كۆرپهلهناسیی
قورئانی
له‌نێوان كولتوری كۆن و زانستی نوێ‌دا
قۆناغی "مضغة"
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
قۆناغی سێیه‌م: قۆناغی (مضغة)
قورئان له دو جێگه‌دا كاتێك قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ی كۆرپه‌له له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه وه‌سف ده‌كات؛ دوای قۆناغی (كڵۆخوێن) (العلقة)؛ باسی قۆناغێك ده‌كات دوای ئه‌وه كه به وشه‌ی (مضغة) گوزارشی لێ ده‌كات:
١. ده‌ڵێت: ئینجا كڵۆخوێن (علقة) ـه‌كه‌مان كرده (مضغة) یه‌ك: (فخلقنا العلقة مضغة) (المؤمنون: ١٤).
٢. ده‌ڵێت: ئینجا له كڵۆخوێن (علقة) ێك، ئینجا له (مضغة) یه‌كی (مخلقة) و (غير مخلقة): (ثم من علقة، ثم من مضغة مخلَّقة وغير مخلَّقة) (الحج: ٥).
وه‌كو هه‌ر بابه‌تێكی تری ته‌فسیر و لێكدانه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه و چه‌مكه قورئانیه‌كان؛ ده‌بێت سه‌ره‌تا لایه‌نی زمانه‌وانیی وشه‌ی (مضغة) ساخ بكه‌ینه‌وه و بزانین وشه‌كه له زمانی عه‌ره‌بیی فه‌صیحی هاوچه‌رخی قورئان و ده‌قه ئیسلامیه ڕه‌سه‌نه‌كاندا چ واتایه‌كی هه‌بوه، ئینجا بزانین موفه‌سسیر و ڕاڤهمهنده ڕه‌سه‌نه‌كانی قورئان و موسوڵمانانی یه‌كه‌م چۆن ده‌قه‌كه‌یان ڕاڤه كردوه و ده‌سته‌واژه‌ی (مضغة) یان لێك داوه‌ته‌وه. ئینجا دوای ئه‌وه به‌پێی ئه‌و چه‌مكه قورئانیه ڕه‌سه‌نه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی (مضغة) هه‌ڵی گرتوه؛ ڕونی ده‌كه‌ینه‌وه ڕه‌گوڕیشه و بنچینه‌كه‌ی چیه و ئاماژه بۆ چی ده‌كات و په‌یوه‌ندیی به كۆرپه‌له‌ناسیه كۆنه‌كه‌وه چیه. ئینجا دوای ساخكردنه‌وه‌ی ئه‌وانه؛ دێینه سه‌ر ئه‌وه‌ی نوسه‌ره ئیعجازیه‌كان چۆن ده‌سته‌واژه‌ی (مضغة) لێك ده‌ده‌نه‌وه و چۆن هه‌وڵیان داوه چه‌مكه‌كه بگونجێنن له‌گه‌ڵ كۆرپهلهناسیی نوێ و، هه‌ڵه‌كانیان له‌و لێكدانه‌وه تازه‌یه و له‌و گونجاندنهدا چیه.
واتای زمانیی وشه‌ی (مضغة)
بێ گومان وشه‌ی (مضغة) له زمانی عه‌ره‌بیدا له مادده‌ی (مضغ) و له چاوگی (مضغ) ـه‌وه هاتوه به واتای (جوین). لێره‌شه‌وه وشه‌ی (مُضْغة) كه له‌سه‌ر كێشی (فُعْلة) یه؛ له ڕوی ڕیشه‌یی (اشتقاقي) ـه‌وه به واتای ناوی به‌ركار (اسم المفعول) ـهكهیهتی، واته به واتای (جوراو) (ممضوغ). به‌ڵام ئه‌مه واتای ڕیشه‌یی (اشتقاقي) ـه، و له دابونه‌ریتی زمانی (العرف اللغوي) ی عه‌ره‌بیدا وشه‌كه تایبه‌ت كراوه به واتایه‌كی تایبه‌تیه‌وه كه بریتیه له (پارچه گۆشت). ئینجا بۆچی وشه‌یه‌ك له مادده‌ی (مضغ) كه واتای (جوین) ی تێدایه به (پارچه گۆشت) وتراوه؟ واته: په‌یوه‌ندی چیه له‌نێوان واتای (جوین) و واتای (پارچه گۆشت)؟ فه‌رهه‌نگه عه‌ره‌بیه‌كان و زاناكانی زمانی عه‌ره‌بی ده‌ڵێن: پارچه گۆشت پێی ده‌وترێت (مضغة) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارچه‌یه‌كه به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی بجورێت (قدر ما يُمْضَع). هه‌ر بۆیه هه‌ندێك جار به‌ده‌گمه‌نی به شتی تریش وتراوه، واته به خواردنی تریش وتراوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌یه بجورێت، واته به ئه‌ندازه‌ی پارویه‌ك كه ده‌خرێته ده‌مه‌وه.
ئیتر واتا ئێتیمۆلۆجیایی (اشتقاقي) ـه‌كه مه‌به‌ست نیه و ڕه‌چاو ناكرێت، چونكه ته‌نها واتا بنهڕهتیهكهیه، ئیتر به‌كارهێنانی عه‌ره‌بی وشه‌كه‌ی تایبه‌ت كردوه به شتێكی دیاریكراوه‌وه كه پارچه گۆشته، بۆیه واتای (جوین) ـه‌كه ڕه‌چاو (ملاحظة) ناكرێت. و هه‌ڵه‌یه‌كی زمانی و تهفسیریه كه‌سێك وشه‌كه به واتا ڕیشه‌یی (اشتقاقي) ـه‌كه به‌كار بهێنێت و بۆ خۆی تایبه‌تی بكات به شتێكی تایبه‌تیه‌وه و واته (عورفی) ـه‌كه پشتگوێ بخات.
