاوابونی لە ئاسماندا ئارام دەگرێت(٨).
هەروەها یۆنانیەكان پێیان وابو كە خواوەندی خۆر، ئەپۆلۆن Apollon، عەرەبانەی زێڕینی ئەسپە سەركەشەكان بە ئاسماندا لـێ‌ دەخوڕێت، دوای ئاوابونی خۆریش ئەسپەكان بە عەرەبانەكەوە دەچنەوە پشتیر (حظيرة) ەكەی خۆیان لە ئاسماندا. هەروەها عەرەبانەی خۆر Sun Chariot لای شێوەكانی تری خواوەندی خۆر هەیە لەمەڕ یۆنانی و ڕۆمانیەكان، وەكو هێلیۆس Helios(٩).
لای یۆنانیەكان و ڕۆمانیەكان ئەو بیرۆكەیە هەبوە كە ئاسمان پەرستگایەكی زەبەلاحە كە لە خۆرهەڵاتدا دەرگایەكی هەیە كە خۆری لێوە هەڵدێت و لە خۆرئاواشدا دەرگایەكی هەیە كە خۆری پێدا ئاوا دەبێت، ئەمەش هەمان ئەو بیرۆكەیەیە كە خۆر دوای ئاوابون دەچێتەوە ئاسمان(١٠). بیرۆكەی «جري» ی خۆر و عەرەبانەی خۆر لای هیندیەكان و ئێرانیەكانیش هەبوە(١١). (سەرنج بدە لە كەشتی و بەلەمی عێراقی ڕوبار و زۆنگاو و میسری روبار و دەریاچە و، ئەسپ و عەرەبانەی یۆنانی سوارچاكی و پاڵەوانێتی و هیكتۆر و ئەخیل و پاریس).
خۆ ئەگەر لایەنی واقیعیش لێك بدەینەوە دەبینین دوای ئاوابونی لەبەرچاوی ئێمەدا خۆر هەر لەو خاڵەی خۆیدایەتی لە كۆمەڵە خۆریەكەیدا كە لە ڕابوردودا ناویان ناوە ئاسمانی چوارەم.
بەڵام پێشتر بۆچونێكی ترم هەبو لە دیاریكردنی ئارامگەكەدا، ئەویش كاتێك چەمكەكەم بەراورد دەكرد بە بیرۆكەیەكی میسری كە لە گەشتی خواوەندی خۆر (ڕەع) Raa دەدوێت بۆ دوات Daut واتە جیهانی ژێرەوە (العالم السفلي) شوێنی تاریكی و مردن یان ژیانی دوای مردن(١٢). هەمان بیرۆكە لای هەندێك خێڵی ئوستورالیا هەیە(١٣).
خواوەندی خۆر ڕەع یان ئامون-ڕەع لە كەشتیەكەیدا گەشتی شەوانەی بە جیهانی ژێرەوەدا دەبڕێت و مارێك پاسی دەكات بە ناوی "م‌ح‌ن" (مێحێن) Mehen
وا دەردەكەوێت لە میتۆلۆژیای یۆنانیشدا هەبوبێت چونكە دەروازەی جیهانی ژێرەوە هادێس Hades پێی دەوترا دەروازەی خۆر(١٤). هەروەها ئەناكسیمەندر Anaximandre (٦١١-٥٤٥ پ.ز.) ی یۆنانییش باوەڕی وا بوە(١٥). بەڵام ئەم بیرۆكەیە چەمكی ئارامگە «مستقر» ی خۆر لەخۆ ناگرێت، بەڵكو لە ڕێبڕین «جري» ێكی تری خۆر دەدوێت لە شەودا، واتە دەركی ئەوەیە كە دوای ئاوابونی خۆر لەلایەكی تر هەڵدێت، بەڵام ئەوان ئەو لایەی تریان هەر بە تاریك وێنا كردوە. بەڵام لای فینیقیەكان ئەو باوەڕە هەبوە كە خواوەندی خۆر (هیل) لە ئێوارەدا دەچێتە ژێر زەوی و لە شەودا دەبێتە كارەكەرێكی دڵسۆزی خواوەند (موت) ی جیهانی ژێرەوە(١٦). ئەمەیان تا ڕادەیەك چەمكی ئارامگەی تێدایە. بە پێی ئەم بیرۆكەیە خۆر لە ژێر زەویدا ئارام دەگرێت، كە ئەمەش سەرنجی ڕوكەشی مرۆڤ پشتگیریی لێدەكات. بەڵام ئەم بیرۆكەیە زیاتر سەر بە كولتوری میسریە، خواوەندی خۆر لە ئاسۆی ئاوابوندا "حور ام اخت" بە زمانی خۆیان، كرۆكی بیروباوەڕی میسریە: خۆر سەرچاوەی ژیانی یەكەم، مردن سەرچاوەی ژیانی دوەم.