ئینجا واتای وشه‌كه فراوان بوه: به هه‌مو پارچه گۆشتێك وتراوه، ئه‌گه‌ر له‌وه‌ش گه‌وره‌تر بێت كه بكرێت بجورێت. بۆ نمونه به دڵ ده‌وترێت (مضغة) وه‌كو له فه‌رموده‌كه‌دا: (إلا وإن في الجسد مضغة... ألا وهي القلب)، ده‌ی ئاشكرایه كه دڵ نهجوراوه و نه له جوراو ده‌چێت و نه به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌یشه بجورێت.
ئینجا هه‌مو (ته‌فسیر) ه‌كانیش ده‌ڵێن (مضغة) له زماندا و له ده‌قه قورئانیه‌كاندا به واتای (القعطة من اللحم) ـه، واته (گۆشت پاره) یاخود (پارچه گۆشت). تاكه یه‌ك ته‌فسیریش نه‌یوتوه (مضغة) له ده‌قه‌كه‌دا یانی (شتی جوراو) یان (گۆشتی جوراو).
ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانرێت كه هه‌ریه‌كه له (نطفة) و (علقة) و (مضغة) له بنچینه‌دا واتایه‌كی گشتییان هه‌یه و بۆ هه‌مو جۆره (چۆڕاو) و (كڵۆخوێن) و (پارچه گۆشت) ێك ـ به ڕیز ـ به‌كار هێنراون، كاتێكیش له قورئاندا بۆ جۆرێكی تایبه‌تی به‌كار هێنراون؛ ئه‌وه ته‌نها نمونه‌یه‌كی به‌كارهێنانه.
كه‌واته قورئان كۆرپه‌له له قۆناغی دوای قۆناغی (كڵۆخوێن) به (پارچه گۆشتێك) وه‌سف ده‌كات.
ئه‌م وه‌سفه‌ش له‌وه‌وه هاتوه كه كۆرپه‌له له‌و قۆناغه‌دا له‌بار بچێت؛ پارچه گۆشتێكه و ده‌كرێت به‌مه وه‌سف بكرێت. هه‌تا له كوردهوارییشدا به كۆرپه‌له‌ی بچوك كاتێك له قۆناغێكی زودا له‌بار ده‌چێت؛ ده‌وترێت (چه‌پاڵه گۆشت)، كه ئه‌مه‌ش له‌و واتایه‌وه نزیكه.
به‌م شێوه‌یه جارێكی تر ئه‌وه‌مان بۆ دوپات ده‌بێته‌وه كه كۆرپهلهناسیی قورئانی، وه‌كو هه‌مو ده‌ق و دابونهریتێكی كۆرپه‌له‌ناسیه كۆنه‌كه، له‌سه‌ر سه‌رنجدانی شێوه و ڕواڵه‌تی كۆرپه‌له‌ی له‌بارچو بنیات نراوه. ئیتر زۆربه‌ی بیرۆكه و چه‌مكه‌كانی كۆرپه‌له‌ناسیه كۆنه‌كه له‌و سه‌رچاوه‌یه‌وه هاتون.
بێ گومان ئه‌وه‌ش وه‌سفێكی ساده و ڕواڵه‌تیه بۆ كۆرپه‌له، و هیچ زانیارییه‌كی تایبه‌تیی تێدا نیه.
قۆناغی (مضغة) لای ئیعجازیه‌كان
نوسه‌ره ئیعجازیه‌كان ده‌ڵێن وشه‌ی (مضغة) یانی (گۆشتی جوراو) یان (شتی جوراو) یان (شتی جوراوشێوه)، و ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كۆرپه‌له له‌م قۆناغه‌دا وه‌كو پارچه گۆشتی جوراو (ممضوغ) وایه كه شوێنه‌واری جوینی پێوه دیار بێت(١٧). ده‌ڵێن: چونكه له‌و قۆناغه‌دا چه‌ند پل و بڕگه‌یه‌ك له‌سه‌ر كۆرپه‌له‌كه دیار ده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش دیمه‌نی شتێكی جوراوی ده‌داتێ.. ئینجا ده‌ڵێن: ئه‌و كاته‌ش كه قورئان هاتوه ئه‌م شته نه‌زانراو بوه و قورئانیش باسی ئه‌مه‌ی كردوه، بۆیه ـ گوایه ـ ئه‌مه ئیعجازێكی زانستیه!
به‌ڵام ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه له هه‌مو لایه‌نێكه‌وه هه‌ڵه‌یه:
١. لایه‌نی زمانه‌وانی: ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه هه‌ڵه‌یه‌كی زمانه‌وانیه، چونكه (جوراو) ته‌نها واتا ڕیشه‌یی (اشتقاقي) ی وشه‌ی (مضغة) یه، له عورفی زمانیی عه‌ره‌بیدا وشه‌كه به واتای (پارچه گۆشت) ـه. ناكرێت و دروست نیه وشه‌یه‌ك ته‌نها به واتا ڕیشه‌یی (اشتقاقي) یه‌كه لێك بدرێته‌وه یان كه‌سێك خۆی بخاته جێی عورفی زمانی و به ئاره‌زوی خۆی وشه‌كه تایبه‌ت بكات به واتایه‌كی تایبه‌تیه‌وه كه زیاتر بێت له واتا ڕیشه‌ییه‌كه یان له عورفی زمانی‌دا به‌و شێوه‌یه نه‌بێت.
بۆ تێگه‌یشتن له‌م حاڵه‌ته؛ حه‌ز ده‌كه‌م نمونه‌یه‌كی زه‌ق بهێنمه‌وه: (موحه‌ممه‌د شه‌حرور) ئه‌ندازیارێكی سوریاییه و كۆمه‌ڵێك نوسراوی هه‌یه له‌سه‌ر قورئان و ئیسلام كه زانستی نین و گۆترهكارین. میتۆده‌كه‌ی وه‌كو میتۆدی ئیعجازیه‌كان وایه، واته یاری ده‌كات به زمان و له خۆیه‌وه وشه‌كان لێك ده‌داته‌وه، یان واتا ڕیشه‌یی (اشتقاقي) ـه‌كه وه‌رده‌گرێت و بۆ خۆی ئه‌وه‌ی تری پڕ ده‌كاته‌وه به واتایه‌كی تایبه‌تی به ئاره‌زوی خۆی، ئه‌مه‌ش كتومت میتۆده ئیعجازیهكهیه (شهحروریش هه‌ندێك لێكدانه‌وه‌ی زانستیی بۆ قورئان هه‌یه!). بۆ نمونه: وشه‌ی (خِمَار) له مادده‌ی (خمر) ه‌وه هاتوه، كه ئه‌م مادده‌یه‌ش به‌گشتی وه‌كو فه‌رهه‌نگه عه‌ره‌بیه‌كان ده‌ڵێن واتای (داپۆشین) ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام عورفی زمانیی عه‌ره‌بی وشه‌ی (خِمَار) ی تایبه‌ت كردوه به داپۆشه‌ری سه‌ره‌وه، واته (سه‌رپۆش)، بۆیه ده‌قه قورئانیه‌كه (وليضربن بخُمُرهن على جُيُوبهن) باسی سه‌رپۆشی كردوه و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه (به به سورپۆشهكانیان مل و گهرنیان داپۆشن). به‌ڵام شه‌حرور له كتێبی (الكتاب والقرآن) دا وشه‌ی (خمار) به (پۆشاك) به‌گشتی لێك ده‌داته‌وه، ئه‌مه‌شی له واتا ڕیشهییهكهوه وه‌رگرتوه، ئینجا له خۆیه‌وه وشه‌ی (جیوب) یش وا لێك ده‌داته‌وه كه مه‌به‌ست شوێنه‌كانی نوشتانه‌وه‌یه له له‌شی مرۆڤدا! كه لای شه‌حرور ئه‌م شوێنانه بریتین له سنگ و ناوقه‌د! ئینجا لێكدانه‌وه‌ی شه‌حرور بۆ ده‌قی (وليضربن بخُمُرهن على جُيُوبهن) ئه‌وه‌یه: حیجابی ژنی موسوڵمان دو پارچه پۆشاكه: پارچه‌یه‌ك سنگ دابپۆشێت، و پارچه‌یه‌كیش ناوقه‌د داپۆشێت! كه‌واته به (ستیان) ێك و (مایۆ) یه‌ك ته‌واو ده‌بێت!!
بێ گومان ئه‌مه گاڵته‌كردنه به زمان و به ده‌ق و به ته‌فسیر و به قورئان و به جلوبه‌رگی ژنی موسوڵمانیش.. به‌ڵام هه‌ڵه بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی شه‌حرور ئه‌وه‌یه كه یاری به زمان ده‌كات، بۆ نمونه واتا ڕیشه‌ییه‌كه وه‌رده‌گرێت و واتا زمانیه عورفیهكه پشتگوێ ده‌خات. ئیعجازیهكانیش هه‌مان شت ده‌كه‌ن: واتای ڕیشه‌یی (مضغة) واته (جوراو) وه‌رده‌گرن و واتا زمانیه عورفیهكه (پارچه گۆشت) پشتگوێ ده‌خه‌ن.