لە كولتورەكاندا شێوەی تری ئارامگە «مستقر» ی خۆر هەیە:
لای شومێریەكان خۆر (یان خواوەندی خۆر) لە ئاوابوندا دەچێتە ناو چیا خۆرئاواییەكان، لە چیایەكی تایبەتی دەدەوێن بەناوی ماشو یان ماتسوم.
لای یۆنانیەكان خۆر  دەچێتە دەریا خۆرئاواییەكان، لە شێوگێكی تردا دەڵێن دەچێتە دورگەی بەختەوەرەكان كە مەبەست دورگەكانی كەناری Canaries ە لە زەریای ئەتڵەسیدا.
مەكسیكیەكانیش خۆرئاوایان ناونابو نشینگە «مسكن» ی خۆر(١٧). ئەم بیرۆكانەش شوێنەواری بارودۆخی ژینگەیی و ژیۆگرافیاییان پێوە دیارە.
یۆنانیەكان باوەڕیان وابوە خواوەندی خۆر هێلیۆس لە شەودا دەخەوێت و بە بەلەمێك دەهێنرێتەوە بۆ شوێنی هەڵهاتنی(١٨)، ئەمەش دیارترین شێوەی چەمكی ئارامگرتنە.

پەراوێز:
(١) الشريف، د. عدنان، من علم الفلك القرآني. دار العلم للملايين، بيروت، ٢٠٠٠. ص‌ص. ٧٣-٧٧.
حنفي أحمد، التفسير العلمي للآيات الكونية في القرآن. دار المعارف، مصر. ص‌ص. ٢٩٤، ٢٩٧.
المدرس، علاء الدين، الظاهرة القرآنية والعقل، دراسة مقارنة للكتب المقدسة. مطبعة العاني، بغداد، الطبعة الأولى، ١٩٨٦. ص‌ص. ٢٣٨-٢٤٢.
عامر تحسين، حقائق القرآن والعلم الحديث. مطبعة الزهراء، الموصل، ١٩٨٦. ص‌ص. ٨٨، ٨٩.
أحمد أمين، التكامل في الإسلام. مطبعة النعمان، النجف، ١٩٧٤. جـ. ٣، ص. ٣٢، جـ. ٤، ص. ١١١، جـ. ٥، ص‌ص. ٣-١٠٥.
الدهان، سعيد ناصر، القرآن والعلوم. الأعلمي للمطبوعات، كربلاء، الطبعة الأولى، ١٩٦٥. ص. ٩٢.
شاكر عبد الجبار، ملامح كونية في القرآن. مطبعة منير، بغداد، الطبعة الأولى، ١٩٨٥. ص‌ص. ٨، ٦٠.
شاكر عبد الجبار، القرآن يفك لغز الأرض. مطبعة أسعد، بغداد، الطبعة الأولى، ١٩٨٥. ص. ١٤، ١٥.
(٢) المدرس، الظاهرة القرآنية والعقل. ص. ٢٤١.
حنفي أحمد، التفسير العلمي. ص. ٢٩٧.
الشريف، من علم الفلك القرآني. ص‌ص. ٧٥-٧٧.
عامر تحسين، حقائق القرآن. ص‌ص. ٨٨، ٨٩.
سعيد حوى، الأساس في التفسير. دار السلام، القاهرة، الطبعة الثانية، ١٩٨٩. جـ. ٨، ص. ٤٦٣٩.
الفندي، د. محمد جمال الدين، الله والكون. الهيئة المصرية العامة للكتاب، ١٩٧٦. ص. ٤٦٣.
(٣) البخاري، صحيح البخاري. شرح وتحقيق: محب الدين الخطيب، ترقيم وتبويب: محمد فؤاد عبد الباقي، مراجعة: قصي محب الدين الخطيب. دار إحياء التراث العربي، بيروت. الطبعة الأولى، ١٩٨٠. (كتاب التفسير)، جـ. ٣، ص. ٢٨٢.