٢. لایه‌نی نه‌گونجان له‌گه‌ڵ گوزارشی ده‌قه‌كه: ده‌قه‌كه ده‌ڵێت (ئینجا كڵۆخوێنهكهمان كرده پارچهگۆشتێك) (فخلقنا العلقة مضغة). به‌ڵام ئه‌گه‌ر (مضغة) به (شتی جوراو) لێك بدرێته‌وه؛ ئه‌وا واتای ڕسته‌كه ده‌بێته: (عهلهقهكهمان كرده جوراوێك) یان (شتێكی جوراو). ئه‌مه‌ش ـ ئاشكرایه ـ شتێكی هه‌ڵه‌یه، چونكه به‌ڕاستی كۆرپه‌له‌كه نهجوراوه. ئینجا ڕه‌نگه به‌وه داكۆكی بكرێت كه ئه‌مه له‌سه‌ر (ته‌شبیه) بنیات نراوه و مه‌به‌ست (جوراوشێوه) یه، واته به‌كارهێنانی (مضغة) به واتای (جوراو) بۆ وه‌سفی كۆرپه‌له كه گوایه له شتێكی جوراو ده‌چێت؛ له بابه‌تی (ئیستیعاره‌ی موصه‌ڕڕه‌حه) یه. به‌ڵام ئه‌مه‌ش پینهیهكه و له ناچاربوندا په‌نای بۆ ده‌برێت، ئه‌گه‌رنا ناكرێت واتای ڕواڵه‌ت و ڕاسته‌وخۆی وشه‌یه‌ك بازی به‌سه‌ردا بدرێت، مه‌گه‌ر پاڵنه‌رێك هه‌بێت بۆ ئه‌و تێپه‌ڕاندنه. لێره‌شدا پاڵنه‌ری ناچاركه‌ر نیه، چونكه مانای ڕه‌سه‌نی وشه‌كه (پارچه گۆشت) ئه‌و كێشه‌یه‌ی نیه و مانا ده‌ستكرده‌كه (جوراو) ئه‌و كێشه‌یه‌ی هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه ناچار نین په‌نا بۆ شتێك ببه‌ین كه كێشه‌ی هه‌یه و ئینجا هه‌وڵ بده‌ین كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، چونكه به‌دیلێكی بێكێشهمان هه‌یه.
٣. لایه‌نی زانستی: ئیعجازیه‌كان ده‌ڵێن كۆرپه‌له‌ی ئه‌م قۆناغه له شتێكی جوراو ده‌چێت، و ئه‌مه‌شیان كردوه به ڕاستییه‌كی زانستی و كردویانه به واتای ده‌سته‌واژه‌ی (مضغة) و به ته‌فسیری ده‌قه قورئانیه‌كه! به‌ڵام ئایا كه‌مترین ڕاستی له‌و قسه‌یه‌ی ئه‌واندا هه‌یه؟ ئایا كۆرپه‌له‌ی ئه‌و قۆناغه له شتێكی جوراو ده‌چێت تا بتوانرێت به (جوراو) وه‌سف بكرێت؟ با بزانین:
ا. ئه‌و وێنه‌یه‌ی ئه‌وانی پێشانی ده‌ده‌ن بۆ كۆرپه‌له و (پل) ه‌كان Somites ـی كۆپه‌له؛ ده‌ستكرده و واقیعی نیه. واته له‌و وێنه ده‌ستكرد و هێڵكاریانهیه كه له تێكستبوك و كتێبه فێركاریهكاندا ده‌كرێن بۆ تێگه‌یاندنی خوێندكار. بۆیه هه‌وڵ دراوه ئه‌و پلانه به‌زه‌قی ده‌ربكه‌ون، له كاتێكدا ئه‌و پلانه له‌و قۆناغه‌دا خۆیان ئه‌وه‌نده زه‌ق نین، جاری وا هه‌یه پێویستی به توێكاریی مایكرۆسكۆپی هه‌یه بۆ ده‌رخستن و ده‌ستنیشانكردنیان. ته‌ماشاكردنی وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافیایی كۆرپه‌له‌ی ئه‌و قۆناغه ئه‌م ڕاستیه ڕون ده‌كاته‌وه.
ب. كاتێك لێی ورد ده‌بینه‌وه؛ ده‌بینین ئه‌و پلانه زه‌ق (بارز) ن، واته به‌رجه‌سته‌ن بۆ ده‌ره‌وه نه‌ك چاڵ بن. و ئه‌گه‌ر بۆ پێچواندن (تشبيه) به شتێك؛ باسی ددان بكه‌ین؛ ئه‌وا له خودی ددان یاخود ڕیزێك ددان ده‌چن نه‌ك جێگه‌ی ددان و جوین!
جـ. ئینجا گۆشتی جوراو ئه‌وه‌یه پارچه‌پارچه ده‌بێت و تێكه‌ڵ ده‌بێت، نه‌ك یه‌ك قه‌پاڵ و جێگه‌ی یه‌ك ڕیز ددان! جوین (مضغ) جیاوازه له قه‌پاڵ (قضم) و گاز (عض). ڕه‌نگه شتێك جێگه‌ی قه‌پاڵ و گازی وه‌كو جێگه‌ی ڕیزێك ددان پێوه دیار بێت، به‌ڵام شوێنه‌واری جوین له‌وه زیاتره، نه ڕیزێك جێگه ددانه و نه شته‌كه وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه به‌ڵكو ده‌بێته تێكه‌ڵه‌یه‌كی هه‌ماهه‌نگ. وا دیاره ئیعجازیه‌كان جوین (مضغ) له‌گه‌ڵ قه‌پاڵ (قضم) و گاز (عضّ) تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن!
د. مه‌رج نیه هه‌مو جوراوێك به‌زه‌قی جێگه‌ی ددانی پێوه دیار بێت، خۆ هه‌مو شتێك (بنێشت) نیه و سروشتی بنێشتی نیه! مادده‌ی وه‌كو بنێشت كاتێك ده‌جورێت؛ سروشتی وایه جێگه‌ی ددانه‌كانی پێوه دیاره. به‌ڵام خۆ هه‌مو شتێكی جوراو وا نیه! بۆ نمونه: جێگه‌ی ددان به پارچه گۆشتێكی جوراوهوه ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو ته‌نها پارچه‌پارچه و تێكه‌ڵ ده‌بێت و ده‌بێته مادده‌یه‌كی تێكه‌ڵی هه‌ماهه‌نگ، ئه‌مه‌یه پێناسه و به‌ره‌نجامی (جوین). له‌به‌ر ئه‌وه مه‌رج نیه كه باسی شتێكی جوراو كرا؛ ئه‌مه یه‌كسه‌ر ببێته ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شته جێگه‌ی ددانی پێوه دیاره، چونكه هه‌مو شتێك وه‌كو بنێشت نیه.
ئینجا كاتی خۆی كه (كيث مۆر) له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌كی ئیعجازی و به‌تایبه‌تی (عه‌بدولمه‌جید زیندانی) له زانكۆی (مه‌لیك عه‌بدولعه‌زیز) له (جیدده) كاری كرد، و خه‌ریكی ئه‌وه بون زاراوه قورئانیه‌كانی وه‌سفی كۆرپه‌له له‌گه‌ڵ كۆرپهلهناسیی نوێ بگونجێنن [كه ئه‌م باسانهشیان دوایی له پاشكۆیه‌كی ئیسلامیانه‌ی چاپی سێیه‌می كتێبه‌كه‌ی كيث مۆردا بڵاو كرده‌وه كه چاپێكی تایبه‌ته به جیهانی ئیسلامی و (بن لادن) یش یه‌كێك بوه له‌وانه‌ی ئه‌و چاپه‌یان پاره‌دار (ته‌مویل) كردوه!]؛ بۆ گونجاندنی زاراوه‌ی (مضغة) به لێكدانه‌وه‌كه‌ی زیندانی (جوراو) له‌گه‌ڵ كۆرپهلهناسیی نوێ؛ (كيث مۆر) كه باسی ڕیزه پله‌كان Somites ده‌كات كه له‌سه‌ر كۆرپه‌له ده‌رده‌كه‌ون؛ بۆیان ته‌شبیه ده‌كات به بنێشتێك كه جوراوه! بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تهپێك بنێشت ده‌خاته ده‌میه‌وه و به‌ئاره‌زوی خۆی ده‌یجوێت تا وای لێ ده‌كات له شێوه‌ی كۆرپه‌له بچێت به پلهكانهوه! بۆ ئه‌مه‌ش به‌توندی دانی ناوه به لایه‌كی ته‌په بنێشتهكهدا تا به‌ڕونی نیشانه و جێگه‌ی یه‌ك ڕیز ددان ده‌رچوه! وه‌كو چۆن كۆرپه‌له‌ش وا ده‌رده‌كه‌وێت له‌لایه‌كیه‌وه ڕیزێك پلی پێوه دیاره..
دواتر دێینه سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا پله‌كان Somites له كۆرپه‌له‌دا له شوێنه‌واری جوین و جێگه‌ی ددان ده‌چن یان نا و ئایا ئه‌و به‌راورده ته‌واوه یان نا، به‌ڵام مه‌به‌سته‌كه‌م ئه‌وه بو (كيث مۆر) له هه‌مو مادده‌یه‌كدا بنێشتی هه‌ڵبژاردوه بۆ ئه‌وه‌ی دوای جوینی به‌راوردی بكات له‌گه‌ڵ شێوه‌ی (پله‌كان) له كۆرپه‌له‌دا! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بنێشت جێگه‌ی ددانی به‌ڕونی پێوه دیاره و بۆ مه‌به‌سته‌كه‌ی ئه‌و ده‌گونجێت! ئینجا هه‌مو بنێشتێكی جوراویش به‌و شێوه‌یه نیه كه (مۆر) له ده‌می خۆیدا و ـ به كه‌ماڵی ئیسراحه‌ت! ـ سازی كردوه! ڕه‌نگه بتوانین بڵێین بنێشته‌كه‌ی (مۆر) به‌راوردی بكه‌یت له‌گه‌ڵ دیمه‌نی پله‌كان Somites ی كۆرپه‌له؛ لێكچونێك هه‌ست پێ ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌مو جوراوێك بنێشت نیه و هه‌مو بنێشتێكی جوراویش وه‌كو ئه‌وه‌ی (مۆر) نیه! ده‌قه‌كه ده‌ڵێت (مضغة)، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به واتای (جوراو) یش بێت؛ هێشتا مه‌رج نیه بنێشتێكی جوراو بگرێته‌وه كه جێگه ددانی پێوه دیاره، ئه‌گه‌ر باسی بنێشتی جوراویش بكه‌ین؛ هێشتا مه‌رج نیه هه‌مو بنێشتیكی جوراو وه‌كو بنێشته‌كه‌ی (مۆر) بێت!
هـ. شتێك (وه‌كو پارچه گۆشتێك) بجورێت؛ مانای وایه پارچه‌پارچه بوه و تێكه‌ڵ بوه، به شێوه‌یه‌ك ڕه‌نگه نه‌ناسرێته‌وه ئه‌وه چی بوه یان گۆشتی چی بوه و چ شانه و ئه‌ندامێك بوه پێش جوینی. به‌ڵام كۆرپه‌له له‌و قۆناغه‌دا شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیی هه‌یه و دیمه‌نی خۆی هه‌یه و كۆمه‌ڵێك ورده‌كاری له پێكهاته‌یدا هه‌یه. جگه له‌وانه‌ش دیمه‌نی گشتی و ڕواڵه‌تیی كۆرپه‌له‌ی ئه‌و قۆناغه، به‌زیندویی و له جێگه‌ی خۆیدا، ئه‌گه‌ر له وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافیاییدا سه‌رنج بدرێت؛ به‌گشتی دیمه‌نێكی ڕێك و لوسی هه‌یه كه دورترین دیمه‌نه له دیمه‌نی شتێكی جوراوهوه.