صحيح مسلم (بشرح النووي) دار الكتب العلمية، بيروت، الطبعة الأولى، ٢٠٠٠. (كتاب الايمان)، جـ. ٢، ص. ١٦٨.
هەروەها (النسائي) یش فەرمودەكەی گێڕاوەتەوە. بڕوانە:
القسطلاني، إرشاد الساري إلى شرح صحيح البخاري. المطبعة الكبرى الأميرية ـــ بولاق، ١٣٠٥هـ.، الطبعة السادسة. جـ. ٧، ص. ٣١٣.
تفسير القرطبي (الجامع لاحكام القرآن). دار الكتب العلمية، بيروت، ١٩٩٣. جـ. ١٥، ص‌ص. ١٩، ٢٠.
ابن كثير، تفسير ابن كثير (تفسير القرآن العظيم). دار الكتب العلمية، بيروت، ٢٠٠٠. ص. ٣، ص‌ص. ٥٧٤، ٥٧٥.
الجمل، سليمان، الفتوحات الالهية (حاشية على تفسير الجلالين). المكتبة التجارية الكبرى، مصر، ١٣٧٧ هـ. جـ. ٣، ص. ٥١٤.
الخازن، تفسير الخازن. المطبعة الميمنية، مصر، ١٣١٧هـ.، توزيع المكتبة الشعبية، بيروت. جـ. ٤، ص. ٧.
(٤) الماجدي، خزعل، بخور الآلهة، دراسة في الطب والسحر والأسطورة والدين. الأهلية، عمان، الطبعة الأولى، ١٩٨٨. ص. ١١٨.
إمام عبد الفتاح إمام، معجم ديانات وأساطير العالم. مكتبة مدبولي، القاهرة. جـ. ٣، ص. ٢٤٢.
سوسه، د. أحمد، تأريخ حضارة وادي الرافدين. دار الحرية للطباعة، بغداد، ١٩٨٦. جـ. ٢، ص. ٣٢١.
الدباغ، د. تقي، آلهة ومعتقدات. مجلة (الاستشراق)، العدد (٥)، ١٩٩١. ص‌ص. ١٩٥، ١٩٧.
(٥) العمري، فاروق، تأريخ التدوين الموسيقي في بلاد الرافدين منذ الألف الثاني قبل الميلاد. مجلة (آفاق عربية)، العدد (١٢)، ١٩٧٩. ص. ١١٦.
(٦) شيخزاده، تفسير البيضاوي (بحاشية شيخزاده). إستنبول، ١٩٩١. ص. ١، ص. ٢٣٧.
(٧) برستد، هنري، تأريخ مصر، من أقدم العصور الى الفتح الفارسي. ترجمة: د. حسن كمال. المطبعة الاميرية، القاهرة، الطبعة الأولى، ١٩٢٩. ص. ٣٥، ٣٨.
إرمان، أدولف (وهرمان رانكه)، مصر والحياة المصرية في العصور القديمة. ترجمة: د.عبد المنعم أبوبكر. مطبعة مصر، القاهرة. ص. ٣٠٣.
د. فاضل عبد الواحد علي (و د. عامر سليمان)، عادات وتقاليد الشعوب القديمة. جامعة الموصل، ١٩٧٩. ص. ٢٣٤.
إمام عبد الفتاح إمام، معجم ديانات وأساطير العالم: ٣: ١٦٩.
فرانكفورت (و: ولسن، جاكوبسن)، ما قبل الفلسفة، الإنسان في مغامرته الفكرية الأولى. ترجمة: جبرا ابراهيم جبرا، مراجعة: د. محمود الامين. مؤسسة فرانكلين، دار مكتبة الحياة، بغداد. ص. ٦٣.
سوسه، د. أحمد، العرب واليهود في التأريخ. دار الرشيد للنشر، بغداد، الطبعة الخامسة، ١٩٨١. ص. ٣٨٨.
الدباغ، آلهة ومعتقدات: ١٩٥.
توكاريف، سيرغي أ.، الأديان في تأريخ شعوب العالم. ترجمة: د. أحمد م. فاضل. الاهالي، دمشق، الطبعة الأولى، ١٩٩٨. ص. ٣٢٩.