ئینجا ئایا هیچ زانایه‌كی كۆرپه‌له‌ناسی كۆرپه‌له‌ی ئه‌و قۆناغه‌ی به (جوراو) یان (گۆشتێكی جوراو) یان (شێوهجوراو) وه‌سف كردوه؟ بێ گومان نه‌خێر! هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی زانستی و بێلایه‌نی كۆرپه‌له‌ناسی ئه‌و وه‌سفه‌ی بۆ كۆرپه‌له باس نه‌كردوه، به كتێبه‌كه‌ی (كيث مۆر) یشه‌وه، ناوبراویش له مه‌تنی كتێبه‌كه‌ی خۆیدا قسه‌ی وای نه‌كردوه، ته‌نها له پێشه‌كیی كتێبه‌كه‌یدا (وه‌كو پێشه‌كیی چاپی ٨ه‌م، ساڵی ٢٠٠٧) كاتێك كورته‌یه‌ك له‌سه‌ر مێژوی كۆرپه‌له‌ناسی ده‌خاته‌ڕو؛ له یه‌ك په‌ره‌گرافی بچوكدا، دوای باسی كۆرپه‌له‌ناسی له (ته‌لمود) دا، له‌ژێر ناونیشانی (كۆرپه‌له‌ناسی له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا)، كه‌مێك دێته سه‌ر باسی كۆرپه‌له‌ناسیه قورئانیه‌كه، ئیتر بۆ ڕاڤه‌ی زمانه‌وانیی وشه‌ی (مضغة) له قورئاندا؛ به (مادده‌یه‌كی جوراو) a "chewed substance" لێكی ده‌داته‌وه، كه له‌مه‌شدا شوێن (عه‌بدولمه‌جید زیندانی) كه‌وتوه و به لێكدانه‌وه‌كه‌ی ئه‌و فریوی خواردوه. كه ئه‌وه‌ش ئیشی (مۆر) نیه قسه له‌سه‌ر وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی ـ قورئانی و ته‌فسیر بكات، كه وا دیاره نه‌شگه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ فه‌رهه‌نگه عه‌ره‌بیه‌كان و ته‌فسیره‌كان و پرسوڕایشی به كه‌سێكی پسپۆڕی بێلایه‌ن نه‌كردوه، ئه‌گه‌رنا بۆی ده‌رده‌كه‌وت كه (زیندانی) به لێكدانه‌وه‌یه‌كی بێبنه‌ما و ده‌ستكرد فریوی داوه. ئینجا (مۆر) له‌و جێگه‌یه‌دا هیچ به‌راوردێك ناكات له‌نێوان ده‌سته‌واژه قورئانیه‌كه به لێكدانه‌وه‌كه‌ی (زیندانی) ـه‌وه و نێوان كۆرپهلهناسیی نوێ كه خۆی له‌م بواره‌دا سه‌رچاوه و (مه‌رجیع) ێكی جیهانیه، ته‌نها ده‌ڵێت: (وتراوه [واته له قورئاندا] كه دواتر كۆرپه‌له له "مادده‌یه‌كی جوراو" ده‌چێت)
Later the embryo is said to resemble a "chewed substance."(1)
ئیتر دوای ئه‌وه‌ش ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و وه‌سفه! و كاتێك باسی ئه‌م قۆناغه ده‌كات كه ئیعجازیه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به (جوراو) وه‌سفی بكه‌ن؛ هیچ شوێنه‌وارێكی ئه‌و وه‌سفه له قسه‌كانیدا نیه! ئیتر له هه‌مو كتێبه‌كه‌یدا وشه‌ی وه‌كو (جوراو) chewed و (جوین) chewing دوباره ناكاته‌وه! ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه كۆرپهلهناسیی نوێ هیچ ناچار نیه كۆرپه‌له‌ی ئه‌و قۆناغه و هیچ قۆناغێكی تریش به شتێكی (جوراو) یان (جوراوشێوه) وه‌سف بكات.. له كاتێكدا به قسه‌ی ئیعجازیه‌كان زاراوه قورئانیه‌كانی وه‌كو (مضغة) به لێكدانه‌وه و ڕاڤه‌كانی ئه‌وانه‌وه (وه‌كو لێكدانه‌وه به "جوراو")؛ وردترین و زانستیترین زاراوه و وه‌سفی قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ی كۆرپهلهن، له كاتێكدا یه‌ك سه‌رچاوه‌ی زانستیی بێلایه‌ن ئه‌و وه‌سفه‌ی نه‌كردوه و هیچ زانایه‌كی ئه‌و بواره ئه‌و سه‌رنجه‌ی نه‌بوه. ئه‌مه‌ش دوای گه‌ڕانێكی زۆر به‌ناو ده‌ق و سه‌رچاوه و تێكستبوكهكانی كۆرپه‌له‌ناسیدا ده‌ڵێین، ئیعجازیهكانیش ئه‌گه‌ر پێیان وایه وه‌سفی (جوراو) یان (جوراوشێوه) له سه‌رچاوه زانستیه بێلایه‌نه‌كانی كۆرپه‌له‌ناسیدا بۆ قۆناغێكی كۆرپه‌له هاتوه؛ ده‌توانن به دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك (ته‌نها یه‌ك سه‌رچاوه!) بیسه‌لمێنن!