(٨) سوسه، العرب واليهود في التأريخ. ص. ٣٨٩.
نوبلكور، المرأة الفرعونية. ترجمة: فاطمة عبد الله محمود. مراجعة: د.محمود ماهر طه. الهيئة المصرية العامة للكتاب، ١٩٩٥. ص. ٢٣.
(٩) إمام عبد الفتاح إمام، معجم ديانات وأساطير العالم. جـ. ٣، ص‌ص. ١٢١، ١٢٢، ٢٧٧.
كوميديات پلاوتوس. ترجمة: أمين سلامة. دار المعارف ـــ مصر. ص. ٣١٤ (ملحق).
صدقة، جان، رموز وطقوس، دراسات في الميثولوجيا القديمة. رياض الريس للكتب والنشر، لندن، ١٩٨٩. ص. ١٢٠.
سهيل عثمان (وعبد الرزاق الأصفر)، معجم الأساطير اليونانية و الرومانية. دمشق، ١٩٨٢. ص‌ص. ٣٢٣، ٤٦٧.
الدباغ، آلهة ومعتقدات. ص. ١٩٦.
ڤرجيليوس، الإنياذة. ترجمة: د.محمد حمدي إبراهيم. الهيئة المصرية العامة للكتاب، ١٩٧٧. جـ. ٢، ص. ١٩٦.
(١٠) ڤرجيليوس، الإنياذة. جـ. ٢، ص‌ص. ١٨٧، ٢٢١.
(١١) صدقة، رموز وطقوس. ص. ١١٨.
كورتل، آرثر، قاموس أساطير العالم. ترجمة: سهى الطريحي. المؤسسة العربية للدراسات والنشر، بيروت، الطبعة الأولى، ١٩٩٣. ص. ١٦٤.
إمام عبد الفتاح إمام، معجم ديانات وأساطير العالم. جـ. ٣، ص. ٢٧٩.
(١٢) بڕوانە:
صدقة، رموز وطقوس. ص. ١٢٠.
(١٣) بريستد، تأريخ مصر. ص. ٤٢.
إمام عبد الفتاح إمام، معجم ديانات وأساطير العالم. جـ. ٣، ص. ١٦٩.
فرانكفورت، ما قبل الفلسفة. ص‌ص. ٦٠، ٦٣.
الدباغ، آلهة ومعتقدات. ص. ١٩٥.
السامرائي، محمد رجب، علم الفلك عند العرب. دار الحرية للطباعة ـــ بغداد، ١٩٨٤. ص‌ص. ١٣، ١٤.
د. محمد عبد اللطيف مطلب، صورة الكون. دار الحرية للطباعة ـــ بغداد، ١٩٧٩. ص‌ص. ١٧، ١٨.
(١٤) صدقة، رموز وطقوس. ص. ١٢٠.
(١٥) د. محمد عبد اللطيف مطلب، صورة الكون. ص. ٢٤.
(١٦) صدقة، رموز وطقوس. ص. ١١٤.
(١٧) دالي، ستيڤاني، أساطير من بلاد ما بين النهرين. ترجمة: د. نجوى نصر. دار جامعة أوكسفورد للنشر، ١٩٩١. ص. ١٢٣.
إمام عبد الفتاح إمام، معجم ديانات وأساطير العالم. جـ. ٣، ص‌ص. ٢٤٢، ٣٨٦.
الشويلي، داود سلمان، المعجم المبسط لـ (ملحمة جلجامش). مجلة (المورد)، العدد (٣)، ٢٠٠٠. ص. ٧٨.
فرانكفورت، ما قبل الفلسفة. ص. ٢٤٩.
سوسه، تأريخ حضارة وادي الرافدين. جـ. ٢، ص‌ص. ٤٣٧، ٤٣٨.
صدقة، رموز وطقوس. ص. ١١٧.
آلهة ومعتقدات. ص‌ص. ١٩٥، ١٩٦.
سهيل عثمان، معجم الأساطير اليونانية و الرومانية. دمشق، ١٩٨٢. ص. ٤٦٧.
آل سعيد، شاكر حسن، القيم التشكيلية لفن الرسم في أسطورة نزول عشتار (إينانا) الى العالم السلفي. مجلة (المورد)، العدد (٣)، ١٩٨٧. ص. ٥٤.
(١٨) الدباغ، آلهة ومعتقدات. ص. ١٩٦.