دوای ئه‌وانه؛ ئه‌گه‌ر گریمان وشه‌ی (مضغة) به واتای (جوراو) یان (پارچه گۆشتی جوراو) بێت و قورئان ئاماژه بۆ ئه‌وه بكات كه كۆرپه‌له له‌و قۆناغه‌دا له شتێكی جوراو ده‌چێت؛ هێشتا ئه‌مه ناگونجێت له‌گه‌ڵ وه‌سفی زانستی بۆ كۆرپه‌له‌ی ئه‌و قۆناغه، چونكه ڕونمان كرده‌وه كه كۆرپه‌له به‌گشتی له جوراو ناچێت و دیمه‌نی (پله‌كان) Somites ی كۆرپه‌له‌ش له دیمه‌نی جوین ناچێت، به‌ڵكو له دیمه‌نی گازیش ناچێت، چونكه جێگه‌ی ددان چاڵه به‌ڵام (پله‌كان) قۆقزن نه‌ك چاڵ!
بۆیه ئه‌گه‌ر گریمان ده‌قه‌كه مه‌به‌ستی ئه‌وه بوه كه كۆرپه‌له له‌و قۆناغه‌دا له شتی جوراو ده‌چێت؛ هێشتا تاكه ڕێگه بۆ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بیرۆكه‌یه یه‌كێكه له‌م دو ئه‌گه‌ره:
ــ یان له‌وه‌وه هاتوه كه كۆرپه‌له كاتێك له‌بار ده‌چێت و ده‌كه‌وێت و به‌ر په‌ستانی ده‌وروبه‌ر ده‌كه‌وێت؛ بێ گومان زو تێك ده‌چێت و پێكهاته‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێت و وه‌كو پارچه گۆشتێكی جوراوی لێ دێت كه تێكه‌ڵ بوه.
ــ یان له سه‌رنجدانی وێڵداشه‌وه هاتوه كه له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كاندا و دوای داكه‌وتنی وه‌كو گۆشتێكی جوراو یان ههنجنههنجنكراو ده‌رده‌كه‌وێت. له كۆندا ڕه‌نگه بۆچون و وێنای وا هه‌بوبێت، چونكه له هه‌ندێك حاڵه‌تدا ئه‌و دیمه‌نه‌ی هه‌یه، و ڕه‌نگه ئه‌وه‌شیان به كۆرپه‌له زانیبێت، هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌یان شتێكی دوره، چونكه له كۆنه‌وه وێڵداش ناسراوه و جیا كراوه‌ته‌وه.
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر وشه‌كه له عه‌ره‌بیدا به واتای (جوراو) بوایه و ده‌قه‌كه مه‌به‌ستی ئه‌وه بوایه كه كۆرپه‌له‌ی ئه‌م قۆناغه له شتی جوراو ده‌چێت؛ یه‌كێك له‌و دو ئه‌گه‌ره هه‌یه بۆ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رچاوه و باكگراونده‌كه‌ی. ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی كه ئیعجازیه‌كان پشتی پێ ده‌به‌ستن (واته ئه‌وه‌ی گوایه كۆرپه‌له‌ی ئه‌و قۆناغه له شتی جوراو ده‌چێت)؛ هیچ پاساوێكی نیه، چونكه نه له كو‌لتور و كولتوری ئیسلامی‌دا چه‌مك و بیركردنه‌وه‌ی وا هه‌بوه، نه له ڕوی زانستییشه‌وه ده‌توانرێت بوترێت كۆرپه‌له له شتێكی جوراو ده‌چێت.
(مضغة مخلقة) و (مضغة غير مخلقة)
ئه‌مه قۆناغێك نیه له قۆناغه‌كانی كۆرپه‌له‌ناسیه قورئانیه‌كه، به‌ڵكو دو جۆر وه‌سفه بۆ قۆناغی (پارچه گۆشت) (مضغة) كه هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ حاڵهتێكیهتی، كه ده‌ڵێت: (...خلقناكم من تراب ثم من نطفة ثم من علقة ثم من مضغة مخلقة وغير مخلقة) (الحج: ٥)، به‌م شێوه‌یه (پارچه گۆشت) (مضغة) ـه‌كه به (مُخَلَّقة) و (غير مُخَلَّقة) وه‌سف ده‌كات. ئه‌م دو وه‌سفه‌ش كه پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن؛ وه‌سفی دو حاڵه‌ت و شێوه‌ی جیاوازی (پارچه گۆشت) (مضغة) ـهكهن، واته یان ده‌بێته (پارچه گۆشت) (مضغة) ێكی تهواوخولقێنراو (مُخَلَّقة)، یان ده‌بێته (پارچه گۆشت) (مضغة) ێكی تهواونهخولقێنراو (غیر مُخَلَّقة). هه‌ر بۆیه (مضغة مُخَلَّقة) ئه‌و كۆرپه‌له‌یه‌یه كه به‌رده‌وام ده‌بێت له گه‌شه‌كردندا و ئه‌ندامه‌كانی ده‌رده‌كه‌ون و شێوه‌ی دیاری ده‌بێت، (مضغة غير مُخَلَّقة) ش ئه‌و كۆرپه‌له‌یه‌یه كه گه‌شه‌ی ته‌واو نابێت و به ناكامی و ناته‌واوی له‌بارده‌چێت، هه‌مو ته‌فسیره‌كان ئه‌مه‌یان باس كردوه. مرۆڤیش زۆر سه‌رنجی جیاوازیی نێوان كۆرپه‌له‌ی ناكام و كۆرپه‌له‌ی ته‌واوی داوه، و ئه‌و سه‌رنجه سه‌رنجێكی كۆنی مرۆڤه.
به‌شێك له موفه‌سسیره‌كانیش، وه‌كو (موجاهید)، پێیان وایه هه‌ردو تهواوخولقێنراو (مُخَلَّقة) و تهواونهخولقێنراو (غیر مُخَلَّقة) هه‌ر له باره‌ی (له‌بارچو) (السقط) ه‌وه‌ن. ئه‌وه‌ش یانی كۆرپه‌له‌ی له‌بارچو یان له قۆناغێكی زودا له‌بار ده‌چێت كه هێشتا شێوه‌ی مرۆڤی وه‌رنه‌گرتوه و ئه‌ندامه‌كانی نهخولقاون كه ڕون دیار بن، یان له قۆناغێكی دره‌نگدا له‌بار ده‌چێت كه شێوه‌ی مرۆڤی وه‌رگرتوه و به‌ته‌واوی خولقاوه. ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ش به‌هێزه و زیاتریش ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ دوپات ده‌كاته‌وه كه كۆرپه‌له‌ناسیه قورئانیه‌كه وه‌كو نمونه‌یه‌كی كۆرپهلهناسیی كۆن له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رنجدانی كۆرپه‌له‌ی له‌بارچو بنیات نراوه، یانی ئه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تییه‌تی.
به‌ڵام من لێكدانه‌وه‌ی پێش‌و په‌سه‌ند ده‌كه‌م كه لێكدانه‌وه‌ی زۆربه‌ی موفهسسیرهكانه و ده‌ڵێت (مضغة) ی تهواوخولقێنراو (مُخَلَّقة) ئه‌وه‌یه گه‌شه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، (پارچه گۆشت) (مضغة) ی تهواونهخولقێنراو (غیر مُخَلَّقة) یش ئه‌وه‌یه له‌بار ده‌چێت و گه‌شه‌ی ته‌واو نابێت. چونكه: ناكرێت قورئان باسی گه‌شه‌ی كۆرپه‌له بكات و له قۆناغێكدا ته‌نها باسی كۆرپه‌له‌ی له‌بارچو بكات و باسی ئه‌و كۆرپهلهیهش نه‌كات كه قۆناغه‌كان ته‌واو ده‌كات و گه‌شه‌ی ته‌واو ده‌كات.
به‌ڵام نوسه‌ره ئیعجازیه‌كان، كه هه‌میشه حه‌ز ده‌كه‌ن به‌زۆر ده‌قه‌كه به شتێك لێك بده‌نه‌وه كه وه‌كو باسوخواسێكی زانستیی نوێ ده‌ریبخه‌ن. بۆیه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه كۆرپه‌له‌ی بچوكی (١ سم) هێنراوه و به مایكرۆسكۆپ ته‌ماشای كراوه، بینراوه: هه‌ندێك له ئه‌ندام و كۆئه‌ندامه‌كانی خولقاوه (تهخلیق كراوه)، هه‌ندێكی تری هێشتا نه‌خولقاوه (تهخلیق نه‌كراوه)! به‌م شێوه‌یه ده‌یانه‌وێت بڵێن هه‌ردو وه‌سفی (مخلقة) و (غیر مخلقة) له یه‌ك كاتدا وه‌سفن بۆ یه‌ك كۆرپه‌له كه له گه‌شه‌كردندایه به‌ڵام هێشتا هه‌ندێك له ئه‌ندام و كۆئه‌ندامه‌كانی دروست نه‌بون. له كاتێكدا ئه‌و دو وه‌سفه (مخلقة) و (غیر مخلقة) پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن، ئه‌گه‌ر وه‌سفی یه‌ك كۆرپه‌له بن؛ ده‌بنه وه‌سفكردنی به دو وه‌سفی جیاواز و پێچه‌وانه. ئینجا خۆ ده‌قه‌كه ناڵێت: هه‌ندێكی ته‌واو ده‌خولقێنرێت (تهخلیق ده‌كرێت) و هه‌ندێكی له‌و قۆناغه‌دا هێشتا ته‌واو نهخولقێنراوه (تهخلیق نه‌كراوه). ئه‌گه‌ر به‌پێی لێكدانه‌وه بێبنه‌ما و ده‌ستكرده‌كه‌ی ئه‌وان بێت؛ ده‌قه‌كه ده‌بێته ده‌قێكی له‌نگ و بێ‌توانا كه گوایه ویستویه‌تی بڵێت هه‌ندێك له (مضغة) كه ته‌واو ده‌خولقێنرێت و و هه‌ندێكی تری نهخولقێنراوه، به‌ڵام ده‌ربڕینی ده‌قه‌كه بۆ خۆی ناتوانێت ئه‌م واتایه بگه‌یه‌نێت، به‌م شێوه‌یه ده‌قه‌كه له‌نگ و بێ‌توانا ده‌رده‌چێت له گه‌یاندنی واتادا. به‌ڵام ده‌قه‌كه دوره له‌و لێكدانه‌وه بێبنه‌مایانه‌ی ئه‌وانه‌وه.
په‌راوێز:
(1) Keithe, Moore, & T. V. N. Persaud, The Developing Human: Clinically Oriented Embryology. Saunders. 8th Ed., 2007 .P. 9.